ڕاپۆرتی کوردستانی

09:24 - 24/05/2020

هەموو كاتژمێرێك زیانی لە یەك ملیۆن دۆلار زیاترە‌

پەیسەر

لەپاڵ ئەو زیانە گیانی و ماڵییە زۆرەی بەسەر هەرێمی كوردستانیدا هێنا، لەگەڵ ئەوەی نرخی نەوتی لە بازاڕەكانی جیهاندا بە رێژەیەكی مێژوویی هێنایە خوارەوە و داهاتی ناوخۆی زۆرێك لە وڵاتانی سفركردەوە بە داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیشەوە، ڤایرۆسی كۆرۆنا لەماوەی 72 كاتژمێری جەژندا ملیۆنان دۆلار زیان لە هەرێمی كوردستان دەدات ئەویش بەهۆی وەستانی سێكتەری گەشتیاری و داخستنی رێگاكان بەرووی گەشتیاراندا.

75 ملیۆن دۆلار زیان لە 72 كاتژمێردا
بەپێی ئامارەكانی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان ساڵانە سێ‌ ملیۆن گەشتیار روویان لە ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان دەكرد بەشی زۆری ئەو گەشتیارانە لە ناوەراست و خوارووی عێراقەوە دەهاتنە هەرێمەكە و بەشێكیشیان لە رۆژهەڵاتی كورستانەوە، بەجۆرێك كە جەژنەكانی "رەمەزان و قوربان و نەورۆز" زۆرترین گەشتیاریان لە خۆیان كۆدەكردەوە.

هەر بەپێی ژمارەكانی سێكتەری گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان، ساڵای رابردوو لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا 250 هەزار گەشتیار روویان لە ناوچە گەشتیارییەكان كردووە، دەستەی گەشتوگوزار پێشتر بۆ هەر گەشتیارێك "300 دۆلاری ئەمریكی" وەك تەخمینی خەرجییەكانی دەستنیشانكردووە و بەوەش هەرێمی كوردستان لەماوەی 3 رۆژی جەژندا 75 ملیۆن دۆلار داهاتی گەشتیاری هەبووە كە بەشی هەرەزۆری داهاتەكە بۆ بازاڕ و هاوڵاتیانە بەوپێیەی ناوچە گەشتیارییەكان و چێشتخانە و میوانخانە و شوێنەكانی دیكە موڵكی هاوڵاتیانن و رەنگە حكومەت تەنها لەرووی وەرگرتنی باجەوە سوودی لە كەرتی گەشتیاری وەرگرتبێت، بۆ ئەمساڵیش كە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ناوچە گەشتیارییەكان و هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان و فرۆكەخانە و خاڵە سنورییەكان داخراون و بڕیاری كەرەنتینە دراوە لە رۆژانی جەژندا، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی گەشتیارانی ساڵانی رابردوو تەنها لەم جەژنی رەمەزانەدا هەرێمی كوردستان 250 هەزار گەشتیاری لەدەستداوە و بەپێی خەمڵاندنەكانیش لەماوەی ئەم 72 سەعاتەی جەژندا هەرێمی كوردستان 75 ملیۆن دۆلار زیانی بەردەكەوێت واتا بۆ هەر كاتژمێرێك كەرەنتینە 1 ملیۆن و 41 دۆلار زیان لە سێكتەری گەشتیاری هەرێمەكە دەكەوێت.

پشكی زۆری زیانەكە بەركێ‌ دەكەوێت؟
بەپێی روپێوییەكی ساڵانی رابردووی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، لە هەرسێ‌ پارێزگاكەی هەولێر و سلێمانی و دهۆكدا، 430 هۆتێل، 271 مۆتێل، 91 گوندی گەشتیاری بونیان هەیە كە بە سەرجەم ئەمانە خاوەنی 23 هەزار و 851 ژورن و دەتوانن لە حاڵەتی ئاسایدا 70 هەزار سەرین و لە بۆنەكانیشدا سەروو 100 هەزار سەرین و تەختی خەو بۆ گەشتیاران دابین بكەن، ئەوە جگە لە بوونی 768 ریستۆران و كافتری، تەواوی ئەم شوێنانە خاوەندارێتییان بۆ كەرتی تایبەت دەگەڕێتەوە و ئەو داهاتانەی لەم هۆتێل و مۆتێل و گوندی گەشتیاری و رێستۆرانتانە وەدەستدێن راستەوخۆ دەچنە بازاڕ و گیرفانی خاوەن و هاوپشكەكانەوە بەشێكیشی دەچێت بۆ حكومەت لەرێگەی باج و رسوماتەوە، كەواتە هاوڵاتیان و كاسبكاران و سەرمایەداران لە هەرێمی كوردستان زیانمەندی سەرەكی داخستنی ناچاری دەرگان بەرووی گەشتیاراندا.

گەشتیارنی هەرێمی كوردستان لەكوێوە دێن؟
نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی میدیایدا دانی بەوەدا نا كە 75% تا 85%ی گەشتیارانی هەرێمی كوردستان لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەوەی دیكەشی لە وڵاتانی دراوسێوە دێن.
رۆستی نمونە بە نەورۆزی ساڵی رابردوو دەهێنێتەوە كە تەنها لە رۆژانی نەورۆزدا هەرێمی كوردستان پێشوازی لە 243 هەزار گەشتیار كردووە و تەنها لەو چەند رۆژەدا ئەو گەشتیارنە زیاتر لە 73 ملیۆن دۆلاریان لەگەڵ خۆیاندا هێناوەتە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانەوە بەڵام ئەمساڵ هەم ژمارەی گەشتیاران و هەم داهاتەكەیان سفربۆوە.

هەرێمێك لەبار بۆ گەشتیاری
لەپاڵ هەڵكەوتەی جوگرافی و سروشتی تایبەت بەخۆیدا كە هەرێمی كوردستان لە هاویندا پلەكانی گەرمی تێیدا نزمترە بەراورد بە پارێزگاكانی دیكەی عێراق و ئەوەش خاڵی سەرەكی راكێشانی گەشتیارانی ناوخۆیی عێراقە، هاوكات هەرێمەكە چەندین ناوچەی شوێنەواری هەیە كە بوونەتە مایەی راكێشانی گەشتیار، ئەوە جگە لە بوونی چەند ناوچەیەكی بەفراوای كە بۆ گەشتی زستانە سودیان لێوەردەگیرێت، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە گەشتوگوزار وەك سێكتەرێكی ئابوری گرنگ و سەرچاوەیەكی داهات مامەڵەی دروستی لەگەڵدا بكرێت، بەراورد بە هەندێك لە وڵاتانی دراوسێ‌ كە تەنها لەرێگەی پەرەپێدانی كەرتی گەشتیارییەوە بەشی هەرەزۆری بژێوی هەم هاوڵاتیان و هەم خەرجی حكومەت دابین دەكرێت.

هەروەك بە وتەی بەرپرسانی سێكتەری گەشتوگوزار تەنگژە سیاسییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا رەنگدانەوەی سلبییان لەسەر گەشتوگوزاریش دەبێت و نمونە بە تەنگژەكانی دوای ریفراندۆم و بارگرژییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەهێنرێتەوە و  بە وتەی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ئەوكاتەی كە بارگرژی سەربازی هەبوون و بەشێك لە بازگە و رێگاكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ناوەڕاستی عێراق داخرابوون، گورزی گەورەی بەر سێكتەری گەشتیاری كەوت، هەروەك ساڵانی شەڕی تیرۆریستانی داعشیش بە هەمان شێوە ئێستاش  ڤایرۆسی كۆرۆنا بازگە و رێگا و فرۆكەخانەكانی كڵۆم داوە، هاوشێوەی زۆرێك لە سێكتەرەكانی دیكە كەرتی گەشتیاریشی بە تەواوی پوكاندووەتەوە و لە بۆنەكانی وەك جەژنەكان و نەورۆزی ئەمساڵدا هەموو كاتژمێرێك رێگری كردووە لەوەی زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلار بێتە هەرێمەكەوە.