ڕاپۆرتی کوردستانی

02:41 - 20/05/2020

تۆرباینەكانی توركیا عێراق تینوو دەكات‌

پەیسەر

كێشەی ئاو لە جیهاندا خەریكەی سەر هەڵدەدات و ڕووبەرێكی زۆر داگیر دەكات، گەرچی هێشتا زۆرێك لەوڵاتانی جیهان ئەوەندە بایەخ بە وزە دەدەن ئەوەندە خەیاڵیان لای ئاو نیە، بەڵام هەموو ئاماژەكان باس لەوە دەكەن چەند ساڵی داهاتوو ئاو دەبێتە سەرچاوەی كێشەی نێوان وڵاتان، كوردیش وەك نەتەوەیەكی دابەشكراو لەو هەڕەشانە بەدوور نابن، بەو پێیەی هەرچوار پارچەی كوردستان دەكەونەوە ژێر هەژموون و كاریگەرییەكانی ئاو، ئێران و توركیا لە ئێستادا سەرقاڵی دروستكردنی بەنداوەكانن و كاریگەرییەكانیشیان وا خەریكە دەگەنە پێشەوە،

 

وابڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 20/5/2020 تۆرباینەكانی سەر بەنداوی ئڵیسو لە باكوری كوردستان دەكەونە كار، بەمەبەستی بەرهەمهێنانی كارەبا و پرۆژەی ئاودێری، ئەمەش مەترسی ژینگەیی لەسەر عێراق و باشووری كوردستانیش دروست دەكات.

بەنداوی ئڵیسو
رۆژی 5/8/2006 دروستكردنی بەنداویئڵیسو لەسەر رووباری دیجلە بە تێچووی 1ملیار و 700 ملیۆن دۆلار لەنزیك گوندی ئڵیسو لەسنوری پارێزگای ماردین و شرناخ لەباكوری كوردستان دەستیپێكرد، بەنداوەكە توانای گلدانەوەی 20 ملیار و 930 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەرزییەكەی 135 مەترە 43 ملیۆن و 900 هەزار مەتر دووجای داپۆشیوە، توانای بەرهەمهێنانی 1200 مێگاوات كارەبای هەیە بەوەش دەبێتە چوارەم بەنداو لەڕووی بەرهەم هێنانی كارەباوە لە ئاستی تورکیا.

كاریگەری بەنداوی ئڵیسو لەسەر عێراق
ئەم پڕۆژەیە بەرێژەی 60% پشكی عێراق لەئاوی دیجلە كەم دەكاتەوە و پشكەكەی لە 20 ملیار مەتر چوارگۆشە بۆ 9 ملیارمەتر چوارگۆشە دادەبەزێت، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق سێیەكی زەویە كشتوكاڵیەكانی لەدەست بدات، هەر بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە رێژەی بێكاری و هەژاری لەعێراق زیاتر دەبێت و پێشبینی دەكرێت شەپۆلێكی ئاوارەبوونی زۆر بەدوای خۆیدا بهێنێت، هەروەك پێشبینی دەكرێت بەخێوكردنی ئاژەڵ بەشێوەیەكی بەرچاو پاشەكشە بكات، هەروەها كاریگەری لەسەر ئاوی خواردنەوەی ئەو ناوچانە دروست دەكات كە كەوتونەتە نزیك رووباری دیجلە و ئەو بەشەی لە ئاوەكە دەمێنێتەوە پیس دەبێت بەهۆی ئەوەی پاشماوەی تۆرباینەكانی بەرهەم هێنانی كارەبایە و رێژەی خوێ تێیدا زیاد دەكات، بۆیە پێشبینی دەكرێت چەندین نەخۆشی مەترسیداری وەك مەلاریا، كۆلێرا و تاعون بڵاوببنەوە.

 

پڕۆژەکە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەرهەم هێنانی كارەبا لەهەردوو بەنداوی موسڵ و سامەرا و ئاستی كۆكردنەوەی ئاو لە دەریاچەكانی سەرسار و حەبانیە دادەبەزێنێت، جگە لەوەی چەند ناوچەیەكی عێراق مەترسی بە بیابان بوونیان لەسەرە، ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی خۆڵبارین لەناوچە جیاجیاكانی عێراق، كاریگەری بەنداوی ئڵیسو لەسەر ناوەندی پێنج پارێزگا و 13 قەزا و 21 ناحیە دەبێت، لەناویاندا شاری بەغدادی پایتەخت كە رووباری دیجلە بەناویدا دەڕوات و بەشێكی سەرەكی پێداویستیەكانی شارەكە لە ئاو دابین دەكات، جگە لەوەی بەهۆی شەڕی ئاوەوە عێراق ناچار دەبێت بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی زیاتر پشت بە هاوردەكردنی كەل و پەل ببەستێت.

لە ساڵی 2017وە لە عێراق بە هۆی كەمبوونەوەی ئاوەوە، چاندنی برنج قەدەغە كراوە و جووتیاران ناچاركراون زەوییەكانیان بەجێبهێڵن، هەر بەهۆی كەمبوونەوەی ئاویشەوە، پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق چەندین خۆپیشاندانی ناڕەزایی تێدا ئەنجام دراوە و هاووڵاتییان داوای دابینكردنی ئاوی خواردنەوەیان لە دەسەڵاتداران كردووە.
توركیا 22 بەنداوی لەسەر رووباری دیجلە و فورات دروستكردووە.
توركیا بەدروستكردنی بەنداوی ئڵیسو تەواوی یاساكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و رێككەوتنە نێودەوڵەتیەكانی بواری ئاوی رووبارەكانی پێشێلكرد.

ئڵیسو و باكوری كوردستان
بەپێی ئامارەكان دروستكردنی بەنداوی ئڵیسو كە حكومەتی توركیا ساڵی 1997 بریاری دروستكردنی داوە و بەهۆیەوە 80 هەزار هاوڵاتی كورد لە 199 گوند ئاوارە دەبن، بەهۆی ئەوەی ناوچەكانیان ژێر ئاو دەكەوێت یان مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەكات، جگە لەوەی دەبێتە هۆی ئەوەی شارۆچکەی حەسکیف (حەسەن كێف)كە مێژووەكەی دەگەرێتەوە بۆ 12 هەزار ساڵ پێش ئێستا ژێر ئاو بكەوێت، هەروەها ئاستەنگ بۆ جوڵەی گەریلاكانی پەكەكە لەباكوری كوردستان بەتایبەتیش لەنێوان هەرێمی بۆتان بۆ ناوچەكانی ئامەد دروست دەكات، هەروەها زیانی ژینگەیی گەورەی بەسروشتی ناوچەكە گەیاندووە.

بەپێچەوانەوە حكومەت بانگەشەی ئەوە دەكات كە دەیەوێت لەڕێگەی ئەو بەنداوانەوەوە گەشە بەكەرتەكانی كشتوكاڵ، ئاودێری، ئاژەڵداری و گەشتیاری ناوچەكوردیەكان بدات و هەلی كار دابین بكات لەناوچەیەكدا كە بەدەست بەرزی رێژەی بێكاریەوە دەناڵێنێت.