ڕاپۆرتی کوردستانی

03:30 - 07/05/2020

ره‌مه‌زانێكى جیاواز بۆ موسڵمانان..له‌مێژوودا وێنه‌ى نه‌بووه‌‌

پەیسەر

ره‌مه‌زانی ئه‌م ساڵ بۆ موسڵمانانی جیهان جیاوازه،‌ به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وه‌ك ساڵانی پێشوو نین، ژماره‌ی كاتژمێره‌كانی رۆژووگرتن له‌وڵاتێكه‌وه‌ بۆ وڵاتێكی تر گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، ساڵانه‌ به‌به‌های یه‌ك تریلیۆن دۆلار خۆراك به‌فیرۆده‌چێت و ٨٢١ ملیۆن كه‌سیش خۆراكی پێویستیان ده‌ست ناكه‌وێت ئه‌م راپۆرته‌ زانیاری زیاتری تێدایه‌.

كاتژمێره‌كانی رۆژووگرتن له‌وڵاتێكه‌وه‌ بۆ وڵاتێكی تر جیاوازه‌

جیاوازی كاتژمێره‌كانی رۆژووی موسڵمانان له‌ وڵاتێكه‌وه‌ بۆ وڵاتێكی تر جیاوازییه‌كی زۆره‌، به‌جۆرێك موسڵمانان له‌ نه‌رویج 18،50 كاتژمێر و 50 خولەک به‌رۆژوو ده‌بن له‌به‌رلینى پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا 18 كاتژمێر به‌رۆژوو ده‌بن، له‌ شاری له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا 18 كاتژمێر و له‌ پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا 16 كاتژمێر و 50 خولەک به‌رۆژوو ده‌بن، له‌شاری نیویۆركی ئه‌مریكا 15 كاتژمێرو 45 خوله‌ك به‌رۆژوو ده‌بن، موسڵمانانی شاری مه‌ككه‌ی موكه‌ره‌مه‌ 14 كاتژمێرو 25 خوله‌ك به‌رۆژوو ده‌بن، له‌شاری كوالالمپوری مالیزیا موسڵمانان 13 كاتژمێرو 36 كاتژمێر به‌رۆژوو ده‌بن.

داهێنانه‌كانی جالیه‌ی موسڵمانان له ‌سه‌رتاسه‌ری جیهان به‌هۆی كۆرۆناوه‌

به‌ربانگ به‌ ئۆنلاین

له‌ساڵی 2013 وه‌ له‌ به‌ریتانیا خێمه‌ی ره‌مه‌زانی دروست بووه‌، كه‌ تێیدا موسڵمانه‌كان و هه‌ندێك جار په‌یڕه‌وانی ئایینه‌كانی تریش و هه‌ندێك جاریش بێ باوه‌ڕه‌كانیش به‌شێوه‌ی ئۆنلاین دوای به‌ربانگ گفتوگۆ ده‌كه‌ن و بیروڕاكانیان ئاڵوگۆر ده‌كه‌ن، ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ به‌مه‌به‌ستی هێشتنه‌وه‌ی روحی ره‌مه‌زانییه‌ و تێیدا 100 هه‌زار كه‌س ده‌توانن له‌ 10 شار و چوار كیشوه‌رى جیاوازه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گفتوگۆ بكه‌ن، ئه‌م ساڵ ئه‌م به‌ربانگه‌ ئۆنلاینه‌ زیاتر په‌ره‌ی پێدراوه،‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كۆرۆنا وایكردووه‌ موسڵمانان وه‌ك ساڵانی رابردوو نه‌توانن له‌نزیكه‌وه‌ و به‌یه‌كه‌وه‌ رێوره‌سمه‌ ئاینیه‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن.

هاوكاریكردنی موسڵمانان

به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتیان له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان بێكاربوون، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ پرۆژه‌ی خێرخوازی تر زیاتر په‌ره‌ی پێبدرێت، به‌نمونه‌ له‌شاری مه‌كه‌ی سعودیه‌ 40 گروپی خێرخوازی 97 هه‌زار سه‌له‌ی خۆراكیان دابه‌شكردووه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ سعودیه‌ یه‌كێكه‌ له‌ وڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و هه‌نارده‌ی نه‌وتی رۆژانه‌ی چه‌ندین ملیۆن به‌رمیل نه‌وته‌، سه‌رباری داهاتی حه‌ج و رێوره‌سمی ئاینیه‌كانی تر.

ئه‌م كه‌مپینی هاوكاریه‌ له‌وڵاتانی ئه‌وروپا و ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا و وڵاتانی تری ئاسیایش په‌یره‌وی لێكراوه‌.

په‌یامی رۆژوگرتن

یه‌كێك له‌سوده‌كانی رۆژووگرتن ئه‌وه‌یه‌ موسڵمانان هه‌ست به‌ برسیه‌تی و تیونویه‌تی ئه‌و كه‌سانی هه‌ژار بكه‌ن، و له‌ ئازار و ناره‌حه‌تییه‌كانیان تێبگه‌ن، به‌ڵام هێشتا گومان له‌سه‌ر گه‌یشتنی ئه‌و په‌یامه‌ هه‌یه‌ به‌جۆرێك له‌جیهاندا ساڵانه‌ به‌به‌های یه‌ك تریلیۆن دۆلار خۆراك به‌فیرۆ ده‌چێت كه‌ یه‌ك ملیار و 300 ملیۆن تۆنه‌ له‌و بڕه‌ش به‌به‌های 48 ملیار دۆلار ساڵانه‌ خۆراك له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌فیرۆ ده‌چێت، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ به‌پێی راپۆرتێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ساڵی 2018 دا 821 ملیۆن كه‌س له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان خۆراكی پێویستیان بۆ خواردن ده‌ست ناكه‌وێت، و له‌و ژماره‌یه‌ش 50 ملیۆن كه‌سیان له‌وڵاتانی عه‌ره‌بین.

2 ملیار كه‌س خزمه‌تگوزاری  ئاوی خواردنه‌وه‌ی گونجاویان نیه‌

به‌پێی راپۆرتێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كه‌ مانگی شه‌شی ساڵی رابردوو بڵاویكرده‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ 2 ملیارو 200 ملیۆن كه‌س له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان خزمه‌تگوزاری ئاوی خواردنه‌وه‌ی گونجاویان نیه‌، و 3 ملیار كه‌سیش شوێنی ده‌ستشۆرینیان نیه‌.

مانگی ره‌مه‌زان به‌پێی رۆژمێری كۆچی مانگی نۆیه‌مه‌ و له‌دوای مانگی شه‌عبان دێت، ئه‌و مانگه‌ له‌لای موسڵمانه‌كان پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ و تێیدا به‌رۆژووده‌بن كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ روكنه‌كانی ئاینی ئیسلام، و له‌ خۆرهه‌ڵاتنه‌وه‌ تا خۆرئاوابوون خۆیان له‌خواردن و خواردنه‌وه‌ ده‌پارێزن، ئه‌م ساڵ له‌ 24ی نیسانه‌وه‌ ره‌مه‌زان ده‌ستی پێكرد وپێشبینی ده‌كرێت له‌ 23ی ئایار كۆتایی بێت.