ڕاپۆرتی کوردستانی

11:00 - 06/05/2020

٣٢ساڵ دوای یه‌كه‌م ئه‌زموونى یه‌كڕیزیى كورد، حزبه‌كان په‌رته‌وازه‌ن‌

پەیسەر

له‌دوای كیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ و پرۆسه‌ی ئه‌نفال و نزیك بوونه‌وه‌ی ئاماژه‌كانی شه‌ڕی ئێران- عێراق، له‌لایه‌ك سنورداربوونی توانای حزبه‌ كوردییه‌كان و له‌لایه‌كی تریش پیشبینی سه‌ركێشییه‌كانی سه‌دام وایكرد، بۆ یه‌كه‌م جار پارته‌ سیاسییه‌كانى باشوورى كوردستان، دواى زیاتر له‌ سێ ده‌یه‌ ئه‌زموونى یه‌كڕیزى بكه‌ن. حزبه‌كان له‌شاخ بیریان له‌كۆتایی هێنان له‌ناكۆكییه‌كان و یه‌كڕیزی بكه‌نه‌وه‌، تا سه‌رئه‌نجام به‌ره‌ی كوردستانى له‌ دایك بوو. 
به‌ره‌ی كوردستانی سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێی خه‌بات بوو به‌وپێیه‌ی كۆتایی هێنا به‌ په‌رته‌وازه‌یی خه‌باتی كورد
به‌ره‌ی كوردستانى له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئایاری ساڵی 1988 راگه‌یه‌ندرا و له‌ هه‌شت حزب پێكهاتبوو كه‌ بریتی بوون له‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان، حزبی سۆسیالیستی كوردستان، پارتی سۆسیالیستی كورد، پارتی گه‌ل، حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، حزبی شیوعی كوردستان- عێراق و بزوتنه‌وه‌ی دیموكراتی ئاشوری.

به‌ره‌ی كوردستانی سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێی خه‌بات بوو به‌وپێیه‌ی كۆتایی هێنا به‌ په‌رته‌وازه‌یی خه‌باتی كورد، ئاوێكیشی به‌ ئاگری شه‌ڕی ناوخۆی شاخدا كرد، به‌شداریكرد له‌ داڕشتنی پلانی راپه‌ڕین و دواتریش سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێوه‌بردنی باشورى كوردستانی كرد.

دكتۆر مەحموود: بەرەی كوردستانی زۆر دره‌نگ دروست بوو كاتێك دروست بوو ئێمه‌ ئاواره‌بووین له‌ئێران بووین".

ئه‌گه‌رچی دروستبوونی به‌ره‌ی كوردستانی دره‌نگ كه‌وت، به‌ڵام به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م توانی تاڕاده‌یه‌ك خه‌باتی سیاسی و چه‌كداری و دیبلۆماسی كورد یه‌ك بخات، ره‌خنه‌یه‌كی جددی كه‌ له ‌به‌ره‌ی كوردستانی ده‌گیردرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دوای بێهیوابوونی هه‌موو حزبه‌كان له‌ دانوستان له‌گه‌ڵ رژێم درووستكرا.

مه‌حمود عوسمان سیاسه‌تمه‌داری دیاری كورد و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی باڵای به‌ره‌ی كوردستانی بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى، دواى ئه‌وه‌ى یه‌كێتى گفتوگۆی له‌گه‌ڵ به‌غداد كرد و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، هه‌موو لایه‌ك كه‌وتنه ‌هه‌وڵی ئه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌ك دروست بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ن و هاوكاری له‌نێوانیاندا هه‌بێت،"به‌ڵام دروستكردنی به‌ره‌كه‌ دووساڵی خایاند، زۆر دره‌نگ دروست بوو كاتێك دروست بوو ئێمه‌ ئاواره‌بووین له‌ئێران بووین".

گریمانه‌ی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر پێشتر ئه‌م به‌ره‌یه‌ و به‌دیاریكراوی له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكان هه‌بوایه‌ و سه‌رپه‌رشتی گفتوگۆكانی كورد و حكومه‌تی به‌غدادی بكردایه‌، ره‌نگه‌ چه‌ند رووداوێكی مێژوویی ڕوویان نه‌دابایه‌ و به‌رهه‌می دانوستانه‌كانیش تاڕاده‌یه‌ك جیاوازتر بووایه‌.

سه‌رباری هه‌موو كه‌موكوڕی و ره‌خنه‌كان، به‌ڵام به‌ره‌ی كوردستانی توانی رابه‌رایه‌تی قۆناغی گواستنه‌وه‌ی كورد بكات، له‌ خه‌باتی چه‌كداری شاخه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی ١٩ی ئایاری ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان.

له‌بەرەی كوردستانییەوە بناغه‌ى یه‌كگرتنى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ دانه‌نراو تائێستاش پێشمه‌رگه‌ یه‌كى نه‌گرته‌وه‌

به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌رده‌می به‌ره‌ی كوردستانی كه‌ توانی یه‌كڕیزی و ئاشتی ناو ماڵی كورد به‌رقه‌رار بكات، له‌سه‌رده‌می حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستاندا جارێكی تر شه‌ڕی ناوخۆ له ‌هه‌رێمی كوردستان سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه‌، له‌ساڵی 1994 شەڕ ده‌ستیپێكرد و له‌ساڵی 1997 ئاگربه‌ست راگه‌یه‌ندرا و له‌ساڵی 1998 رێككه‌وتنی ئاشتی نێوان یه‌كێتی و پارتی له‌واشنتۆن به‌سه‌رپه‌رشتی مادلین ئۆلبرایت، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاته‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا واژۆكرا.

به‌بڕواى مه‌حمود عوسمان گرنگترین سودى به‌ره‌ى كوردستانیى ئه‌وه‌بوو،"چونكه‌ هه‌موو حزبه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ له‌به‌ره‌یه‌كدا بوون، كاریگه‌ری ئه‌و شكسته‌ی كه‌ به‌هۆی ئه‌نفال و كیمیاباران و كۆتایی شه‌ڕی ئێران-عێراق توشمان بوو كه‌م بوویه‌وه‌، به‌ره‌ی كوردستانی هه‌ندێك یاداشتی دایه‌ وڵاتان، و چه‌ند سه‌ردانێك بۆ وڵاتان به‌ناوی به‌ره‌ی كوردستانییه‌وه‌ كران، كورد بوو به‌یه‌ك ده‌نگ تاراده‌یه‌ك، ئه‌مه‌ش شتێكی باش بوو له‌و قۆناغه‌دا".

له‌دوای هه‌ڵبژاردنی ١٩٩٢ كه‌ یه‌كێتی و پارتی، په‌نجا به‌ په‌نجا كورسییه‌كانیان له‌نێوان خۆیان دابه‌شكرد،  هه‌ڵه‌بوو

به‌ره‌ى كوردستانى زیاتر پێكه‌وه‌ كاركردنى هاوبه‌ش بوو نه‌ك یه‌كگرتن و تێكه‌ڵ بوون، له‌وێوه‌ بناغه‌ى یه‌كگرتنى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ دانه‌نراو تائێستاش پێشمه‌رگه‌ یه‌كى نه‌گرته‌وه‌، مه‌حمود عوسمان ده‌ڵێـت:"به‌ره‌ی كوردستانی شتێكی ته‌وافوقی و ته‌بایی بوو، نه‌ك ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بكرێته‌ یه‌ك و داهاتیان یه‌ك بخه‌ن، ئه‌وه‌ نه‌بوو و تائێستاش به‌ته‌واوه‌تی وانییه‌، به‌ڵام هاوكاری له‌نێوانیان هه‌بوو، تاراده‌یه‌ك ئامانجه‌كانی پێكا".

به‌بڕواى مه‌حمود عوسمان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى به‌ره‌ى كوردستانى له‌دوای هه‌ڵبژاردنی ١٩٩٢ كه‌ یه‌كێتی و پارتی، په‌نجا به‌ په‌نجا كورسییه‌كانیان له‌نێوان خۆیان دابه‌شكرد،  هه‌ڵه‌بوو نه‌ده‌بوایه‌ به‌ره‌ی كوردستانی هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌."ئه‌گه‌ر به‌ره‌ی كوردستانی بمابایه‌، ئه‌گه‌ری شه‌ڕی ناوخۆ كه‌متر ده‌بوو لایه‌نی كه‌م لایه‌نه‌كانی تری ناو به‌ره،‌ نێوه‌ندگیری نێوان یه‌كێتی و پارتییان ده‌كرد".