ڕاپۆرتی کوردستانی

02:07 - 15/05/2020

پشتیوانییه‌كه‌ى كورد بۆ كازمى گاڵ دێنیت یا په‌موو؟‌

پەیسەر

كورد بۆ پشتیوانى كازمى خۆى كرد به‌ كه‌واسوورى به‌ر له‌شكر، له‌ شه‌ڕى دانانى تاج له‌سه‌ر ئه‌و پیاوه‌ پێش لایه‌نه‌ شیعییه‌كان هه‌ولێر قسه‌ى دڵى خۆى كرد، هه‌ر دوولایه‌نى پارتى و یه‌كێتى، دڵخۆشییان به‌ هاتنى راگه‌یاند، سه‌رۆكایه‌تى كۆماریش ده‌مێك بوو ئه‌م بژارده‌یان له‌ هه‌گبه‌دا گلدابوویه‌وه‌ و پشتیوانى هه‌ره‌له‌پێشى بوون، ئێستا هه‌رێمى كوردستان له‌ دۆخێكدایە هیچ حكومه‌تێك حه‌سودى پێ نابات.

دواى ئه‌و هه‌موو پشتیوانییه‌، كورد چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌یه‌ به‌رهه‌مى دۆستاییه‌تى و پشتیوانییه‌كه‌ى له‌ كازمى بچنێته‌وه‌، ئه‌م پیاوه‌ ئه‌منییه‌ له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌دایه‌ بۆ كورد، كه‌ ئایا وه‌ك ئه‌وانى پێش خۆى، باشتر یاخود خراپتر ده‌بێت؟

هه‌رێمى كوردستان زۆر پێویستى به‌ ره‌وانه‌كردنى ته‌نها مووچه‌یەكه‌ پێش جه‌ژن بۆ ئه‌وه‌ى به‌ فه‌رمانبه‌رانى بدات، تا هه‌ردوولا له‌سه‌ر خه‌تێك یه‌كده‌گرنه‌وه‌و ده‌سازێن، تا ئێستا كازمى دۆست بۆ ئه‌م داواكارییه‌ى كورد ته‌نها سه‌رى له‌قاندووه‌و نه‌یكردووه‌ به‌ نوسراو.

گه‌شبینم به‌ به‌ره‌وپێشچوونێكى باش له‌نێوان هه‌ردوولادا

په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان ده‌ڵێن، دواى وه‌رگرتنى پۆسته‌كه‌ش كازمییان بینیوه‌، شتێكى ئه‌وتۆ نه‌گۆڕاوه‌و له‌سه‌ر لێكتێگه‌یشتنى پێشووى له‌گه‌ڵ كورد پێداگره‌و سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى رێككه‌وتنى هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان بكات، پێشى وتوون مووچه‌یه‌ك ده‌نێرێت تا ڕێككه‌وتن ده‌كرێت، به‌ڵام نه‌یگوتووه‌ كه‌ى. بۆیه‌ هێشتا نازانن ئه‌م هاوڕێ كۆنه‌ى كورد له‌م وێستگه‌ هه‌ستیاره‌دا ده‌ستى هه‌رێمى كوردستان ده‌گرێت، یاخود كورد جارێكى دیكه‌ ده‌بێته‌ كوشته‌ى ده‌ستى دۆست.

حه‌سه‌ن ئالى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران لە فراكسیۆنی یەكێتی بۆ په‌یسه‌ر پرێس باسیله‌وه‌كرد، قسه‌یان له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران كردووه‌،"لێكتێگه‌یشتنێكى باش هه‌یه‌ ئێستا‌، شاندى هه‌رێمیشمان بینى، به‌ڵێنى ئه‌وه‌یانداوه‌ خاڵه‌كانى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كرێت، هه‌مووى وه‌ك خۆى جێبه‌جێ بكه‌ن، من گه‌شبینم به‌ به‌ره‌وپێشچوونێكى باش له‌نێوان هه‌ردوولادا".

هه‌رێمى كوردستان داواى ٦٠٠ ملیار دینارى مانگانه‌ى كردووه

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ دابینكردنى مووچه‌ى ئه‌م مانگه‌، په‌ناى بردووه‌ به‌ر قه‌رزى ناوخۆیى و هاوكاریى، تا ئێستا به‌غدا ره‌زامه‌ندى كۆتایى ده‌رنه‌بڕیوه‌ بۆ ره‌وانه‌كردنى مووچه‌. حه‌سه‌ن ئالى گوتیشی:"مووچه‌ى مانگى چوار به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ینێرێت، ئێمه‌ ته‌كلیفمان لێكرد له‌ماوه‌ى دانوستان مووچه‌كان بنێرێت تا ده‌گه‌نه‌ رێككه‌وتنى ته‌واو، ئه‌و به‌ڵێنێكى مه‌بده‌ئى داوه‌"به‌ڵام به‌گوته‌ى ئه‌و پەرلەمانتارە، به‌ڵێندانه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر جددیه‌ت و پابه‌ندییه‌كانى لایه‌نى به‌رامبه‌ر(كە كوردە) چونكه‌ ئه‌گه‌ر كازمیش نه‌بێت هه‌ر كه‌سێكى دیكه‌ بێت فشارێكى زۆرى له‌سه‌ره‌.

ئالى گوتیشى:"وه‌عدى ئه‌وه‌مان لێوه‌رگرتووه‌ مووچه‌ بنێرێت، نازانم پێش جه‌ژن ده‌ینێرێت یاخود دواى جه‌ژن، به‌س وه‌عدى داوه‌ كه‌ تا رێككه‌وتن مووچه‌ دوانه‌خات، ئومێد ئه‌كه‌م زۆر گه‌شبینم له‌وه‌ى هه‌م هه‌رێمى كوردستان له‌وه‌ گه‌یشتووه‌ هیچ رێگایه‌كى دیكه‌ی نییه،‌ ئیلا رێككه‌وتن نه‌بێت له‌گه‌ڵ ‌به‌غدا، بۆ حكومه‌تى عێراقیش ئه‌وه‌ى له‌ كازمى بینیومانه‌ جێگاى دڵخۆشییه‌، به‌ڵام ئه‌و دڵخۆشییه‌ نابێـت ئیستیغلالى بكه‌ین".

لە عێراقی نوێدا كورد هیچ كات هێنده‌ى ئێستا بارى لار نه‌بووه‌

هه‌رێمى كوردستان داواى ٦٠٠ ملیار دینارى مانگانه‌ى كردووه‌، له‌ به‌رامبه‌ر راده‌ستكردنى ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ  50% (واتە نیوه‌ى) داهاتى ناوخۆ و ده‌روازه‌ سنورییه‌كان، كازمى ئه‌و بڕه‌ پاره‌ى پێ زۆره‌ و گوتویه‌تى شتێكى لێ داشكێنن ، به‌ڵام هیچ كام له‌وانه‌ نه‌بوونه‌ته‌ رێككه‌وتن.

پێده‌چێت هه‌موو ئه‌و پشتیوانییانه‌ى هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌شى كازمى كرد، ئه‌و لێكتێگه‌یشتنانه‌شى ئێستا هه‌ن هێشتا به‌س نه‌بن بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى ره‌وانكردنه‌وه‌ى مووچه‌، بۆیه‌ش بڕیاره‌ شاندێكى هه‌رێمى كوردستان چه‌ند رۆژى داهاتوو دیسانه‌وه‌ سه‌ردانى به‌غدا بكه‌نه‌وه‌، زانیارى هه‌یه‌ ئه‌مجاره‌ مه‌سرور بارزانى خۆى سه‌رپه‌رشتى شاندى دانوستانكار بكات.

كورد هیواكانى خستنه‌ سه‌ر مسته‌فا كازمى كه‌ پشتگیری پێشوه‌ختى بۆ ره‌وانه‌كردبوو

ڤیان سه‌برى سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ى راگه‌یاند:"شاندى هه‌رێم گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌رئه‌نجامێكى ئیجابى، ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ دواى پێكهێنانى حكومه‌ت، دواى جه‌ژن دانوستان به‌رده‌وام بێت، بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و مادده‌ى هه‌شتى كارنامه‌ى حكومه‌ت". 

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه‌ ئه‌و كاته‌ى ده‌نگیان به‌ مسته‌فا كازمى دا به‌ڵێنى ئه‌وه‌یان له‌ كازمى وه‌رگرتووه‌ كه‌ مووچه‌ بنێرێت گوتى،"پرسیار له‌ قوباد تاڵه‌بانى بكه‌ن ئه‌و شه‌وه‌ ده‌نگ به‌ كازمى درا ئه‌و وه‌كو شاندى كورد له‌ به‌غدا بوو". 

له‌ دواى خستنه‌سه‌ریه‌كى دارووپه‌ردووى عێراقى نوێوه‌، كورد هیچ كات هێنده‌ى ئێستا بارى لار نه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت دۆسته‌ دێرینه‌كانیشى فریا ناكه‌ون ده‌ستبارى بن، دواى ئه‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدى كۆنه‌ دۆست واژۆى ناردنى مووچه‌ى هه‌رێمى نه‌كرد، كورد هیواكانى خستنه‌ سه‌ر مسته‌فا كازمى كه‌ پشتگیری پێشوه‌ختى بۆ ره‌وانه‌كردبوو. زۆرینه‌ى كورد متمانه‌یان به‌خشییه‌ ئه‌و پیاوه‌و ئیدى كاتى حه‌ق و حسابه‌، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌م دۆسته‌ش وه‌ڵامى هاوكارى و پشتیوانییه‌كه‌ى ته‌نها به‌ قسه‌بووه‌ دیار نییه‌ پشتیوانییه‌كه‌ى كورد بۆ كازمى گاڵ دێنێت یا په‌موو.