ڕاپۆرتی کوردستانی

04:35 - 30/03/2020

په‌رله‌مان له‌ قه‌یرانى كۆرۆنادا له‌جێى نه‌بووانه‌‌

پەیسەر

كاتێك سه‌یرى رووپه‌ڕى ماڵپه‌ڕى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كه‌یت، ماڵپه‌ڕه‌كه‌ به‌ په‌یامه‌كانى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان داپۆشراوه‌ (په‌یام بۆ رۆژى شانۆ، بۆ نه‌ورۆز، بۆ رۆژى ژنان، بۆ راپه‌ڕین، بۆ ١١ى ئازار، یادی هەڵەبجە، پرسه‌نامه‌..هتد) له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان له‌چه‌ند راگه‌یه‌ندراوێكدا داوا له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن پابه‌ندبن به‌ رێنماییه‌كانى حكومه‌ته‌وه‌، له‌دوایه‌مین راگه‌یه‌ندراویش ٢٩ی٣ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ده‌ڵێن:"بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی ئەم قۆناغە سەختە، ئەرک و دەسەڵاتی حكومه‌ته‌".
 
دەسەڵاتی زۆر و رۆڵی کەم

له‌ دۆخێكى ئێجگار ناله‌باردا كه‌ هه‌رێمى كوردستانى تێكه‌وتووه‌، مه‌ترسى گه‌وره‌ له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌، ره‌نگه‌ كه‌مته‌رخه‌مییه‌كى بچوك، له‌ سنوره‌كانه‌وه‌، یا له‌ نه‌خۆشخانه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌، یاخود له‌ كۆگاكانى خۆراك و شوێنه‌كانى دیكه‌وه‌ كاره‌ساتى لێبكه‌وێته‌وه‌، سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان هیچ راسپارده‌، بڕیار و رێنمایى و به‌دواداچوونێكى نییه‌، په‌رله‌مانتاران و لیژنه‌كانى ئه‌ركدار نه‌كردووه‌ بۆ به‌دواداچوونى دۆخه‌كه‌ و چاودێرى و بڕیارى دروست.

پەرلەمانی کوردستان، بەپێی یاسا کارپێکراوەکان دەسەڵاتی یەکەمی هەرێمی کوردستانە و دەسەڵاتی تەواوی یاسادانان، بڕیاردەرکردن، چاودێری و لێپرسینەوەی حکومەتی هەیە. هەروەها مەرجەعی باڵای خەڵکی کوردستانیشە بۆ پرسە چارەنوسسازەکان.

ئەرکی پەرلەمان

دوایین راگه‌یه‌ندراوى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ده‌ڵێت، ئه‌ركى ئیداره‌دانى ئه‌م دۆخه‌ له‌ ئه‌ستۆى حكومه‌ته‌. سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ده‌خوازێت ره‌خنه‌و نیگه‌رانییه‌كان له‌خۆى دووربخاته‌وه‌، به‌ڵام په‌رله‌مانى كوردستان ده‌زانێت، كه‌ ئه‌ركى چاودێرى و به‌داوادچوونى جێبه‌جێكردنى هه‌ر بڕیارو رێنماییه‌ك، له‌ ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى په‌رله‌مانه‌ به‌تایبه‌ت له‌دۆخى نائاسایى و قه‌یرانى له‌م جۆره‌دا.

هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ راگه‌یاندنى بارى نا ئاساییه‌ كه‌ ئێستا به‌ كرده‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت، بێ ئه‌وه‌ى یاساى بۆ ده‌رچووبێت، ئه‌ركى په‌رله‌مانى كوردستانه‌و ده‌بێت سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌پێى یاساكه‌ جاڕى بارى نائاسایى بدات، دوایین كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان 26 رۆژ پێش ئێستا بووه‌. 

سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ته‌نانه‌ت له‌رێگه‌ى ئۆنلایه‌نه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك لیژنه‌كان، یاخود سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان رێكنه‌خستووه‌. له‌ كاتێكدا ته‌نها له‌رێگه‌ى ئۆنلایه‌نه‌وه‌ ده‌یتوانى لیژنه‌كان رابسپێرێت و ئه‌ركیان پێ بسپێرێت، ئه‌ندامانه‌كان ره‌وانه‌ى ناوچه‌ جیاوازه‌كان بكات و به‌رده‌وام به‌دواداچوون بكه‌ن، داواكارى خه‌ڵك وه‌ربگرن و له‌ هه‌ر مه‌ترسى و كه‌موكوڕییه‌ك خه‌ڵك و حكومه‌ت ئاگادار بكه‌نه‌وه‌.

پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت میکانیزمی خێرا بدۆزێتەوە بۆ هاوکاریکردنی هەژاران و سندوقێکی بەپەلە بۆ ئەو مەبەستە دابمەزرێنێت، تا ئەو خەڵکە کەمدەرامەتانەی کە ژیانیان لەسەر کاسبی رۆژانەیە، بێ خواردن نەبن و ناچارنەبن چەند خولەکێک لەبەردەم کامێرای خێرخوازێکدا بوەستن بۆ وەرگرتنی سەلەیەک خۆران، بەڵکو بەخێرایی ئەو هاوکارییە بە سیستەم رێکبخرایە و بگەیەندرایەتە دەرگای هەرماڵێک کە پێویستی پێی هەبێت.

ئێستا ئه‌نجومه‌نى خۆجێیى پارێزگاى سلێمانى لیژنه‌ى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كۆرۆناى پێكهانه‌وه‌، لیژنه‌یه‌كى پێنج كه‌سى سه‌ردانى ناوچه‌و شوێنه‌ تایبه‌ته‌كانى رووبه‌ڕوونه‌وه‌ى قه‌یرانه‌كه‌ ده‌كه‌ن. له‌كاتێدا په‌رله‌مان له‌ هه‌ر ئه‌ركێك خۆگرى كردووه‌.

دۆخی دارایی و پەرلەمان

هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ دۆخى داراییه‌ كه‌ حكومه‌ت كه‌وتووه‌ته‌ دۆخى هه‌ره‌ ناله‌باره‌وه‌و تاووتوێى چه‌ند بژارده‌یه‌ك ده‌كات بۆ چاره‌سه‌رى دۆخه‌كه‌، تا ناچار نه‌بێت به‌بڕینى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، به‌ڵام په‌رله‌مانى كوردستان له‌هیچ كام له‌و بژاردانه‌دا قسه‌ى نییه‌ و له‌ گفتوگۆكان ئاماده‌ نییه‌ و هیچ بڕیارێك و رێنماییه‌كیشى نییه‌، بۆ ئه‌وه‌ى حكومه‌ت به‌ زیانى كه‌متر له‌ودۆخه‌ رزگارى بێت و خه‌ڵكیش بێزیان. ناوبه‌ناو چه‌ند په‌رله‌مانتارێك له‌ماڵى خۆیایه‌وه‌ له‌ په‌ره‌ى فه‌یسبووكه‌كانیان بابه‌تێك له‌سه‌ر مووچه‌ ده‌نوسن و به‌زیادى ده‌كه‌ن. ریواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانیش دەڵیت، دڵنیایە لەوەی دەستکاری مووچە دەکرێت.

په‌رله‌مانى كوردستان بۆ دیاریكردنى میكانیزمێكى سه‌لامه‌ت بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌ هیچ ده‌نگێكى نه‌بوو، ئێستاش كه‌ مووچه‌ دابه‌شده‌كرێت په‌رله‌مانتاران بۆ ئه‌ركى چاودێریكردنى شێوازى دابه‌شكردنه‌كه‌ راناسپێرێت، تا به‌ سه‌لامه‌تى مووچه‌ بگاته‌ مووچه‌خۆران.

رۆژان محەمەد ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتی:"قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ناوخۆ و پارێزگاره‌كان بڕیاریان له‌سه‌ر داوه‌ و ئه‌ركی په‌رله‌مان نیه‌ ئه‌وه‌ بكات چونكه‌ ئه‌وه‌ كاری په‌رله‌مان نیه‌. به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانین كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بكه‌ین، چونكه‌ كۆبوونه‌وه‌ی چوار كه‌س مه‌ترسی تێدایه‌ نه‌ك 111 په‌رله‌مانتار".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى فراكسیۆنى سه‌وز ده‌ڵێت:"ئێمه‌ هه‌ر وا دانه‌نیشتووین و خه‌ڵك هێرشێكی ناره‌وا ده‌كاته‌ سه‌ر په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران. ئێوه‌ له‌ وه‌زیره‌كانتان پرسیوه‌ چی ده‌كه‌ن؟ داواده‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌ی به‌دواداچوون ده‌كه‌ن بۆ په‌رله‌مانتاران دوو به‌دواداچوونیش بكه‌ن بۆ وه‌زیره‌كان".

رۆژان محه‌مه‌د به‌گوته‌ى خۆى داواى له‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان كردووه‌، له‌رێگه‌ى ئۆنلایه‌نه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك رێكبخه‌ن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كان، به‌ڵام ئه‌و داواكارییه‌ى تائێستا په‌سه‌ند نه‌كراوه‌. ده‌شڵێت له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر بڕیارێكی حكومه‌ت له‌ داهاتوودا له‌ناو په‌رله‌مان قسه‌ی خۆیان ده‌بێت.

سەرۆکایەتی پەرلەمان و رێنماییەکان

لە گەرمەی مه‌ترسییەکانی کۆرۆنا سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی، لە ئەوروپاوە گەڕانەوە، لەکاتێکدا زۆربەی توشبووەکان لە وڵاتانەوە گەڕاونەتەوە، یاخود بەركەوتووی ئەو کەسانەن، بەڵام سەرۆک و جێگری پەرلەمان، رەخنەی ئەوەیان له‌سه‌ره‌،  کە پابەندی رێنماییەکان نەبوون بۆ کەرەنتینەکردن، نوسینگەی سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند سەرۆکی پەرلەمان لەماڵەوە خۆی کەرەنتینە کردووە، لە کاتێکدا هەر هاوڵاتییەکە دەگەڕایەوە لەسەر سنوورەکان رێگەی هاتنە ناوەوەیان پێنەدەراو بۆماوەی ١٤ رۆژ کەرەنتینە دەکرا. سەرۆکی پەرلامان ١٤ی ئازار گەڕایەوە هەولێر.

هەرچی سەبارەت بە جێگری سەرۆکی پەرلەمانە. هێمن هەورامی ٨ی ئازار لە ئەڵمانیا گەڕایەوەو کەرەنتینە نەکرا، دوو رۆژ دواتر بەپێی راگەیەندراوی پەرله‌مان لەگەڵ شاندێک سەردانی وەزارەتی تەندروستی کردوو بەرکەوتنی لەگەڵ خەڵک هەبوو،هەورامی خۆی بڵاویکردەوە کە ٢٨ی مانگ، واتە ٢٠ رۆژ دواتر پشکنینی بۆ کراوە.

ئەو پابەند نەبوونه‌ی سەرۆک  و جێگر لە کاتێکدایە، لە چەند راگەیەندراوێکدا جەخت لەوەدەکەنەوە، کە دەبێت هاوڵاتیان پابەندی تەواوی رێنماییاکان بن و دەڵین، تەنها بە خۆپاریی رزگارمان دەبێت.

رووداوەکەی زینێ وەرتێ

چه‌ند رۆژى رابردوو هه‌ندێك جوڵەی مه‌ترسیدار روویاندا له‌ زینێ وه‌رتێ، به‌جۆرێك ترسى پێكدادانى ناوخۆیى هێزه‌ چه‌كداره‌كان هه‌بوون، به‌ڵام په‌رله‌مانى كوردستان هیچ قسه‌یه‌كى له‌و رووداوانه‌دا نه‌بوو بۆ  هێوركردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ و چاودێریكردنى دابه‌شبوونى ئه‌و هێزانه‌ى خه‌ریكبوو له‌و ناوچانه‌ تووشى پێكدادان ده‌بوون.