ڕاپۆرتی کوردستانی

11:38 - 03/06/2020

عێراق و هەرێم دەیانەوێت لەرێگەی دەرماڵەوە كورتهێنانی بوودجە كەمبكەنەوە‌

پەیسەر

لەحكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستاندا زۆرترین بڕی موچە بۆ دەرماڵەی فەرمانبەرانە و كەمترین بڕی بۆ موچەی بنەرەتی فەرمانبەرانە، هەولێر و بەغداد دەیانەوێت لەسەر حسابی دەستبردن بۆ دەرماڵە قەیرانی دارایی تێپەڕێنن و قەرەبووی دابەزینی نرخی نەوت بكەنەوە، بەمەش زیانێكی زۆر  بەر مووچەی فەرمانبەران دەكەوێت و بە قازانج بۆ حكومەت دەشكێتەوە.

لەچواربەشی موچە سێ بەشی دەرماڵەیە
ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپەیسەرپرێسی راگەیاند دەستبردنی حكومەتی عێراق بۆ كەمكردنەوەی دەرماڵە هۆكارەكەی ئەو كورتهێنانە گەورەیەیە كە لەناو پارەداركردنی بودجەدا دروست بووە.

سەبارەت بەكەمكردنەوەی موچەی پلە باڵاكان ئەوە نامەیەكە بۆ شەقام بۆ ئەوەی بڵێت موچەی پلە باڵاكان كەم كراوەتەوە، لەكاتێكدا موچەی پلە باڵاكان لەبودجەی فیدراڵیدا لە هەزاردا سێیە، بۆیە كاریگەریەكی ئەوتۆی نابێت و داهاتێكی ئەوتۆ ناگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، بەڵام ئەمە بۆ دڵنیاییدانە بەشەقام كە دەست دەبرێت بۆ موچەی پلە باڵاكان، ئەمە دۆسیەی یەكەمە و دۆسیەی دووەم ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵیە و پارەی زۆر دەگەڕێنێتەوە بۆ حكومەت و دۆسیەی سێیەم پرسی بەهەدەردانە ئەگەرچی سەرۆك وەزیران باسیكردووە بەڵام جێبەجێكردنی گرنگە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت كەمكردنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەران هەنگاوێكی دروستە بە ئاراستەیەكی دروستدا، بەڵام ئەوانەی كۆی موچەكانیان لەسەرووی 500 هەزارە ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت كۆی موچەی فەرمانبەرانی عێراق سێ بەشی دەرماڵەیە یەك بەشی موچەی ئیسمیە، لە رابردوودا 28 تریلیۆنی موچە دەرماڵە بوو 11 تریلیۆن دیناری موچەی بنەرەتی بوو، واتا یەك لەسەر چواری موچەی بنەرەتیە و سێ لەسەرچواری دەرماڵەیە.

دەرماڵە بەشی زۆری موچەی فەرمانبەران پێكدەهێنێت
لەهەرێمی كوردستان هەمان شت دووبارە بۆتەوە بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم -بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێركاری كە دەست پەیسەرپرێس كەوتووە لەهەرێمی كوردستان 44%ی كۆی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم موچەی بنەرەتیە و 56%ی موچەش دەرماڵەیە، دەرماڵەكانیش 34جۆر دەرماڵەن لەو رێژەیەش 16% كۆی موچە و دەرماڵە بۆ دەرماڵە جێگیرەكان دەروات و 40% ی موچە و دەرماڵەكان بۆ دەرماڵە ناجێگیرەكانە.

دەرماڵەكانی هەرێم
لەهەرێمی كوردستان 34 جۆر دەرماڵە دەدرێت كە بریتین لە ( بڕوانامە- هاوسەری، منداڵ- شوێنی جوگرافی- مەترسی- تایبەت – خواردن- مەترسی فرۆكەوانی- ئیستیسنائی-  چاودێری- پایە- راژەی زانكۆیی- بڕاوە- ئەندازەیی- راژەی دەرەوە- نازناوی زانستی – پیشەیی- حەرفی- بەدەل ختورەی ئەمنی- عدم مزاولە مهنە- میوانداری- نیشتەجێبوون- گواستنەوە- رئاسە) لەم دەرماڵانەی كە دەدرێنە فەرمانبەرانی هەرێم تەنها دەرماڵەكانی ( بڕوانامە و هاوسەر و منداڵ) جێگیرن و تەواوی دەرماڵەكانی تر ناجێگیرن.

بەپێی یاسای چاكسازی كە لەپەرلەمانی كوردستان پەسەندكراوە، هەموو ئەو دەرماڵانە دەبڕدرێن كە بەناهەق و ناشایستەیی وەری دەگرن، بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دەڵێن دەیانەوێت دەرماڵەكان رێكبخەنەوە و چەند جارێكیش دڵنیاییان داوە كە دەرماڵەی ئەو كەسانە نابڕن كە شایستەن.

عێراق و هەرێم لەبەردەم قەیرانی دابەزینی نرخی نەوتدان
لەمانگی نیسانی رابردوودا داهاتی نەوتی عێراق 1ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بووە واتا كەمتر لەسێیەكی موچەی فەرمانبەران كە مانگانە پێویستی بە 4 ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە، بەوەش كورتهێنان تەنها بۆ موچەی فەرمانبەران 3 ملیار و 100 ملیۆن دۆلاری مانگانەیە، دۆخی هەرێمیش لەدۆخی بەغداد باشترنییە، رۆژی 22/5/2020 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپەیامێكی ڤیدیۆیدا رایگەیاند " مانگی رابردوودا كۆی داهاتی فرۆشتنی نەوت كە بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕاوەتەوە، تەنیا 30 ملیۆن دۆلار بووە، داهاتی ناوخۆش نزیكەی 60 ملیۆن دۆلار بووە "

عێراق و هەرێم گیرۆدەی دەستی دوو حكومەتی گەندەڵن
لای خۆیەوە جەمال كۆچەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپەیسەرپرێسی راگەیاند حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغداد دوو حكومەتی گەندەڵن، و پێویستیان بە ئەنجامدانی چاكسازی هەیە.
دەستبردن بۆ بڕینی دەرماڵەكان لایەن هەر دوو حكومەتی ناوەندە و هەرێمی كوردستان بۆ دەربازبوونی خۆیانە لە قەیرانی دارایی، وەك شارەزایان باسی دەكەن قازانجی حكومەت و زیانی مووچە خۆرانی لێدەكەوێـتەوە.