ڕاپۆرتی کوردستانی

12:39 - 31/03/2020

ئەو 5هاوڕێیەی قاسم سولەیمانی کە ئەمریکا سزایداون‌

پەیسەر

دوایین لیستى سزاكانى وه‌زاره‌تى خه‌زێنه‌ى ئه‌مریكا، 20 به‌رپرسى عێراقى و ئێران و چه‌ند كۆمپانیایه‌كى تێدایه‌، كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ خاوه‌ندارى ده‌كه‌ن و پاره‌ بۆ ئێران و گروپه‌ چه‌كداره‌ لایه‌نگره‌كانى ئێران له‌ عێراق په‌یدا ده‌دكه‌ن، به‌ناوى پشتیوانى تیرۆرەوه‌ خرانه‌ لیستى سزاكانه‌وه‌.

ئه‌مریكا له‌ چوارچێوه‌ى هه‌وڵه‌كانى بۆ ئه‌وه‌ى ئاستێك بۆ چالاكى ئێران له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ دابنێت، هەروەها دەیەوێت ئاستێک بۆ جوڵەو چالاکی میلیشیاکانی ئێران لە یەمەن، لوبنان و سوریا دابنێت.
لیستی نوێی سزاکان ٢٠ شوێن و کەس لە خۆدەگرێت، ئەمریکا دەڵێت ئەوانە پاڵپشتی گروپە تیرۆرستییەکان دەکەن، وەک حزبوڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق، تۆمەتباریان دەکات بە گواستنەوەی چەک بۆ عێراق و یەمەن و فرۆشتنی نەوتی ئێران، کە بەپێی سزاکانی ئەمریکا قەدەغەی لەسەر دانراوە.

سزاکان ١٥بەرپرس دەگرێتەوە، کە ١٠ لەوانە ئێرانین و پێنجیان عێراقین، جگە لە پێنج کۆمپانیا کە هەموویان پەیوەستن بە حەرەس سەوری ئێران و فەیلەقی قودسی ئێرانەوە.

دیارترین ئەو کەسانەی کە خراوەتە لیستی سزاکانەوە(محەمەد جەلال مائب)ە. سزاکان مائب دەگرێتەوە بە سیفەتی ئەوەی سەرۆکی رێکخراوی(ئاوەدانکردنەوەی مەزارگە پیرۆزەکانە) کە مانگی تەمووزی رابردوو بە فەرمانی راستەوخۆی قاسم سولەیمانی دامەزراو دەستی بەکار کرد.

حەرەس سەوری ئێرانی ئەم رێکخراوە بەڕێوەدەبات، کە بنکەی سەرەکی لە تارانە، لقی هەیە لە شارەکانی عێراق، ئەو شوێنانەی کە مەرقەدە دینییەکانیان تیدایە، وەک نەجەف، کەربەلا، کازمیە، بەغداد، سامەڕاو سەلاحەدین.

ئەم رێکخراوە، هەرچەندە لەسەرەتاوە وەک دامەزراوەیەکی دینیی دەرکەوتووە، ملیۆنان دۆلاری بۆ کۆمپانیای (بەهجەت کەوسەر بۆ بازرگانی سنوردار) دەنارد، کە کۆمپانیای حەرەس سەوری ئێرانییە.

جەلال مائب، پێشتر سەرۆکی شارەوانی شاری کرمانی ئیران بووە، لەنێوان ساڵەکانی ٢٠٠٣  بۆ ٢٠٠٧، بەپێی زانیارییەکان لە کەسە هەرەنزیکەکانی قاسم سولەیمانی بووە کە هەردووکیان لە کرمانەوە خۆری سیاسییان هەڵهاتووە، ئەوەش بەپێی ماڵپەرە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران.

سولەیمانی شەوی ٣ی کانوونی دووەمی رابردوو، لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا بە لێدانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا کوژرا. لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی.

لەناو لیستی سزادراواندا،(شێخ عەدنان حەمیداوی) هەیە، ناوی تەواوی(عەدنان یونس حەمیداویی)ەو نازناوەکەی(ئەبو عەمار)ە. حەمیداوی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی گروپی چەکداری حزبوڵای پاشکۆی ئێرانە.

حەمیداوی هاوشێوەی سەرکردەکانی دیکەی حزبوڵا زانیاری زۆر بەردەست نییە دەربارەیان، بەڵام بەپێی پێگەکانی نزیک لە میلیشیا لایەنگرەکانی ئیران، ئەبو عەمار پیشتر بۆماوەی چوار ساڵ لای ئەمریکییەکان دەستبەسەر بووە، بەڵام ساڵی ٢٠١١ پێش کشانەوەی ئەمریکا لە عیراق، ئازادکراوە.

یاسر موسافیر، یەکێکی دیکە لەوانەیە سزای بەسەردا سەپێندراوە، ئەو لە سەرەتاکانی ٢٠١٤ ەوە لە عێراق کاردەکات، لە بەرپرسەکانی حەرەس سەوری بووە کە هەستاوە بە هەماهەنگی هەندێک ئۆپەراسیۆن، لەگەڵ فەرماندەکانی میلیشیاکان لە عیراق.

موسافیر هەماهەنگی کردووە لەگەڵ حەرەس سەوری بۆ فرۆشتنی موشتەقاتی نەوتی ئێرانی بۆ سوریا. 
یەکێکی دیکە لە سزادراوەکان، محەمەد غەریفییە، ئەو ئەندامی حەرەس سەورییە و لە کۆمپانیای بەهجەت یەحیا کاردەکات لە شاری نەجەفی عێراقی.

غەریفی هاوکاری ئیداریی پێشکەشی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە(عەلی رەزا فەداکار) کردووە لە نەجەف، کە سەرکردەی حەرەس سەوری بووە، وە ئاسانکاری کردووە بۆ هاتوچۆی بەرپرسانی حەرەس سەوریی ئیرانی، لەنێوان عێراق و ئێران.

محەمەد سەعید بەهادلی، یەکێکی دیکە لە دیارترین سزادراوانە، بەهادلی کاردەکات لە پۆستی بەڕێوەبەری کۆمپانیای(خەمائیلی بازاڕگەری دەریایی) بنکەی کۆمپانیاکە لە عێراقە. لە دەرەوەی بەندەری ئوم قەسر کاردەکات و خاوەندارێتییەکەی بۆ حەرەس سەوری ‌ئێرانی دەگەڕێتەوە.

ئەو کۆمپانیایە هەڵدەستێت بە فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران لە رێگەی ئەو بەندەرەوە، رۆڵی بەهادلی ئاسانکاری بووە بۆ بارهەڵگرەکان و مامەڵە بازرگانییەکان، ئەوەش وەک خۆدزینەوەو فێڵی یاسایی لە کۆتوبەندی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئیران. بەپێی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا.