04:20 - 12/04/2020
كازمیى نێوماڵى كورد كۆده‌كاته‌وه
زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له فراكسیۆنه كوردستانیه‌كان خۆیان یه‌كلایی كردۆته‌وه كه ده‌نگ به كازمی ده‌ده‌ن، كه‌مینه‌یه‌كیش چاوه‌رێی به‌ڵێنه‌كانی كاندیدی راسپێردراو ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كورد به‌ته‌واوه‌تی یه‌كریز نیه به‌ڵام هێشتا له‌ناوماڵی شیعه و سوننه‌ش باشتره.
كورد له‌سه‌ر كازمی نه‌گه‌یشتۆته ئاستی یه‌كریزی ته‌واوه‌تی
رۆژی 8ی نیسان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی پشتیوانی بۆ رێككه‌وتنی شیعه‌كان له‌سه‌ر كاندیدكردنی مسته‌فا كازمی بڵاوكرده‌وه، به‌یاننامه‌یه‌ك كه زۆر لایه‌نی كوردی وه‌ك پشتیوانی ره‌ها لێكی ده‌ده‌نه‌وه، یه‌ك رۆژ دوای به‌یاننامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم، عه‌دنان زورفی كاندیدی راسپێردراو پاشه‌كشه‌ی كردوو و هه‌مان رۆژ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق مسته‌فا كازمی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت راسپارد، به‌ڵام به‌شێك له‌ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران تێبینیان له‌سه‌ر پاڵپشتی ره‌های هه‌رێمی كوردستان بۆ كازمی هه‌یه.
موسه‌ننا ئه‌مین ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌په‌یسه‌رپرێسی راگه‌یاند "ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی ده‌ڵێن پابه‌ندی رێككه‌وتنی ژێر به‌ژێر نابن و هه‌تا كارنامه‌ی حكومه‌ت نه‌بینن بڕیارناده‌ن، هۆكارێكی لۆژیكیان هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت كازمی به‌ڵێنی پاراستنی هه‌موو مافه‌كانی كورد بدات و دواتر ئێمه پشتیوانی لێده‌كه‌ین، ئه‌وانه‌شی پشتیوانی ره‌هایان بۆ ده‌ربڕی یان ئه‌وه‌تا رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كردووه كه ده‌بێت ئاشكرای بكه‌ن، یان متمانه‌یان پێی هه‌یه، "
ناوماڵی كورد له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌دایه
ئه‌گه‌رچی هێشتا ناوماڵی كورد به‌راورد به ناوماڵی شیعه و سوننه كۆتره، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌و واتایه نییه كه كورد گه‌یشتۆته قۆناغی یه‌كریزی ته‌واوه‌تی، هه‌رچی په‌یوه‌ندی به‌ناوماڵی شیعه‌وه‌یه، نه‌مانی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر دروستكردوون، جگه له‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران هی ئه‌وانه و ده‌بێت یه‌كلایی بكه‌نه‌وه ، كێشمه‌كێشمی ئه‌مریكا و ئێران كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناوماڵی شیعه دروست كردووه.
سه‌باره‌ت به سوننه‌ش ده‌ركه‌وتنی محه‌مه‌د حه‌لبوسی وه‌ك كه‌سێكی نوێ بۆ سه‌ركردایه‌تی سوننه له‌شوێنی كه‌سه كۆنه‌كان كه پێشتر پێشره‌وی سوننه‌یان ده‌كرد، ئه‌زمونێكه كه به‌ئاسانی له‌ناو سوننه تێناپه‌رێت، جگه له‌وه‌ی ئه‌وانیش كاریگه‌ری ململانێی ئه‌مریكا و ئێرانیان له‌سه‌ره، سه‌باره‌ت به‌كورد موسه‌ننا ئه‌مین ده‌ڵێت:"ئه‌وكاته‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار هی كورد بوو بینیمان كێشه‌ی گه‌وره له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی دروست بوو، ئه‌و دوو حزبه كه باسی یه‌كریزی ده‌كه‌ن خۆیان له‌سه‌ر پۆستێك ده‌نگیان له‌یه‌كتر وه‌رگرت".
سه‌باره‌ت به‌ململانێی ئه‌مریكا و ئێران به‌رای چاودێران، كورد زۆر گرنگی به‌و كێشه‌یه نادات، چونكه كورد به‌ده‌وری به‌رژوه‌ندی خۆی كۆبۆته‌وه و نه ئه‌مریكیه و نه ئێرانی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پریشكێكی به‌ر كورد بكه‌وێت، ئه‌و پریشكه په‌یوه‌ندی به‌و به‌شه‌ی كورد له سیاسه‌تی به‌غداوه ده‌بیت.
كورد له‌گۆڕه‌پانێكدا یاری ده‌كات كه لایه‌نی به‌رامبه‌ر زۆرینه‌یه، بۆیه تاكه چه‌كێك كه بتوانێت به‌شێك له‌مافه‌كانی له‌بواری بودجه و یاسای نه‌وت و غاز و پرسی پێشمه‌رگه و ناوچه جێناكۆكه‌كانی بۆ گره‌نتی بكات، یه‌كریزی ناوخۆی و كارنامه‌یه‌كی هاوبه‌شی ڕوونه، كه هه‌م بۆناوخۆی عێراق دیاربێت داوای چی ده‌كات و هه‌میش له‌سه‌رئاستی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی به روون و ئاشكرای كارنامه‌كه‌ی به‌رزبكاته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه به‌بێ یه‌كریزی و كارنامه‌ی هاوبه‌ش، كابینه‌كه‌ی كازمیش تێده‌په‌رێت و كێشه‌كانی كوردیش به هه‌ڵپه‌سێردراوی و چاره‌سه‌رنه‌كراوی ده‌مێننه‌وه.
كازمیی به‌ڵێن به‌كورد ده‌دات
پێناچێت هه‌رێمی كوردستان كه پشتیوانی ره‌های بۆ كازمی ده‌ربڕیوه ئه‌م هه‌نگاوه‌ی به‌بێ رێككه‌وتنی پێشوه‌خته نەبێت، به‌ڵام هێشتا سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ناوه‌رۆكی به‌ڵێنه‌كانی كازمی بۆ رای گشتی كوردستان ئاشكرانه‌كردووه، موسه‌ننا ئه‌مین ده‌ڵێت:" پاڵشتی هه‌رێم بۆ كازمی په‌له‌په‌لی پێوه‌دیاربوو".
ئه‌وه‌ی ڕوونه ئه‌وه‌یه كه كاندیدی راسپێردراو هاوشێوه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كانی پێشوو چه‌ند به‌ڵێنێك به‌كورد ده‌دات به‌ڵام دیارنیه چه‌ند له‌و به‌ڵێنانه جێبه‌جێ ده‌كات، به‌تایبه‌تیش كه كابینه‌كه‌ی بۆماوه‌یه‌كی كه‌مه و چوار ساڵی له‌به‌رده‌مدا نیه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كازمی خاوه‌نی پێگه‌یه‌كی به‌هێزی په‌رله‌مانیش نیه،كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وتیش كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئابوری بۆ دروست ده‌كه‌ن، میلیشیاكان له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تن و ئێران و ئه‌مریكاش ده‌ستبه‌رداری ململانێكانیان له‌سه‌ر خاكی عێراق نه‌بووون، هه‌موو ئه‌مانه ئاڵنگاری گه‌وره‌ن كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێم و ناوه‌ند و به‌ڵێنه‌كانی كازمی ده‌بێت.
یه‌كریزی ئه‌مجاره جیاوازه
له‌ماوه‌ی رابردوودا یه‌كێتی و پارتی زۆرترین جار باسی یه‌كریزیان كردووه، خۆشیان به‌وه تۆمه‌تبارده‌كرێن كه زۆرترین جار یه‌كریزیان تێكداوه، لایه‌نه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دووحزبه زۆر كه‌م په‌نجه‌ی تۆمه‌تی تێكدانی یه‌كریزیان بۆ درێژ ده‌كرێت، موسه‌ننا ئه‌مین ده‌ڵێت:"ئه‌گه‌ر بڕیاره كورد یه‌كریز بێت و فراكسیۆنه‌كان رێز له‌و یه‌كریزیه بگرن، پێویسته هه‌موو فراكسیۆنه‌كان به‌رێژه‌ی خۆیان بخوێندرێنه‌وه له‌و رێككه‌وتننای له‌به‌غداد ده‌كرێت، به‌داخه‌وه ئه‌مه هه‌میشه نه‌كراوه به‌ڵام نیشتمان په‌روه‌ری و ئه‌خلاقی هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی، رێگه‌ی پێنه‌داون بچنه سه‌نگه‌رێكی تر هه‌رچه‌نده ئه‌مان ره‌چاوی ئه‌مه‌یان نه‌كردووه ".
موسته‌فا كازمی رۆژی 9ی نیسان له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت راسپێردراوه به‌پێی ماده‌ی 76 له‌ده‌ستوری عێراق ماوه‌ی 30 رۆژی له‌به‌رده‌مه بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت، به‌پێی رێككه‌وتنی لایه‌نه شیعی و سوننی و كوردیه‌كانیش بێت ره‌نگه پێش ئه‌و واده‌یه كابینه‌كه‌ی رابگه‌یه‌نێت، په‌یسه‌ر زانیویه‌تی كازمی پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ناكات كه خۆی كاندیده‌كان دیاری بكات، و ئه‌و پرسه بۆ لایه‌نه سیاسیه‌كان جێده‌هێڵێت، ره‌نگه ئه‌وه‌ش رێگای سه‌ختی بۆ ئاسان بكات.