ڕاپۆرتی کوردستانی

04:22 - 10/04/2020

چەند کورد لە ئەوروپا بەھۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە؟‌

پەیسەر

لە ئێستادا دوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ زیاتر لە وڵاتانی ئەوروپا بڵاوبووەتەوە و بە دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

 بەهۆی ئەوەی لە وڵاتانی ئەوروپا بە ملیۆنان کوردی چوار پارچەی کوردستان دەژین، ئەوانیش ڕووبەڕووی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونەتەوە.

بەپێی ئامارەکانی کۆنگرەی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە – ئەوروپاKCDK-E)) تا ئێستا ٥٥ کوردستانی لە ئەوروپا بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و ٩٥٥ کوردی تریش تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. تەمەنی زۆربەی قوربانیانی ڤایرۆسەکە لە دەورووبەری ٦٠ ساڵدایە، بەڵام سەرباری ئەوەش منداڵی ٤ ساڵیشیان لەناودایە، کە گیانیان لەدەستداوە.

 

بەپێی زانیارییەکان ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کورد لە ئەڵمانیا دەژین. بەوەش ئەڵمانیا زۆرترین ژمارەی کوردی لەناو وڵاتانی ئەوروپادا تیادایە. لە ئێستادا لە ئەڵمانیا ١٢٠ هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون. بە گشتی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆرترین کاریگەریی لەسەر کوردستانیان لە ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەلجیکان بەریتانیا، هۆڵەندا و سویسرا داناوە.

بە پێی زانیاریەکانی کۆنگرەی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەوروپا ئاماری ئەو کوردستانیانەی لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لە دەستداوە بەم شێوەیەیە:

 

ئەڵمانیا: ١١ کەس، بەریتانیا: ٢٠ کەس، سوید: ١٠ کەس، فەرەنسا: ٩ کەس و بەلجیکا: ٥ کەس کە کوردی چوار پارچەی کوردستانیان تێدایە.

بە پێی زانیاریەکانی کۆنگرەی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەوروپا ژمارەی ئەو کوردستانیانەى لە ئەروپا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون لەو ئەوروپا بەم شێوەیەیە:

بەریتانیا: ٣٥٠ کەس، ئەڵمانیا: ٣٠٠ کەس، فەرەنسا: ٩٠ کەس، هۆڵەندا: ٥٤ کەس، سوید: ٤٥ کەس، بەلجیکا: ٤٢ کەس، سویسرا: ٣٧ کەس، نەمسا: ٣٤ کەس و دانیمارک: ٥ کەس.

هەروەها لە بەریتانیا: ٨٠ کەس، سوید: ١٤ کەس، فەرەنسا: ١١ کەس، هۆڵەندا: ٧ کەس، بەلجیکا: ٥ کەس و نەمسا: ٤ کەسی کورد لە کەرەنتینەی فەرمی دەوڵەتەکاندان.

لە لایەکی ترەوە مانگی سووری کوردستان دەستی بە هەڵمەتێک بە ناوی "بنەماڵە خوشک و براکان" کردووە.موراد ڤارگیون ئەندامی کەمپەینەکە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕاگەیاندووە، خەڵکێکی زۆر کە کوردی چوار پارچەی کوردستانن بەشداریان لە کەمپینەکەیان کردووە و لە ڕێگەی ژمارەیەک کۆمیتەوە کە لە شارە جیاوازەکانی وڵاتانی ئەوروپا کراونەتەوە، هاوکاری لەو خێزانە کوردانە دەکەن کە بەهۆی دۆخی کەرەنتینە کارەکانیان لەدەستداوە یان لە دۆخێکی خرابدان.

 

لە لایەکی ترەوە کۆنفدراسیۆنی کۆمەڵگە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا دەستی بە هەڵمەتێک بۆ هاوکاریکردنی خێزانە کوردەکان کردووە و ژمارەیەک پزیشک و پسپۆڕ و خێرخواز لەو چوارچێوەیەکدا کۆبوونەتەوە و هاوکاری مادی، پزیشکی و پێداویستی تەندروستی و خواردن کۆدەکەنەوە و بەسەر خێزانە هەژارەکاندا دابەشی دەکەن.

تاهیر کۆچەر هاوسەرۆکی کۆنفدراسیۆنی کۆمەڵگە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا بە هەمان ئاژانسی رایگەیاندووە، لە ئەڵمانیا ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کورد هەیە و دەیانەوێت هاوکاریی ئەو کەسانە بکەن، کە پێویستیان بە یارمەتی هەیە.

کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد لە فەرەنسا لە پاریس و دەوورووبەری پاریسی پایتەختی فەرەنسا خواردن پێشکەشی کارمەندانی کەرتی تەندروستی دەکات.  خاوەنکار و سەرمایەدارانی کورد لە چوارچێوەى ئەو هەڵمەتەدا لە پاریس و دەووربەری دەستیان بە دروستکردنی دەمامک کردووە. لە سویسراش هەڵمەتى هاوکاری لەو شێوەیە بەڕێوەدەچێت.

ئەنجوومەنى ژنانی رۆژ لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا هاوکاری پێشکەشی کەسە بە تەمەنەکان دەکەن. لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپادا خزمەتکردن لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەدەچێت.

لە ئێستادا لە هەموو جیهان زیاتر لە ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنابوون و نزیکەی ١٠٠ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە. زیاترین حاڵەتی مردن و تووشبوونیش لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا تۆمارکراون و بە پێی ئامارەکانی ناوەندە کوردستانیەکانیش ٥٥ کەس کورد لە ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ١٠٠٠ هاوڵاتی کوردیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.