ڕاپۆرتی کوردستانی

03:49 - 21/04/2020

په‌یسه‌ر ئه‌جێندای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێی یه‌كێتی و پارتی ئاشكراده‌كات‌

پەیسەر

بڕیاره‌ سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی له‌شاری هه‌ولێر كۆببنه‌وه‌ و په‌یسه‌رپرێس زانیاری ده‌رباره‌ی ناوه‌رۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌ ئاشكراده‌كات.

كۆبوونه‌وه‌ی دوای گرژییه‌كان
كاتژمێر 11ی پێش نیوه‌رۆی سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر مێزی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌شاری هه‌ولێر كۆده‌بنه‌وه‌، وه‌فده‌كه‌ی یه‌كێتی له‌ رزگار عه‌لی، ده‌ربازكۆسره‌ت ره‌سوڵ، شاڵاوعه‌لی عه‌سكه‌ری ، سۆران جه‌مال تاهیر و بورهان سه‌عید سۆفی پێكدێت و هیچ كام له‌ هاوسه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتی و كه‌سانی نزیكی ماڵی تاڵه‌بانی ئه‌ندامی شانده‌كه‌ نین، هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی یه‌كێتیش به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ ناكه‌ن، ئه‌مه‌ش گومانی لای پارتی دروستكردووه‌ له‌سه‌ر جدیه‌تی هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.

 كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر داوای پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ و یه‌كێتیش داوایكردووه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌شاندی پارتیدا به‌شداربێت، به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌ر پرێس پارتی داوایكردووه‌، یه‌كێك له‌ هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێ بكات، چونكه‌ ئه‌وان كێشه‌یان له‌گه‌ڵ پارتی و حكومه‌ت هه‌یه‌، نه‌ك نزیکەکانی كۆسره‌ت ره‌سوڵ كه‌ زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی وه‌فده‌كه‌ی سبه‌ینێ پێكده‌هێنن.

په‌یسه‌رپرێس بۆ وه‌رگرتنی زانیاری ده‌رباره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێ چه‌ند جارێک په‌یوه‌ندی كرد به‌ ئه‌مین بابه‌شێخ وته‌بێژی یه‌كێتی و محمود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی به‌ڵام وه‌ڵامی په‌یوه‌ندیه‌كه‌یان نه‌دایه‌وه‌.

یه‌كێتی و پارتی باسی چی ده‌كه‌ن؟
به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌ر پرێس پارتی له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێدا داوا له‌ یه‌كێتی ده‌كات هاوكاریه‌كانی بۆ په‌كه‌كه‌ رابگرێت، و رێگه‌ش نه‌دا په‌كه‌كه‌ خاكی باشوری كوردستان به‌كاربهێنێت بۆ چالاكیه‌ سیاسیه‌كانی، له‌ به‌رامبه‌ردا یه‌كێتی ده‌یه‌وێت پرسی ئه‌و پۆستانه‌ له‌گه‌ڵ پارتی تاوتوێ بكات، كه‌ مافی خۆیه‌تی و تائێستا وه‌رینه‌گرتووه‌، هه‌روه‌ها یه‌كێتی ده‌یه‌وێت به‌شداربێت له‌دروستكردنی بڕیاری سیاسی هه‌رێم، و پرۆژه‌یه‌كیشیان به‌ناوی هاوسه‌نگی حوكمرانی ئاماده‌كردووه‌ و بڕیاره‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا راده‌ستی پارتی و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم بكرێت.

هه‌روه‌ها پرسی كشاندنه‌وه‌ی هه‌موو هێزه‌كان له‌ زینی وه‌رتێ، ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌بێت، ئه‌گه‌ریش له‌م بڕگانه‌دا لێكتێگه‌یشتن هه‌بێت، ئه‌وه‌ باسی پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌تیش ده‌كرێت، خۆ ئه‌گه‌ر له‌م ته‌وه‌رانه‌دا نه‌گه‌نه‌ ئه‌نجام ئه‌وه‌ یه‌كێتی و پارتی، به‌جیا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی ده‌كه‌ن بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت.

ئاماده‌كاری بۆ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێ كراوه‌
به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌رپرێس پێش كۆبونه‌وه‌كه‌ هه‌ردوولا بڕیاریانداوه‌ هێرشی میدیایی بۆسه‌ر یه‌كتر رابگرن، و لێدوانیش نه‌ده‌ن، هه‌روه‌ها سنورێك بۆ شه‌ڕی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان دابنێن، و كێشه‌كانیان ڕووبه‌ڕوو باس بكه‌ن، و هیچ لایه‌نێكیان په‌نا نه‌باته‌ به‌ر راگه‌یاندن بۆ ناشیرین كردنی لایه‌نی به‌رامبه‌ر.


كێشه‌كانی یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر چین؟
یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم هاوبه‌ش و یه‌كریز بوون به‌ڵام به‌هۆی ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 وه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانیان ئاڵۆز بوو، دواتریش له‌ 2/10/2018 به‌رهه‌م ساڵح كاندیدی یه‌كێتی له‌به‌رامبه‌ر فواد حوسێن كاندیدی پارتی بووه‌ سه‌رۆك كۆمار ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌و دوو حزبه‌ی ئاڵۆزتر كرد، رۆژی 21/12/2019 یه‌كێتی كۆنگره‌ی چواره‌می به‌ست به‌ڵام پارتی پیرۆزبای كۆتایی كۆنگره‌ی له‌یه‌كێتی نه‌كرد، ئه‌وه‌ش سه‌ركردایه‌تی نوێی نیگه‌ران و توڕه‌كردووه‌، پارتی پێی وایه‌ نه‌یاره‌كانی ئه‌و كۆنگره‌كه‌یان بردۆته‌وه‌، بۆیه‌ خۆیان له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان بوارد، له‌ رابردووشدا یه‌كێتی چه‌ند گله‌یه‌كی له‌پارتی هه‌بووه‌ له‌وانه‌ش ماڵی تاڵه‌بانی پێیان وایه‌ پارتی ده‌ستوه‌ردان له‌كاروباری ناوخۆی یه‌كێتی ده‌كات و هه‌ندێك جاریش پشتیوانی باڵێك له‌سه‌ر حسابی باڵێكی تر ده‌كات، جگه‌ له‌وه‌ی پارتی ڤیتۆی له‌سه‌ر كاندیده‌كانی یه‌كێتی هه‌بووه‌ بۆ پۆسته‌ حكومیه‌كان له‌وانه‌ش ره‌وه‌ندمه‌لامحمود كه‌ كاندیدی یه‌كێتی بووه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ناوچه‌ دابرێندراوه‌كان، هه‌روه‌ها یه‌كێتی پارتی به‌وه‌ تۆمه‌تبارده‌كات كه‌ پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كان نه‌بووه‌ له‌وانه‌ش رێككه‌وتنی 11ی ته‌موزی 2019 كه‌ تێیدا بریاردرا پارتی پشتیوانی یه‌كێتی بكات له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌ڵام دواتر  ته‌یب جه‌بار كاندیده‌كه‌ی یه‌كێتی نه‌بووه‌ به‌ پارێزگار.

جگه‌ له‌وه‌ی یه‌كێتی پێی وایه‌ حكومه‌تی هه‌رێم لاسه‌نگه‌ و زۆرینه‌ی پۆسته‌ و بریاره‌كان لای پارتین، و یه‌كێتی وه‌ك پێویست له‌ بریاره‌ سه‌ره‌كیه‌كان به‌شدارنیه‌.