02:59 - 05/05/2020
كورد به‌نیه‌تى چاككردنى دۆخى هه‌رێم ده‌ست بۆ كازمى به‌رزده‌كاته‌وه
چه‌ند كاتژمێرێكى یه‌كلاكه‌ره‌وه له به‌رده‌م پرۆسه‌ى سیاسى عێراقه، پێشهاته‌كان بۆ كورد هه‌ستیار و گرنگترن، شه‌وى رابردوو فراكسیۆنه‌كانى گۆڕان، یه‌كگرتوو، سه‌ربه‌خۆكان له‌گه‌ڵ كازمیى كۆبوونه‌ته‌وه، سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو بۆچوونى باشى سه‌باره‌ت به مافه‌كانى كورد خستووه‌ته‌ڕوو به‌ڵام پێى وابووه ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌وانه له‌به‌رنامه وه‌زارییه‌كه‌ى جێگیر بكات، نه‌یارى بۆ زیاتر ده‌بێت. کورد بەنیازە ناوی خوای لێبهێنێت و دەنگ بەو نەرمی و نزیکایەتییەی کازمی بدات.
ده‌نگى كورد
فراكسیۆنه كوردییه‌كان تا ئێستا لارییان نییه له ده‌نگدان به كازمى، یه‌كێتى و پارتى پێشوه‌خت پشتیوانی‌یان بۆ راگه‌یاند و وه‌زاره‌تیشیان له كابینه‌كه هه‌یه، هه‌رچى سه‌باره‌ت به لایەنه‌كانى دیكه‌یه پێیان وایه، كازمیى گونجاوتره بۆ كورد و به‌ڵێنه‌كانیشى سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌رى كێشه‌كان و بۆچوونه‌كانى سه‌باره‌ت به شایسته داراییه‌كانى كورد، واى له په‌رله‌مانتاره‌كان كردووه ده‌نگى پێ بده‌ن.
به‌هار مه‌حمود ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له فراكسیۆنى گۆڕان، بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى، شه‌وى رابردوو وه‌ك ئه‌و فراكسیۆنانه‌ى له ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتین، گۆڕان و یه‌كگرتوو و سه‌ربه‌خۆكان، له‌گه‌ڵ كازمى كۆبوونه‌ته‌وه،"پێمان وت ئه‌وه‌ى به‌لامانه‌وه گرنگه، ده‌نگدانى ئێمه بۆ تۆ به‌نده به مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه، مافه داراییه‌كانى پێشمه‌رگه و جوتیاران و مادده‌ى ١٤٠ ته‌واوكردنى رێوشوێنه‌كانى به پارێزگا بوونى هه‌ڵه‌بجە".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى فراكسیۆنى گۆڕان ده‌شڵێت:"پێمان گوتووه ئه‌مانه‌مان به‌لاوه گرنگه هه‌رچه‌نده ئێمه پێمان وایه پێكهاته‌ى كورد سته‌مى لێكراوه كه سێ وه‌زاره‌تى بۆ دانراوه، چونكه بۆچى شیعه ١٢ وه‌زاره‌ت و سوننه شه‌ش وه‌زاره‌ت له‌كاتێكدا سوننه ١٠ په‌رله‌مانتاریان زیاتره له كورد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وتمان نه داواى وه‌زاره‌ت ده‌كه‌ین نه به‌لاشمانه‌وه گرنگه، ئه‌وه‌ى به‌لامانه‌وه گرنگه، ده‌نگدانى ئێمه وه‌ك فراكسیۆنه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى به‌نده به مافه داراییه‌كانى خه‌ڵكى كوردستانه‌وه".
به‌گوته‌ى به‌هار مه‌حمود، كازمى وه‌ڵامێكى كۆنكرێتى نه‌داونه‌ته‌وه،"به‌ڵام تێگه‌یشتنى هه‌یه له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه، به‌ڵام نایه‌وێت به ره‌سمى زۆر ئیعلانى بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ى نه‌یارى بۆ دروست نه‌بێت، ئه‌یه‌وێت كابینه‌كه‌ى تێپه‌ڕێت".
شاندى كورد و كازمى
ئه‌مڕۆ شاندى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له به‌غدا گه‌رێكى دیكه‌ى دانوستانه‌كانیان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه، فراكسیۆنى گۆڕان سه‌رۆكى هه‌ردوو فراكسیۆنى یه‌كێتى و پارتى ئاگادار كردووه، كه هه‌مان ئه‌و داواكارییانه‌ى په‌رله‌مانتاره‌كان شه‌وى رابردوو خستویانه‌ته به‌رده‌م كازمى، شاندى كورد بیكه‌نه مه‌رج بۆ كازمى.
به‌هار مه‌حمود ده‌ڵێت:"ئێستا كاتێكى هه‌ستیاره، كازمى ده‌یه‌وێت كابینه‌كه‌ى تێپه‌ڕێت، له‌وانه‌یه ئێستا بتوانرێت به‌ڵێنى لێ وه‌ربگیرێت، بۆیه گوتمان با ئاگادارى شانده‌كه بكه‌ین كه له‌گه‌ڵ كازمى قسه‌بكه‌ن و پێى بڵێن، كورد ده‌نگت پێ ده‌ده‌ن به‌و مه‌رجانه‌ى هه‌یه‌تى. سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى و پارتى هاوڕابوون له‌گه‌ڵمان".
كازمى و به‌ڵێنى مووچه
به‌هار مه‌حمود گوتیشى:"كازمى وتى، من باوه‌ڕم به‌وه نییه مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران تێكه‌ڵى كێشه‌ى سیاسى بكرێت، من كه‌سێكى ره‌گه‌زپه‌رست نیم، من له‌گه‌ڵ كورد ژیاوم، له‌گه‌ڵ ئه‌نفال و پێشمه‌رگایه‌تى كورد ژیاوم. به‌ڵام پێى وابوو له‌وانه‌یه ئه‌گه‌ر به فه‌رمى له به‌رنامه وه‌زار‌ییه‌كه جێى بكاته‌وه، ره‌نگه كاریگه‌رى له تێپه‌ڕینى كابینه‌كه‌ى بكاته‌وه. به‌ڵام ئێمه وتمان ئه‌گه‌ر به‌ڵێننامه‌یه‌كى نوسراو بداته شانده‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌وه ئێمه ده‌نگ به كابینه‌كه‌ى ده‌ده‌ین".
"ده‌نگى پێویستى هه‌یه"
تا ئێستا له‌نێوماڵى شیعه كۆده‌نگى ته‌واونییه له‌سه‌ر كازمیى، به‌ڵام زۆرینه‌یان پشتیوانى ده‌كه‌ن، سوننه‌ش هه‌ندێك ورده تێبینى هه‌یه، كوردیش لارى نییه له كازمیى. موسه‌نا ئه‌مین ئه‌ندامى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بۆ په‌یسه‌ر گوتى:"كه‌س تا ئێستا دژ نییه له ده‌نگدان له كورده‌كان، چونكه عێراق پێویستى به حكومه‌ته به‌وجۆره دۆخه‌كه خراپتر ده‌بێت، خۆى وه‌ك ئێستا كه‌سێكى باشه‌و دۆستى كورده، به‌ڵام ئایا تواناى حكومڕانى چۆن ده‌بێت و هه‌لومه‌رجى دواتر چۆن ده‌بێت كه‌س ناتوانێت پێشبینى ئه‌وه بكات".
موسه‌نا ئه‌مین پێى وایه، به‌و پشتگیرییانه‌ى ئێستا كازمیى هه‌یه‌تى به‌سه بۆ ئه‌وه‌ى كابینه‌كه‌ى تێپه‌ڕێت،"به‌ڵام ئه‌گه‌ر تا سبه‌ى شه‌و هیچ روونه‌دات، به‌ڵام ئیتر دونیاى سیاسه‌ت، شتى مسۆگه‌ر نییه نازانیت بزانیت تا سبه‌ى چى رووده‌دات".
پشكى كورد
پشكى كورد له كابینه‌كه‌ى كازمى هه‌مان پشكه‌كانى كابینه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدییه، به‌ڵام وه‌زاره‌تى دارایى هێشتا كێشه‌له‌سه‌ره و دیارنییه سبه‌ى یه‌كلاده‌بێته‌وه یاخود دواده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌ر كابینه‌كه ده‌نگ بهێنێت. بۆ وه‌زاره‌تى دادیش كازمیى گوتویه‌تى، كه‌سێكى بێلایه‌ن داده‌نێت، دیارنییه یه‌كێتى چۆن له‌سه‌ر ئه‌وه رێكده‌كه‌وێت له‌گه‌ڵى، به‌گوته‌ى حه‌سه‌ن ئالى ئه‌ندامى فراكسیۆنى یه‌كێتى له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، وه‌ك یه‌كێتى تا ئێستا هیچ كاندیدێكیان به فه‌رمى پێشكه‌ش نه‌كردووه. تائێستا ئه‌وه‌ى جێگیربووه نازه‌نین محه‌مه‌ده له پشكى پارتى بۆ وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه.
هه‌ریه‌كه له وه‌زاره‌ته‌كانى، دارایى، ده‌ره‌وه، ناوخۆ تا ئێستا كێشه‌یان له‌سه‌ر و ئه‌گه‌رى هه‌یه دوابكه‌ون، ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ش وه‌زاره‌تى دارایى بۆ كورد بگۆڕدرێت به ده‌ره‌وه.
"ئه‌م كابینه تێنه‌په‌ڕێت كوردستان زۆر وێران ده‌بێـت"
حه‌سه‌ن ئالى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له فراكسیۆنى یه‌كێتى بۆ په‌یسه‌ر گوتى:" ئه‌مجاره ئه‌م كابرایه تێنه‌په‌ڕێت كوردستان زۆر وێران ده‌بێـت، چونكه قه‌یرانى ئابورى هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ى پێمان باشه ئه‌م كابینه‌یه ده‌نگى زۆرینه بهێنێت و تێپه‌ڕێت".
ئالى پێى وابوو، كازمیى به‌شى ئه‌وه پشتیوانى كۆكردووه‌ته‌وه كه كابینه‌كه‌ى تێپه‌ڕێت و ده‌نگ بهێنێت"ئه‌م پیاوه هه‌وڵێكى زۆرى داوه‌و لایه‌نه‌كانى لێى رازین و بژارده‌ى نێوماڵى شیعه‌شه".
دانیشتنى په‌رله‌مان بڕیاره كاتژمێر ٠٩:٠٠ی شەو بکرێت، تا ئه‌و كاته هه‌موو ئه‌گه‌رێك كراوه‌یه، ئه‌گه‌رچى كازمى زۆرینه‌یه‌كى له پشته به‌ڵام رووداوه‌كان تا دوایین ساته‌كان شایه‌نى گۆڕانن. ئه‌وه‌ى كه گرنگه بۆ كورد له‌نێو ئه‌و گۆڕانكارییانەدا به‌چنگى به‌تاڵ و سكى برسى نه‌یه‌ته ده‌ره‌وه‌و لانى كه‌م ئه‌وه‌ى چاوه‌ڕێى ده‌كات شتێكى لێ بچڕێت.