ڕاپۆرتی کوردستانی

03:56 - 07/05/2020

له‌ پرۆسه‌ى متمانه‌دان به‌ حكومه‌ت كورد ئه‌دایه‌كى لاوازى پیشاندا‌

پەیسەر

شانۆى دانوستان و گفتوگۆكانى پێكهێنانى حكومه‌ت، دواى پێنج مانگ مشتومڕ، دره‌نگانى شه‌وى رابردوو به‌ له‌دایكبوونى كابینه‌كه‌ى مسته‌فا كازمیى كۆتایى هات. حزب و پێكهاته‌كان له‌ كابینه‌كه‌ى كازمى هه‌رلایه‌و پارچه‌ى خۆیان برد و به‌شێكى كابینه‌كه‌ش به‌ به‌تاڵى مایه‌وه‌، ئه‌گه‌رچى سه‌نگى سیاسى كورد له‌به‌غدا چه‌ند ساڵێكه‌ رووه‌و لێژییه‌، به‌ڵام جیاوازتر له‌ كابینه‌كانى پێشوو كورد ئه‌دایه‌كى لاوازو په‌رته‌وازه‌ى پێشكه‌شكرد، به‌ رۆڵێكى كه‌مه‌وه‌ خۆى خزانده‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ى كازمى. 

چه‌ند ئاماژه‌یه‌كى نوێو جیاواز له‌ دۆخى جاران، كزى و لاوازى رۆڵى كوردى‌ خسته‌ به‌ر رووناكى و په‌رده‌ى له‌سه‌ر واقعێكى نوێ لادا، كه‌ كورد وازوو ناگه‌ڕێته‌وه‌ دۆخى جارانى و به‌غداى پێشوو بۆ كورد دروستنابێته‌وه‌. ته‌نانه‌ت پێكهاته‌ى سووننى كه‌ گیرۆده‌ى چه‌ندین كێشه‌ى قوڵن له‌ عێراقى نوێدا،  له‌ كورد رۆڵى زیاترى هه‌بوو له‌ یارییه‌كه‌، به‌ركه‌وته‌ى باشترى چڕى و جێپه‌نجه‌ى زیاتر دیاربوو به‌ دۆخه‌كه‌وه‌. 

مه‌رجه‌كانى كورد

ئه‌گه‌رچى كورد یه‌كه‌م پێكهاته‌بوو پشتیوانى هاتنى مسته‌فا كازمى كرد، به‌ڵام نه‌یتوانى هیچ كام له‌ داواكارییه‌كانى خۆى بكاته‌ مه‌رج و له‌ كارنامه‌ى كابینه‌كه‌ى كازمیدا جێگه‌ى بكاته‌وه‌. له‌ هه‌ستیارترین كاته‌كان بۆ دانوستان، تیمى هه‌ردوو فراكسیۆنى زۆرینه‌ یه‌كێتى و پارتى، ئه‌وه‌نده‌ سه‌رقاڵ كرابوون، به‌وه‌ى كێ له‌ كورد چ وه‌زاره‌تێك وه‌رده‌گرێت، داواكارییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانى كورد، بوون به‌ژێر ئه‌و دۆخه‌وه‌و ‌له‌كاتێكى ئاڵتونیدا ئه‌و داوایانه‌ خرانه‌ لاوه‌.  

یه‌ك وه‌زیر

یه‌كه‌م جاره‌ له‌ پرۆسه‌ى سیاسى عێراقدا، كورد به‌یه‌ك وه‌زیره‌وه‌ ده‌ستپێبكات له‌ كابینه‌كه‌دا، وه‌زیرێكى دیكه‌ى ده‌نگ نه‌هێنێت و كاندیدێكى دیكه‌شى پێشكه‌ش نه‌كرابوو كێشه‌ى له‌سه‌ره‌ كێ ده‌بێته‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌. كورد ته‌نانه‌ت نه‌یتوانى لیستى وه‌زیره‌كانى خۆى له‌كاتى خۆیدا پێشكه‌ش بكات.

به‌س مووچه‌

یه‌كه‌م جاره‌ له‌ پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌تى عێراق-دا كورد ته‌نها داواكارى ره‌وانه‌كردنى مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستانى هه‌بێت و هه‌موو داواكارییه‌كانى پێشووى بخاته‌ دواوه‌، به‌ڵام هێشتاش نه‌یتوانى ته‌نها یه‌ك مووچه‌ بۆ هه‌رێم به‌ ده‌ستبهێنێت و به‌ڵێنیشى وه‌رنه‌گرت دواى كابینه‌كه‌ راسته‌وخۆ مووچه‌ ره‌وانه‌ بكرێت، له‌كاتێكدا شاندێكى حكومه‌تى هه‌رێمیش له‌به‌غدا بوون و فراكسیۆنه‌كانیش هه‌موویان جه‌ختیان له‌ داواكارى مووچه‌ ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام كورد هێشتا ئه‌و داواكارییه‌شى جێبه‌جێنه‌كراوه‌.

په‌رته‌وازیى و ناكۆكى

كورد له‌ پرۆسه‌ى متمانه‌ به‌خشین به‌ كابینه‌كه‌ى كازمى، به‌جۆرێك په‌رته‌وازه‌بوون و له‌نێوخۆى حزبه‌كانیش جیاوازى هه‌بوو، تادوایین ساته‌كان هیچ هاوبه‌شییه‌ك له‌نێوان حزبه‌كان دروست نه‌بوو، جیاوازى له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى هه‌بوو، ته‌نانه‌ت له‌نێوان سه‌رۆك كۆمار و حزبه‌كه‌شى جیاوازى هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌ كاندیده‌كان، كاتژمێرێك پێش ده‌نگدان هەوڵ هەبوو بۆ گۆڕینی کاندیدێکی كورد نەگۆڕاو ده‌نگیشى به‌ ده‌ستنه‌هێنا، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ته‌واوى بایكۆتى پرۆسه‌ى ده‌نگدانى كرد، به‌شێكى دیکەی گروپى ١٥ بایكۆتیان كرد و به‌شێكیان لە(یه‌كگرتوو، سه‌ربه‌خۆكان) چوونه‌ دانیشتنه‌كه‌وه‌.
 
وه‌زاره‌تى دارایى

شیعه‌كان له‌ سه‌ندنه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى له‌ كورد، به‌جۆرێك ئیراده‌ى خۆیان سه‌پاندى و ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌ خێرایى روویدا، سه‌ره‌تا ڤیتۆیان هه‌بوو له‌سه‌ر كاندیدى كورد بۆ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌، به‌ڵام دواتر ڤیتۆكه‌ فراوان بوو بۆ خودى وه‌زاره‌ته‌كه‌ و له‌كوردیان وه‌رگرته‌وه‌، وه‌زاره‌تى دارایى بۆ كورد گرنگى خۆى هه‌بوو به‌ تایبه‌ت له‌ دۆخێكدا كه‌ هه‌رێمى كوردستان بێ پاره‌ى به‌غدا قورسه‌ بتوانێت ئیداره‌ى دۆخه‌كه‌ بكات. 

هیچ به‌ڵێنێك نه‌درا

مسته‌فا كازمیى سه‌رۆك وه‌زیران ئاماده‌نه‌بوو هیچ به‌ڵێنێك یاخود هیچ گره‌نتییه‌ك به‌ كورد بدات، كه‌ كێشه‌كانى چاره‌سه‌ر ده‌كات، به‌ تایبه‌ت بۆ كێشه‌ى مووچه‌، به‌ڵكو گوتبووى ئه‌گه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بخاته‌ به‌رنامه‌ى كاره‌وه‌ نه‌یارى بۆ زیاد ده‌بێت، به‌ڵام دڵنیایى دابوو كه‌ نیه‌تى باشه‌. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش كورد له‌ پشتیوانى خۆى بۆ كازمى ساردنه‌بوویه‌وه‌. 

ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان

شاندى كورد نه‌یانتوانى هیچ دڵنیایى و به‌ڵێنێك، سه‌باره‌ت به‌ دۆخى ناوچه‌ جێناكۆكان‌ له‌ مسته‌فا كازمى و حكومه‌ته‌كه‌ى وه‌ربگرن، هه‌رچه‌نده‌ له‌ هه‌ره‌ گرنگترین داواكارییه‌كانى كورده‌، به‌ڵام له‌ پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت، كه‌مترین قسه‌ى له‌سه‌ركرا یاخود هه‌ر قسه‌ى له‌سه‌ر نه‌كرا، چاره‌نووسى ئه‌و ناوچانه‌ به‌لێڵى مایه‌وه‌. 

په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ كازمى

به‌ درێژایى دانوستانه‌كان، هیچ شاندێك هاوبه‌شى كورد له‌هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمى كۆنه‌بوویه‌وه‌، دوایین دیدار شاندێكى گروپى ١٥ بوو كه‌ له‌گه‌ڵى كۆبوونه‌وه‌، ئه‌و په‌رله‌مناتارانه‌ گوتیان كازمى هیچ قسه‌یه‌كى كۆنكرێتى نه‌كردووه‌ بۆ ره‌وانه‌كردنى مووچه‌و بوودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام نیه‌ت باشى خۆى دووپاتكردووه‌ته‌وه‌و گوتوویه‌تى، ئه‌و مه‌زهه‌بى و ره‌گه‌زپه‌رست نییه‌ له‌گه‌ڵ كورد ژیاوه‌. 

پشكى كورد

كورد ته‌نها سێ وه‌زاره‌تى پێدرا، له‌ كاتێكدا سووننه‌ ته‌نها ١٠ كورسى زیاترى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران هه‌یه‌ و شه‌ش وه‌زاره‌تى پێدرا. شیعه‌ش ١٣ وه‌زاره‌ت. كورد نه‌یتوانى ده‌ستكارى ئه‌و ژماره‌یه‌ بكات.