ڕاپۆرتی کوردستانی

02:48 - 28/05/2020

کەرەنتینەی پەرلەمان کەی تەواو دەبێت؟‌

پەیسەر

په‌رله‌مانى كوردستان بۆ ماوه‌ى دوو مانگ له‌ كه‌ره‌نتینه‌ى سیاسیدا بوو هه‌فته‌ى یه‌كه‌مى ئه‌م مانگه دوو دانیشتنى كرد، بابه‌تى هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندى جارێكى دیكه‌ په‌رله‌مانى خسته‌وه‌ كه‌رەنتینه‌وه‌، دواى سێ هه‌فته‌ى له‌ دوایین دانیشتنى په‌رله‌مان، ئێستا پرسى قه‌ر‌زه‌كان خه‌ریكه‌ جوڵه‌یه‌ك ده‌خاته‌وه‌ په‌رله‌مان، به‌شێك له‌و فراكسیۆنانه‌ى دواى بابه‌تى پارێزبه‌ندیی‌ دژى ئه‌وه‌بوون کۆبوونەوەکانی په‌رله‌مان بەردەوام بێت‌، ئێستا داواى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان ده‌كه‌ن.

زۆرینه‌ى ئه‌و فراكسیۆنانه‌ى داواى دانیشتنى حه‌وتى ئه‌م مانگه‌ گوتیان تا شكۆ بۆ په‌رله‌مان نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ كۆنابنه‌وه‌، له‌ یاداشتێكدا سه‌باره‌ت به‌ قه‌رزه‌كان داواى دانیشتنى په‌رله‌مان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌ ناڕاسته‌وخۆ واته‌ شكاندنى ئه‌و كه‌ره‌نتنیه‌ سیاسییه‌ى ئه‌و فراكسیۆنانه‌ى تێدابوون، وه‌ك كاردانه‌وه‌ له‌ دژى هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندیى.

 زۆر گرنگه‌ په‌رله‌مانى كوردستان بابه‌تى ئه‌م قه‌رزانه‌ بۆ خه‌ڵكى كوردستان روون بكاته‌وه

فراكسیۆنه‌كانى كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو، نه‌وه‌ى نوێ، سه‌ربه‌خۆكان، داواى دانیشتنى په‌رله‌مان ده‌كه‌ن و په‌رله‌مانتارانى فراكسیۆنى گۆڕانیش ده‌ڵێن، ئه‌م قه‌رزانه‌ى باسده‌كرێن ده‌بێت له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكى روونبكرێته‌وه‌و دانیشتنی پەرلەمانی لەسەر بکرێت. پێده‌چێت فراكسیۆنى پارتیش له‌م بابه‌ته‌ به‌رهه‌ڵستى زۆرى نه‌بێت، شه‌وى رابردوو هێڤیدار ئه‌حمه‌د ئه‌ندامى فراكسیۆنى زه‌رد گوتى، هه‌فته‌ى داهاتوو حكومه‌ت به‌ پاكێجێك ته‌واوى ورده‌كارى ئه‌و قه‌رزانه‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان ده‌كات. 

پارتى له‌ هه‌مان كاتى خواستى هه‌یه‌ دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان به‌رده‌وام بن و به‌هۆى كێشه‌ى پارێزبه‌ندییه‌وه‌، په‌ككه‌وتنى په‌رله‌مانى نه‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ. 

دابان محه‌مه‌د ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى گۆڕان به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ى راگه‌یاند، زۆر گرنگه‌ په‌رله‌مانى كوردستان بابه‌تى ئه‌م قه‌رزانه‌ بۆ خه‌ڵكى كوردستان روون بكاته‌وه‌. 

خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مان له‌ ساڵ و نیوێكدا، پێنج یاساى ده‌ركردووه

له‌ دانیشتنى ٧ى ئه‌م مانگه‌، كاتێك زۆرینه‌ى فراكسیۆنه‌كان جگه‌ له‌ پارتى و پێكهاته‌كان بایكۆتى دانیشتنى په‌رله‌مانیان كرد، دانیشتنه‌كه‌ فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى له‌هه‌موان زیاتر نیگه‌ران كرد. فراكسیۆنه‌كه‌ جه‌ختیله‌وه‌كرده‌وه‌ ده‌بێت"شكۆ بۆ په‌رله‌مان" بگه‌ڕێته‌وه،‌ دواتر دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان ده‌ستپێبکاته‌وه‌. به‌پێى دوایین یاداشت فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ داواى دانیشتنى په‌رله‌مان ده‌كات له‌سه‌ر فایلى قه‌رزه‌كان. 

عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى، سه‌باره‌ت به‌ داواكارى ئه‌وان بۆ كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان به‌ په‌یسه‌ر پرێسى راگه‌یاند، ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نه‌بوون دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان به‌و شێوه‌ى رابردوو به‌رده‌وام بن، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى دارایى له‌سه‌ر دۆسیه‌ى قه‌رزه‌كان بانگهێشتى په‌رله‌مان بكه‌ن، ئه‌وا شكۆ بۆ په‌رله‌مان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه‌ ئه‌و یاداشته‌ى ئه‌وان بۆ داواکردنی كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان، ماناى وایه‌ ئه‌وان ئیتر ئاماده‌ى دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان ده‌بن؟ سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ گوتى، ئه‌و ئاماده‌ نییه‌ بچێته‌ ورده‌كاری ئەو بابەتەوە. 

پێده‌چێت فایلى قه‌رزه‌كان جوڵه‌یه‌ك بخاته‌وه‌ گۆمى مه‌نگى په‌رله‌مان

سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌كانى په‌رله‌مان، ئه‌وه‌ى كه‌ ناڕوونه‌ هه‌ڵوێستى فراكسیۆنى یه‌كێتییه. رێواز فایه‌ق سه‌رۆكى په‌رله‌مان رۆژى ١٤ی ئه‌م مانگه‌ رایگه‌یاند، په‌رله‌مانى كوردستان كۆنابێته‌وه‌ تا به‌وشێوه‌یه‌ى لێنه‌یه‌ت، كه‌ خواستى هه‌موو ئه‌وهێزانه‌ بێت كه‌ له‌ناو په‌رله‌ماندا بوونیان هه‌یه.

زیاد جه‌بار ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى یه‌كێتى، كه‌ سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستانه‌ بۆ په‌یسه‌ر سه‌باره‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان له‌سه‌ر فایلى قه‌رزه‌كان ده‌ڵێت:"قه‌رزه‌كان پێویستى به‌ شیكارى و ورده‌كارى هه‌یه‌، بۆ هه‌موو لایه‌كمان، له‌به‌رئه‌وه‌ى په‌رله‌مان پێویسته‌ بزانێت ورده‌كارى ئه‌م قه‌رزانه‌ چۆنه‌".

زۆرینەی فراکسیۆنەکان دەیانەوێت کۆبوونەوەکان دەستپێبکاتەوە 

گوتیشى:"ورده‌كارى ئه‌م قه‌رزانه‌ له‌ هه‌ر رێگه‌یه‌كه‌وه‌ بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ بگاته‌ په‌رله‌مان، ئیتر داواى دانیشتن ده‌كه‌یت، یاخود تیمى حكومه‌ت بێنه‌‌ په‌رله‌مان و روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و قه‌رزانه‌ بدرێت". سه‌باره‌ت به‌وه‌ى پێش ئه‌م دۆخه‌ دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان په‌كیان كه‌وتبوو به‌هۆى كێشه‌ى پارێزبه‌ندییه‌وه‌ ئایا دانیشتنه‌كان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌؟ زیاد جه‌بار گوتى:"ئه‌م هه‌ورازو نشێوه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كان هه‌ر بوونى ده‌بێت، ئه‌م حاڵه‌تانه‌ هه‌ر روو ده‌ده‌ن". 

له‌ وه‌ڵامى ئه‌وه‌ى ئه‌وان و وه‌ك فراكسیۆنى سه‌وز به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كانى په‌رله‌مان ده‌كه‌ن، گوتى، ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌ كرا ئه‌وكاته‌ قسه‌ى له‌باره‌وه‌ ده‌كه‌ن.

خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ساڵ و نیوێكى ته‌مه‌نى خۆیدا، پێنج یاسا و ١٧ بڕیارى ده‌ركردووه‌، چه‌ند دانیشتنێكى كه‌مى كردووه‌و ره‌خنه‌ و نیگه‌رانى زۆرى له‌سه‌ره‌، ئێستاش كێشه‌ سیاسییه‌كان و مامه‌ڵه‌ى فراكسیۆنه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كدى جوڵه‌ى له ‌په‌رله‌مان بڕیوه‌و ئه‌و تۆزه‌ سه‌رقاڵییه‌ى هه‌یبوو نه‌یماوه‌.

پێده‌چێت فایلى قه‌رزه‌كان جوڵه‌یه‌ك بخاته‌وه‌ گۆمى مه‌نگى په‌رله‌مان و ورده‌ ورده‌ كۆبوونه‌وه‌كانى ده‌ستپێبكاته‌وه‌، به‌تایبه‌ت زۆرینه‌ى فراكسیۆنه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان بكرێت له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌و تا ئێستا نه‌یارى نییه‌، به‌ڵام پێناچێت په‌رله‌مان بتوانێت سه‌نگێكى ئه‌وتۆ بۆ خۆى بگێڕێته‌وه‌و ئه‌ركه‌كانى خۆى له‌ چاودێرى  حكومه‌ت و لێپرسینه‌وه‌و یاسادانان به‌باشى بگه‌یه‌نێته‌ جێ.