ڕاپۆرتی کوردستانی

07:23 - 19/05/2020

ئاکەپە ٢٨ هاوسەرۆکی شارەوانی دەستگیر کردووە و ١٨ تریشی دوورخستووەتەوە‌

پەیسەر

بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا شارەوانیەکانی شاری ئیغدر، سێرت و ناوچەی کورتالان، مسرج و هاوێلی هەدەپە لە باکووری کوردستان دەستیانبەسەرداگیرا و هاوسەرۆکی شارەوانیەکان دەستگیرکران و لە جێگەیان قەیوم دانران کە ژمارەیەک بەرێوەبەر و قایمقامی حکومەتن.

حکومەتی تورکیا لە مانگی ئازاریشدا دەستی بە ئۆپەڕاسیۆنێک لەدژی هاوسەرۆکی شارەوانیەکانی باکووری کوردستان کردبوو و دەست بەسەر ژمارەیەک شارەوانی تردا گرت لە ناوچەکانی ئەرگەنی، گێل، لیجە، سلیڤان و گۆرویماکی سەر بە پارێزگای ئامەد.

هەدەپە ٦٥ شارەوانی بەدەستهێنابوو
لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی ٣١ی ئازاری ساڵی ٢٠١٩دا پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) توانیبووی ٦٥ شارەوانی پارێزگا و شار و ناحیەکانی باکووری کوردستان بەدەستبهێنێت و لە سەرتاسەری باکووری کوردستان وەک یەکەم پارت توانی سەربکەوێت.

هەدەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا سیاسەتەکانی گۆڕیبوو و لە شارە تورکیەکاندا کە دەنگی زۆر بەدەستناهێنێت، پشتگیری لە کاندیدەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کرد و لە ئەنجامدا پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە شارە گەورەکانی وەک ئەستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر و ئایدن و چەند شارێکیتر شارەوانیەکانی لەدەستدا کە ئەوەش وەک سەرکەوتنێک بە هاوکاری هەدەپە لەدژی ئاکەپە تۆمار کرا.

 

بۆیەش پارتی داد و گەشەپێدان لە ماوەیەکی کەمدا دەستی بە دروستکردنی تۆمەت و ئۆپەڕاسیۆن لەدژی شارەوانیە کوردیەکان کرد و لە سەرەتادا هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین، وان و ئامەدی لە کارەکانیان دوورخستەوە و دەستی بەسەر شارەوانیەکاندا گرت و قەیومی لە جێگەیان دانا و سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەر سەلجوک مزراکلی هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد سەپاند.

دواتر ئۆپەڕاسیۆنەکە هەموو باکووری کوردستانی گرتەوە و قۆناغ بە قۆناغ لە هەموو پارێزگاکان هاوسەرۆکی شارەوانیەکان دەستگیرکران و دەست بەسەر شارەوانیەکاندا گیرا و لەم دۆخەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا حکومەت وازی لەو سیاسەتە نەهێناوە و بەردەوامە لەسەر دەستگیرکردنی هاوسەرۆکی شارەوانیەکان.

حکومەتی تورکیا هەمان تۆمەتی ساڵی ٢٠١٦ دەخاتە پاڵ هاوسەرۆکی شارەوانیەکان و بە کارکردن بۆ پەکەکە و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیایان تۆمەتبار دەکات و لە کۆی ٦٥ شارەوانی لە ئێستادا بە تەنها ١٢ شارەوانی بەدەست هەدەپەوە ماون و ٢١ هاوسەرۆکی شارەوانی پیاو و ٨ هاوسەرۆکی شارەوانی ژن لە ئێستادا لە زینداندان و ئەوانەی تریش دوورخراونەتەوە.

وتەبێژی هەدەپە: ئاکەپە بە هێرشەکانی یاسای هەڵبژاردن پێشێل دەکات
ساروخان ئولوچ وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەبارەی ئۆپەڕاسیۆنی حکومەتی داد و گەشەپێدان بەرانبەر شارەوانیەکان بە ماڵپەڕی دوێچەڤێلای ئەڵمانی ڕایگەیاندووە، ئاکەپە بە هێرشەکانی یاسای هەڵبژاردن پێشێل دەکات و لەم دۆخەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا کە جیهان سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەریە، ئاکەپە دەستی بە ئۆپەڕاسیۆنێکی گەورە کردووە و وەک هەلێک بۆ بێدەنگکردنی کورد بەکاریدەهێنێت.

یەکێتی ئەوروپا: دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکان سیاسیە و دوورە لە یاساوە
جۆزێف بۆریل نوێنەری باڵای کۆمیتەی پەیوەندیەکان و پاراستنی سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا و سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە تورکیا، دوورە لە یاساوە و بە هەموو شێوەیەک کردەوەیەکی سیاسیە و جێگەی نیگەرانی یەکێتی ئەوروپایە.

 

بۆریل ئاماژەی بەوەکرد، ئەو کردەوانەی حکومەتی تورکیا کە کاتی خۆی لەدژی شارەوانیەکانی ئەستەنبوڵ و ئەنقەڕەش کردی کە سەر بە جەهەپەن، دیموکراسی خۆجێیی بە تەواوەتی دەخاتە مەترسیەوە. هەروەها داوای لە دەسەڵاتی تورکیا کرد بە پێی یاسایی دیموکراسیی خۆجێیی یەکێتی ئەوروپا بجوولێتەوە و دەست لە کاروباری دیموکراسی خۆجێیی وەرنەدات.

تونجەر باقرخان یاریدەدەری هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لەبارەى دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی هەدەپە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات ڕایگەیاند، ئاکەپە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک هەلێک بەکاردەهێنێت و بێ باکانە هێرش دەکات و دەست بەسەر شارەوانیەکاندا دەگرێت.

باقرخان راشیگەیاند، کردەوەکانی ئاکەپە میزاجین و قبوڵنەکردنی ئیرادەى گەلە و سیستم بەو هەڵوێستەى پێداگرە لەسەر هاندان و وروژاندنی کوردان و چیی لە دەست بێت ئەنجامی دەدات و وتی، "راستیدا حیزبەکەمان و نوێنەرانی حیزبەکەمان، کە لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراون، ئەوانی زۆر بێزارکردووە. چونکە ئێمە لە ئاستی بەڕێوەبەریی خۆجێیدا ئەو مۆدێلەمان چەسپاند، کە لە دونیادا هاوشێوەى نییە. هەر خۆی هۆکاری دانانی قەیوم لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ئەوەبوو، کە شارەوانییەکانى کاری گەلیان ئەنجام دەدا. هۆکارێکى تریشی ئەوە بوو، کە ئێمە بە کارەکانمان توانیبومان ئاکەپە و عەقڵییەتەکەى ریسوا بکەین".

لە سەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنادا حکومەتی داد و گەشەپێدان فشارەکانی بۆ هەدەپە و هاوڵاتیانی کورد لە باکووری کوردستان زیادکردووە، بە هیچ شێوەیەک رێگە بەوە نادات شارەوانیە کوردیەکان هاوکاری خۆراک و دەرمان پێشکەش بە گوندە دوورە دەستەکان و خەڵکە هەژارەکە بکات و وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاندووە کە پێویستە هەموو هاوكاریەک پێشکەش بە مانگی سووری تورکیا بکرێت و ئەوان هاوکاریەکە پێشکەش دەکەن.