01:43 - 30/12/2018
پارتی بەنامەیەكی فەرمی وەڵامی یەكێتی دەداتەوە
پارتی دیموكراتی كوردستان، بەنامەیەكی فەرمی وەڵامی پرۆژەكەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی دەداتەوە و داوای لێدەكات ئاستەنگ بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت دروست نەكات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەرێگەی هۆشیارزێباری نامەیەكی ئاراستەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە و تێیدا وەڵامی پرۆژەكانی یەكێتی كه بۆ پێكهێنانی حكومهت و وهزیری داد و پارێزگاری كهركوك بوون، داوەتەوە.
پارتی لەنامەكەیدا داوای لەیەكێتی كردووە پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ پرسی وەزیری دادی حكومەتی فیدراڵی و پارێزگاری كەركوك جیابكاتەوە، بۆئەمەش پارتی تەوەری ناكۆكیەكانی لەگەڵ یەكێتی دابەشی سێ ئاست كردووە:
یەكەم: سەبارەت بە پۆستی وەزیری دادی عێراق:
پارتی لەنامەكەیدا رایگەیاندووە ئەو پرسە پەیوەندی بەئەوانەوە نیە و یەكێتی لەكاتی كاندیدكردنی خالید شوانی بۆ وەزیری داد هیچ پرس و راوێژێكی لەگەڵ پارتی نەكردووە، بۆیە ئەوە پەیوەندی بە ئاستی دیبلۆماسیەت و پێگەی یەكێتەوە هەیە كە ئایا بەتەنها خۆیان دەتوانن ئەو پۆستە وەربگرن یان نا؟ پارتی رایگەیاندووە نابێت چاوەڕوانی هیچ لەپارتی بكرێت بۆئەوەی پۆستی وەزیری داد بدرێتە یەكێتی و هیچیشی ناكەوێتە سەرشانیان.
دووەم: سەبارەت بەپارێزگاری كەركوك:
لهبارهی كێشهكانی پارێزگاری كهركوكهوه، پارتی لەنامەكەیدا رایگەیاندووە، ئەوان دوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بەراوێژ لەگەڵ حزبە كوردستانیەكانی كەركوك و بەگفتوگۆ لەگەڵ پێكهاتەكانی تری كەركوك، ئامادەن بۆ چارەسەری كێشەی پارێزگاری كەركوك بۆئەمەش چەند داواكاریەكیان هەیە كە دواتر دەیخەنە بەردەم حكومەتی فیدراڵی.
سێیەم سەبارەت بەبەشداری یەكێتی لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم:
پارتی رایگەیاندووە بەهیچ شێوەیەك دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و گۆڕانكاریە خێراكان رێگەنادات پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دوابكەوێت، داواشی لە یەكێتی كردووە بەیەك پرۆژە و یەك پاكێج بێنە پێشەوە نەك بە دوو پرۆژە و باسكردنی سیناریۆی جیاجیا، پارتی له وهڵامهكهیدا ئهوهشی نوسیوه:ئێوە باش دەزانن بەو كورسیانەی هەتانە ناتوانن جێگری سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان و 5 وەزارەت و 9 بریكاری وەزیر وەربگرن، بۆیە ئاستی داواكاریەكانتان دابەزێنن بۆ ئهوهی له ساڵی نوێ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دروست بكرێت، سەبارەت بەسەرۆكی پەرلەمانیش كە بۆتە هەنگاوی یەكەم و بەبێ دیاریكردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان نەدەتواندرێت یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكرێتەوە و نە كاندیدی پارتیش بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم رابسپێردرێت، پارتی لەنامەكەیدا بۆ یەكێتی داوایكردووە یەكێتی ناوی هەردوو كاندیدەكەی بۆ ئەو پۆستەبهێنێتە كۆبونەوەی هاوبەش بۆ ئەوەی یەكێتی و پارتی بەیەكەوە بڕیار لەسەر دیاریكردنی كاندیدێك بدەن.
یەكێتی داوای چەند پۆستی كردووە؟
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوای پۆستەكانی جێگری سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان و پێنج وەزارەتی كردووە كە سێیانیان سیادین و بریتین لە دارایی و ناوخۆ و پێشمەرگە و دادی كردووە، هەروەها داوای 9 بریكار وەزیری كردووە كە بریكاری وەزیری سامانەسروشتیەكانیشی تێدایە.
پڕۆژهكانی یهكێتی كه ئاڕاستهی پارتی كردوون
بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس یەكێتی لەكۆبونەوەكانیدا دوو پرۆژەی داوەتە پارتی، كه پرۆژەیەكیان كارنامەی لیستی یەكێتی بووە بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 30ی ئەیلول كە لەژێر ناوی ( هەلی كار، ئارامی ، خزمەت ) و پرۆژەی دووەمیش كارنامەیەكی ئامادەكراوی یەكێـتی بووە بۆ كابینەی حكومەت و چۆنیەتی ئیدارەدانی دامەزراوەكان لەچوار ساڵی داهاتوودا.
سیناریۆكانی یهكێتی
یەكێتی دوو سیناریۆی خستۆتە بەردەم پارتی سیناریۆی یەكەم بەشداری یەكێتیە لەحكومەتی هەرێم ئەویش بەجێبەجێكردنی داواكاریەكانی یەكێتی بهستراوهتهوه.
سیناریۆی دووەمی یەكێتی بریتیە لە ئۆپۆزسیۆن بوون، بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس مەبەستی یەكێتی لە ئۆپۆزسیۆن بوون دوو ئیدارەییە و ئەوەشیان بە پارتی گوتووە.
بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس لە نامەكەیدا پارتی داوای لە یەكێتی كردووە هەوڵ بدەن لەچەند رۆژی داهاتوودا كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی بكەن و وەڵامی پرۆژەكەی پارتی بدەنەوە و پرۆژەیەك بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پارتی ئامادەبكەن.