ڕاپۆرتی کوردستانی

01:34 - 27/04/2020

داعشێك لە بەردەم دادگاكانی ئەڵمانیادا‌

پەیسەر

لەگەرمەی هاوینی شاری موسڵدا كاتێك پلەی گەرما دەگاتە 50 پلەی سەدی كچۆڵەیەكی پێنج ساڵان ڕوو بەخۆر بەپەنجەرەیەكەوە دەبەسرێتەوەو ناهێڵن تەنانەت دایكیشی بچێت بە دەوریدا، لەنێو قیژو هوڕیی منداڵانەی ئەو كچۆڵەیەو بێ باكی چەكدارەكانی داعش وبەدیارچاوی ژنە ئەڵمانیەكەی ئەبومەعاوییەوە گیانی دەسپێرێت، ئەو كچۆڵەیە كاتێك كۆتا هەناسەكانی دەدا دایكی بە چاوی پڕ لە فرمێسكەوە لێی دەڕوانی...

 

لەنێو ئاپۆرای هۆڵی دادگایەكی ئەڵمانیادا، گەنجێك دەمووچاوی خۆی دەشارێـتەوە، بەجۆرێك نایەوێت كەس دەمووچاوی ببینێت، میدیاكان باس لەو دەكەن پێدەچێت پەیوەندی بە تاوانێكەوە هەبێت كە مرۆڤایەتی لە ئاستیدا شەرمەزار ببێت، چەكدارێكی داعش لەكاتی ئەو پەڕی سەرەڕۆیی دەسەڵاتەكەیاندا كچێكی پێنج ساڵان لەوەرزی هاوین و لەبەر تیشكی هەتاودا كە پلەی گەرما زیاتر بوو لە 50 پلەی سەدیی منداڵەكە بە پەنجەرەیەكەوە دەبەستێتەوە تا گیانی دەردەچێت، ئەوەش تەنها لەبەر تاوانێك كە شایانی باسكردن نیە.

هەرچەندە تا ئێستاش بەرپرسانی دادگاكانی ئەڵمانیا بە پاساوی ڕێڕەوی لێكۆڵینەوەكان ناوی تەواوی ئەو تاوانبارەیان نەهێناوە، بەڵام سەرچاوە میدیاییەكان ئاشكرایان كردووە كە ئەو چەكدارەی داعش ناوی تەواوی –طە الجمیلی-یە و نازناوی – ئەبو مەعاوییە-یە خەڵكی شاری فەلوجەی سەر بەپارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراقی سوننە نشینەو تەمەنی 37 ساڵە و لە 2013 وە پەیوەندی كردووە بە ڕێكخراوی داعشەوە.


بە پێی سەرچاوە ئەمنیە عێراقیەكان پێش لەو ڕووداوەش ئەبو مەعاوییە چەندین جار ناوی هاتووەو  بەیەكێك لە كەسە مەترسیدارەكانی داعش دانراوە، بەتایبەتی ئەو كاتانەی كە داعش فەرمانڕەوایی فەلووجەی كردووە، سەرچاوە ئەمنیەكانی عێراق باسیان لەوەش كردووە كە  ئەبو مەعاویە هاوسەێكی ئەڵمانی هەبووەو بەناوی – جیفییر فینییش- بووە.

دوای ئەوەی لە مانگی ئابی 2014 دا داعش ناوچەی ئێزیدیەكانی لە شەنگال داگیر كردوو ژمارەیەكی زۆر لە كچان و ژنانی دەستگیركرد، داعش وەك كۆیلەی جەنگی مامەڵەی لەگەڵ دەكردن، هەندێكیانی دەفرۆشت بە خەڵك و ئەوانەی تریشی بە دیاریی دەدایە چەكدارەكانی داعش خۆیان، ئەوەش لە پێناوی هاندان و پاداشتكردن دا.

یەكێك لەو ژنە ئێزدییانەی درا بە ئەبو مەعاوییە، ژنێكی گەنج بووە كە تەنها یەك منداڵی هەبووە،ئەمیرەكانی داعش ئەو ژنەیان بۆ یە بەخشییە ئەبو مەعاوییە بۆ ئەوەی خزمەتی خۆی و هاوسەرە ئەڵمانیەكەی بكات كە دواجار لەكاتی گەڕانەوەی بۆ ئەڵمانیا لە رێگەی توركیاوە دەستگیركرا.

ژنە ئەڵمانیەكەی ئەبومەعاوییە دەیویست لە ڕێگەی دەریای ئیجەو بەشێوەی نایاسایی –قاچاخ - بچێتە ئەسینای پایتەختی یۆنان، بەڵام بە هۆیەكی نەزانراو  دەستگیر دەكرێت و لە پرۆسەیەكی نادیاری ڕانەگەیەنراودا ڕادەستی ئەڵمانیەكان دەكرێتەوە، دادگای ئەڵمانیاش بە تۆمەتی كوشتاری بەكۆمەڵ دادگایی دەكەن.

لەكاتی لكۆڵینەوەو بەدواداچووندا ئەو ژنە داعشییەی ئەڵمانیا لەبارەی هاوسەرەكەی بە تایبەتی و ڕێكخراوی داعش بەگشتی زانیاری زۆر ڕادەستی لایەنی ئەڵمانی دەكات و هەر لەو كاتەوە ناوی ئەبومەعاویە چووەتە لیستی ئەو ناوانەی كە دەبێت بەدواداچوونیان بۆ بكرێت و گەیەنراویشە بەو لایەنانەی كە پەیوەندیدارن بە دۆخەكەوە.

سامان داود رۆژنامەنوسی ئێزدی لەبارەی چیرۆكە تراژیدیەكەی ژنە ئێزدیەكەوە بە –العربیة. نت-ی گوتووە، جومەیلی داعش زۆر ئازاری –نور-ی داوە لەگەڵ –رانیا-ی كچۆڵەی، ئەو بەو گەرما تاقەت پڕوكێنە بۆ چەند كاتژمێر  لەبەر خۆر دایدەنان و چەندین جاریش بە توندی لێی دەدان، سەرەڕای وەستانیان لەبەر ئەوگەمایەدا، نەیدەهێشت ئاو بخۆنەوە.


سەبارەت بە هۆكاریی سەرەكی ئەشكەنجەی ئەو رۆژەی كە تاوانە نامرۆڤانەكەی تێدا ئەنجام دراوە، سامان گوتویەتی: رانیای تەمەن پێنج ساڵ شەوێك خۆی تەڕدەكات –میزدەكات بە خۆیدا، وەك هەر منداڵێكی دیكە- ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی بگری و دایكی هەرچی دەكات بۆی ژیر نابێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی نیگەرانی و ناڕەحەتی ئەبو مەعاوییە، بۆ رۆژی دوایی ڕووبە خۆر منداڵەكە دەبەستێتەوە بە پەنجەرەیەكەوەو  ناهێڵێت ئاوی بدرێـتێ و دایكی نزیكی ببێـتەوە تا گیانی دەردەچێت، ئەو رۆژنامە نووسە باس لەوەش دەكات كە  دایكیشی دەبوو بە پێی پەتی بەسەر چیمەنتۆ گەرمەكەدا بسوڕێتەوە، وەك سزایەك كە خەوی لێ تێكداون، تا هەردوو قاچی سووتاون بڵقیان كردووە، لە حاڵێكدا كە هاوسەرە ئەڵمانیەكە سەیری ئەو دیمەنانەی دەكردو هیچ نیگەرانیەكیشی نیشان نەداوە.

بە پێێ وتەی ئەو رۆژنامەنووسە دوای كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی داعش لەناوچەكە ئەبومەعاوییە ویستوویەتی بەڕێگەی قاچاخ بچێـتە یۆنان، بەڵام لە رۆژی 16/6/2019 لە یۆنان دەستگیركراوەو ڕادەستی ئەڵمانیەكان كراوەتەوەو تائێستاش لای ئەڵمانیەكان ماوەتەوەو هەفتەی پێشووش دانیشتنی یەكەمی دادگاییكردنی دەستی پێكرد كە تیایدا دەمووچاوی خۆی بە دۆسیەیەكی پڕ لە وەرەقە دەشارێتەوە.

بە پێی وتەی موراد ئیسماعیل بەڕێوەبەری كارگێڕیی ڕێكخراوی –یەزدا- ، ئەو كچ و دایكە لە هێرشی سەر ناوچەی شەنگال لە مانگی ئابی 2014 دا دەستگیر كراون لە كاتێكدا كە كچەكەی تەنها سێ ساڵ و شەش مانگ بووە، بە پێی وتەی موراد ئەو ژنە ڕووبەڕووی چەندین شێوازی ئەشكەنجە بووەتەوەو لەكاتی دادگایی كردنیشیدا لەگەڵ چەند كەسێكی دیكەی ئێزدی ئامادە بوون.
بە پێێ یاسای دادگاكانی ئەڵمانیا هیچ كەس مافی قسەكردنی نیە لەگەڵ ئەو ژنە- نور-دا  تا ڕێڕەوی لێكۆڵینەوەكان نەگۆڕێن و بەو جۆرە بەڕێوە بچێت كە هەیە، هەربۆیە هیچ یەكێك لەئێزدییەكانیش نەیانتوانیوە درێژەی ئەو بابەتەتە وەربگرن و لە زاری خۆیەوە نەهامەتیەكان ببیستن. بەڵام سەرۆكی ڕێكخراوی یەزدا گوتویەتی لەكاتی داگیركردنی شەنگال دا باوكی منداڵەكە بە دەستی داعشیەكان كوژراوە. هەروەها باسی لەوەش كردووە كە ئەبو مەعاوییە دوو كەیسی لە دادگاكانی ئەڵمانیادا هەیە، یەكێكیان لە (فرانكفۆرت) ەو ئەوی دیكەشیان لە (میونخ)ە.
 ساڵی 2014 كاتێك داعش هێرشی كردە سەر ناوچەی ئێزدی نشینی شەنگال و دەوربەری و داگیری كرد، ژمارەیەكی زۆر خەڵك كوژران، ئەوەی كە توانی دەربازیی بوو، ئەوەشی كەمایەوە نێرینەكانیان دەكوشتن و ئەو ئافرەتانەشیان كە لە سەروو نۆ ساڵەوە بوون تا گەورەتر، وەك دیلی جەنگ و كۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەكردن، لە فرۆشتنەوە تا پێشكەش كردن و سەرجێی كردن لەگەڵیان.


وەك سەرچاوەكان باسی دەكەن لە زاری دەربازبووەكانەوە، یان ئەوانەی لەدوای نەمانی داعش گەڕانەوە ناو كەس و كاریان، ئەشكەنجەو ئازاریی جەستەیی و دەرونی زۆر دراون، بەزۆر لە خۆیان یان چەكدارەكانی دیكە مارەكراون و دەستدرێژیی سێكسییان كراوەتە سەر، بە پێی كۆتا ئامار نزیكەی سێ هەزار ئافرەتی ئێزدی تا ئێستاش چارەنوسیان نادیارە، پێدەچێت ژمارەیەكیان لەنێو چادرگەی –الهول-ی سوریادا بن و ئەوانەی تریشیان لەگەڵ خۆیان بردبنیان.

هەرچۆنێك بێت ئەبو مەعاوییە ئێستا لە ئەڵمانیا دادگایی دەكرێت و بەشێوەیەكی تایبەتی سزای ئەشكەنجەو ئازاری دایك و كچێكی ئێزدی وەردەگرێت و بۆ هەتا هەتایە دەبێت كەسایەتی خۆی لە هەمووان بشارێتەوە، ئەگەر بچووكترین هەستی مرۆڤانەی تێدا مابێـتەوە دەبێت ویژدانی ئازاری بدات و بیری ئەو چركە ساتانەی بكەوێتەوە كە منداڵێكی پێنج ساڵان لەبەر پلەی گەرمای 50 پلەی سەدیدا لەگەرماو لە تینوێتیدا بە دیارچاوی دایكیەوە گیان لەدەست دەدات، خۆ ئەگەر پێچەوانەكەشی بێـت و مكووڕبێت لە سەر هەڵوێستەكەی یان پاساوێكی بۆ بهێنێتەوە، ئەركی دەوڵەتی ئەڵمانیی و بگرە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤیشە كە ئەبومەعاوییەو شێوەكانی بخاتە نەخۆشخانە دەروونیەكان و چارەسەریی تایبەتییان بۆ بكرێت لەبەر ئەوەی ئەو جۆرە كەسانە مەترسی گەورەن بۆ سەر كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.