ڕاپۆرتی کوردستانی

11:14 - 19/05/2020

٢٨ ساڵ تەمەن و گۆڕانكارییەكانی پەرلەمانی كوردستان‌

پەیسەر

پەرلەمان یەكێكە لە چوار دەسەڵاتە پایەدارەكەی حوكمڕانی تەندروست، دوای هەل و مەرجی باشووری كوردستان بۆیەكەمجار لە 19/5/1992 خەڵك بە جۆش و خرۆشێكی زۆرەوە ڕوویان لە سندوقەكانی دەنگدان كرد، هەرچەندە كورد یەكەم ئەزموونی لەوشێوەیەی بوو، سەرەڕای هەموو تێبینیەكانیش، هەڵبژاردن بووە سەرەتایەكی باش بۆ ئەوەی فەرمانڕەوایی كوردستان بەرەو دامەزراوەیی ببات، هەرچۆنێك بێت لەنێوان هەردوو حیزبی دەسەڵاتداریی ئەو سەردەمەدا (یەكێتی و پارتی) كرایە دوو كەرتی یەكسان و كورسیەكانیان دابەشكرد، لەو ساڵەوە تا ئێستا كۆمەڵێك گۆڕانكاریی جەوهەری دروست بووە.

 

رۆژی 5/3/1991 لەشاری رانیەی باشوری كوردستان راپەرینی خەڵكی كوردستان دژی دەسەڵاتی بەعس دەستی پێكرد و لەماوەی چەند رۆژێكدا تەواوی خاكی باشوری كوردستانی گرتەوە، دواتر حكومەتی عێراق هەوڵیدا لەرێگەی بەكارهێنانی هێزی سەربازییەوە كۆتایی بە راپەرینی خەڵكی كوردستان بهێنێت و بۆ ئەمەش دەستی كرد بەهێرشی سەربازی، بەهۆیەوە دانیشتوانی هەرێم لە 31/3/1991 كۆرەویان كرد و ڕوویان لە وڵاتانی دراوسێ كرد، سەرئەنجام بڕیاری 688 لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەركرا و تێیدا هێڵی 36 وەك ناوچەی ئارام بۆ كورد دیاریكرا، ئەوەش بووە بەردی بناغەی هەرێمی كوردستانی ئەمڕۆ.

لە رۆژی 26/10/1991 حكومەتی عێراق سەرجەم دامەزراوەكانی لە باشوری كوردستان كشاندەوە، دوای ئەوە بەرەی كوردستانی لیژنەیەكی 15 كەسی دیاری كرد بۆ ئەوەی پرۆژەیاسایەك ئامادەبكەن بەمەبەستی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان.

یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی
رۆژی 19/5/1992 یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان بەرێوەچوو تێیدا 967،299 كەس بەشداری تێداكرد، بەهۆی ئەوەی رێژەی 7% دیاری كرابوو واتا هەر حزبێك لەو رێژەیە كەمتر دەنگی بهێنابایە نەدەبووە خاوەنی هیچ كورسیەك، بەپێی ئەنجامی راگەیەندراوی هەڵبژاردنەكە پارتی دیموكراتی كوردستان 437889 دەنگ 45،5%ی دەنگەكان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە بەدەستهێنانی 423833 دەنگ 43،61% ی دەنگەكانی بەدەست هێنا و حزبەكانی تریش نەگەیشتنە پەرلەمان، دواتر یەكێتی و پارتی پەنجا بە پەنجا كورسیەكانی پەرلەمانیان لەنێوان خۆیاندا دابەش كرد و مەسیحیەكانیش بوونە خاوەنی پێنج كورسی، ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان لە 105 كورسی پێكهاتبوو كە 100 كورسی بۆ كورد و 5 كورسی بۆ مەسیحیەكان بوو، ئەم خولە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە درێژەی كێشا و هەڵبژاردنی پەرلەمان لەكاتی خۆیدا ئەنجام نەدرا، دوای 13 ساڵ و لە ساڵی 2005 هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەچوو.
دووەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان- عێراق.

رۆژی 30/1/2005 هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەچوو، تێیدا 1،753،919 كەس بەشداریان كرد، لەم خولەدا ژمارەی كورسی پێكهاتەكان لە 5 كورسیەوە بۆ 11 كورسی زیادكرا، و تێیدا ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمان لە 105 كورسیەوە بوونە 111 كورسی و یەكێتی و پارتی و چەند لایەنێكی تر بەیەك لیست بەناوی لیستی نیشتمانی دیموكراتی كوردستان بەشداریان كرد و 104 كورسیان بەدەستهێنا، كۆمەڵی ئیسلامی 6 كورسی و زەحمەتكێشان 1 كورسی بەدەستهێنا، لەم خولەدا و لەرۆژی 25/3/2009 بە یاسای ژمارە 2 ناوی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان-عێراق گۆڕدرا بە پەرلەمانی كوردستان- عێراق.

خولی سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان
رۆژی 25/7/2009 خولی سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەچوو، تێیدا جارێكی تر یەكێتی و پارتی بەناوی لیستی كوردستانی بەیەكەوە بەشداری هەڵبژاردنیان كرد و 59 كورسیان بەدەستهێنا، بزوتنەوەی گۆڕان 25 كورسی و لیستی خزمەتگوزاری و چاكسازی كە لەدوو حزبی یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵ و زەحمەتكێشان و سۆسیالیست پێكهاتبوو 13 كورسیان بەدەستهێنا، و بزوتنەوەی ئیسلامی دوو كورسی  و لیستی ئازادی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی( حزبی شیوعی) یەك كورسی بەدەستهێنا، لەم خولەدا 1876196 كەس دەنگیاندا، ئەم خولە بەدروست بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی چالاك دەناسرێتەوە كە لە بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی پێكهاتبوو.

خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان
رۆژی 21/9/2013 هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەچوو، تێیدا 31لیست كێبركێیان كرد و 17 لیست كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا، لەم هەڵبژاردنەدا بۆیەكەم جار لەدوای ساڵی 2005 وە یەكێتی و پارتی بە دوولیستی جیاواز بەشداریان كرد تێیدا 1945124 كەس دەنگیاندا، ئەنجامەكە بەم شێوەیە بوو: پارتی 38 كورسی و بزوتنەوەی گۆڕان 24 كورسی و یەكێتی 18 كورسی و یەكگرتووی ئیسلامی 10 كورسی و كۆمەڵی ئیسلامی 6 كورسی و بزوتنەوەی ئیسلامی یەك كورسی و سۆسیالیست یەك كورسی و ئاراستەی سێیەم یەك كورسیان بە دەستهێنا، ئەم خولە بەهۆی ناكۆكی لایەنەكان لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم لە 12/10/2015 رێگری لە یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان كرا بچێتە شاری هەولێر بەوەش پەرلەمانی كوردستان پەكخرا، و لە 15/9/2017 یەكەم دانیشتن دوای رێگری لەسەرۆكی پەرلەمان بەرێوەچوو، لەم خولەدا بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكایەتی پەرلەمان و كۆمەڵی ئیسلامی سكرتێری پەرلەمانی هەبوو، بەهۆیەوە یەكێتی و پارتی لەدەستەی سەرۆكایەتی كەمینەبوون، بەڵام دوای كاراكردنەوەی پەرلەمان یەكێتی سكرتێری پەرلەمانی وەرگرت و بوونە زۆرینە.

خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان
رۆژی 30/9/2018 هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەچوو، تێیدا 1845979 كەس بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان كرد و پارتی دیموكراتی كوردستان 45 كورسی و یەكێتی نیشتمانی كوردستان 21 كورسی و بزوتنەوەی گۆڕان 12 كورسی و جوڵانەوەی نەوەی نوێ 8 كورسی و كۆمەڵی ئیسلامی 7 كورسی و یەكگرتووی ئیسلامی 5 كورسی لیستی سەردەم یەك كورسی و لیستی ئازادی یەك كورسیان بەدەستهێنا.

یاساكانی پەرلەمانی كوردستان
لەمێژووی خۆیدا پەرلەمانی كوردستان لەساڵی 1992 وە تا ئەمرۆ 371 یاسای دەركردووە، زۆرترین یاسا لەساڵی 2007 بووە كە 39 یاسا بووە و كەمترینیش لەساڵی 2016 بووە كە هیچ یاسایەكی دەرنەكردووە بەهۆی ئەوەی پەكخرا، پەرلەمانی كوردستان چوار جار تەمەنی خۆی درێژكردۆتەوە.

پەرلەمانتاران
ژمارەی پەرلەمانتاران لەخولی یەكەمدا 105 پەرلەمانتار و لەخولەكانی تردا 111 پەرلەمانتار بووە، بەشێك لەپەرلەمانتاران چەند مانگێك و هەندێكی تریان دووساڵ و هەندێكیشان چەند خولێك پەرلەمانتاربوون. خەرجیەكانی پەرلەمان بەپێی یاسای ژمارە ١ی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٣، ٥٥ ملیار دینار بۆ خەرجییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تەرخانكراوە، مووچەی سەرۆکی پەرلەمان بریتییە لە ١٠ ملیۆن دینار و هەر ئەندام پەرلەمانێکیش هەشت ملیۆن دینار و هەر ڕاوێژکارێکی پەرلەمانیش شەش ملیۆن دینار وەردەگرێت، موچەی هەر پەرلەمانتارێکی خانەنشین- شەش ملیۆن دینارە، بەڵام بەپێی یاسای ژمارەی 2 ی چاكسازی لەموچە و درماڵە و بەخشین و ئیمتیازەكان و خانەنشینی لەهەرێمی كوردستان كە لەم ساڵدا لەپەرلەمان لە 16/1/2020 پەسەند كرا موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران كەم دەكرێتەوە و پلە بەندی دەبێت.

بە كورتی
ئەوەی جێگەی سەرنجە دوای پێنج خوول لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هێشتا بەشێكی زۆر لە نوێنەرانی خەڵك (ئەندامانی پەرلەمان) لەژێر كاریگەریی حیزبەكانیاندان،  لە بری ئەوەی نوێنەری خەڵك و گرفتەكانیان بن ، نوێنەرایەتی حیزبەكانیان دەكەن، هەربۆیە زۆر جار كێشەی حیزبەكان لەناو هۆڵی پەرەلەماندا ڕەنگی داوەتەوە، زۆرینەی ئەوانەی بەراوردی پەرلەمانەكانی دونیا دەكەن بە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكەن ناكارایی و هەژموونی دەسەڵاتی حیزب و كەمتر چارەسەریی كێشەكانی خەڵك و نەبوونی هەڵوێستی جدیی سیما گشتیەكانی پەرلەمانی كوردستانە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی هەندێكجار خۆیان لە قەرەی كێشە چارەنووس سازەكان نەداوەو بە شتی لاوەكییەوە سەرقاڵ بوون.