ڕاپۆرتی کوردستانی

01:28 - 17/04/2020

كۆبوونه‌وه‌ى سێ قۆڵیى ده‌توانێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات؟‌

پەیسەر

په‌یوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى و پارتى له‌ دۆخێكدایه‌ له‌دواى شه‌ڕى ناوخۆوه‌ دۆخى وا خراپى به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌، ناكۆكییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئاستى دان لێك جیڕكردنه‌وه‌و كۆكردنه‌وه‌ى هێز له‌ زینێ وه‌رتێ، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كه‌ چه‌ند ساڵه‌ داواى دورخستنه‌وه‌ى حزب لە هێزە چەکدارەکان ده‌كات، داوا ده‌كات ژیانى خه‌ڵك له‌وه‌ زیاتر رووبه‌ڕووى دوودڵى نه‌كرێته‌وه‌، هه‌ر سێ بچنه‌ سه‌ر مێزى دانوستان بۆ كۆتاییهێنان به‌ گرژییه‌كان.

"یه‌كێتى زۆرى پێ باشه‌"

تا ئێستا یه‌كێتى نیشتمانیى كوردستان به‌ فه‌رمى ئاماده‌یى خۆى بۆ كۆبوونه‌وه‌ى سێ قۆڵى ده‌رنه‌بڕیوه‌، به‌ڵام ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و حزبه‌ ده‌ڵێت، كۆبوونه‌وى سێ قۆڵییان زۆر پێ باشه‌. سه‌عدی پیره‌ به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی گوت:"هیوادارم ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ هه‌رچی زووه‌ بكرێت، گۆڕانیش له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌شدار بێت، یه‌كێتی هیچ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ كۆبوونه‌وه‌ی دوو قۆڵیی و سێ قۆڵیی و پێنج قۆڵیش نییه‌ و ئاماده‌یه‌، هیچ رێگرییه‌كی نییه‌ و زۆریشی پێ باشه‌".

په‌یوه‌ندییه‌كان دواى كۆنگره‌ى چوار

سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى دواى كۆنگره‌ له‌گه‌ڵ پارتى وه‌ك جاران كۆك نییه‌، به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌ر له‌دوای كۆنگره‌وه‌، یه‌كێتی داوای كۆبوونه‌وه‌ی دووقۆڵی له‌ پارتی كردووه‌، به‌بیانوی"رێككردنه‌وه‌ی لاسه‌نگی" حوكمڕانی و "هاوسه‌نگكردنه‌وه‌ی". به‌ڵام پارتی وه‌ڵامێكی ئه‌رێنی ئه‌و داواكارییه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه‌ و پێی وابووه‌ ئه‌وه‌ كاری حكومه‌ت و یه‌كێتیش تێیدا به‌شداره‌، بۆیه‌ ده‌توانێت له‌رێگه‌ی حكومه‌ته‌وه‌ كار بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و مافانه‌یان بكه‌ن كه‌ پێیان وایه‌ لێیان زه‌وت كراوه‌.

"زینى وه‌رتێ ناوچه‌ى ئێمه‌یه‌"

پیره‌ ده‌ڵێت، كاتی خۆی له‌رێككه‌وتنی ئاشتی نێوان یه‌كێتی و پارتی سنوری ئه‌و ناوچانه‌ جێگیركراوه‌، زینی وه‌رتێ به‌پێی رێككه‌وتنی ئاشتی به‌شێكه‌ له‌سنوری یه‌كێتی لیوای هاوبه‌ش بۆ سنوری یه‌كێتی، ده‌بێت ئامر لیواكه‌ى یه‌كێتی بێت و بۆ سنوری پارتی ده‌بێت پارتی بێت.

پێده‌چێت یه‌كێتى تا ئێستا پێداگربێت له‌وه‌ى به‌پێى ژماره‌ى كورسییه‌كانى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ نه‌كرێت، پێگه‌ سه‌ربازیى و جوگرافییه‌كه‌ى به‌ پێوه‌ر وه‌ربگیرێت. تا ئێستا هێزه‌كان له‌ زینى وه‌رتێ نه‌كشاونه‌ته‌وه‌ به‌ ته‌نیشت یه‌كه‌وه‌ هه‌واریان خستووه‌، پیره‌ داوا ده‌كات، ئه‌م كێشه‌یه‌"هه‌رچی زووه‌ كۆتایی پێ بێت ئه‌گه‌رنا پێم وایه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ و به‌خۆڕایی دروست ده‌كات، و ئێستا هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی ته‌ندروستی هه‌یه‌ كه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌، كێشه‌ی ئابوری هه‌یه‌ خه‌ڵك دڵه‌راوكێی مووچه‌یه‌تی، دۆخی عێراق ته‌واو نییه‌، چ پێویستمان به‌م گرژییه‌ و كێشه‌یه‌ هه‌یه‌، له‌ وه‌رتێ دروستی بكه‌ین، به‌رپرسه‌كانی دونیا كێشه‌ له‌خۆیان دوورده‌خه‌نه‌وه‌ ئێمه‌ كێشه‌ بۆخۆمان ده‌دۆزینه‌وه‌".

پێشنیاره‌كه‌ی گۆڕان ئه‌رێنییه‌ 

سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ى گۆڕان ئه‌و ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى ده‌ڵێت:" پێشنیاره‌كه‌ی گۆڕان ئه‌رێنیه‌، پێویسته‌ به‌جددی وه‌ربگیردرێت". جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دۆخه‌كه‌ بۆ وروژاندن نابێت، ده‌بێت لایه‌نه‌كان گرژی نێوان كۆتایی پێ بهێنن كه‌ هۆكاره‌كه‌ی نه‌بوونی متمانه‌یه‌".

مه‌ترسی نوێ

دۆخی ئابووری هه‌رێم له‌به‌رده‌م ئاڵنگاری گه‌وره‌دایه‌، نرخی نه‌وت ده‌بینێته‌وه‌ له‌جێى نه‌بوانه‌، كۆرۆنا ئابوورى ناوخۆى داڕماندووه‌، له‌ به‌غداش شیعه‌كان خه‌ریكی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێن، چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌كانی ناوخۆی هه‌رێم، پێگه‌ی هه‌رێم لاوازتر ده‌كات، ترسی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ بۆ هه‌رێم په‌لكێش بكرێن.

سێ هێزه‌كه‌ به‌رپرسیارن

دلێر عه‌بدولخالق رێكخه‌ری ژووری رۆژنامه‌وانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێى وایه‌، سێ هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی پێكهێنه‌ری كابینه‌ی حكومه‌ت، به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌یان له‌سه‌رشانه‌ به‌رامبه‌ر داواكاری و خواسته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و به‌رامبه‌ر ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و جیهان ڕوو ده‌دات.

دلێر عه‌بدولخالق به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ى راگه‌یاند، زۆر گرنگه‌ سێ پێكهێنه‌ره‌كه‌ى حكومه‌ت، دابنیشن و به‌دواداچوون بكه‌ن بۆ ئاستی جێبه‌جێكردنی بڕگه‌ و خاڵه‌كانی رێككه‌وتنی نێوانیان، چۆن بتوانین بۆ هه‌ر ئاڵنگارییه‌ك كه‌ رووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه‌ ئه‌و سێ هێزه‌ كه‌ به‌رپرسیارێتییان هه‌یه‌ به‌یه‌وه‌كه‌وه‌ دابنیشن و رێگاچاره‌ی گونجاو بدۆزینه‌وه‌، بۆ ده‌ربازكردنی خه‌ڵكی كوردستان له‌هه‌ر مه‌ترسی و قه‌یرانێكی ئابوری و سیاسی كه‌ ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه‌.

"ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ ده‌كرێت"

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى جڤاتى نیشتمانیى گۆڕان ده‌ڵێت، پێمان وایه‌ هه‌م یه‌كێتی و هه‌م پارتی، به‌پیر داواكارییه‌كه‌ی گۆڕان-ه‌وه‌ دێن، دوای ئه‌م كه‌ره‌نتینه‌ی هه‌یه‌، كه‌مبوونه‌وه‌ی مه‌ترسی نه‌خۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دڵنیاین ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ ده‌كرێت، وه‌ ده‌بێت به‌و روحیه‌ته‌ بێت كه‌ ئه‌نجامێكی باشی هه‌بێت هه‌م بۆ حكومه‌ت و هه‌م بۆ ڕه‌وینه‌وه‌ی ئه‌و گرژیه‌ سیاسیانه‌ی كه‌لێره‌و و له‌وێ له‌نێوان دووپارته‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی كوردستان روده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها هه‌ندێك داواكاری ئێمه‌ش هه‌یه‌ كه‌ به‌شێك له‌ خاڵه‌كانمان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م وه‌ك پێویست جێبه‌جێ نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ش بتوانین بیخه‌ینه‌ ئه‌جێندای كۆبونه‌وه‌كه‌وه‌، به‌هه‌موولایه‌ك هه‌وڵ بده‌ین به‌سه‌ر كێشه‌ و گرفته‌كاندا زاڵ بین.

پارتى دیموكراتى كوردستان وه‌ك لایه‌نێكى كێشه‌كه‌ نكوڵى له‌وه‌ده‌كات، كه‌ هێزى بردبێته‌ زینى وه‌رتێ به‌ڵكو ده‌ڵێت ئه‌وه‌ى چووه‌ هێزێكى حكومه‌ته‌. پارتى لارى نییه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌و ئاماده‌یه‌. فارس نه‌ورۆڵی گوته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی سلێمانی-هه‌ڵه‌بجه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند:"ئێمه‌ ئێستا دامه‌زراوه‌مان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ سنوری پارتییه‌ و ئه‌وه‌ سنوری یه‌كێتییه‌، ئێمه‌ باوه‌ڕمان به‌وه‌ نییه‌، سنور سنوری كوردستانه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ بۆ زاخۆ، و پارتی و یه‌كێتی هه‌ن و حزبی تریش هه‌ن، ئێمه‌ دامه‌زراوه‌ی شه‌رعیمان هه‌ن، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌رله‌مانمان هه‌یه‌، پێویسته‌ ئه‌وانه‌ له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ بێنه‌ قسه‌ ئه‌گه‌ر وه‌زیرێك ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هه‌ر له‌ هه‌ولێر بێت و یه‌كێكی تر هه‌ر له‌ سلێمانی، ئه‌وه‌ چۆن حوكمڕانیه‌كه‌".

سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌یى پارتى بۆ كۆبوونه‌وه‌ نه‌ورۆڵى ده‌ڵێت:"ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو كۆبوونه‌وه‌یه‌كین، به‌ ئاڕاسته‌ی چاكه‌ی گشتی ئه‌م وڵاته‌، جا ئه‌وه‌ ده‌ستپێشخه‌ریی هه‌رلایه‌نێك بێت، هه‌موو هه‌نگاوێك بۆ یه‌كانگیری ناو ماڵی كورد به‌رز ده‌نرخێنین و كارێكی باشه‌. له‌كاتی قه‌یرانی گه‌وره‌، ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن و پارتی و یه‌كێتی نامێنێت ده‌بێت به‌ره‌ی میللی هه‌بێت".

گوتیشى:"ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته‌ دوای كۆرۆنا سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له‌ به‌رژوه‌ندی كورد نه‌بوو، چ پرسیارێك له‌خۆمان بكه‌ین، ئێمه‌ پێویسته‌ وه‌ك حوكمڕانی مامه‌ڵه‌ بكه‌ین، سێ حزبی سه‌ره‌كی له‌ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌ن ده‌بێت له‌رێگه‌ی فه‌یسبووكه‌وه‌ هێرش نه‌كه‌نه‌ سه‌ر یه‌كتر و له‌ره‌بایه‌وه‌ قسه‌ به‌یه‌ك نه‌ڵێن، ده‌بێت دابنیشن به‌یه‌كه‌وه‌، و ڕووبه‌ڕوو قسه‌ بكه‌ن".