ڕاپۆرتی کوردستانی

11:12 - 27/12/2018

به‌شیر موشیر تاكه‌ سه‌ركرده‌ بووه‌ كه‌ توانیوویه‌تی هه‌موو ده‌نگه‌كان كۆبكاته‌وه‌‌

پەیسەر

له‌ مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردیدا هیچ كاتێك ده‌نگه‌جیاوازه‌كان یه‌ك نه‌بوون، ئه‌گه‌ر یه‌كیش بووبن دوای ماوه‌یه‌ك شه‌ڕ و ناكۆكی كه‌وته‌ نێوانیانه‌وه‌.له‌ دوكانێكی بچووكی له‌ به‌رامبه‌ر مزگه‌وتی (حه‌یده‌رخانه‌)ی شاری به‌غدا پیاوێكی سه‌ر ڕووتاوه‌ی ده‌م به‌خه‌نده‌، پڕ له‌ خه‌ونی كوردایه‌تی، پڕ له‌ حه‌زی ئه‌ده‌بی و سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش"خاوه‌نی مه‌قه‌ستی ئاڵتونی" خه‌ریكی به‌رگدووری ده‌بێت. زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ سه‌ردانی ده‌كه‌ن ده‌سته‌بژێری كۆمه‌ڵگای كوردن. ئه‌و له‌به‌ر خۆشه‌ویستنی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌ستبه‌رداری دوكانی به‌رگدوورییه‌كه‌ی ده‌بێت و ده‌یكاته‌ شوێنی كتێبفرۆشی، ئه‌و نانی كتێبی نه‌ده‌خوارد، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی به‌س بوو كه‌ نووسه‌ره‌كان به‌ناوی ئه‌وه‌ شیعریان ده‌نووسی و سیاسیه‌كان ئامۆژگارییه‌كانیان به‌ هه‌ند وه‌رده‌گرت. هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ جاره‌ تووڕه‌ بوون بڕیاریانداوه‌ كه‌ نه‌چنه‌وه‌ بۆ لای مامۆستا به‌شیر موشیر، به‌ڵام به‌ تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌كی كورت، له‌ بڕیاره‌كه‌ په‌شیمان بوونه‌ته‌وه‌. به‌شیر له‌ نیشتمان په‌روه‌ریدا له‌ ترۆپك بووه‌، هه‌رگیز نه‌یگوتووه‌ من خه‌ڵكی سلێمانیم به‌ڵكو ده‌یگوت من كوردم.


به‌شیر موشیر كێیه‌؟
دكتۆر كه‌مال سه‌باره‌ت به‌ ئاشكراكردنی مامۆستا به‌شیر موشیر ده‌ڵێت" مامۆستا به‌شیر له‌ ده‌وروبه‌ری ساڵی 1890 هاتۆته‌ دونیاوه‌، خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی خه‌ڵكی شاری سلێمانیین. له‌ هه‌رزه‌كارییه‌وه‌ ده‌چێته‌ خولێكی شه‌ش مانگی سوپای عوسمانلییه‌وه‌ دواتر ده‌بێت به‌(زه‌فتێ) واته‌ ئه‌و پۆلیسه‌ی كه‌ خولی بینووه‌. ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵ به‌شیر موشیر به‌شداری ئه‌و خوله‌یان كرد دواتر بوو بوون به‌ قایمقامی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌وانه‌ش ڕه‌شید سه‌دیق و دواتریش بوو به‌ سه‌رۆكی شاره‌وانی سلێمانی." كاتێك ته‌مه‌نی ده‌كشێت به‌شیر موشیر له‌ مێشكی خۆیدا ده‌ڵێت له‌ سوپای عوسمانییه‌كان پله‌ی موشیرم هه‌بووه‌. جه‌مال نه‌به‌ز ده‌ڵێت" ئوستاد هه‌رگیز درۆی نه‌ده‌كرد، ئه‌وه‌ی له‌ مێشكی خۆی بوایه‌، لای ئه‌و ڕاستبوو. جیاوازی له‌گه‌ڵ درۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی درۆزنه‌ ده‌زانێت درۆ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و هه‌میشه‌ له‌ مێشكی خۆیدا ڕاستی ده‌گوت."

دوكانی به‌رگدووریه‌كه‌ی له‌ رۆژنامه‌یه‌كی نه‌مساوی باس ده‌كرێت
رۆژنامه‌یه‌كی نه‌مساوی له‌ ژماره‌ی 743ی ساڵی 1991 له‌سه‌ر به‌شیر موشیر ده‌نووسێت و له‌ ژێر وێنه‌كه‌ی به‌شیر موشیر نووسیویانه‌"به‌شیر موشیر ئه‌و كه‌سه‌ی بوو به‌ هێما"  ‌ دووكانه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ شه‌قامێكی جه‌نجاڵی پڕ له‌ كاری به‌غداوه‌، ڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته‌ به‌رامبه‌ر مزگه‌وتی حه‌یده‌ر خانه‌. له‌وێ ئه‌فسه‌ره‌ كورده‌كانی سوپای عێراق سه‌ریان له‌ دوكانه‌كه‌دا ده‌دا.سیاسته‌وانه‌كانی كورد له‌و دوكانه‌ یه‌كتریان ده‌بینی و ئالوگۆڕی فكریان ده‌كرد.له‌وێ نه‌ده‌بوو ڕاوێژ به‌ به‌شیر نه‌كرێت.ئه‌وان ده‌بوو گوێ له‌ ڕاوێژكاره‌كه‌ بگرن كه‌ به‌شیر موشیر بووه‌، به‌ سوعبه‌ت وه‌ڵامی ده‌دانه‌وه‌ و دوایش ده‌یكرد به‌ ڕاستی.
به‌ناوی به‌شیر موشیره‌وه‌ ده‌یان وتار بڵاو ده‌كرانه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی خۆی ئاگای لێبێت كاتێك لێی ده‌پرسن فڵانه‌ وشه‌ و ده‌ربڕین له‌ وتاره‌كه‌ت تێناگه‌ین ده‌یگوت"من بۆ كه‌سی گه‌مژه‌م نه‌نووسیووه‌ به‌ڵكو بۆ حكومه‌تم نووسیووه‌، حكومه‌ت لێم تێده‌گات."

كامل چادرچی سه‌ردانی دوكانه‌كه‌ ده‌كات
مام جه‌لال، عه‌ئادینی سوجادی، هه‌ژار موكریانی، د.جمال نه‌به‌ز، شوكری مسته‌فا، د.عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوڵ، كامل ژیر، د.كمال فوئاد، گیوی موكریانی.زۆركه‌سی دیكه‌ش سه‌ردانی دوكانه‌كه‌یان ده‌كرد و وه‌كو خوێندكار گوێیان له‌ مامۆستا  ڕاوێژكاره‌كه‌یان ده‌گرت.له‌و سه‌رده‌مه‌ سیاسیه‌كی ناودار به‌ ناوی كامل چادرچی هه‌بووه‌، زۆر عه‌قڵییه‌تێكی ئه‌رستۆكراتی هه‌بووه‌، له‌ یاداشتنامه‌كه‌ی خۆیدا باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ كه‌مجاربووه‌ سه‌ردانی كه‌س بكات، دووجار نه‌بێت چۆته‌ سه‌ردانی شێخ مه‌حمودی مه‌لیك.به‌ڵام دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوڵ ده‌ڵێت به‌ چاوی خۆم چه‌ندین جار بینیوومه‌ كه‌ چادرچی ئۆتۆمبیله‌كه‌ی ڕاده‌گرت و ده‌هات بۆ سه‌ردانی به‌شیر موشیر و ده‌ڕۆیشت. ئه‌وكاره‌ش ببووه‌ جێگای سه‌ره‌نجی زۆر كه‌س.

قاسملۆ و به‌شیر موشیر
دكتۆر عبدوڵره‌حمان قاسملۆ زۆر مامۆستا به‌شیری موشیری خۆشده‌وێت، جارێك ده‌ڵێت كورد میلله‌تێكه‌ هیچی له‌ خه‌ڵكی دیكه‌ ناچێت، نه‌ باشی باشه‌ و نه‌ خراپیشی خراپه‌.عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوڵ ده‌ڵێت كه‌ لێمه‌ ده‌پرسی مه‌به‌ستت چییه‌؟ ده‌یگوت ئاخر كوا هیچ میلـله‌تێك له‌ دونیا هه‌یه‌ به‌شیر موشیری هه‌بێت.
دواتر شه‌هید قاسملۆ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر به‌شیر موشیری خۆشده‌ویست، له‌گه‌ڵ خۆی بردی بۆ شه‌قڵاوه‌ و پیرمام. له‌و سه‌ره‌وه‌ كاتێك گه‌ڕایه‌وه‌ خه‌رمانی قسه‌خۆشه‌كانی مامۆستا به‌شیر موشیری زۆر كردبوو.


مام جه‌لال و به‌شیر موشیر
ئه‌و كاته‌ی ڕێكه‌وتنی نێوان حكومه‌تی عێراق و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان دێته‌ ئاراوه‌، مام جه‌لال له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ دكتۆر كه‌مال فوئاد ده‌نوسێت"مایه‌وه‌ میری، ئێمه‌ زۆر وریایین به‌ پێی ئامۆژگارییه‌كانی به‌شیر موشیر كارده‌كه‌ین، به‌شیریزم ڕێبه‌ره‌ له‌م مه‌یدانه‌ جارێ هه‌ر له‌ قۆناغی گفتوگۆ و شه‌ڕوه‌ستاندنداین.گه‌ر حه‌ق درا زۆر باشه‌ ئه‌گینا ئێمه‌ هه‌ر له‌ شوێنی خۆمانین"
دكتۆر فوئاد ده‌ڵێت كاتێك نامه‌كه‌م بینی دڵنیابووین كه‌ مه‌ترسی له‌ ئارادا نییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ڵێت به‌شیریزم ڕێبه‌ره‌.ئیتر هیچ مه‌ترسیه‌ك له‌ ئارادا نییه‌.
مام جه‌لال ده‌یگێڕێته‌وه‌، ساڵی 1963 به‌شیر موشیر هات بۆ سه‌ردانم.مه‌جلیسه‌كه‌ هێنده‌ قه‌ره‌باڵه‌غ بوو من و ئه‌ویش نه‌مانتوانی قسه‌ی دڵی خۆمان بۆ یه‌كتربكه‌ین، ئوستاد به‌شیر موشیر هه‌ستایه‌ سه‌رپێ و منیش وه‌كو خوێندكارێكی دڵسۆزی ئه‌و تاوه‌كو به‌رده‌رگا له‌گه‌ڵی ڕۆیشتم.ده‌می خسته‌ بنا گوێمه‌وه‌ پێی گوتم" نه‌كه‌ن به‌م سه‌گبابانه‌ بڕوا بكه‌ن، ئه‌مانه‌ دوژمنی كوردن، هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن مافه‌كانی گه‌لی كورد له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌مانه‌ جێبه‌جێ ببێت." 
مام جه‌لال ده‌ڵێت (تا پێش مردنی) تاوه‌كو بمێنم ئه‌و قسه‌یی ئوستاد له‌ گوێی مندا ده‌زرنگێته‌وه‌، ئه‌وه‌ یه‌كێكبوو له‌ ئامۆژگارییه‌كانی مامۆستا به‌شیر.

مژده‌به‌ران
پیاوێك بوو به‌ واتایی وشه‌ حه‌ز له‌ ئه‌ده‌بیاتبوو، ده‌یویست هه‌موو شته‌ جوان و باشه‌كان بۆ ئه‌و بێت، یاخود زۆربه‌ی په‌رتووكه‌ باشه‌كان به‌ فیلته‌ری ئه‌ودا بڕۆن، ئه‌و خۆی به‌ خاوه‌نی هه‌موو لایه‌ك ده‌زانی، سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ خۆیان به‌ ده‌روێش و خوێندكاری مامۆستا به‌شیر موشیر ده‌زانی ناوی لێیان نابوو(مژده‌ به‌ران). ئه‌و پیاوێك بوو خۆی ده‌یگوت من فه‌یله‌سووفم، بیرمه‌ند، شاعیر، زمانناس و ئه‌فسه‌ر، گه‌ڕیده‌، به‌رگدروو بوو. هه‌ر ده‌قێك باش بوایه‌ ئه‌و ده‌بوو به‌ خاوه‌نی هه‌ژاری موكریانی یه‌كێك بوو له‌ مژده‌به‌ران، شعرێك ده‌نووسێت :
به‌شیر موشیر له‌ عه‌زره‌ت كوردانه‌ وا به‌ پیری 
ئاره‌ق ئه‌كا و له‌ گه‌رما له‌ناو دوكان ئه‌سوتێ
دوای چه‌ند رۆژێك بانگی هه‌ژار موكریانی ده‌كات به‌ڵام ئه‌و به‌ مامۆستا هه‌ژاری ناونابات له‌ خۆشه‌ویستیدا پێێ ده‌ڵێت"عه‌زیز" جا ده‌ڵێت، عه‌زیز به‌ دینی پێغه‌مبه‌ر ئه‌مه‌ جوانترین شیعره‌ كه‌ ئه‌مین نووسیبێتم. 


جه‌مال نه‌به‌زی به‌شیریست
یه‌كێك له‌و مژده‌به‌ره‌ سه‌ر سه‌ختانه‌ی ڕێبازی به‌شیریزم كۆچكرد مامۆستا جه‌مال نه‌به‌زه‌، بڕوا ناكرێت به‌ پێی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له‌سه‌ر به‌شیر موشیر هه‌یه‌ هیچ كه‌سێك هێنده‌ی جه‌مال نه‌به‌ز په‌یڕه‌وكه‌ری ڕێبازه‌كه‌ی بووبێت، جه‌مال نه‌به‌ز ده‌ڵێت، من به‌شیر موشیرم نه‌ده‌ناسی ڕۆژێك به‌ ڕێكه‌وت چوومه‌ دوكانه‌كه‌ی چه‌ند كتێبێكی دانابوو ئه‌و پێی ده‌گوت"كیتاب" یه‌كێك له‌و كتێبانه‌ كتێبی "سیپاره‌ی هه‌قپه‌ره‌ستی"بوو ئه‌وی دیكه‌یان دیوانێكی ئه‌ده‌بی به‌ناوی "میسباح الدیوان"بوو. ته‌ماشای سیپاره‌ی هه‌قپه‌ره‌ستیم كرد له‌سه‌ری نووسرابوو" ئه‌وه‌ڵین كیتابێكی عه‌جیبه‌، به‌ ده‌ستی به‌شیر موشیر نووسراوه‌." به‌ عه‌ره‌بی قسه‌م له‌گه‌ڵی كرد.گوتی باشه‌ تۆ عه‌ره‌بی كتێبی كوردیت بۆچییه‌، كاتێك زانی كوردم ئێییی كه‌واته‌ بۆچی به‌ عه‌ره‌بی قسه‌ ئه‌كه‌ین.. گوتم باشه‌ ئه‌م كیتابانه‌ نرخیان چه‌نده‌؟
گوتی." ئێ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌لین كیتابێكی عه‌جیبه‌. ئه‌وه‌ سیپاره‌ی هه‌ق په‌ره‌ستییه‌."
مامۆستابه‌شیر موشیر ده‌بوو داواكارییه‌كانی له‌ "كن ف یكون"ێكدا بنووسرایه‌، ئه‌و فه‌رمانی ده‌دا بۆنموونه‌ شعرێك بنووسین یان شتێكی دیكه‌ ده‌منووس ده‌یگوت بیخوێنه‌وه‌ بۆم ده‌خوێنده‌وه‌ ئه‌وجا ده‌یگوت" ئێێییییییییی باشم نووسیووه‌، باشم نووسیووه‌، باشم نووسیووه‌."

دوكانه‌كه‌ی 
به‌شیر موشیر سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی یه‌كێكبووه‌ له‌ به‌رگدووره‌ باشه‌كانی به‌غدا و دوكانه‌كه‌ی له‌ شه‌قامی ڕه‌شید به‌رامبه‌ر به‌ مزگه‌وتی حه‌یده‌رخانه‌ بووه‌، دوای ئه‌وه‌ی نووسه‌ر و سیاسی و ڕۆشنبیرانی كورد ڕووی تێده‌كه‌ن ناوی دوكانه‌كه‌ی ده‌نێنن" ڕووگه‌ی هیوای كورد" یان قیبله‌ی ئامالی كورد و به‌شیر موشیریش خۆی ده‌بێت به‌ گه‌وره‌ی كورد. ئه‌وكاته‌ی دوكانه‌كه‌ی ده‌بێت به‌ خه‌تێكی گه‌وره‌ نووسیبووی" به‌شیر موشیر خاوه‌نی مه‌قسه‌تی ئاڵتونی."ئه‌و به‌هۆی دوكانه‌كه‌یه‌وه‌ باری دارایی زۆر باشبوو وه‌ستای له‌ سوریاوه‌ هێنابوو جلوبه‌رگی بۆ ده‌دوری، زۆر له‌ وه‌زیر و كه‌سه‌ ناوداره‌كانی به‌غدا لای ئه‌و جلیان ده‌دوری.به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ عاشقی كورد و كوردایه‌تی بوو وازی له‌ به‌رگدوریه‌كه‌ی هێناو و كردی به‌ شوێنی كتێب فرۆشتن.
دوكانه‌كه‌ی هێنده‌ به‌ناوبانگ بوو له‌سه‌ر ڕووپه‌ڕی گۆڤار و رۆژنامه‌كان له‌سه‌ری ده‌نووسرا"الخياط الملكي و العسكرى, صاحب مقصت الذهبى , بشير مشير."
مامۆستا به‌شیر به‌خۆی ده‌گوت كاتی له‌ سوپای عوسمانی پله‌ی مشیرم هه‌بووه‌ بۆیه‌ نازناوه‌كه‌م له‌وه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌.

سیپاره‌ی هه‌قپه‌ره‌ستی
سیپاره‌ی هه‌قپه‌ره‌ستی ساڵی 1931 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌م په‌رتووكه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی شاعیر ئه‌سیری نووسراوه‌، به‌ڵام به‌شیر بۆته‌ خاوه‌نی، ئه‌و زۆر به‌ گڕوتینه‌وه‌ باسی ئه‌و كیتابه‌ی ده‌كرد، هه‌ركاتێك باسی كتێبێك بكرایه‌ یه‌كسه‌ر ده‌یگوت تۆ سیپاره‌ی هه‌قپه‌ره‌ستیت خوێندۆته‌وه‌؟ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ نووسه‌ری له‌ده‌وروبه‌ری ده‌بن، هه‌مویان خۆشیان ده‌وێت، له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانی ئه‌وكاته‌ی هیوا و ژین و بڕوا، بابه‌ته‌كانیان به‌ناوی ئه‌وانه‌وه‌ بڵاو ده‌كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش مایه‌یی دڵخۆشی ئه‌وبوو. بۆیه‌ تاوه‌كو مرد نزیكه‌ی 200 قه‌سیده‌ی به‌ناوه‌وه‌ كرابوو.
هه‌ژار موكریانی كام شعری به‌ناوی به‌شیر موشیر بڵاوكردۆته‌وه‌
جه‌مال نه‌به‌ز ده‌یگێڕێته‌وه‌ جارێك ئوستاد به‌شیر موشیر و هه‌ژار موكریانی نه‌خۆش ده‌بن، هه‌ژار نه‌خۆشی سیلی ده‌بێت، ئوستاد پێی ده‌ڵێت وه‌ره‌ من شتێكت پێده‌ڵێم ئه‌تویش بیكه‌ به شیعر كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ نه‌خۆشی هه‌ردووكمانه‌وه‌ هه‌یه‌، گوتی و هه‌ژاریش كردی به‌ شیعر كه‌ ئه‌م شیعره‌یه‌:
به‌ ده‌ست نه‌خۆشی زه‌لیلی بووم و دیل
شه‌مه‌نیخه‌م بوو له‌گه‌ڵ ئیزرائیل
ئه‌و ده‌یگوت"به‌شیر" پیری و ناته‌وان
به‌س ماندووی رۆژ و كۆكینی شه‌وان
با نه‌جاتت ده‌م له‌ ده‌ست هه‌ژاری
ده‌ردی نه‌داری مه‌رگه‌ تیماری
وتم نامه‌وێ مه‌رگی به‌ هاسان
ده‌مه‌وێ بمرم وه‌كو پیاوخاسان
له‌ژێر نه‌زانی وه‌ته‌ن پێ خوسته‌
بۆ ڕزگاربوونی هه‌وڵی پێویسته‌
ده‌مه‌وێ بمرم له‌ ڕێی مه‌یدانا
خۆم پێشمه‌رگه‌ بم له‌ كوردستانا
داخی غه‌ریبی به‌س له‌ دڵم بێ
با خاكه‌كه‌ی خۆم ئاو و گڵم بێ
وه‌ته‌ن به‌ خۆشی گه‌ر بینمه‌وه‌
ئیتر هه‌رده‌ژیم قه‌ت نامرمه‌وه‌

چه‌ند ڕووداوێك له‌ ژیانی به‌شیر موشیر
سه‌عید قه‌زاز وه‌زیری ناوخۆی ئه‌و كاته‌ی عێراق ده‌بێت و ڕۆژێك ئۆتۆمبیله‌كه‌ی له‌ پێش دووكانی به‌شیر موشیر ڕاده‌گرێت و پاكه‌تێكی لێ ده‌كڕێت.
قه‌زاز: مامۆستا به‌شیر ئه‌و شته‌ قۆرانه‌ چین، كێ بۆت ده‌نووسێ؟ كه‌ هه‌مووی جنێون به‌ حكومه‌ت.
به‌شیر موشیر: ئه‌مین خۆم قه‌ڵه‌مم به‌ قوته‌، خۆم ئه‌ینووسم.
قه‌زاز: باشه‌ خۆت قه‌ڵه‌مت به‌ قوته‌ بۆچی له‌ دژی حكومه‌ت ده‌ینووسیت؟ حكومه‌ت چی له‌ تۆ كردووه‌؟
به‌شیر موشیر: سه‌عید به‌گ با حكومه‌ت گه‌واد نه‌بێت ئه‌مین له‌ دژی نا‌نووسم؟ ئه‌مین بۆ له‌ دژی جه‌نابت نانووسم و له‌ دژی حكومه‌ت ده‌نووسم؟
قه‌زاز: باشه‌ باشه‌ به‌ڵام جنێو به‌ من مه‌ده‌.
به‌شیر موشیر: نا ڕۆحه‌كه‌م ئه‌مین چۆن جنێو به‌ تۆ ده‌ده‌م ئه‌توو زاتێكی گه‌وره‌ی. ئه‌مین جنێو به‌ وه‌زیره‌ گه‌واده‌كانی ئه‌و حكومه‌ته‌ ده‌ده‌م.
قه‌زاز سه‌ری باده‌دات و پێده‌كه‌نێ و ده‌ڕوا.

جه‌مال نه‌به‌ز ده‌چێته‌ ماڵی به‌شیر موشیر ده‌بینێ ژنه‌كه‌ی ئوستاد له‌ ماله‌وه‌ نییه‌ به‌ ئوستاد ده‌ڵێ كوا دایكی شامیل؟

به‌شیر موشیر: عه‌ره‌ب ده‌رچوو ده‌رمان كرد.
جه‌مال نه‌به‌ز: چۆن؟
به‌شیر موشیر: ئێ ئه‌و سه‌گبابه‌ عه‌ره‌ب ده‌رچوو ئێمه‌یش ده‌رمان كرد.
جه‌مال نه‌به‌ز: شامیل ئه‌وه‌ دایكت له‌ كوێیه‌؟
شامیل: به‌خوا دایكم عه‌ره‌ب ده‌رچوو ئێمه‌یش ده‌رمان كرد.


ده‌ستنووسێكی به‌شیر موشیر بڵاو ده‌بێته‌وه‌
له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا ده‌ستنووسێكی ئوستاد به‌شیر موشیر بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ باس وه‌ڕگێره‌ كورده‌كان ده‌كات بابه‌تێكی دوور و درێژی نووسیوه‌ تێیدا هاتووه‌:" ئه‌گه‌ر موته‌رجم کورد، نه‌توانێ فه‌رق بکات له‌ مابه‌ین ته‌مه‌توع و حق الزحمة، ئه‌وا ئه‌و موته‌رجم، بونیاده‌مێک بوو که‌ بۆ پاره‌ ئیش کرد، نه‌ک بۆ ته‌مه‌توعی فه‌ننی ئه‌ده‌ب. ئه‌ده‌ب گه‌وره‌یه‌. به‌ مه‌عنا ئه‌گه‌ر موته‌رجم کیتابێک بۆ ته‌مه‌توع خۆی ته‌رجومان کرد، ئه‌وا خوێنده‌وار کوردیش ته‌مه‌توع له‌و کیتاب زۆر ده‌کات، وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ وا نه‌بوو، خوێنده‌وار کورد ته‌مه‌توع له‌و کیتاب نه‌کرد، چونکه‌ زوبان خراپ بوو، چونکه‌ که‌لیمه‌ باش نه‌بوو، چونکه‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌عنا خراپ بوو، که‌واته‌ ئه‌و موته‌رجم به‌س عانه‌ له‌ بیر بوو، ته‌رجومان ئه‌گه‌ر ته‌مته‌ع نه‌بوو، که‌واته‌ شوغڵی ئه‌و موته‌رجم به‌س عانه‌ بوو.

ئنجا موته‌رجم وه‌ختایه‌ک ته‌رجومه‌ خێرا کرد، که‌واته‌ ئه‌و به‌س بیر لای عه‌ده‌د بوو، عه‌ده‌د کیتاب. موته‌رجم گه‌وره‌ ئه‌و موته‌رجم بوو، که‌ یه‌ک کیتاب ته‌رجومان کرد، به‌س باش کرد، نه‌ک سه‌د کیتاب ته‌رجومان کرد، به‌س خراپ کرد. به‌ مه‌عنا ئه‌وه‌ی که‌ موته‌رجم ده‌بێ ته‌قه‌للا بکا ئه‌و کیتاب به‌ نه‌وعێ کوردی بکا، که‌ ئه‌و نه‌وع نه‌بێ. ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌وع هه‌بوو، که‌واته‌ ئه‌و موته‌رجم له‌و کیتاب خێرا کرد و زوبان و که‌لیمه‌ له‌ بیر کرد.

له‌ ئینتیهای ئه‌م مه‌قاله‌، ئه‌مین ده‌ڵێم، ته‌رجومانی کیتاب نه‌ ته‌نیا مه‌عنایه‌، مه‌عنا یه‌ک بناغه‌یه‌، موته‌رجم کورد به‌ مه‌عنا، ده‌بێ زوبان باش بێ، که‌لیمه‌ باش، ئنجا مه‌عنا باش بێ، چونکه‌ خوێنده‌واری کورد ده‌بێ بزانێ که‌ ئه‌و کاتب کیتابه‌ له‌ زوبان یه‌که‌م چۆن ئه‌و کیتاب نووسی."

مردنی به‌شیر موشیر
له دوای ئه‌نجامدانی كوده‌تای سه‌ربازی  له‌ لایه‌ن حزبی به‌عسه‌وه‌ ساڵی 1963 ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ ده‌ست، بۆیه‌ دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م ده‌ستده‌كه‌ن به‌ ڕه‌شبیگیری و چه‌ندین كه‌س ده‌ستگیرده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ش به‌شیر موشیره‌ پاش ئه‌شكه‌نجه‌دانی و هێشتنه‌وه‌ی له‌ به‌ندیخانه‌ ئازادی ده‌كه‌ن.به‌ڵام ئه‌و ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر جه‌سته‌ پیره‌كه‌ی به‌شیر موشیر ده‌بێت و بۆیه‌ له‌ به‌رواری 30ی ته‌مموزی 1963 دڵه‌گه‌وره‌كه‌ی بۆ ئه‌ده‌ب و كورد و كوردستان له‌ لێدان ده‌كه‌وێت. له‌ گۆڕستانی شێخ مارفی كه‌رخی ئه‌سپارده‌ی خاك ده‌كرێت، به‌ڵام له‌سه‌ر وه‌سێتی خۆی هیواخوازه‌ بهێنرێته‌وه‌  بۆ سلێمانی له‌ گردی مامه‌ یاره‌ بینێژن. 
به‌هۆی خۆشه‌ویستی خه‌ڵك و نووسه‌رانه‌وه‌ داواكرا كه‌ باخچه‌یه‌ك به‌ ناوی ئوستاد به‌شیر مشیر بكرێته‌وه‌. بۆیه‌ له‌ 12ی شوباتی 2017 لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە نووسەران و بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی، پارکێک و بەناوی بەناوی به‌شیر موشیر کرایەوە.ئەو پارەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی لە ساڵی 2010وە دروستکراوە، بەڵام دوای ئەوەی ژمارەیەک لە رووناکبیران و رۆشنبیرانی سلێمانی  داوای ئەوەیان کرد، شوێنێکی تایبەت بەناوی بەشیر موشیر بکرێتەوە به‌ فه‌رمی ناوی باخچه‌كه‌یان نا. باخچه‌ی به‌شیر موشیر.