ڕاپۆرتی کوردستانی

12:59 - 09/05/2020

په‌رله‌مان چۆن به‌م دۆخه‌ى ئێستا گه‌یشت؟‌

پەیسەر

دیمه‌نى دوایین دانیشتنى په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ڕوونى هه‌ژموونى زۆرینه‌ى ره‌هاى پارتى دیموكراتى كوردستان و پێكهاته‌ هاوپه‌یمانه‌كانى له‌ په‌رله‌مان نمایشكرد، زۆرینه‌یه‌ك سه‌ره‌ڕاى داواكارى و فشارى نیوه‌كه‌ى دیكه‌ى په‌رله‌مان به‌ هه‌موو فراكسیۆنه‌كانیه‌وه‌و به‌ بایكۆتى سه‌رۆكى په‌رله‌مانیش رانه‌گیرا و به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ جێبه‌جێكرا. 

كارى په‌رله‌مانیى له‌م خوله‌ى په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ هیچ كام له‌ خوله‌كانى دیكه‌ ناچێت، به‌وپێیه‌ى زۆرینه‌ی ره‌ها مسۆگه‌ره‌‌، هه‌م له‌نێو په‌رله‌مانتاران و هه‌م له‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیش. 

دواى دانیشتنى په‌رله‌مان به‌ زۆرینه‌ى ره‌ها، زۆربه‌ى سه‌رنجه‌كان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ بوون، ئێستا له قۆناغى هه‌ره‌لاوازى په‌رله‌مانى كوردستانین و هه‌ژموونى زۆرینه‌یه‌كى په‌رله‌مانیى باڵى به‌سه‌ر په‌رله‌ماندا كێشاوه‌. ده‌كرێت هه‌ر كارێك به‌ زۆرینه‌ تێبپه‌ڕێندرێت بێگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لایه‌نه‌كانى دیكه‌.

پارتى دیموكراتى كوردستان به‌و دانیشتنه‌ په‌یامى ئه‌وه‌ى به‌ گوێى فراكسیۆنه‌كانى دیكه‌دا سرپاند، كه‌ بێ ئه‌وانیش كارى راییه‌ و له‌ نه‌خشه‌ى نوێى په‌رله‌ماندا له‌سه‌ر كه‌س په‌كى ناكه‌وێت. 

نه‌خشه‌ى نوێى سیاسى و ته‌رازووى سیاسى ئێستا هه‌رچۆنێك بێت، كۆمه‌ڵێك فاكته‌ر كه‌ زۆرینه‌یان لایه‌نه‌كان تێیدا به‌شدارن، ئه‌م قۆناغه‌ سیاسییه‌كان كرده‌ واقیع و ژماره‌كانى په‌رله‌مانیان به‌جۆرێك ده‌ستكاریكرد، نا هاوسه‌نگییه‌ك دروست بێت، كه‌ له‌ مێژوودا وێنه‌ى نه‌بووه‌. 

ژماره‌ى پێكهاته‌كان

ئازارى ساڵى ٢٠٠٩ هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌كان بۆ دروستكرنى لیستى گۆڕان، وه‌ك كاردانه‌وه‌‌ و ئاماده‌كارییه‌ك بۆ ئه‌گه‌رى گۆڕانكارى له‌ نه‌خشه‌ى په‌رله‌مان، كورسى پێكهاته‌كان به‌ پێشنیارى یه‌كێتى و رێككه‌وتن و ره‌زامه‌ندى له‌گه‌ڵ پارتى، له‌ پێنج كورسییه‌وه‌ بۆ ١١ كورسى زیادكرا.

رۆژى ٢٥ی ئازارى ئه‌و ساڵه‌، یاساى هه‌مواركردنه‌وه‌ى چواره‌مى یاساى ئه‌نجومه‌نى نیشتمانى كوردستان ده‌رچوو. له‌ مادده‌ى هه‌شته‌مدا هاتووه‌، كورسى پێكهاته‌كان به‌م جۆره‌ ده‌بێت؛ پێنج كورسى بۆ كلدان و سریان و ئاشورییه‌كان، پێنج كورسى بۆ توركمانه‌كان و یه‌ك كورسیش بۆ ئه‌رمه‌ن. پێكهانه‌كان له‌و ساڵه‌وه‌ هاوپه‌یمانى فراكسیۆنه‌كانى ده‌سه‌ڵاتن له‌ په‌رله‌مانى كوردستان و به‌دیاریكراوى نزیكترن له‌ پارتى.  

داخستنى په‌رله‌مان

ساڵى ٢٠١٥ پارتى دیموكراتى كوردستان، له‌ كاردانه‌وه‌ى هه‌نگاوه‌كان بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى سه‌رۆكایه‌تى، په‌رله‌مانى كوردستانى داخست و رێگه‌ى نه‌دا سه‌رۆكى په‌رله‌مان بچێته‌وه‌ هه‌ولێر، ئه‌گه‌رچى لایه‌نه‌كانى دیكه‌ ئیدانه‌ى ئه‌و كاره‌یان كرد به‌ڵام به‌شدارنه‌بوون له‌ هه‌ڵوێستێكى هاوبه‌ش، چوونه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان و له‌ حكومه‌تى هه‌رێمیش مانه‌وه‌، گۆڕان به‌ ته‌نها مایه‌وه‌، پارتى پێى وایه‌ له‌رێگه‌ى زۆرینه‌وه‌ هه‌ر هه‌نگاوێك به‌رامبه‌ر هه‌ر لایه‌نێك بگرێته‌ به‌ر، له‌وه‌ى  ٢٠١٥ قورستر نابێت، كه‌ لایه‌نه‌كان ده‌ستوپه‌نجه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌رمكرد و له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت  مانه‌وه‌و كێشه‌كه‌ له‌ كۆتاییدا بووه‌ كێشه‌ى ته‌نها دوولایه‌ن(گۆڕان-پارتى). 

هاوسه‌نگى هێز

دواى ئه‌و رووداوانه‌، تێكچوونى هاوسه‌نگى هێز به‌ڕوونى ده‌ركه‌وت، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌نگاوى نا به‌ره‌و رێككه‌وتنێكى هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، سه‌ره‌ڕاى 
لێكتێگه‌یشتنى پێشووى ده‌باشان و دواتریش رێككه‌وتنى ئایارى ٢٠١٦ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى، لایه‌نى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان خۆى دوورگرت له‌ جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌، هه‌ردوولا نه‌بوونه‌ خاوه‌نى پرۆژه‌یه‌كى هاوبه‌ش هه‌رچه‌نده‌ سه‌ركردایه‌تى هاوبه‌شیان دروستكرد. 

هه‌ڵبژاردنى ٣٠ ئه‌یلول

پێش هه‌ڵبژاردنى ٣٠ ئه‌یلولى ٢٠١٨ى په‌رله‌مانى كوردستان، دوو ئاڕاسته‌ى جیاواز كاریان بۆ دواخستن و ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كرد، پارتى پێداگرى ده‌كرد له‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌بێت له‌كاتى خۆیدا بكرێت و دوانه‌خرێت، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان پێى وابوو له‌و قۆناغه‌دا كه‌ ته‌نها سێ مانگ به‌سه‌ر بابه‌تى ساخته‌كارى ئه‌لیكترۆنى هه‌ڵبژاردنى ١٢ى ئایارى په‌رله‌مانى عێراقدا تێپه‌ڕیوه‌، خه‌ڵكى ئاماده‌نین به‌شدارى پرۆسه‌یه‌كى دیكه‌ بكه‌ن، چونكه‌ دواى چه‌ندین هه‌وڵ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هێشتا ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق په‌سه‌ندكرا و پارتى و یه‌كێتى ده‌نگێكى زۆریان هێنابوو. به‌وه‌ش خه‌ڵكى نائومێد بوون له‌ گۆڕانكارى له‌رێگه‌ى سندوقه‌كانى ده‌نگدانه‌وه‌.

دواجار لایه‌نه‌كانى دیكه‌ش ئاڕاسته‌كه‌ى پارتییان هه‌ڵبژارد و به‌ ئۆپۆزسیۆن و یه‌كێتى نیشتمانى كوردستانیشه‌وه‌، كه‌ پێشتر یه‌كێتى گوتبووى كارده‌كه‌ن بۆ دواخستنى به‌ڵام له‌دوایین سات پشتگیرى ئه‌نجامدانیان كرد، هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ئه‌نجامدراو پێشبینى ئاڕاسته‌ى دواخستن دروست ده‌رچوو سه‌ره‌ڕاى دووباره‌ ساخته‌كارى له‌هه‌مان ساڵدا رێژه‌ى به‌شدارى راسته‌قینه‌ى خه‌ڵك نزیكه‌ى سه‌دا ٣٥ بوو. پارتى براوه‌ى ره‌هابوو هێزه‌كانى دیكه‌ په‌رته‌وازه‌بوون و ده‌نگه‌كانیان كه‌میكرد.

بایكۆت

هاوكات له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ له‌و بارودۆخه‌ سه‌خته‌دا، هه‌ڵمه‌تێكى چڕى بایكۆتى هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك چالاكوان و سیاسى ناڕازییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چوو، بانگه‌شه‌ى سه‌ره‌كى ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌شداریكردن هیچ سودێكى نییه‌و شه‌رعیه‌ت دانه‌ به‌ پرۆسه‌كه‌، تاڕاده‌یه‌ك ئه‌م كه‌مپینه‌ ئامانجى پێكا چونكه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانى ساخته‌كردنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق و خه‌ڵكى نائومێدبوون، ده‌نگێكى زۆرى ناڕازى به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى نه‌كرد و بایكۆتى كرد، ئه‌وانه‌ى بانگه‌شه‌ى بایكۆتیان كرد بۆ قۆناغى دواى بایكۆت، هیچ بژارده‌یه‌كى دیكه‌یان پێنه‌بوو، بۆیه‌ش به‌ تایبه‌ت پارتى و دواتریش یه‌كێتى سودى زۆریان له‌م بایكۆته‌ بینى.

ناوخۆى ئۆپۆزسیۆن

له‌دوایین هه‌ڵبژاردن پێچه‌وانه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشوو لایه‌نه‌كانى ئۆپۆزسیۆن، رووى تانه‌یان روو له‌یه‌ك كرد، یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ ركابه‌رییان ده‌كرد له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانى یه‌ك و یه‌كدییان خه‌تابار ده‌كرد به‌هۆكارى دروستنه‌بوونى لیستى ئیسلامى، نه‌وه‌ى نوێ هه‌ڵمه‌تى توندى له‌سه‌ر هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ده‌كرد و ده‌یگوت جیاوازییان نییه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و پارتى، به‌ تایبه‌ت هه‌ڵمه‌تى دژى گۆڕان ده‌كرد و گۆڕانیش یه‌ك دوو جار وه‌ڵامى دایه‌وه‌. هه‌موو ئه‌م ركابه‌رییه‌ نا پێویستانه‌،‌ وایان كرد خه‌ڵكى ریفۆرمخواز سه‌رى لێبشێوێت و بێئومێدى و بێبڕوایى زیاتر بوون. له‌كاتێكى زۆر هه‌ستیاردا لایه‌نه‌كانى ئۆپۆزسیۆن له‌برى یه‌كڕیزى كه‌وتنه‌ سه‌نگه‌‌رگرتن له‌یه‌كدى.

ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن

دواى هه‌ڵبژاردن بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌نجامه‌كانى ره‌تكرده‌وه‌، هێزه‌كانى دیكه‌ى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى هاوڕابوون كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ ره‌تبكه‌نه‌وه‌، به‌هۆى ساخته‌كارى و ده‌ستوه‌ردانى زۆر له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌رێگه‌ هێزه‌وه‌، هه‌نگاوه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چوون ده‌ستكارییه‌كى ئه‌نجامه‌كه‌ بكرێت و به‌شێك له‌ ده‌نگه‌ ساخته‌كان ئه‌گه‌ر كه‌میش بێت بسوتێندرێن، به‌ڵام 
دواى یه‌ك مانگ له‌ هه‌ڵبژاردن هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمارى عێراق و تێكچوونى نێوانى یه‌كێتى و پارتى له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌، یه‌كێتى ئۆكه‌یى بۆ پارتى كرد و به‌پێنج ده‌نگى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران پێكه‌وه‌ ئه‌نجامه‌كه‌یان له‌ دره‌نگانى شه‌ودا په‌سه‌ندكرد و راگه‌یاند، چوار ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیۆن ئه‌نجامه‌كه‌یان واژۆ نه‌كرد. به‌و جۆره‌ش زۆرینه‌ى ره‌هاى پارتى بووه‌ واقیع.

په‌رته‌وازه‌یى لایه‌نه‌كان

دواى په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامه‌كان، لایه‌نه‌كانى ئۆپۆزسیۆن نائومێدبوون و په‌رته‌وازه‌بوون، بۆچوونى هاوبه‌شیان نه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ بایكۆتى په‌رله‌مان بكه‌ن یاخود پێكه‌وه‌ به‌شدارى بكه‌ن، یه‌كگرتووى ئیسلامى هه‌ر زوو ئۆپۆزسیۆنبوونى خۆى راگه‌یاند له‌په‌رله‌مان، نه‌وه‌ى نوێ سه‌ره‌تا بایكۆتى په‌رله‌مانى كرد و دواى چه‌ند رۆژێك بایكۆته‌كه‌ى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و چوونه‌ په‌رله‌مان. نه‌یان توانى پێكه‌وه‌ وه‌ك یه‌ك تیم، دانوستان بكه‌ن ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن یاخود به‌شدارى حكومه‌ت یاخود هه‌ر بژارده‌یه‌كى دیكه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌رلایه‌و چووه‌وه‌ ماڵى خۆى.