ڕاپۆرتی کوردستانی

12:49 - 22/04/2020

‌بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى مووچه‌ چه‌ند پێشنیارێك هه‌یه‌‌

پەیسەر

دۆخى دارایى هه‌رێمى كوردستان له‌ قۆناغێكى هه‌ستیار و مه‌ترسیداردایه‌، حكومه‌تى عێراق دوا ئاگاداركردنه‌وه‌ى داوه‌ كه‌ ناتوانێت مووچه‌ ره‌وانه‌ بكات، داهاتى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان سه‌دا ٧٠ كه‌میكردووه‌، داهاتى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان له‌جێى نه‌بوانه‌ قازانجى هه‌ر به‌رمیلێك ٨ بۆ ١٠ دۆلاره‌. وه‌زاره‌تى دارایى و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران سه‌رقاڵى تاقیكردنه‌وه‌ى چه‌ند رێگه‌یه‌كن، بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كه‌و رزگاركردنى مووچه‌ له‌ بێپاره‌یى. 

به‌غدا چى وتووه‌؟

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس له‌ دوایین سه‌ردانى شاندى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌غدا، به‌رپرسانى حكومه‌تى عێراق وتویانه‌ ته‌نها ئه‌م مانگه‌ ده‌توانن پاره‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان ره‌وانه‌ بكه‌ن. هاوكات داواى راده‌ستكردنى ته‌واوى داهاتى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه‌ به‌ راشكاوى گوتویانه‌ "دۆخى ئێمه‌ له‌ ئێوه‌ خراپتره‌".

حكومه‌تى هه‌رێم جگه‌ له‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا رێگه‌ى دیكه‌ى نه‌ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كان كه‌ له‌سه‌رچاوه‌كانى حكومه‌ته‌وه‌ ده‌ستى په‌یسه‌ر كه‌وتوون، له‌م دۆخه‌ى ئێستادا ته‌نانه‌ت راده‌ستكردنى نه‌وت دادى هه‌رێم نادات بۆ به‌رده‌وامى پێدانى ره‌وانه‌كردنى مووچه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان.

نوسراوى راگرتنى مووچه‌

دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق، رۆژى یه‌كى ئه‌م مانگه‌ نوسراوى ئاڕاسته‌ى وه‌زاره‌تى دارایى كردووه‌، پاڵپشت به‌ مادده‌ى ٢٧ى یاساى ئیدارەى مالى. (ژمارە ٦ی ٢٠١٩) داواى راگرتنى مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، "به‌هۆى راده‌ستنه‌كردنى داهاته‌كانى خۆى" به‌ ناوه‌ند. 
ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌ لیژنه‌ى دارایى بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئه‌و نوسراوه‌ یاسایى نییه‌ چونكه‌ ئێستا كار به‌ یاساى یه‌ك له‌سه‌ر ١٢ ده‌كرێت، یاساى ئیداره‌ى مالى بۆ دۆخى ئاسایى یاساى بوودجه‌یه‌، به‌ڵام ئێستا یاساى بوودجه‌ نه‌ماوه‌.

به‌بڕواى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ هه‌رچه‌نده‌ راگرتنى مووچه‌ یاسایى نییه‌، به‌ڵام له‌رووى واقعییه‌وه‌ ده‌توانن كێشه‌ دروست بكه‌ن. چونكه‌ پاره‌كه‌ لاى خۆیانه‌وه‌:"دۆخى دارایى عێراق له‌ قۆناغى زۆر خراپیدایه‌، پێناچێت به‌رده‌وام بن له‌ ره‌وانه‌كردنى مووچه‌".

دۆخى چوار سه‌رچاوه‌ دارایییه‌كه‌ى هه‌رێم

هه‌رێمى كوردستان بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌ یه‌كه‌م سه‌رچاوه‌ى به‌غدایه‌، كه‌ نیوه‌ى مووچه‌ هه‌رێم دابین ده‌كات، ئێستا به‌غدا به‌ راشكاوى ده‌ڵێن، ناتوانین مووچه‌ى هه‌رێم بده‌ین.

جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئه‌گه‌ر كار به‌ یاسا بكه‌ن، حكومه‌تى عێراق ناتوانێت مووچه‌ى هه‌رێم ببڕێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ى یاسا بیكه‌ن بێگومان ده‌توانن. ئه‌و پێى وابوو هه‌رێم جگه‌ له‌رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا هیچ رێگه‌ چاره‌یه‌كى له‌ به‌رده‌م نه‌ماوه‌.

سه‌رچاوه‌ى دووه‌م داهاتى نه‌وته‌، له‌ دۆخى گرانى نرخى نه‌وتدا كه‌متر له‌ ٢٩٢ملیۆن دۆلار دەگەیشتە وەزارەتی دارایی ئێستا ئه‌و ژماره‌یه‌ ٦٥ ملیۆن دۆلارە، یارمه‌تیده‌رێكى بچوك و كه‌مه‌ بۆ وه‌زاره‌تى دارایى. 

هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ سه‌رچاوه‌ى سێیه‌مه‌ كه‌ داهاتى ناوخۆیه‌، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر بۆ سه‌دا ٣٠ كه‌میكردووه‌. سه‌رچاوه‌ى چواره‌میش كه‌ هاوكارییه‌كه‌ى هاوپه‌یمانانه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ لە ٢٥ ملیۆن دۆلاری مانگانەوە بۆ ١٧ ملیۆن کەمکراوەتەوە. دەنگوباس هەبوو لە سەرەتای ئەم مانگەوە ببڕێت. 

حكومه‌ت چى ده‌كات؟ 

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر وه‌زاره‌تى دارایى داواى هه‌رچى زووه‌ جێبه‌جێكردنى یاساى چاكسازى و جێبه‌جێكردنى بایۆمه‌ترى و چاكسازى له‌ داهاتى ناوخۆ كردووه‌، هاوكات داوایكردووه‌ ده‌ستكراوه‌یان بكه‌ن بۆ چاكسازى له‌ داهاتى ناوخۆ و كۆتاییهێنان به‌ به‌خشینى كۆمپانیا حزبییه‌كان گه‌وره‌كان. پێشنیارێكیش هه‌یه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى خێراو به‌رچاوى مووچه‌ى پله‌ باڵاكان.

به‌پێى زانیارییه‌كان كۆده‌نگى له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هه‌یه‌ كه‌ كارئاسانى بۆ وه‌زاره‌تى دارایى بكرێت و به‌جۆرێك كۆمپانیا گه‌وره‌كانى حزب نه‌بورێدرێن و باجى خۆیان بده‌ن، هاوكات چاكسازى له‌ یه‌كه‌ى ژمێریارى هێزه‌كانى 70 و 80ش به‌زوویى بكرێت. پێشنیارێكیش هه‌یه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى خێراى مووچه‌ى پله‌ باڵاكان.

وه‌زاره‌تى دارایى پێى وایه چاكسازى له‌ داهاتى ناوخۆ بكرێت و لیستى مووچه‌ به‌پێى بایۆمه‌ترى خاوێن بكرێته‌وه‌، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى مووچه‌ ئه‌سته‌م نییه‌، به‌ تایبه‌ت داهاتى ناوخۆ روو له‌ زیادبوونه‌وه‌ ده‌كات دواى ئاساییكردنه‌وه‌ى ژیان، هاوكات داهاتى سنوره‌كان هه‌یه‌. هاوكات وه‌زاره‌تى دارایى پێى وایه‌ ئه‌گه‌ر چاكسازى له‌ لیستى مووچه‌و داهاتى ناوخۆ بكرێت، به‌ هاوكارییه‌كى كه‌م ده‌توانن مووچه‌ دابین بكه‌ن.