ڕاپۆرتی کوردستانی

02:20 - 01/05/2020

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه نازانێت چى له‌‌ ئه‌فسه‌ره‌ زیاده‌كانى بكات‌

پەیسەر

دواى رێكخستنه‌وه‌ى په‌یكه‌رى لیواكانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، هه‌زاران ئه‌فسه‌ر به‌پله‌ى جۆراوجۆره‌وه‌، بوونه‌ته‌ زیاده‌ میلاك و كاریان نه‌ماوه‌ له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، وه‌زاره‌ت لیژنه‌یه‌كى دروستكردووه‌ بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى زیاده‌ میلاك، سێ هه‌زار ئه‌فسه‌ر چاوه‌ڕێن چاره‌نووسیان یه‌كلابێته‌وه‌. 

به‌پێى زانیارییه‌كان لیژنه‌یه‌كى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، ٦٠٠ كه‌س له‌ ئه‌فسه‌ره‌كانى خستووه‌ته‌ سه‌ر كار، به‌ڵام هێشتا چه‌ند هه‌زار ئه‌فسه‌رێك بێكارن، وه‌زاره‌ت به‌ نیازه‌ پێكهاته‌ى نوێیان بۆ دروست بكات، یاخود خانه‌نشینیان بكات، تا ئێستا بڕیارى روونى نییه‌ كه‌ چى له‌و پله‌دارانه‌ بكات. باس له‌وه‌ش ده‌كرێت ئه‌وانه‌ى ره‌وانه‌كرێن بۆ زیاده‌ میلاك، ئه‌وانه‌ن كه‌ پشتیان نییه‌ له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى و بێ واسیته‌ن. 

له ‌رابردوودا خه‌ڵكێكی زۆر به‌رێگای جۆراوجۆر كراون به‌ ئه‌فسه‌ر، به‌شێكی ئه‌و كه‌سانه‌ له‌رێگه‌ی كۆلێژه‌كانی سه‌ربازییه‌وه‌ خۆیان به‌یاسایی بوونه‌ته‌ ملازم، به‌شێكی تر له‌رێگه‌ی خولی فه‌رمانده‌ییه‌كانه‌وه‌ پله‌یان به‌رزكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌ بوون و نێردراون بۆ خول. خه‌ڵكی تر كراوه‌ به‌ ئه‌فسه‌ر و پله‌ی ئه‌فسه‌ریان پێدراوه‌، له‌رێگه‌ی خولی ئه‌فسه‌ری ماوه‌ كه‌م‌.

ئه‌مه‌ وایكردووه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌فسه‌ر بوونی هه‌بێت، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، و یه‌كه‌كانیش به‌و قه‌باره‌یه‌ نین كه‌ جێگه‌ی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى ئه‌فسه‌رى تێدا ببێته‌وه‌.

شاڵاو مه‌حمود موقه‌ده‌م له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند:"سه‌رجه‌م پایه‌ سه‌ربازییه‌كانى نێو وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، به‌سه‌ر ئه‌و دوو حزبه‌دا دابه‌شكراون و له‌لایه‌ن ئه‌و دوو حزبه‌وه‌ قۆرخ كراون، هه‌ر ئه‌فسه‌رێك سه‌ر به‌و دوو حزبه‌ نه‌بێت، هیچ پایه‌یه‌كى سه‌ربازى پێنادرێت". 

موقه‌ده‌م شاڵاو وه‌ك خۆى ده‌ڵێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى سه‌ربه‌هیچ یه‌كێك له‌و دوو حزبه‌ نه‌بووه‌، پێش ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ له‌ پله‌كه‌ى لابراوه‌و گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆسه‌ر زیاده‌میلاكى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، پێشتر به‌ڕێوه‌به‌رى حه‌ره‌كاتى یه‌كێك له‌ لیواكانى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بووه‌.

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ باسى له‌ كێشه‌یه‌كى دیكه‌ كرد، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ خانه‌نشینی هه‌بێت، خه‌ڵكێكی زۆر خۆی خانه‌نشین ناكات چونكه‌ له‌ئاینده‌ی دوای خانه‌نشین بوونی دڵنیا نییه‌، نازانێت به‌چه‌ند مانگ موچه‌ وه‌رده‌گرێت و ئاینده‌ی چی ده‌بێت، بۆیه‌ش ژماره‌ی ئه‌فسه‌ر زیاد ده‌بێت.

به‌پێى پێكهاته‌ى نوێى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، ١٤ لیواكەی‌ كه‌ پێشتر هه‌ر لیوایه‌ك چوار فه‌وج بوون، ده‌كرێنه‌ سێ فه‌وج به‌و جۆره‌ش له‌هه‌ر لیوایه‌ك ئه‌فسه‌ری یه‌ك فه‌وج به‌ته‌واوه‌تی زیاد ده‌بێت. جگه‌ له‌وه‌ش پێشتر ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌فسه‌ری زیاده هه‌بووه.

به‌گوته‌ى موقه‌ده‌م شاڵاو مه‌حمود، له‌ناو ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی ده‌بنه‌ زیاده‌ میلاك كۆمه‌ڵێك ئه‌فسه‌ری "زۆر باش و شاره‌زا و به‌توانای تێدایه‌، به‌داخه‌وه‌ زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌م ته‌شكیلاته‌ی ئه‌م دواییانه‌ ده‌نێردرێن بۆ سه‌ر زیاده‌ میلاك، له‌ ئه‌فسه‌ره‌ باش و چاكه‌كانن، لە شەڕی داعش بەشداری کارایان هەبوو هەندێکیشیان شەهیدبوون لە شەڕەکەدا".

ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی ده‌نێردرێن بۆ زیاده‌ میلاك، له‌كۆمه‌ڵێك ماف بێبه‌ش ده‌بن یه‌كێك له‌وانه‌ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌یه‌، ئه‌فسه‌رێكی زۆری زیاده ‌میلاك هه‌یه‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر ئومره‌ی وه‌زاره‌ت.

شاڵاو مه‌حمود ده‌شڵێت:"ده‌بوایه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای شاره‌زایی، بڕوانامه‌، لێهاتوویی و تاقیكردنه‌وه‌ ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ جیابكرێنه‌وه‌، دیاریبكرێت كه‌ كێ ده‌نێردرێت بۆسه‌ر زیاده‌میلاك و كێ ده‌مێنێته‌وه‌، له‌راستیدا له‌سه‌ر ئه‌و پێوه‌ره‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌ كێ رازی بن، كێ پشت و په‌نای هه‌بێت هێشتراوه‌ته‌وه‌ و كێش پشت و په‌نای نییه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆسه‌ر ئومره‌(زیاده‌ میلاك)، نه‌قیب روكن، رائید روكن و موقه‌ده‌م ڕووكن هه‌یه‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر زیاده‌میلاك، كه‌ خاوه‌نی ماسته‌ری سه‌ربازین، كه‌چی له‌هێزه‌كانی 70 و 80 و ته‌نانه‌ت لیواكانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش، خه‌ڵكانێكی تێدایه‌ خاوه‌نی هیچ بڕوانامه‌یه‌كی سه‌ربازی نین".

جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند:"سیستمی شێوازی لیواكانمان گۆڕی له‌ چوار فه‌وجیی بۆ سێ فه‌وجیی و ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ش مووچه‌ی خۆیان وه‌رده‌گرن و هه‌تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ رێكده‌خرێته‌وه‌ له‌یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازی تر، یاخود ‌ئه‌وه‌ی به‌پێی یاساكانی خانه‌نشینی ئه‌گه‌ر یاساكان، بیگرێته‌وه‌ خانه‌نشین ده‌كرێن".

گوتیشى:"هه‌ركه‌سێك گله‌یی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی زیاده‌میلاكه‌، بابێته‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، و ئه‌وانه‌ سه‌ربازن و سه‌رباز له‌رێگه‌ی میدیاوه‌ گله‌ییه‌كانی بڵاوناكه‌ته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌"‌.

سێ هه‌زار زیاده‌ میلاك چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن

نزیكه‌ی سێ هه‌زار ئه‌فسه‌ر و پله‌ باڵا له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ زیاده‌میلاكن و ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌ كراونه‌ته‌وه‌ و موچه‌كانیان پێ ده‌درێت. به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌ر،‌ به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ به‌ نایاسایی پله‌ی سه‌ربازییان پێدراوه،‌ یان شایسته‌ی ئه‌و پله‌یه‌ نین، و هه‌ندێكی تریشان به‌هۆی زۆری پله‌داره‌وه‌ كه‌مكراونه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش لیژنه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ پێكهێندراوه‌ و لیژنه‌كه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای بڕوانامه، خولی ئه‌فسه‌ری، مه‌شق، راهێنان و ته‌مه‌ن، به‌شێك له‌ ئه‌فسه‌ره‌كانی هێشتووه‌ته‌وه‌ و به‌شێكى تریان چاره‌نوسى خۆیان نازانن‌. به‌شێك له‌ ئه‌فسه‌ره‌كان ده‌ڵێن، لیژنه‌كه‌ به‌و بنه‌مایانه‌ كار ناكات. 

قاره‌مان كه‌مال جێگری سەرۆك ئەركانی هێزەكانی پێشمەرگە‌ پێشتر  به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ى راگه‌یاندبوو، له‌ دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ زیاده‌ میلاكیان بۆ دروستبووه‌، چونكه‌ ئه‌و رێژه‌ى دیاریكراوه‌ كه‌ نابێت له‌وه‌ زیاتربن، له‌و رێژه‌ دیاریكراوه‌ زیاترن، بۆیه‌ش ده‌بێت ئه‌و ئه‌فسه‌ر و پله‌دارانه‌ بۆ شوێنى دیكه‌ بگوزارێنه‌وه‌ كه‌ بۆشایى هه‌یه‌ له‌و شوێنانه‌ یاخود پێكهاته‌ى نوێیان بۆ دروستبكرێت.

جێگری سەرۆك ئەركانی هێزەكانی پێشمەرگە گوتیشى، ئه‌م زیاده‌ میلاكه‌ له‌ لیوا تێكه‌ڵه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌یه‌ و له‌ دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌ى په‌یكه‌رى لیواكان له‌رووى ژماره‌وه‌، هه‌ندێك له‌ لیواكان ژماره‌یان زیاتره‌ له‌و پێكهاته‌یه‌ى ئه‌وان دایان ناوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ له‌وێ نه‌مێنن و بیانگوێزنه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ پێویستیانه‌ و ئه‌وه‌شى كه‌ زیادبوو پێكهاته‌ى نوێى لێ دروست ده‌كه‌ن.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئه‌و كه‌سانه‌ چاوه‌ڕێى فه‌رمانن زۆربه‌یان له‌ ئه‌ركدان و ده‌وام ده‌كه‌ن، به‌ڵام كه‌ فه‌رمانه‌كه‌یان ده‌رچوو ده‌ڕۆن بۆ شوێنه‌ تازه‌كان هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌موو جۆره‌ پلەیه‌كیان تێدایه‌.