ڕاپۆرتی کوردستانی

02:49 - 24/04/2020

رۆژئاواى كوردستان له‌ رووداوه‌كانى زینى وه‌رتێ دوودڵە‌

پەیسەر

رۆژنامەی الشرق الأوسط له‌ راپۆرتێكدا باس لەوەدەكات، به‌رپرسانى كورد لە رۆژئاوای کوردستان دوودڵن و نیگه‌رانن له‌ ناكۆكییه‌كانى یه‌كێتى نیشتمانیى كوردستان و پارتى دیموكراتى كوردستان، له‌ ناوچه‌ى زینى وه‌رتێ، پێیان وایه‌ سوپاى توركیا به‌رەیه‌كى نوێ دژى پارتى كرێكارانى كوردستان ده‌كاته‌وه‌، دواى چوونى هێز بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌. هاوكات پێیان وایه‌ سه‌ركه‌وتنى پلانى توركیا له‌ باشوور، هه‌نگاوه‌ به‌ره‌و گه‌مارۆدانى ناوچه‌كانى ئیداره‌ى خۆسه‌ریى له‌ رۆژئاواى كوردستان.

دوودڵیى به‌رپرسانى رۆژئاواى كوردستان له‌وەیە، هێڵه‌ سه‌ربازییه‌كانى توركیا له‌ باشوورى كوردستان وا بكه‌ن په‌كه‌كه‌ و رۆژئاوا لێك دابڕن، هاوكات بڕوایان وایه‌ ئه‌مه‌ شه‌ڕى كورده‌ به‌ كورد.

لەگەڵ چاودێریكردنی دۆخەكە لەلایەن سەركردەكانی كوردەوە لە رۆژئاواى كوردستان و كێبڕكێی نێوان دەبابە و كلاشینكۆف لە زینی وەرتێ، سەركردەیەكی كورد لە قامیشلۆ به‌ رۆژنامه‌ى شه‌رقلئه‌وسه‌تى گوتووه‌:"ترسمان هەیە لە پرۆسەیەكی شه‌ڕى پارتى و په‌كه‌كه‌، و هاتنى سوپای توركیا بۆ قوڵایی زینی وەرتێ و قەندیل، بەو پێیەی توركیا دەیەوێت بەرەیەكی نوێی شەڕ بكاتەوە و زەبرێكی گەورەش لە پارتی كرێكارانی كوردستان بوەشێنێت".

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بەرپرسە كوردە لەو ئەگەرەی كەمكردووەتەوە و پێی وابووە، كێشەكە كۆتایی دێت، دەشڵێت :"پرۆسەیەكی سەربازی لەوشێوەیە زیانی گەورە بەكورد دەگەیەنێت، بەهۆی شەڕی كوردی- كوردی، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی شەڕی دژی داعش لەچەند ساڵی رابردوودا وێنەیەكی جوانیان پیشاندا، هەروەها توركیا دەستكەوتی سەربازی بەدەست دەهێنێت و زیاتر دەچێتە ناوەوە، ئەوەش لەدوای ئەو هێرشانەی لە باكوری رۆژئاوا و باكوری رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامیدا".

ئاماژەی بەوەشكردووە :"گومانی تێدا نییە ئەو هەنگاوە بەشدار دەبێت لە گەمارۆی سەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە رۆژهەڵاتی فورات و كاریگەریشی لەسەر دەروازەی نێوان دهۆك و فیشخابور و دەروازەكانی تریش دەبێت كە لەنێوان هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان هەن".

ئەوەش لە كاتێكدایە تائێستا هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بەسەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەردەوامە لەسەر هاوكاری وشكانی وئاسمانی بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات-كە هێزێكی هاوبەشی كوردی- عەرەبییە و كۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانەی كردووە.

سەركردە كوردەكان دەڵێن: سوپای توركیا بڵاوبوونەوەی خۆی لە بنكە سەربازییەكانی باكوری رۆژئاوای عێراق زیادكردووە، لەگەڵ دەنگۆی ئەوەی كە ١١ بنكەی سەربازی جێگیری هەیە، بۆ شەڕ دژی پارتی كرێكارانی كوردستان، ئیدارەی خۆ بەڕێوەبەری كوردی لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا كە پارتی یەكێتی دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی گەل رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینن، پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیی كوردستان هەیە لە سلێمانی، كێبڕكێ كارەكەی هەولێر بڕیاریش بوو یەكێتی و پارتی لەسەر پرسی زینی وەرتی كۆببنەوە.

سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە رۆژنامەی ( الشرق الأوسط ) ی راگەیاندووە:"یەكێتی نیشتمانی داوای گەڕانەوەی هێزەكانی كردووە لەزینی وەرتێ بەپێی رێككەوتنی پێشووی ساڵی ١٩٩٨، هەروەها داوای رۆڵی زیاتر لەحكومەتی هەرێم دەكات". ئامادەشە هێزەكانی گومرگ بڵاوبكرێنەوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سنورەكان لەگەڵ ئێران بەمەبەستی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

لە بەرامبەردا وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم سورە لەسەر هەڵوێستەكەی و دەڵێت:"ئەو هێزەی رەوانەی زینی وەرتێ كراوە، هێزێكی فەرمییە و پەیوەندی بەهیچ حزبێكەوە نیە".

زینى وه‌رتێ بۆ په‌كه‌كه‌، پارتى و یه‌كێتى ناوچه‌یه‌كى جوگرافى ستراتیژییه، مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و هێزه‌ براوه‌ته‌ ئه‌وێ هێزى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌یه‌ و به‌ ئامانجى كۆنتڕۆڵى سنورى ئه‌و ناوچانه‌ بۆ رێگرى له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا هێزه‌كه‌ براوه‌ته‌ ئه‌وێ.

 رۆژنامەی  الشرق الأوسط   ئاماژه‌ى به‌ لێدوانى توندى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌، سه‌باره‌ت به‌ بوونى په‌كه‌كه‌ له‌و ناوچانه‌، كه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ نابێت په‌كه‌كه‌ خاكى باشوورى كوردستان به‌كاربهێنێت بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر توركیا یاخود هه‌ر وڵاتێكى دراوسێ، سه‌رۆكى هه‌رێم هه‌روه‌ها گوتویەتی:"ده‌مانه‌وێت جارێكى دیكه‌ جه‌خت له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ هه‌رێمى كوردستان گۆڕه‌پانى په‌كه‌كه‌ نییه‌، ده‌بێت چاره‌سه‌رى ئه‌م بابه‌ته‌ بكرێت".

سه‌باره‌ت به‌ هێرشى سوپاى توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ى زینێ وه‌رتێ له‌ باكورى هه‌ولێر، نێچیرڤان بارزانى گوتى:"په‌كه‌كه‌ رێزى سه‌روه‌رى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ناگرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى بۆردومانى توركیا بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ پێشبینیكراوە، ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ ده‌یه‌وێت هاوكارى هه‌رێمى كوردستان بكات، ده‌بێت هه‌رێم جێبهێڵێت".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، مسته‌فا قه‌ره‌سوو سه‌ركرده‌ى پارتى كرێكارانى كوردستان رایگه‌یاندووە، توركیا بێ هاوكارى پارتى دیموكراتى كوردستان ناتوانێت به‌و كارانه‌ى هه‌ڵبسێت، به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌و جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌، ناردنى هێز بۆ زینیى وه‌رتێ، له‌چوارچێوه‌ى رێكاره‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنادایه‌.