ڕاپۆرتی کوردستانی

03:01 - 23/04/2020

كازمیى ٤٨كاتژمێر چاوه‌ڕێ ده‌كات‌

پەیسەر

كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دوێنێى ماڵى هادى عامرى ٤٨كاتژمێرى دیكه‌ى دایه‌ ده‌م مشتومڕه‌كان بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پشكه‌كانى كابینه‌كه‌ى كازمیى، حه‌وت لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌ شیعییه‌كه‌ لیستى كاندیده‌كانیان پێدراوه‌و بڕیاره‌ دواى دوو رۆژ هه‌ر یه‌كه‌و به‌ لیستى خۆیه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ و قسه‌ى كۆتایى بكه‌ن. كورد سێ كورسى له‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ى كازمیى بۆ ته‌رخانكراوه‌و ناوه‌كانیش پێشكه‌ش كراون، به‌ڵام شیعه‌ ڤیتۆیان له‌سه‌ر یه‌كێك له‌ ناوه‌كان هه‌یه‌.

دوێنێ مسته‌فا كازمیى سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو له‌گه‌ڵ حه‌وت لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ى شیعه‌ له‌ ماڵى هادى عامرى كۆبوویه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستى سه‌ركرده‌كان عه‌مار حه‌كیم و عه‌بادى به‌شدارنه‌بوون، كازمیى ناوى كاندیدى وه‌زاره‌ته‌كانى راده‌ستى لایه‌نه‌كان كردووه‌و بڕیاره‌ له‌ماوه‌ى دوو رۆژدا لایه‌نه‌كان سه‌رنجى كۆتایى خۆیان بڵێن، كازمیى به‌وجۆره‌ ده‌یه‌وێت ره‌زامه‌ندى زۆرینه‌ى لایه‌نه‌ شیعه‌كان به‌ ده‌ستبهێنێت، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ده‌ردى زورفى و عه‌لاوى نه‌چێت، بۆیه‌ش جانتاكه‌ى خۆى داوه‌ته‌ ده‌ستى حزبه‌كان. 

شیعه‌ نیگه‌رانن

شیعه‌كان نیگه‌رانن له‌ كازمیى پێیان وایه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراوه‌، بۆ كورد و سوننه‌ ده‌ستى شل كردووه‌. مه‌نسور بعێجى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، به‌ پێگه‌ى مه‌علومه‌ى راگه‌یاندووه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو له‌سه‌ر مه‌رجه‌كانى كورد و سووننه‌ كێشه‌ى نییه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ شیعه‌كان ئیراده‌ى خۆى ده‌سه‌پێنێت. 

لایه‌نه‌ شیعه‌كان ده‌یانه‌وێت خۆیان كاندیدى خۆیان دابنێن كازمیى پێى گوتوون با كاندیده‌كان كه‌سانى پله‌ یه‌كى حزبى نه‌بن و ده‌مووچاوى دیاره‌كان نه‌بن، ده‌وڵه‌تى یاسا و عه‌سائیبى ئه‌هلى ‌حه‌ق توندترن به‌رامبه‌ر كازمیى، هاوكات عه‌سائیب سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى و گه‌شتوگوزار وه‌ربگرێت، كه‌ چالاكییه‌ دینییه‌كانیش و هه‌موو سێكته‌ره‌كانى دیكه‌ى گه‌شتوگوزار به‌ڕێوه‌ده‌بات و مانگانه‌ چه‌ند ملیۆن دۆلار داهاتى هه‌یه‌.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ ئه‌سوان كلدانى سه‌رۆكى كوتله‌ى بابیلۆنى مه‌سیحى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر مسته‌فا كازمیى به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر پێشێلكردنى رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، به‌ ده‌ردى زورفى و عه‌لاوى ده‌چێت. 

كورسییه‌كانى كورد

كور سێ وه‌زاره‌تى بۆ دانراوه‌، شاره‌وانى، دارایى و داد، بۆ شاره‌وانى ناوى رێزان محه‌مه‌د پێشكه‌شكراوه‌ له‌ پشكى پارتى، بۆ وه‌زاره‌تى دادیش خالید شوانى و رزگار محه‌مه‌د ئه‌مین كاندیدن، هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ وه‌زاره‌تى داراییه‌ كێشه‌ى گه‌وره‌ى له‌سه‌ره‌.

پارتى پێداگرى له‌سه‌ر مانه‌وه‌ى فواد حسێن ده‌كات و لایه‌نه‌ شیعییه‌كان مانه‌وه‌ى ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌. رۆژنامه‌ى(الشرق الاوصت) بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ لایه‌نه‌ شیعییه‌كان هۆشدارییان داوه‌ به‌ كازمیى ئه‌گه‌ر مه‌رجى مانه‌وه‌ى فواد حسێن قبوڵ بكات، ئه‌وا چاو ده‌خشێننه‌وه‌ به‌و متمانه‌ى پێیان به‌خشیوه‌. سه‌در له‌ سه‌ركرده‌كانى دیكه‌ توندتره‌ له‌م بابه‌ته‌داو په‌یام دراوه‌ به‌كازمیى كه‌ ده‌ستبه‌ردارى بیرۆكه‌ى مانه‌وه‌ى فواد حسێن بێت.

به‌پێى دوایین لیستى كاندیده‌كان، كاندیدى چه‌ند وه‌زاره‌تێك دیارنین، ره‌نگه‌ كازمیى بییه‌وێت رێژه‌ى یاسایى پێشكه‌ش بكات بۆ ئه‌وه‌ى به‌شێك له‌ كێشه‌كان بخاته‌ دواى سه‌رپێكه‌وتنى كابینه‌كه‌ى. وه‌زارەته‌كانى پیشه‌سازى، كۆچ، گه‌نجان و وه‌رزش و به‌رگرى دیارنین، وه‌زاره‌تى به‌رگرى له‌و وەزارەتانه‌یه‌ كه‌ كێشه‌ى ئاڵۆزى له‌سه‌ره‌.

چوار وه‌زیرى دووباره‌

به‌پێى لیسته‌كه‌ى كازمیى چوار كاندید وه‌زیرى دووباره‌ن و جارێكى دیكه‌ له‌ كابینه‌كه‌ى ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر كورسى وه‌زاره‌ت، فواد حسێن وه‌زیرى دارایى، جه‌بار لعێبى بۆ وه‌زیرى نه‌وت، محه‌مه‌د شیاع سودانى بۆ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ، ئیبراهیم به‌حر العلوم بۆ وه‌زیرى خوێندى باڵا، ئه‌وه‌ى یه‌كه‌میان ڤیتیۆى شیعه‌كانى له‌سه‌ر نییه‌، دیار نییه‌ له‌م چواره‌ چه‌ندیان كورسییه‌كان وه‌رده‌گرن. 

دوایین قسه‌

ئه‌گه‌رچى له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌شێك له‌ شیعه‌كان گوتیان كازمییان ده‌ستكراوه‌ كردووه‌، به‌ڵام به‌پێى ره‌وتى دانوستانه‌كان بێت، قسه‌ى كۆتایى حزبه‌كان ده‌یكه‌ن و كۆتا لیست حزبه‌كان ده‌یهێننه‌وه‌ بۆ كازمیى. سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو نیوه‌ى كاته‌كه‌ى رۆیشتووه‌و چاوه‌ڕێى ده‌مى حزبه‌كانه‌، تا دڵنیا نه‌بێت له‌ پشتیوانى زۆرینه‌ى په‌رله‌مانتاره‌كان بۆ تێپه‌ڕاندنى كابینه‌كه‌ى، پێناچێت هه‌نگاو به‌ره‌و هۆڵى پڕ جه‌نجاڵیى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بنێت.