ڕاپۆرتی کوردستانی

05:26 - 11/04/2020

چیرۆكى سه‌لیمى.. له‌ پێشمه‌رگایه‌تییه‌وه‌ تا په‌تى سێداره‌‌

پەیسەر

مسته‌فا سه‌لیمى به‌ره‌به‌یانى زوو ئه‌مڕۆ شەممە له‌ زیندانى سه‌قز له‌ سێداره‌درا، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى رۆژى ٢٧ی ئازار سه‌رپه‌رشتى هه‌ڵاتنێكى به‌ كۆمه‌ڵى كرد له‌ زیندانه‌كه‌، پێنج رۆژ پێش ئێستا كه‌وته‌وه‌ ده‌ست هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران و به‌رەبه‌یانى زووى ئه‌مڕۆ له‌سێداره‌درا، رێكخراوى هه‌نگاو بۆ مافه‌كانى مرۆڤ ده‌ڵێت، له‌لایه‌ن هێزێكى ئاسایشەوە‌"ره‌وانه‌"ی بانە كراوه‌ته‌وه‌، گوته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمیش ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ كرابێت بێ ئاگادارى حكومه‌ت بووه‌. ئاسایشی سلێمانی دەڵێت هیچ ناوێک بەو ناوە ناناسن.
مستەفا سەلیمی 
مستەفا سەلیمی، خەڵکی گوندی ئیلوو-ی سەقزه‌ و ته‌مه‌نى 53 ساڵه‌. بەپێی زانیارییەکانی پەیسەر پرێس مسته‌فا به‌چه‌ند ساڵێك پێش ده‌ستگیركردنى بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ پێشمه‌رگه‌ى حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران بووه‌. دواتر مسته‌فا له‌ دیموكرات جیابووه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌یه‌كى دیكه‌ به‌ناوى(سابیر) گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ رۆژهه‌ڵات، به‌ڵام هه‌ندێك زانیارى هه‌ن كه‌ پاش گه‌ڕانه‌وه‌ى چه‌كى دانه‌ناوه‌ ناوبه‌ناو هه‌ندێك جوڵه‌ى چه‌كدارییان كردووه‌ دژ به‌ حكومه‌ت.

سابیر سەرپەرشتی کردوون لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی دیکە، هه‌ندێك زانیارى هه‌ن كه‌ دیموكرات جموجوڵه‌كانى ئه‌و گروپه‌ پێشمه‌رگه‌یان پێ ناخۆش بووه، تەنانەت ساڵی ٢٠٠٢ لە کۆیە لێپرسینەوەیان لە سابیر کردووە دواتر دەستبەرداریی بوون رێگەیان پێداوە بڕوات‌. 

حدكا و سابیر و مسته‌فا

دواى ناكۆكییه‌كانى حدكا له‌گه‌ڵ سابیر به‌وپێیه‌ى له‌ژێر چه‌ترى ئه‌وان نه‌ماوه‌، به‌ڵام به‌ناوى ئه‌وانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كى دیكه‌ جوڵه‌ى چه‌كدارى ده‌كه‌ن و هه‌ندێك كار ده‌كه‌ن كه‌ حزب به‌ "كارى خراپ"یان ده‌زانێ و پێى قه‌ڵس ده‌بن، سابیر دواتر په‌یوه‌ندى ده‌كات  یەکێتی شۆڕشگێڕانی ئەوکات( حیزبەکەی ئەوکاتی حسێن یەزدان پەنا)، دواتر به‌ناوى حزبه‌كه‌ى یه‌زدانپه‌ناوه‌ له‌ ناوچه‌ى سه‌قز ده‌كه‌ونه‌ جموجوڵ.

لە ناوچەی سەقز ئەم گروپەی سابیر لەگەڵ پۆلیس شەڕ دەکەن، سابیر دەکوژرێ و فەرماندەیەکی ناسراوی پۆلیسیش دەکوژرێت. مستەفا سه‌لیمى دوای کوژرانی سابیر داوا دەکات حدکا وەک پێشمەرگە وەری بگرێتەوە، بەڵام حدکا وەری ناگرێت، بە ناچاری دەگەڕێتەوە و خۆی راده‌ستیى ئێران دەکاتەوە. لە ئێرانیش سەرەتا ئازاد دەکرێت، بەڵام دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣ بە تاوانی کوشتنی فەرماندە پۆلیسەکە دەستگیر دەکرێت و زیندانی دەکرێت و حوکمی ئیعدامی به‌سه‌ردا دەدرێت. مستەفا چەند تۆمەتێکی دیکەی لەسەر بووە(شه‌ڕ له‌گه‌ڵ خودا، دزیى چه‌كداریى، ئه‌ندامێتى له‌ حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران).

هه‌ڵاتنى له‌ زیندان

میدیاى فه‌رمى ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ مسته‌فا دارێژه‌رى پلانى هه‌ڵاتنه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ى زیندانى سه‌قزبووه‌، كه‌ تێیدا ٧٤ زیندانى هه‌ڵاتن دواى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ پاسه‌وانانى زیندانه‌كه‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌و زاڵبوون به‌سه‌ریاندا. تا ئێستا ٥٤یان دەستگیرکراونەتەوە.

مسته‌فا له‌ زیندان

به‌پێى زانیارییەکان کە لە حزبەکانی رۆژهەڵاتەوە دەست پەیسەر کەوتوون، مستەفا لە زیندان کەسێکی باش بووه هاوکاری زیندانییەکانی کردووە، لە ژێر ئەشکەنجەشدا ئامادە نەبووە هاوکاری ئیتڵاعات بکات، به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى لاى حدكه‌، ئیتلاعات پێیانگوتووە:"ئازادت دەکەین بەو مەرجەی هاوکاریمان بکەی، لە دوای ئازادبوون بچی بۆ ناو ئەو حزبانە و كارمان بۆ بکەی، ئەمیش قبوڵی نەکردووە."

هه‌روها لەناو زیندان هاوکاری هەندێک لە زیندانییەکانی دیکەی کردووه و لاى زیندانییه‌كان خۆشه‌ویست بووه‌، هه‌رخۆشى ئه‌ندازیارى هه‌ڵاتنه‌ گه‌وره‌كه‌ى زیندانیى سه‌قز بوو.

دواى هه‌ڵاتن

به‌پێى زانیارییه‌كانی حزبەکانی رۆژهەڵات، دواى هه‌ڵاتنى مسته‌فا په‌یوه‌ندى به‌(حدك) ه‌وه‌ كردووه‌، داوایكردووه‌ وه‌ك ئه‌ندام وه‌ریبگرن، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ زیندان ناوبانگى باشى هه‌بووه‌، حدك گوتوویانه‌ كه‌ هاتیه‌وه‌ ئه‌مدیو هاوكاریت ده‌كه‌ین و كه‌ هاتیت ئاگادارمان بكه‌ره‌وه‌، به‌ڵێنى ئه‌ندامێتى پێنه‌دراوه‌ كه‌ وه‌ك ئه‌ندامیان له‌گه‌ڵیان بمێنێته‌وه‌، به‌ڵكو‌ به‌ڵێنى هاوكارى پێدراوه‌.

چۆن كه‌وته‌وه‌ ده‌ست ئێران
به‌پێى زانیارییه‌كانى رێكخراوى هه‌نگاو كه‌ له‌بوارى مافى مرۆڤ له‌ ئێران به‌ شه‌ش زمان كاره‌كانى خۆى له‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ى په‌خش ده‌كات، مستەفا سه‌لیمى دواى هه‌ڵاتنى خۆى گه‌یاندووه‌ته‌وه‌ سنورى پێنجوێن و له‌ ناوچه‌ى گه‌رمەك بووه‌، به‌ڵام له‌وێ ئاسایش ئاگادار كراون، له‌ بوونى مسته‌فا له‌وێ و ئاسایش هاتوون بردوویانه‌.

ئه‌رسه‌لان یار ئه‌حمه‌دى سه‌رۆكى رێكخراوه‌كه‌ له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ده‌ڵێت:"مستەفا سەلیمی لەکاتی ڕاپەڕینی بەندیخانەی سەقز هەڵاتووە و هەینی ڕابردوو خۆی گەیاندووەتە گوندی گەرمەک سەر بە قەزای پێنجوێن و لە ماڵی کەسێک ماوەتەوە".

به‌گوته‌ى یار ئه‌حمه‌دى ئاسایشی پێنجوێن هاتوون " ڕەوانەی سنووری بانەیان کردووەتەوە. وەک خۆیان باسیان کردووە هۆکار ئەوە بووە کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، هاتنی هەر کەسێکی خەڵکی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە بووە و ئەوانیش بۆیە ئەویان گەڕاندووەتەوە. بەپێی زانیارییەکان زۆر پاڕاوەتەوە کە ئاودی ئێرانی نەکەنەوە و وتوویە ئەگەری لەسێدارەدانم زۆرە". سه‌رۆكى رێكخراوه‌كه‌ ده‌ڵێت، ناتوانێت ئه‌وه‌ پشتراستبكاته‌وه‌ كه‌ راسته‌وخۆ راده‌ستكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ره‌وانه‌ى بانه‌ كراوه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:"مستەفا لە دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە پێنجوێن بووە".

له‌ سێداره‌دانیى

دواى ئه‌وه‌ى پێنج رۆژ له‌مه‌وبه‌ر میدیاى فه‌رمى ئێران هه‌واڵى ده‌ستگیركردنه‌وه‌ى مسته‌فاى له‌ "بانه‌" بڵاوكرده‌وه‌. دوێنێ به‌رپرسانى زیندانى سه‌قز كه‌سوكاره‌كه‌یان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ بێن بۆ دوایین دیدارى مسته‌فا و ماڵئاوایى لێ بكه‌ن. كه‌سوكارى چوونه‌ته‌ زیندانه‌كه‌ و به‌رپرسان پێیان گوتوون، له‌ ماوه‌یه‌كى نزیكدا له‌ سێدارده‌ ده‌درێت.

به‌ربه‌یانى ئه‌مڕۆ 11-4-2020 كاتژمێر 04:00 مسته‌فا له‌ زیندان له‌ سێداره‌ دراوه‌. دوای لە سێدارەدانی هەردوو حزبی حدکا و حدک، هەواڵەکەیان بڵاوکردەوەو وەک زیندانی سیاسی ناویان هێنا.

ئاسایشی سلێمانی: سەلیمی ناناسین

بەڕێوەبەرایەری ئاسایشی سلێمانی ئەمڕۆ روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو رایگەیاندووە، لە تۆمارەکانی بەردەستی ئەوان لە ئاسایشی نشینگە و سنورەکانیش، هیچ ناوێکی مستەفا سەلیمی بوونی نییە. ئاسایش جەختدەکاتەوە کە ئەوان مستەفا سەلیمی ناناسن. دەشڵێن لەم ماوەیەدا لە سنوری پێنجوێن و گەرمک هیچ ئەرکێکیان بۆ دەستگیرکردن پێنەسپێردراوە.

حكومه‌تى هه‌رێم چى ده‌ڵێت؟

جوتیار عادل گوته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كى له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ بڵاوكرده‌وه‌و ده‌ڵێت:"حکومەتی هەرێم ئاگاداری ئەو بابەتە نییە وئەگەر شتێکی وا ڕوویدابێت ئەوە بەبێ ئاگاداری حکومەتی هەرێم کراوە".

 ده‌شڵێت:"بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران فەرمانی داوە بە پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆلینەوە". هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ده‌كرێت بڕیاره‌ یه‌كێتى نیشتمانیى كوردستان له‌سه‌ر ئه‌م رووداوه‌ روونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو بكاته‌وه‌.