ڕاپۆرتی کوردستانی

04:37 - 03/05/2020

فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان داواكارییه‌كى هاوبه‌ش بۆ مووچه‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن‌

پەیسەر

فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، وه‌ره‌قه‌یه‌كى هاوبه‌ش ئاماده‌ ده‌كه‌ن، بۆ داواكردنى مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان و ناردنى مووچه‌ تا ئه‌نجامدانى رێككه‌وتن له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا. به‌نیازن وه‌ره‌قه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌ستى هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیرانى كاربه‌ڕێكه‌ر و راسپێردراو، ده‌یانه‌وێت پێش پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ دوو مووچه‌ ره‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان بكرێت.

به‌پێى ئه‌و ره‌شنووسه‌ى ئاماده‌یان كردووه‌‌، داوا له‌ حكومه‌تى عێراق ده‌كرێت بڕیارى راگرتنى مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، به‌چه‌ند خاڵێك ئه‌وه‌ روونكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ بڕینى مووچه‌ نا یاساییه‌.

جه‌مال كۆچه‌ر سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ په‌یسه‌ر گوتى، له‌ ره‌شنووسى ئه‌و وه‌ره‌قه‌ى كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان ئاماده‌یان كردووه‌، ده‌یانه‌وێت بۆ كازمیى و عه‌بدولمه‌هدیشى پێشكه‌ش بكه‌ن، چونكه‌ به‌رپرسیارێتى هه‌ردووكیانه‌، سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئایا ره‌وانه‌كردنى مووچه‌ ده‌كه‌نه‌ مه‌رجى ده‌نگدان به‌ كازمیى گوتى:"ئه‌مه‌ نه‌بووه‌ته‌ بڕیار، به‌ڵام من ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان مسۆگه‌ر نه‌بێت، نه‌ك ده‌نگدانمان به‌ كابینه‌ چ مانایه‌كى هه‌یه‌، به‌ڵكو مانه‌وه‌مان له‌ به‌غدا چ مانایه‌كى هه‌یه‌".

له‌ داواكارى فراكسیۆنه‌كاندا هاتووه‌، مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران به‌شێكه‌ له‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى ده‌وڵه‌تى عێراق و له‌ قانونى بوودجه‌دا جێگیركراوه. هه‌روه‌ها هیچ به‌ندێكى یاسایى نییه‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ببڕێت، فه‌رمانبه‌ران ئه‌ركى خۆیان به‌جێهێاناوه‌و ده‌بێت مافى خۆیان پێبدرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ چه‌ند ده‌قى ده‌ستوورى هه‌یه‌ كه‌ مافى ژیانێكى باشى به‌ هه‌موو عێراقییه‌كان داوه‌، فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان ده‌ڵێن، له‌م كاته‌ ناله‌باره‌دا كه‌ به‌هۆى ڤایرۆسى كۆرۆناوه‌ خه‌ڵكى هه‌مووى بێكاربوون و له‌ ماڵه‌وه‌ن، چۆن ده‌بێت قووتى خه‌ڵكى ببڕدرێت.

فراكسیۆنه‌كان داوایان له‌ سه‌رۆك وه‌زیران كردووه‌، مووچه‌ى دوو مانگ بۆ هه‌رێمى كوردستان ره‌وانه‌ بكه‌ن، تا له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن.

كازمى و مووچه‌

بڕیاره‌ سبه‌ینێ دانیشتنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران به‌ ئاڕاسته‌ى یه‌كلابوونه‌وه‌ى كابینه‌كه‌ پێشنیاركراوه‌كه‌ى مسته‌فا كازمیى ده‌ستپیێ بكه‌ن. تا ئه‌م ساته‌ بۆ ده‌نگدان به‌ كازمیى بڕیارى هاوبه‌ش له‌نێو فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان نییه‌، به‌ڵام چه‌ند خاڵێكى هاوبه‌ش له‌نێوان فراكسیۆنه‌كان هه‌یه‌. ئه‌وه‌یش به‌وجۆره‌یه‌ هه‌مووان كۆكن حكومه‌ت بوونى هه‌بێت له‌ بێحكومه‌تى باشتره‌، هاوكات پێیان وایه‌ له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى گه‌یشتوونه‌ته‌ بنبه‌ست دواى بڕینى مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان. 

مسته‌فا كازمیش پێشوه‌خت هه‌ندێك به‌ڵێنى به‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان داوه‌. فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان به‌ نیازن پێش ده‌نگدان به‌ كابینه‌ى كازمیى ئه‌م وه‌ره‌قه‌ هاوبه‌شه‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌مى مسته‌فا كازمیى، به‌ مه‌رج نه‌نوسراوه‌ كه‌ بێ ئه‌مانه‌ ده‌نگ به‌ كابینه‌كه‌ ناده‌ن، به‌ڵام په‌رله‌مانتاره‌كان ده‌یانه‌وێت به‌ زاره‌كى پێى بڵێن، كه‌ ئه‌وان نوێنه‌رى خه‌ڵكن بێ گره‌نتیكردنى مووچه‌ى خه‌ڵكیى ناتوانن ده‌نگ به‌ كابینه‌كه‌ بده‌ن. 

حه‌سه‌ن ئالى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌ فراكسیۆنى یه‌كێتى به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ى راگه‌یاند، تا ئێستا بڕیارى هاوبه‌ش نییه‌ كه‌ كورد ده‌نگ به‌ كابینه‌كه‌ ده‌دات یاخود نا، به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌ كورد پێشتر پشتگیرى بۆ مسته‌فا كازمیى ده‌ربڕیوه‌. دانیشتنى سبه‌ینێش زیاتر بۆ تاووتوێكردنى تێبینییه‌كانه‌ له‌سه‌ر كابینه‌ پێشنیاركراوه‌كه‌.

كازمى كه‌وتووه‌ته‌ كێشه‌وه‌

مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو‌ كه‌وتووه‌ته‌ به‌رده‌م ناڕه‌زایى زۆرى شیعه‌كانه‌وه‌، ره‌وتى حیكمه‌ى عه‌مار حه‌كیم و ده‌وڵه‌تى یاساى نورى مالیكى بایكۆتى كابینه‌كه‌ و ده‌نگدانیان كردووه‌. به‌شێكى دیكه‌ له‌ هێزه‌ شیعیه‌كان ناڕه‌زایى و تێبینییان هه‌یه‌، ته‌نانه‌ له‌گه‌ڵ ره‌وتى فه‌تحى هادى عامریش ناكۆكى هه‌یه‌. دوو سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراوى پێشوو به‌م ده‌رده‌ دوورخرانه‌وه‌. 

میدیا عێراقییه‌كان ده‌ڵێن، تا ئێستا كاندیدى حه‌وت وه‌زاره‌ت كێشه‌یان له‌سه‌ره‌ یه‌كلانه‌بوونه‌ته‌وه‌، له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ ئه‌سعه‌د یاسین ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران به‌پێگه‌ى مه‌علومه‌ى راگه‌یاندووه‌، دیارترین گرێى به‌رده‌م مسته‌فا كازمیى بۆ تێپه‌ڕینى كابینه‌كه‌ى بڕینى مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌. 

ئه‌سعه‌د یاسین ده‌ڵێت:"خاڵى ناكۆكى قورس له‌نێوان حكومه‌تى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، كێشه‌ى مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌" به‌بڕواى ئه‌و ئه‌مه‌ به‌ربه‌ستێكى گه‌وره‌یه‌ كه‌ رووبه‌ڕووى تێپه‌ڕینى كابینه‌كه‌ى كازمیى ده‌بێته‌وه‌.  

جارێ دیار نییه‌ كابینه‌كه‌ى مسته‌فا كازمیى پێده‌گرێت، یاخود به‌ ده‌ردى زورفى و عه‌لاوى ده‌چێت، به‌ڵام كورد ناچاره‌ له‌ ئێستاوه‌ له‌ ده‌رگاى بدات‌، له‌ هه‌مان كات كورد ناچاره‌ لیستى داواكارییه‌كانى له‌سه‌ر مێزى عه‌بدولمه‌هدى بهێڵێته‌وه‌. له‌نێوان ئه‌م دوو پیاوه‌و شاندى دانوستانى هه‌رێم، كورد جارێ سه‌رى له‌ بابه‌ته‌كه‌ ده‌رنه‌چووه‌.