ڕاپۆرتی کوردستانی

12:02 - 06/05/2020

پلانه‌ هه‌زار پرۆژه‌ییه‌كه‌ى حكومه‌ت به‌ربه‌ستى زۆرى له‌پێشه‌‌

پەیسەر

بۆ یه‌كه‌م جار و له‌دوای ده‌ركردنی یاسای وه‌به‌رهێنان له‌ ساڵی ٢٠٠٦ وه،‌ حكومه‌ت خۆی ئه‌و بوارانه‌ دیاریده‌كات كه‌ وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌توانن وه‌به‌رهێنانی تێدا بكه‌ن، رۆژی ٣ی ئایار ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێم، هه‌زارو ٥٥ پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانی راگه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ران و سه‌رمایه‌داران و هاوڵاتیان وه‌به‌رهێنانی تێدابكه‌ن، ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و پرۆژانه‌ جێبه‌جێبكرێن، ئه‌وه‌ زیاتر له‌ ٢٠٠ هه‌زار هه‌لی كار دابین ده‌كه‌ن.

پرۆژه‌كان له‌ ١٣ بواری جیاوازدا ده‌بن

زۆرترین پرۆژه‌كان له‌بواری پیشه‌سازیدان كه‌ ٤٦١ پرۆژه‌یه‌، ٢٢٧ پرۆژه‌ له‌بواری گه‌شتوگوزار و ١١٣ پرۆژه‌ له‌بواری كشتوكاڵ و ٣١ پرۆژه‌ له‌بواری خوێندنی باڵا و ١٨ پرۆژه‌ له‌بواری رۆشنبیری و لاوان و ١٥ پرۆژه‌ له‌بواری گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و ١٤ پرۆژه‌ له‌بواری كاره‌با و ١٤پرۆژه‌ له‌ بواری كارووباری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌.

سامان عاره‌ب بەڕێوه‌به‌ری گشتی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر رایگه‌یاند، هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌ست ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ده‌وام و ٤٠٠ پرۆژه‌ له‌سنوری پارێزگای هه‌ولێر راده‌گه‌یه‌نن، هه‌ر وه‌به‌رهێنه‌رێك بیه‌وێت ده‌توانێت داواكاری پێشكه‌ش بكات، بۆ ئه‌وه‌ی پرۆژه‌كه‌ جێبه‌جێ بكات، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد دوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وام میکانیزمی راگه‌یاندنی پرۆژه‌كان ئاشكراده‌كه‌ن و پرۆژه‌كانیشیان له‌ ١٣ بواری جیاوازدا ده‌بن.

هه‌نگاوێكی باشه‌، و تاڕاده‌یه‌ك قۆرخكاری كه‌متر ده‌كاته‌وه‌

لای خۆیه‌وه‌ رێبوار خه‌لیل سه‌رۆكی پێشووی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان، به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند:"راست نییه‌ ناو بنرێت پلانی ٢٠٢٠ به‌وپێیه‌ی ئه‌وه‌ چه‌ند مانگێك له‌ ٢٠٢٠ رۆیشتووه‌ و چه‌ند مانگێكی ماوه‌، پێموایه‌ ئه‌و‌ پلانه‌ له‌و چه‌ند مانگه‌ی ماوه‌ جێبه‌جێبكرێت، ده‌بو بگوترێت، راگه‌یاندنی هه‌لی وه‌به‌رهێنان و كاتی بۆ دیاری نه‌كرابا، دڵنیام زۆرینه‌ی زۆری ده‌كه‌وێته‌ ساڵی داهاتوو و ساڵه‌كانی تر، به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی كه‌ هه‌یه"‌.

سه‌رۆكی پێشووی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان پێیوایە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ هه‌نگاوێكی باشه‌، و تاڕاده‌یه‌ك قۆرخكاری كه‌متر ده‌كاته‌وه‌ پێشتر چه‌ند كۆمپانیایه‌ك ده‌یانتوانی وه‌به‌رهێنان بكه‌ن به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌و قۆرخكارییه‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌،"به‌ڵام پێموایه‌ زیاتر ئه‌وه‌ ناوی پرۆژه‌ ریزكردنه‌، هیوادارم لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی وردیان كردبێت، هه‌ندێك له‌پرۆژه‌كان به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی پترۆكیمیاییه‌كان، نازانم تاچه‌ند دیراسه‌ی ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئایا‌ كه‌ره‌سته‌ خاوه‌كه‌ی لێره‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت؟ ئایه‌ له‌بازاڕدا ساغ ده‌بێته‌وه‌؟ ئایا كێبركێی به‌رهه‌می هه‌رزانی ئێرانی پێده‌كرێت؟ ئه‌مانه‌ هه‌مووی پێویستی به‌لێكۆڵینه‌وه‌ هه‌یه‌"‌.

پێشتر گرفتى زۆرى هه‌بوو بۆ په‌یداكردن و دابینكردنى زه‌وى

چوار كارگه‌ی چیمه‌نتۆ له‌پرۆژه‌كه‌ی حكومه‌تدا هه‌یه‌، هه‌ر كارگه‌یه‌ك پێویستی به‌ زیاتر له‌ ٥٠٠ ملیۆن دۆلار هه‌یه‌. سه‌رۆكى پێشووى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان ئاماژه‌ى به‌وه‌ده‌كات، ته‌نها چه‌ند كۆمپانیایه‌كی دیاریكراو له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكا ده‌توانن كارگه‌ی چیمه‌نتۆ دروست بكه‌ن"ئایا له‌م دۆخه‌دا ئه‌و كۆمپانیایانه‌ دێنه‌ هه‌رێم و ئه‌و كاره‌ بكه‌ن؟ هه‌روه‌ها شوێنه‌كه‌یان له‌كوێیه‌؟ ئایا كه‌ره‌سته‌ خاوه‌كه‌ی له‌كوێ ده‌هێندرێت شوێنه‌كه‌ی ده‌ستیشیان كراوه‌؟ ئایا كه‌س هه‌یه‌ له‌م دۆخه‌دا نیو ملیار دۆلار خه‌رج بكات؟ جگه‌ له‌وه‌ش كارگه‌ی پاتری ئۆتۆمبێل، كه‌ پێویستی به‌ سه‌رمایه‌كی زۆر هه‌یه‌، پێموانیه‌ دیراسه‌ی وردی ئه‌و پرۆژانه‌ كرابێت".

به‌پێى پلانه‌كه‌ى حكومه‌ت، پرۆژه‌كان ده‌رفه‌تى ٢٠٠هه‌زار هه‌لى كار ده‌ڕه‌خسێنن، به‌بڕواى رێبوار خه‌لیل له‌م چه‌ند مانگه‌ی ماوه‌، ره‌نگه‌ چواریه‌كی ئه‌و پرۆژانه‌ بخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌وه‌ش ژماره‌ی هه‌لی كار ده‌بێته‌ چارەکی ٢٠٠ هه‌زاره‌كه‌،"به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ڵێنده‌رایه‌تی بوایه‌ له‌مانگی داهاتوو هه‌موو ئه‌و پرۆژانه‌ رابگه‌یه‌ندرایه‌ به‌یه‌كه‌وه‌. ئه‌وه‌ زیاتر له‌ ٢٠٠ هه‌زار هه‌لی كاری دابینده‌كرد، ئێستا نازاندرێت كه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ر دێت و پرۆژه‌كه‌ وه‌رده‌گرێت، ئایا ئێمه‌ ١٠٥٥ وه‌به‌رهێنه‌رمان هه‌یه‌ هه‌موویان بێن و له‌مانگی داهاتوو ده‌ست به‌كاربكه‌ن؟ له‌ڕووی تیۆرییه‌وه‌ وایه‌ به‌ڵام له‌ڕووی پراكتیكیه‌وه‌ پێم وانیه‌ وابێت".

پلانه‌كه‌ى حكومه‌ت چه‌ند پرۆژه‌ی سه‌رنجراكێشی تێدایه‌ 

ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان پێشتر گرفتى زۆرى هه‌بوو بۆ په‌یداكردن و دابینكردنى زه‌وى، ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان ده‌بوو زۆر چاوه‌ڕوانى بكردایه،‌ تا پارچه‌ك زه‌وییان بۆ ته‌رخان ده‌كرد، رێگه‌ى خێراو گونجاو ئه‌وه‌یه،‌ زه‌وییه‌كان بخرانایه‌ته‌ سه‌ر ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان بۆ ئه‌وه‌ى پرسه‌ى وه‌به‌رهێنان خێراتربن. 

جارێ روون نییه بۆ چه‌ند له‌و پرۆژانه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، زه‌وى ته‌رخانكراوه‌و بۆ چه‌ندیان زه‌وى ئاماده‌یه‌. رێبوار خه‌لیل ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات:"لێره‌ به‌دواوه‌ ئه‌و رێگه‌ دووروودرێژه‌ی وه‌رگرتنی زه‌وی له‌وه‌زاره‌ته‌كان و ده‌ستپێده‌كات، وه‌ ئایا په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و وه‌زاره‌ته‌كان چه‌نده‌ خۆشه‌؟ وه‌ سه‌رۆكی ده‌سته‌ له‌هه‌مان حزبی وه‌زیره‌كانه‌؟ ئه‌مانه‌ هه‌مووی كاریگه‌ری ده‌بێت".

به‌بڕواى ئه‌و، پلانه‌كه‌ى حكومه‌ت چه‌ند پرۆژه‌ی سه‌رنجراكێشی تێدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی رابكێشێت، ئه‌گه‌ر قه‌یرانی دارایی و ڤایرۆسی كۆرۆنا رێگه‌بدات، به‌تایبه‌تیش پرۆژه‌ گه‌شتیارییه‌كان كه‌ شوێنیشیان بۆ دیاریكراوه‌ شتی باشن.

رۆژی ٤-٧-٢٠٠٦ په‌رله‌مانی كوردستان، یاسای هاندانی وه‌به‌رهێنانی ده‌ركرد و به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ له‌ ١٤ بواری جیاوازدا، به‌بڕی زیاتر له‌ ٥٠ ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنان له‌ كوردستان ئه‌نجامدراوه‌.