04:34 - 27/12/2018
ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانەوە چاودێری رۆژئاوای کوردستان دەکات
لە دوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، کورد نیگەرانە لەوەی چارەنووسی رۆژئاوای کوردستان چی لێ دێت، بە تایبەتیش کە بڕیارەکەی ترەمپ دوای ئەوەبوو کە تورکیا ماوەیەک بوو رۆژانە هەڕەشەی هێرشکردنەسەر رۆژئاوای کوردستانی دەکرد، بەڵام دوای بڕیارەکەی ترەمپ تورکیا کەمێک هێور بووەوە و ئەردۆغان رایگەیاند جارێ هێرش ناکەین.
ئەمریکا وا بە ئاسانی دەستبەرداری رۆژئاوای کوردستان نابێت
ترەمپ لە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە رۆژئاوا جددییە و ئەمجارەیان تەنیا لێدوانێک نەبوو بۆ میدیاکان، بەڵکو بڕیارەکەشی ئیمزا کردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی پەیسەرپرێس ئەو هێزەی کە بڕیارە لە رۆژئاوای کوردستان بکشێنەوە لە هەرێمی کوردستان و لە شوێنێکی نزیک لە مەخمور جێگیر دەکرێن، ئەرکی ئەم هێزەش بە هەمان شێوەی رابردوو چاودێریکردنی رۆژئاوای کوردستانە.
بەپێی زانیارییەکان هێزەکەی ئەمریکا لە مەخمور ئەرکەکەی هەر بە چاودێریکردن نەوەستاوە، بەڵکو هەر کاتێک لەلایەن داعش و گروپە تیرۆریستییەکانەوە مەترسییەک بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دروست بوو، ئەوا دەستێوەردان دەکات و رۆژئاوا لە مەترسی گروپە تیرۆریستی و توندڕەوەکان دەپارێزن.
هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر هێرشی تورکیا یان سوپای سوریا چی دەبێت؟
هێوربوونەوەی تورکیا لە دوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە ترەمپ سنوورێکی بۆ تورکیا داناوە و تورکیا ناتوانێت هەروا بە ئاسانی هێرش بکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان، پێدەچێت ئەمریکا کێشەیەکی ئەوتۆی نەبێت کە بۆ رازیکردنی ئەردۆغان رێگە بدات سوپای تورکیا هێرش بکەنە سەر منبج و داگیری بکەن، چونکە ئەردۆغانیش بۆ رازیکردنی رای گشتی تورکەکان لە سەروبەندی هەڵبژاردن پێویستی بە دەستکەوتێکی سەربازی هەیە لە سوریا.
سەبارەت بە حکومەتی سوریاش، لە ئێستاوە دانووستانی نێوان پەیەدە و حکومەتی سوریا دەستی پێکردووە، بەپێی زانیارییەکان ئەمریکا چاوەڕوانە ئەم دانووستانانە بە ناوبژیوانی روسیا ئەنجامێکی لێ بکەوێتەوە و کورد و بەشار ئەسەد لەسەر جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەری و ئۆتۆنۆمی بۆ رۆژئاوای کوردستان رێکبکەون.
لەم قۆناغەدا هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان لە دیوی رۆژهەڵاتی روباری فورات چ بۆ تورکیا و چ بۆ سوپای سوریا کارێکی ئەستەمە، چونکە پەیوەندی بە تێکچوونی هاوسەنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە هەیە، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی وەک سعودیە و ئیمارات، رازی نین بەوەی چ تورکیا و چ سوریا بەسەر دیوی رۆژهەڵاتی فوراتدا زاڵبن، ئەگەر سوریا هێرش بکات ئەوا بە واتای شکستی سیاسەتی حەوت ساڵەی هەموو ئەو وڵاتانە دێت بەرامبەر بە بەشار ئەسەد و روسیا، ئەگەر تورکیاش هێرش بکات، راستە کورد دۆڕاوی سەرەکی دەبێت لە کورتماوەدا، بەڵام بۆ تورکیاش هیچ گەرەنتییەک نییە چونکە پێشبینی کراوە دوای ماوەیەک روسیا و بەشار ئەسەد داوا دەکەن کە سوریا جێبهێڵێت و ڕێز لە سەروەری سوریا بگرێت، لەو حاڵەتەشدا تورکیا یان دەبێت خۆی لە شەڕێکی گەورەوە تێوەبگلێنێت، یان خود دەبێت لەسەر داوای روسیا و بەشار ئەسەد لە هەموو سوریا بچێتە دەرەوە.
لە هەر دوو حاڵەتەکەدا چ تورکیا هێرش بکات و چ سوریا، یەک دەرەنجامی هەیە ئەویش ئەوەیە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و سعودیە و ئیمارات و تەنانەت تورکیاش دەبنە دۆڕاوی قەیرانی سوریا و هیچ دەروازەیەکیان بەڕووی ئەو وڵاتەدا نامێنێت.
ئایا بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا ئامانجێکی شاراوەی دیکەی لە پشتەوەیە؟
دۆناڵد ترەمپ رۆژێک دوای بڕیاری کشانەوەکە رایگەیاند روسیا و ئێران و سوریا پێیان خۆش نییە کە ئەمریکا لە سوریا دەکشێتەوە، چونکە لەمەودا خۆیان دەبێت شەڕی داعش بکەن، لەوانەیە ترەمپ ئەم قسەیەی بۆ رەواندنەوەی ئەم لێشاوە ناڕەزایەتییە کردبێت کە لە ناوخۆی ئەمریکاوە ئاراستەی کران و رەخنەیان لە ترەمپ دەگرت کە بەم بڕیارەی سوریای رادەستی روسیا و ئێران کردووە کە هەر دوو وڵاتەکە رکابەر و دوژمنی مێژوویی ئەمریکان.
بەڵام لە ئێستادا بۆچوونێکی دیکەش هەیە کە تا رادەیەک لە بۆچوونەکەی ترەمپەوە نزیکە، ئەویش ئەوەیە کە پێدەچێت لە داهاتوودا شەڕێکی دیکە لە ناوچەکەدا رووبدات و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا زیاتر پەیوەندی بەم شەڕەوە هەیە.
بەپێی ئەم بۆچوونە پێدەچێت ئامادەکاری بکرێت بۆ شەڕی ئێران، هەربۆیە ئەمریکا هێزەکانی خۆی لەو ناوچانە دەکشێنێتەوە کە مەترسی ئەوەی هەیە ئێران بە ئاسانی بتوانێت هێرشیان بکاتەسەر و زیانیان پێ بگەیەنێت.
ئەوەی ئەم ئەگەرەی بەهێز کردووە ئەوەیە کە یەکەم: ئیسرائیل وەک نزیکترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەر لە راگەیاندنی بڕیارەکە، ئاگادار کرابووە و ئیسرائیلش ناڕەزایەتی جدی دەرنەبڕی، ئەوە لە کاتێکدایە ئەو وڵاتە چەندین ساڵە نیگەرانە لەوەی ئێران بە تەواوی بەسەر سوریادا زاڵ بێت و لەوێوە زیان بە ئیسرائیل بگەیەنێت.
دووەم: هاوکات لەگەڵ بڕیارەکە، ئەمریکا بڕیارێکی دیکەشی دەرکرد، ئەویش ئەوەبوو کە نزیکەی ١٠ هەزار سەربازی ئەمریکا لە ئەفغانستانیش دەکشێنەوە، چەند رۆژ دوای بڕیارەکە عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران بۆ یەکەمجار بە ئاشكرا لەگەڵ بەرپرسانی گروپی تالیبان کۆبووەوە، شەمخانی خۆی دەڵێت ئەم دانیشتنە لەگەڵ تالیبان پەیوەندی بە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری ئەفغانستانەوە هەبووە، بەڵام پێدەچێت پەیامێکیش بووبێت بۆ ئەمریکا بەوەی لە ئەگەری هێرشکردنەسەر ئێران، ئەوا ئەو وڵاتە بە ئاسانی دەتوانێت لە ئەفغانستانیش لەڕێی تالیبانەوە کێشەی گەورە بۆ ئەمریکا دروست بکات.
ماوەی چەندین ساڵە ئەمریکا و رۆژئاوا ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی پەیوەندی لەگەڵ تالیباندا هەیە و چەک و پێداویستییەکانی ئەو گروپە دابین دەکات، بەر لە دوو ساڵیش کاتێک ئەمریکا لە نزیک سنووری ئێران بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان مەلا ئەختەر مەنسور سەرکردەی تالیبانی کردە ئامانج، باس لەوەکرا کە ناوبراو لەکاتی گەڕانەوە لە ئێران لە نزیک سنوور کراوەتە ئامانج، بەرپرسێکی دیکەی دەستگیرکراوی تالیبان لە ساڵی ٢٠٠٩دا دانی بەوەدانا کە ئێران یارمەتی تالیبان دەدات و ئامانجی هاوبەشی هەردووکیان کوشتنی سەربازانی ئەمریکایە.
سێیەم: هەر هاوکات لەگەڵ بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان، کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکا گەیشتە کەنداو.
چوارەم: بەر لە دوو هەفتە عەلی خامنەیی رایگەیاند ئەمریکا پلانی هەیە لە ساڵی داهاتوودا کێشەی ئەمنی گەورە بۆ ئێران دروست بکات و ئاماژەی تەنانەت بە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە ئێران کرد، جگە لەوەش لە مێژووی چل ساڵی رابردوودا بۆ یەکەمجار عەلی خامنەیی بە شێوەیەکی ئاشکرا دەستێوەردانی لە پڕۆژە یاسای بودجەی ئێراندا کرد و نەیهێشت ئەو پڕۆژە یاسایەی حکومەت ئامادەی کردبوو، رەوانەی پەرلەمان بکرێت و داوایکرد بودجەی ساڵی داهاتوو بەپێی تایبەتمەندی سەردەمی جەنگ و قەیران ئامادەبکرێت.
هەموو ئەمانەش ئەم ئەگەرە بەهێز دەکەن کە لەوانەیە یەکێک لە هۆکارەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان پەیوەندی بە ئامادەکاری بۆ شەڕێکی گەورەتر هەبێت.
بەپێی ئەم شیکارییە، هەرچەندە ئەمریکا سوورە لەسەر کشانەوەی هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە بە یەکجاری و دوای ئەو هەموو خەرجییەی لە شەڕی داعشدا کردوویەتی بە ئاسانی دەستبەرداری رۆژئاوا بووبێت، بەڵکو چ ئەمریکا و چ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە بەرژەوەندییاندا نییە کە هیچ لایەنێک نە تورکیا و نە سوریا هێرش بکەنە سەر رۆژئاوای کوردستان.