02:36 - 21/04/2020
گۆڕان پرۆژه‌ى جێگره‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتی هەرێم پێشكه‌ش ده‌كات
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان پرۆژه‌یه‌ك بۆ جێگره‌وه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌شى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كات، به‌پێى پرۆژه‌كه نه‌وتى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پێداویستى ناوخۆ به‌كاردەهێندرێت، به‌وه‌ش نرخى به‌نزین داده‌به‌زێت و داهاته‌كه‌شى له هه‌نارده زیاتر ده‌بێت، هه‌روه‌ها ئه‌و نه‌وته‌شى ده‌مێنێته‌وه له‌رێگه‌ى كۆمپانیاى سۆمۆوه هه‌نارده بكرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیسەر پرێس لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، به‌پێى ئه‌و پرۆژه‌ى گۆڕان پێشكه‌شى كردووه، بەشێك لەنەوت بۆ ناوخۆ تەرخان ده‌كرێت، لە ڕێگەی پاڵاوگەكانەوە ده‌كرێتە بەنزین، نەوتی سپی، گازوایل و پێداویستییەكانی بازاڕی پێ دابین بكرێت، به‌وجۆره هه‌رێمى كوردستان ناچار نابێت به پاره‌یه‌كى زۆر به‌نزین هاورده بكات له وڵاتانه‌وه، هه‌روه‌ها نرخى به‌نزین و نه‌وتى سپى و گازایل هه‌رزانتر ده‌بێت بۆ خه‌ڵكیى.
له ئه‌گه‌رى جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌كه له هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت ٤٠ دۆلار ده‌مێنێته‌وه بۆ حكومه‌ت ئەگەر ١٥ دۆلاریش بداتە پاڵاوگەكان بۆ پاڵاوتنی هەر بەرمیلێك، له‌كاتێكدا به‌پێى زانیارییه‌كانى پەیسەر مانگى رابردوو حكومه‌ت له هه‌ر به‌رمیلێك نەوت لەنێوان هەشت بۆ ١٢ دۆلاری بۆماوەتەوە.
باشییه‌كانى پرۆژه‌كه
لەكاتی جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیەدا پارەی هەرێمى كوردستان بۆ کڕینی سوتەمەنی ناچێتە دەرەوە و لەناوخۆدا دەمێنێتەوە، هەرێمی كوردستان لەدۆخی ئاسایی‌دا رۆژانە پێویستیی بە نزیكەی حەوت ملیۆن لیتر بەنزین هەیە و ئەو بڕەش ساڵانە زیاد دەكات. ئەوەش لەكاتێكدایە ئێستا هەرێمی كوردستان بۆ بەنزین و نەوتی سپی پشت بە هاوردەكردنی دەبەستێت لە توركیا و ئێران و وڵاتانی ترەوە. هەروەها هەلی کار لە ناوخۆدا بۆ ژمارەیەکی باش لە خەڵکی دەڕەخسێت.
به‌پێى ئامارى فه‌رمیى بەرێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم یەك ملیۆن و ٧٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل لەهەرێمی كوردستان تۆماركراون، تەنها ساڵی رابردووش ١٥٣ هەزار ئۆتۆمبێل تابلۆی پێدراوە، بەوەش دەردەكەوێت پێداویستی بەنزین لە هەرێم ساڵانە ڕوو لە زیاد بوون دەكات، جگە لەوەی هەرێمی كوردستان بۆ خۆگەرمكردنەوە ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە دوو ملیار لیتر نەوتی سپی هەیە و لەو بڕەش تەنها لە وەرزی زستاندا پێویستی بە یەك ملیار و ٥٠٠ ملیۆن لیتر هەیە، زۆرینەی ئەو نەوتەش ئێستا لەدەرەوە هاوردە دەكرێت، هەروەها بۆ مۆلیدەی گەڕەكەكان و چەند وێستگەیەكی كارەبا و كەرەستە كشتوكاڵییەكان و چەند جۆرێكی ئۆتۆمبێل هەرێم ساڵانە پێویستی بە چەندین ملیار لیتر گازوایل هەیە و زۆرینەی ئەو گازوایلەش لەدەرەوە وە هاوردە دەكرێت.
پاڵاوگەكان دەتوانن یارمەتیدەربن
لە هەرێمی كوردستان دوو پاڵاوگەی گەورە هەیە، كە یەكێكیان لە بازیانە و لەلایەن كۆمپانیای قەیوانەوە خاوەندارێتی دەكرێت و ئێستادا رۆژانە ٤٠ هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت و دەشتواندرێت تواناكانی بۆ نزیكەی ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزبكرێتەوە، پاڵاوگەی كەڵەكیش لەلایەن كۆمپانیای كارەوە خاوەنداری دەكرێت و ئێستا رۆژانە نزیكەی ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت و دەتواندرێت تواناكەی بۆ ١٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرزبكرێتەوە. ئێستا ئه‌و پاڵاوگانه سوته‌مه‌نى بۆ خوارووى عێراق ره‌وانه ده‌كه‌ن.
جگە لەوەی لەهەرێمی كوردستان ٢٠٠ پاڵاوگەی نایاسایی هەیە و ئێستادا تەنها ٣٠ پاڵاوگەیان ماون، دەتواندرێت ئەو پاڵاوگانەی كە كێشەی پیس بوونی ژینگەیان نییە، مۆڵەتیان پێ بدرێت بۆ ئەم قۆناغە، نەوتی سپی و بەنزین و گازوایل بۆ ناوخۆ و ناوچەكانی تری عێراق دابین بكات و تەنانەت ئەوەی مایەوە هەناردەی دەرەوە بكرێت.
ئاستەنگەكانی بەردەم ئەو پرۆژەیە
بەشێك لەو كۆمپانیایانەی كە هەناردە و فرۆشتنی نەوتی هەرێمیان پێسپێردراوە زەرەرمەند دەبن، بۆیە دیارنییە هەڵوێستی ئەوانیش چۆن دەبێت، بە دیاریكراویش كۆمپانیای رۆسنەفت و كۆمپانیای كار كە مانگانە ٥٠ ملیۆن دۆلار لەبەرامبەر هەناردەی نەوت وەردەگرن، بەوپێیەی ئەوان خاوەنداری بۆری نەوتی هەرێم دەكەن، ئەگەری ئەوەش هەیە كۆمپانیاکان ئەم کێشەیە بەرنە دادگا .
تائێستا رێككەوتنی ٥٠ ساڵەی نێوان هەرێم و توركیا ڕوون نیە، ئەنكەرە كە لەئێستادا سودمەندی هەناردەی نەوتی هەرێمە بەوپێیەی لەماوەی رابردوودا لە بەرامبەر كرێی بۆری نەوتی هەرێم بۆ هەر بەرمیلێك نەوت پێنج دۆلاری لەحكومەتی هەرێم وەرگرتووە، دیارنییه هه‌ڵوێستى چۆن ده‌بێت سه‌باره‌ت به پرۆژه‌كه.
"پرۆژەیەكی گرنگە"
لای خۆیەوە دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە پەیسەر پرێس-ی راگەیاند، پرۆژەی جێگرەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە گرنگە چونكە، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرزی و نزمی بەخۆیەوە دەبینێت و زۆر جار هەرێمی كوردستان بەهۆی زۆری خەرجییەكەیەوە، پارەیەكی كەمی بۆ دەمێنێتەوە، لە بەرامبەردا ملیۆنان دۆلاری هەرێم رەوانەی دەرەوە دەكرێت بۆ كڕینی سەرچاوەكانی وزە.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره گوتیشى:"دەكرێت لەرێگەی پرۆژەی جێگرەوەی هەناردەی نەوتەوە، حكومەتی هەرێم چەند قات زیاتر سود لە نەوتەكەی وەربگرێت، لەدوا رێككەوتن لەگەڵ بەغداد بەشێكی بۆ پێداویستییەكانی ناوخۆ بەكاربهێنێت. دەبێت پەلەش بكات لە بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی".