04:26 - 27/12/2018
بۆچی یەكێتی و پارتی بۆچونیان لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم گۆڕا؟
رۆژانێك یاسای سەرۆكایەتی هەرێم خاڵی ناكۆكی لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بوو، بەڵام وا دەردەكەوێت پرسەكە پەیوەندی بە سیستمی حوكمرانیەوە نەبێت و مەبەستی تر لەناو ئەو ململانێیەدا خۆی مەڵاس دابێت، لە ئێستادا پارتی رازیە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت و بزوتنەوەی گۆرانیش لەسەر هەڵوێستی خۆی سورە، كە خۆی لە سیستمی پەرلەمانیدا دەبینێتەوە، ئیسلامیەكان بێدەنگن و یەكێتیش پاشگەزبۆتەوە....
رۆژی 7/6/2005 فراكسیۆنەكانی یەكێتی و پارتی بەیەكەوە، یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005 یان لەژێر ناوی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی عێراق دەركرد، بەپێی مادەی دووەمی یاساكە سەرۆكی هەرێم بەدەنگدانی گشتی و نهێنی و راستەوخۆ لەناو خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت، یەكێتی ئەو كاتە وەك حزب هیچ تێبینیەكی لەسەر ئەو یاسایە نەبوو، جگە لەوەی ژمارەیەك سەركردە و رۆشنبیری ئەو حزبە هۆشداریان دا لە مەترسیەكانی یاساكە.
لەسەر بنەمای ئەو یاسایە رۆژی 25ی تەموزی ساڵی 2009 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم بەرێوچوو و پێنج كاندید كێبركێان كرد، یەكێتی بەهۆی رێككەوتننامەی ستراتیژی و دانانی پۆستی سەرۆك كۆمار و لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێم هیچ كاندیدێكی نەبوو، بزوتنەوەی گۆڕانیش بەهۆی ئەوەی بروای بە سیستمی پەرلەمانی هەبوو هیچ كەسی كاندید نەكرد سەرئەنجام مەسعود بارزانی بەبەدەستهێنانی نزیكەی 70%ی دەنگەكان بووە بە سەرۆكی هەرێم.
لە ساڵی 2013 مەسعود بارزانی خولی دووەمی سەرۆكایەتییەكەی تەواو كرد و بە پێی یاساكە بۆی نەبوو خۆی كاندید بكاتەوە، بەڵام پەرلەمانی كوردستان (فراكسیۆنی یەكێتی و پارتی) لە 30 حوزەیرانی ساڵی 2013 یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2013 یان دەركرد بەناوی یاسای درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عێراق، ئەو كاتە بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی دژی ئەو هەنگاوەبوون.
ساڵی 2015 كاتێك ویلایەتی مەسعود بارزانی كۆتایی هات چوار لایەنی سیاسی پرۆژەیەكیان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەش كرد.
بۆچوونی لایەنەكانی گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو بە شێوەیەك بوو كە سەرۆك لە ناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، لەبەرامبەردا پارتی دیموكراتی كوردستان پێچەوانەی ئەو لایەنانە بۆچوونی وابوو كە دەبێت سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرێت.
لەمادەی سێیەم خاڵی یەكەمی پرۆژەكەی یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم هاتبوو، كە سەرۆكی هەرێم بەدەنگی 2/3ی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لەدەنگدانێكی نهێنیدا هەڵدەبژێردرێت، پرۆژەكەش بە ئیمزا و پشتگیری پەرلەمانتارانی یەكێتی رۆژی 21/5/2015 ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كرا.
بەڵام پارتی پڕۆژەكەی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان رەتكردەوەو رێگەی نەدا لە پەرلەمانی كوردستان بكرێتە یاسا، بەهۆی ململانێ لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایەنەش، رۆژی 12/10/2015 رێگری لەدكتۆریوسف محەمەد سادق سەرۆكی پەرلەمان كرا بچێتە سەر كارەكەی لەشاری هەولێر و كارەكانی پەرلەمانی پەكی كەوت.
ئەوكاتە بزوتنەوەی گۆران كە رابەرایەتی ئەو دەنگانەی دەكرد ویلایەتی بارزانی جارێكی تر درێژنەكرێتەوە و سیستمی حكومڕانی هەرێم بكرێتە پەرلەمانی، رایگەیاند: كێشەیان لەگەڵ شەخس نیە بەڵكو كێشەی ئەوان لەگەڵ سیستمی حوكمرانیە كە دەیانەوێت پەرلەمانی بێت، بۆئەمەش بەهاوبەشی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی رۆژی 15/6/2015 پرۆژەیەكیان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەش كرد.
بەڵام دوای دەستلەكاركێشانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم كوردستان، كە بەهۆی كاریگەرییەكانی شكستی ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە بوو، لە ئێستادا بیروبۆچونی لایەنەكان جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم گۆڕاوە.
رۆژی 3/12/2018 مەحمودمحەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: رازین سەرۆكی هەرێم لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، هەڵگەڕانەوەی بۆچوونی پارتی بە رێژەی 180 پلەی پێچەوانە دوای نەمانی مەسعود بارزانی بوو لە پۆستەكەی.
هەڵگەڕانەوەی بۆچوونی سیاسی لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم تەنها لای پارتی نیە، بەڵكو یەكێتی نیشتیمانیش لە بۆچوونەكەی پێشووی هەڵگەڕانەوەتەوە و چووەتە سەر بیركردنەوە پێشوەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان و لە ئێستادا دەیەوێت هەڵبژاردنی سەرۆك لە ناوخەڵكەوە بێت. لەو چوارچێوەشدا رۆژی 25/12/2018 قادر عەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەمیانی چاوپێكەوتنێكی كەناڵی كەی ئێن ئێن رایگەیاند: حزبەكەی پشتیوانی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دەكات لەناو خەڵك نەك لەناو پەرلەمان.
ئەوەی تا ئێستا سورە لەسەر پرۆژەكەی بۆ سیستمی حوكمرانی كوردستان تەنها بزوتنەوەی گۆڕانە كە پشتیوانی سیستمێكی پەرلەمانی دەكات، ئیسلامیەكانیش كە لەخولی پێشوودا پشتیوانی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیان دەكرد لەم قۆناغەدا بێدەنگن.
بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس گۆرانی هەڵوێستی یەكێتی دەربارەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پەیوەندی بەوەوە هەیە كە یەكێتی زانیویەتی نێچیرڤان بارزانی داوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دەكات لەناو پەرلەمان، راشیگەیاندووە ئەگەر سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵك هەڵبژێردرێت ئەوە خۆی كاندید ناكات، بەشداریكردنیشی لەخولی یەكەمی گفتوگۆكانی پارتی و لایەنەكان پەیوەندی بەو خاڵەوە هەبووە.
لەپێشوتردا یەكێتی دەیزانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان پێویستی پێیەتی، بۆیە پشتیوانی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی لەناو پەرلەمان دەكرد، بەڵام لەئێستادا دەتوانێت بەبێ یەكێتی نیوە زائید یەكی كورسیەكان مۆسۆگەر بكات، بۆیە یەكێتی داوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵك دەكات، لەلایەكی تریشەوە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكدا كێشە بۆناو ماڵی بارزانی دروست دەكات، بۆیە یەكێتی دەیەوێت ئەو پرسە بوروژێنێت.