12:55 - 23/04/2020
مەترسی قەیرانێكی دارایی قوڵتر لەدهرگاى هەرێمی كوردستانه
لە دواین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، حكومەتی هەرێم تەنها بە یەك دێڕ باس لە دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران دەكات بەبێ ئەوەی هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی مووچە دەستنیشان بكات هێندە نەبێت كە دەڵێت "دواكەوتنی مووچە لەدەرەوەی ویستی حكومەتی هەرێمە" و هۆكارەكەی دەگەڕێنێتەوە بۆ دابەزینی نرخی نەوت و لێكەوتەكانی پەتای كۆرۆنا و رەوانەنەكردنی بەشەمووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حكومەتی ناوەندی عێراقەوە، ئەوەش لەكاتێكدا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان تا كاتی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە (9 مووچەی تەواو و 37 پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران قەرزدارە).
قەرزەكانی مووچەخۆران لای حكومەت:-
ئێستا كە مانگی چواری ساڵی 2020ە، فەرمانبەران و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان و خانەنشین و تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە چاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەی مانگی یەكدان، واتا حكومەت 4 مووچەی تەواوی ئەمساڵ قەرزداری مووچە خۆرانە، هاوكات 4 مووچەی تەواوی ساڵی 2015 و یەك مووچەی ساڵی 2016، بەوەش هەر فەرمانبەر و خانەنشین و مووچەخۆرێكی هەرێمی كوردستان 9 مووچەی تەواوی لای حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
ئەگەرچی بەردەوام ژمارەی موچەخۆرانی فیعلی و ژمارەی گشتی مووچەخۆران لە هەرێمی كوردستان مایەی گومان بووە كە ئاخنرابێت بەناوی وەهمی و دووبارە و بندیوار و كادیرانی حیزب لەسەر گیرفانی حكومەت تەنانەت لە ناوخۆ و لەلایەن حكومەتی عێراقیشەوە گومان دەخرێتە سەر ژمارەكان، بەڵام بەپێی دواین ئامار كە دەوترێت بەرئەنجامی سیستمی بایۆمەتی مووچەیە ژمارەی مووچەخۆرانی كەرتی گشتی لە هەرێمی كوردستان 1.249.481 (یەك ملیۆن و دوسەد و چل و نۆ هەزار و چوارسەد و هەشتا و یەك) مووچەخۆرن، گومان لەو ژمارە و ئامارە بەجۆرێكە كە لەساڵانی رابردوودا تەنانەت حكومەتی عێراق لیژنەی وردبینی ناوی موچەخۆران و فەرمانبەرانی لە بەغداوە رەوانەی هەرێم كرد بەڵام هەر نەتوانرا ژمارەی فیعلی ساغبكرێتەوە.
پاشەكەوتی بێ چارەنووس:-
جگە لەوەی كە وەك پێشتر ئاماژەی پێدرا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان 9 مووچەی تەواوی مووچەخۆران قەرزدارە، هاوكات لە مانگی شوباتی ساڵی 2016، نێچیرڤان بارزانی كە ئەوكات سەرۆكی حكومەت و ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستانە سیستمی پاشەكەوتی مووچەی بەسەر موچەخۆراندا سەپاند كە بەپێی ئەو سیستمە لە 15% تا 75%ی مووچەی فەرمانبەران بەپێی پلە وەزیفییەكانیان پاشەكەوتكرا، سیستمەكە بۆ ساڵەكانی 2016، 2017، 2018، و بەشێكی 2019 كاریپێكرا و لە مانگی ئازاری ساڵی 2019دا سیستمەكە هەڵوەشێندرایەوە، بەوەش لەو ساڵانەدا 37 پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران وەك قەرز كەوتە لای حكومەتی هەرێم كە بە ئێستاشەوە هیچ میكانیزم و بەروارێك بۆ گەڕاندنەوەی لەئارادا نییە.
لە تەواوی ئەو ساڵانەی پاشەكەوت بەسەر موچەخۆراندا سەپێندرابوو، هەركات سەرۆكی حكومەت دەربكەوتایە دەیوت ئامانج لەم سیستمە بۆ ئەوەیە چیتر مووچە نەبێتە هەواڵی بەپەلەی میدیاكان و مانگانە لەكاتی خۆیدا بدرێت، بەڵام بە ئێستاشەوە هاتنی مووچە و دوكەوتنی نەك هەر بووە هەواڵی میدیاكان بەڵكو تەنانەت خشتە و بەرواری دابەشكردنی مووچە بەسەر وەزارەتەكاندا وەك هەواڵ مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت هێندە مووچە لە دۆخێكی ناجێگیردایە و هێندە مووچەخۆران و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بێ متمانەن بەرامبەر حكومەت و هیچ دڵنیاییەك نییە بۆ ئەوەی كە مانگانە یان مانگ و نیو یان دوو مانگ جارێك مووچە دابەشدەكرێت یان نا.
هێلكەكان لە سەبەتەی بەغدادا
لە سەرەتاكانی ساڵی 2019 هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی جۆرێك لە رێككەوتنی مەتاتییان بۆ چارەسەری كێشەی نەوت و داهات ئەنجامدا بەپێی رێككەوتنەكە، هەرێمی كوردستان رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی ناوەندی دەكات و حكومەتی ناوەندیش مانگانە بە بڕی 453 ملیار دینار تەمویلی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەكات، هاوكات ئەو بڕە زیادەیەی نەوت كە دەمێنێتەوە و دەخەمڵێنرێت بە 200 هەزار بەرمیلی رۆژانە، هەرێمی كوردستان دەیفرۆشێت و كرێی كۆمپانیاكانی نەوت و قەرزەكانی لێدەداتەوە، داهاتی گومرگ و خاڵە سنورییەكان و داهاتی ناوخۆی هەرێمەكەش بۆ پرۆژەكان خەرج دەكرێنەوە، سەقفی زەمەنی رێككەوتنەكەش تا ئەوكاتە بوو كە حكومەتی عێراق پرۆژەبودجەی ساڵی 2020 دادەڕێژێت و دواتر بەپێی بودجەكە پشكی هەرێم دەدرێت و هەرێمیش نەوتەكەی رادەستدەكات، بەڵام ئێستا دوای 15 مانگ لەو رێككەوتنە بەغدا گلەیی هەیە كە هەرێم پابەندی رێككەوتنەكە نەبووە و مانگی رابردووش لەكاتێكدا وەزیری دارایی لە عێراق كوردە، بەڕێوەبەرێكی گشتی لە وەزارەتەكە رەوانەكردنی پارەی بۆ هەرێمی كوردستان بە واژیەك راگرت، بەڵام دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هاڕەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا چاوەڕوان دەكرێت بەغدا چیتر نەتوانێت وەك پێویست تەمویلی هەرێمی كوردستان بكات و لە ئێستاشەوە ئاماژەكانی دەركەوتوون.
بەپێی زانیارییەكان رۆژی 2 نیسانی ئەمساڵ، لیژنەی ئابوری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارەیەك پێشنیاری رادەستی حكومەتی ناوەندی كردووە وەك روبەرووبوونەوەی قەیرانی دارایی لە ئەگەری دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت و لێكەوتەكانی پەتای كۆرۆنا، بەشێك لە پێشنیارەكان پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە و تێیدا هاتووە كە رێكاری تووند بگیرێتە بەر بۆ داهاتە نانەوتییەكانی پارێزگاكان و هەرێم، بەتایبەت داهاتی دەروازە سنورییەكان و تۆماركردن و گەڕاندنەوەیان بۆ حكومەتی ناوەندی و دووبارە دابەشكردنەوەی بەسەر تەواوی هاوڵاتیانی عێراقدا.
بەم پێیەش ئەگەر حكومەتی ناوەندی بڕیارە لە پێشنیارەكە بدات كەواتە نەك هەر تەمویلی مووچە ناكات، بەڵكو داهاتی خاڵە سنورییەكان و داهاتە نانەوتییەكان كە لە كوردستان بە "داهاتی ناوخۆ" ناسراون پێویستە رادەستی حكومەتی ناوەندی بكرێتەوە، لە ئەگەرێكیشدا كە نرخی نەوت لە ئێستا زیاتر داببەزێت كە چاوەڕوانكراوە، ئەوا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەك كاتدا هەم بەشەمووچەی بەغدای پێناگات و هەمیش نەوتەكەی خۆی لە بازاڕەكاندا بەهای دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی نابێت و تەنانەت دەستی لە داهاتی ناوخۆش بەردەبێت، كەواتە لە ئەگەری چارەسەرنەبوونی رەوشەكەدا بەپێی هەموو لێكدانەوە و پێوەرەكان قەیرانێكی قوڵتر لە قەیرانی دارایی 4 ساڵی رابردوو چاوەڕوانی هەرێمی كوردستان دەكات.
خۆ ئەگەر گرژییەكان بگەڕێنەوە ئاستی ساڵی 2017 ئەوا دوورنییە لبری ئەوەی حكومەتی هەرێم چاوەڕوانی پارەبێت لە بەغداوە ئەوا حكومەتی بەغدا داوای قەرەبووی ساڵانی رابردوو لە حكومەتی هەرێم بكات، چونكە لە ساڵی 2017دا حسێن شەهرستانی كە جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو بۆ كاروباری وزە بە راشكاوانە وتی لە مانگی ئازاری ساڵی 2008 تا مانگی ئابی 2017 بەهۆی رادەستنەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە حكومەتی عێراق، دەوڵەتی عێراقی 39 ملیار دۆلار زیانی كردووە و قەرزە لەسەر هەرێمی كوردستان، ئەوە جگە لەوەی بەهۆی دەستگرتن بەسەر كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە جارێكی دیكە عێراق 9 ملیار دۆلاری زیان كردووە، سەرباری ئەوانەش زیانەكانی گواستنەوەی نەوت بە گشتی كە بەهۆی هەرێمەوە توشی عێراق بوون گەیشتووەتە 2 ملیار دۆلار.