ڕاپۆرتی کوردستانی

02:37 - 07/05/2020

شاعیرێک روو لە راستی و پشت لە ستەم، مەلایەک دژ بە مەلایەتیی ساختە‌

پەیسەر

قانع کە بە شاعیری چەوساوەکان ناسراوە، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا و لەدوای چواردە خوشک و برا و لە خێزانێکی دەربەدەر و دڵشکاودا دێتە دونیاوە. مێژووی نەهامەتیی و ئازاری خێزانەکەی بەدەست ئاغا و دەربەگەکانەوە، دەیکەن بەشاعیرێکی توڕە و ڕابەری چەوساوەکانی کوردستان.

لەدایکبوونی دەربەدەرێک

لە 15ی ئەیلولی 1898، منداڵی پانزەیەمی خێزانێکی دەربەدەر و هەڵهاتوو لە دەستی ئاغا و دەرەبەگەکان، لە گوندی (ڕیشێن)ی بناری شارەزوور لەدایک دەبێت.

توڕەیی قانع بەرامبەر ستەمی ئاغا، دەرەبەگ و دەسەڵات، جگە لە فیکری سیاسیی ئەو و بیرکردنەوەکانی لەپاش تێکەڵبوون بە تەوژمی بیری شوعییەت، پەیوەندی راستەوخۆشی بە مێژووی دەربەدەریی خێزانەکەیی و ژیانی کولەمەرگی خۆیەوە هەیە.

قانع لە هەمان ئەو ساڵەدا لەدایک دەبێت کە دەرەبەگەکانی ناوچەی مەریوان باوک و خێزانەکەی ئاوارە دەکەن، موڵک و ماڵەکەیان داگیر دەکەن و ناچارن روو لە شارەزوور بکەن.

*(دیوانی قانع ل 3)

سەرەڕای هەژاری و قەرەباڵغی خێزانەکەی، هەر لە یەکەم 40 ڕۆژی تەمەنیدا باوکی دەمرێت و دوای پێڕەوکەبوونیشی دایکی کۆچی دوایی دەکات.بەپێی بۆچوونی بەشێکی گەورەی زایانی دەروونناسیی ساڵانی یەکەمی منداڵیی، قۆناغی پێکهێنانی کەسێتی و دروستبوونییەتی و کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر هەموو ژیانی مرۆڤ، بەم پێیەش تەماشای ژیان، بەرهەم، هەڵوێست، هزری سیاسیی و کۆمەڵایەتی قانع بکەین، بە ڕوونی ئەو راستییە زانستییە دەردەکەوێت.

ژیان و مردن بە تەنگەنەفەسیی

قانع تەنها ژیانە کۆمەڵایەتیی و ئابورییەکەی تەنگ و تاریک نەبووە، تەنها بێپارەیی و بێکاریی نەیانکردووە بە شاعیری چەوساوەکان، تەنها دەربەدەریی و بێ گوزەرانیی ماندوویان نەکرد، شاعیرە دژە ستەمەکە سەرەڕای ژیانە سەخت و دژاوارەکەی، دووچاری نەخۆشیی تەنگەنەفەسیی دەبێت و تاکو دوا هەناسەی بەرۆکی بەرنادات.

شاعیری بێماڵەکان
قانع هزری سیاسیی و کۆمەڵایەتی خۆی بە زمانێکی سادە و ئاستێکی بەرزی شاعیرانە دەردەبڕێت، بە ئاشکرا و بوێرانە ڕوو لە بێماڵەکان دەکات و تاکو کۆتایی تەمەنی وەک رابەریان دەمینێتەوە.

لە شیعرەکانیدا پشتی چەوساوە و هەژاران دەگرێت. هەمیشە ویستوویەتی دەوڵەمەند و هەبووەکان بەرلەوەی ببن بە کەسانی دڵڕەق و دوور لە حاڵی هەژاران، هۆشیاریان بکاتەوە کە پشتگیریی چەوساوە و دەستکورتەکان بکەن.

با سێ قات نەبێ خانوو و سەراکەت
پارەی قاتێکیان بدە بە براکەت
دەوڵەمەند مەڵێ هەوڵی بۆ خۆیە
 نەبوونی هەژار، نەبوونی تۆیە


شاعیرێکی بێباک

بێباکیی قانع بەرامبەر ژیانی خۆش و داهاتوویەکی باش، وەهای کرد زیاتر پشتی هەژاران و ستەملیکراوان بگرێت، هیچ باکێکی بە ژیانێکی خۆش نەبێت و بۆ هەمیشە دژی ستەم و ستەمکاران بوەستێتەوە.

قانع هیچ باکێکی نەبووە بەوەی شیعرەکانی دژ بە دەسەڵاتدر، دەرەبەگ و دەوڵەمەندەکان ژیانی بشێوێنن و تووشی دەربەدەری زیاتری بکەن.

وەکوو دەروێشی بێمەسکەن، لەسەر نێم تاجی ڕسوایی
ئیتر هیچ گوێ نەدەم قانع گەدایی یاخۆ پاشایی

دەف و کەشکۆڵ و کەڵپۆس و لەسەر ئادابی شەیدایی
لە هەرد و دەشت و کۆسارێ، بناڵێنم بە تەنیایی

مەلایەک دژ بە مەلا، شێخ و سۆفی
کەمجار هەڵدەکەوێت کەسێک دژی هاوپیشە و هاوکارەکانی خۆی هەڵوێست وەربگرێت و پشتگیری کەسانی دیکە بکات.

قانع کە کەسێکی خواپەرست بووە و بە دریژایی تەمەنیی چەند جارێک و لە چەند ناوچەیەکی کوردستان مەلایەتیی کردووە، بە باشی شارەزای ژیانی مەلایەتیی، شێخایەتیی، سۆفییەتیی و دەروێشی بووە.

لە چەند شیعرێکدا هەڵوێست دژی خراپ بەکارهێنانی مەلایەتیی، شێخایەتیی، دەروێشیی و دین لەلایەن مەلا، شێخ، دەروێش و سۆفی وەردەگرێت.


بەم جۆرەش بە توندی رەخنەیان لێدەگرێت و خەڵکیش لە فرت و فێڵی بەشێکیان ئاگادار دەکاتەوە کە مێزەری سەر، عەبای بەر و ریشیان بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و خەڵەتاندنی خەڵکی هەژار بەکاردەهێنن.

بێقەزا بی مامە سۆفی تا بێ ریشی پان ئەکا
(قُل) بە فل حاڵیی بووە، چی ئیدیعای ویژدان ئەکا
خەڵکی گەییە جەلبی ڕۆح و ئەو خەریکی شانەیە
حەز لە تەزبیحی گڵین و، خڕنووک و قەزوان ئەکا


لە شیعرێکی دیکەدا قانع پێکەوە رەخنە لە شێخ، مەلا، دەروێش و سۆفی دەگرێت و دەڵێت:

باز بووم باڵی شکانم، چوار بەڵای نەحسی خراپ
خانەقا یەک، تەکیە دوو، عەممامە سێ، عەبا چوار


رەخنەگرتن لە دەسەڵاتداران 

قانع هەمیشە ڕەخنەی لەو کەسانە گرتووە کە دەسەڵات وەردەگرن و لاف و گەزافی نیشتمانپەروەریی لێدەدەن، کەچی هەر چوونە سەر کورسی دەسەڵات و دەستیان بە پارە گەیشت، ئیتر هەژارانیان بیردەچێتەوە خەریکی ژیانی خۆیان دەبن.

قانع هەمیشە بە ئامۆژگاری دەستپێدەکات و دەوڵەمەند و دەسەڵاتداران هۆشیار دەکاتەوە، بەڵام کە دەزانێت ئامۆژگارییەکانی سودیان نییە، دەست بە ڕەخنەگرتن و پلار لێگرتنیان دەکات.

قانع بە وردی باسی ژیانی دەسەڵاتدار و دەوڵەمەندەکانی سەردەمیی خۆی دەکات، وێنەیەکی ژیانی ئەو سەردەمە دەکێشێت و بۆ نەوەکانی داهاتووی دەگوازێتەوە.


چوویتە سەر کورسی براکەم! کوردی چی و نیشتمانی چی
خۆت بە خۆشی و خۆش بژی، مەنواڕە بۆ زاماری کورد!
رۆنی سەر، سابوونی لۆکس، قۆندەرەی سوور و سپی
بەستە بۆ تەگبیری هۆزی برسی و بێکاری کورد
تۆ بە دەم  هیچت نەهێشت و سەد وەکوو گاندیت شکان
ئافەرینم بارەکەڵڵا، تێغی جەوهەرداری کورد

لە دوای زیاتر لە سەدەیەک لە هۆشدارییەکانی قانع دەربارەی ستەم، هەژاریی، دەردەداریی کورد و بێمنەتیی دەسەڵاتدار و دەوڵەمەدان بەرامبەر ژیانی هەژاران، گۆڕانکارییەکی گەورە لە کوردستاندا رووینەداوە و تەنانەت ئەو وێنەیەی بۆ دەسەڵاتدار و دەوڵەمەندەکانی سەردەمیی خۆی کێشاویەتیی لە ئێستادا دەتوانرێت لە بەشیکی زۆر لە دەسەڵاتدار و دەوڵەمەندەکانی ئێستادا ببینرێن.

قانعی هەژار و دەربەدەر لە حەوتی ئایاری 1965 سەری نایەوە و بێباکیی دەسەڵاتداران و ژیانی کولەمەرگیی هەژارانیش بەردەوامیی هەیە و لە بەرزاییە سەركەشەكانی ناوچەی شلێر و لە سەر یەكێك لە تەپۆڵكەكانی گوندی لەنگەدێ ڕووەو قیبلەو پشت لە دەسەڵات لێی ڕاكشا، بەجۆرێك ئەو تەنها باوەڕی وابوو كە مەگەر خودا خۆی فریای خەڵكی نەزان و داماوی كورد بكەوێت.