ڕاپۆرتی کوردستانی

06:19 - 28/03/2020

ره‌شید و رافیده‌ین کەی لق له‌ هه‌رێم دەکەنەوە؟‌

پەیسەر


هه‌ردوو بانكی ره‌شید و رافده‌ین-ى عێراقى، بۆ كردنه‌وه‌ی لق له‌ هه‌رێمى كوردستان مه‌رجیان هه‌یه‌، شاندێكیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كه‌ن، تا ئێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن بۆ كردنه‌وه‌ى لق له‌ سلێمانى و هه‌ولێر، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ سه‌ربگرێت فه‌رمانبه‌ران و هاوڵاتیان له‌ چه‌ندین پێشینه‌ سودمه‌ند ده‌بن، كێشه‌ى دابه‌شكردنى مووچه‌ش چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن.

پێشینه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌ده‌ن

ئه‌گه‌ر لقى ئه‌و دوو بانكه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان بكرێته‌وه‌، فه‌رمانبه‌ری هه‌ر وه‌زاره‌تێك مووچه‌كه‌ی له‌رێگه‌ی ئه‌و بانكه‌وه‌ بدرێت، هه‌موو پێشینه‌كانیان له‌ پێنج ملیۆنه‌وه‌ تا ٧٥ ملیۆن ده‌توانێت وه‌ربگرێت.

سه‌رچاوه‌ی هه‌لی كارن

بانكی رافده‌ین پێشینه‌ی نیشته‌جێبوون و هاوسه‌رگیری ده‌داته‌ فه‌رمانبه‌ران و پێشینه‌ی تایبه‌ت ده‌داته‌ خانه‌نشینان و رۆژنامه‌نووسان و فه‌رمانبه‌ران، پێشینه‌ ده‌داته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و بانكه‌ و له‌رێگه‌ی كارتی زیره‌كه‌وه‌ مووچه‌ وه‌رده‌گرن.

بانكی ره‌شیدیش چه‌ندین پێشینه‌ ده‌داته‌ هاوڵاتیان له‌وانه‌ش پێشینه‌ی كار و پیشه‌سازیی، دروستكردنی پرۆژه‌ی بچوك و تاكه‌ كه‌سی و نیشته‌جێ بوون و هاوسه‌رگیری، جگه‌ له‌وه‌ی پێشینه‌ ده‌داته‌ خانه‌نشینان و مامۆستایان و پزیشكان و خاوه‌ن كاران.

پێشبینیده‌كرێت به‌كردنه‌وه‌ی لقی ئه‌و دوو بانكه‌ جموجوڵی بازار له‌هه‌رێمی كوردستان گۆڕانكاری به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت.

حكومه‌تی هه‌رێم كه‌مته‌رخه‌مه‌

ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، به‌ دواداچوونیان بۆ كردنه‌وه‌ی لقه‌كانی بانكی رافده‌ین و بانكی ره‌شید كردووه‌، ئه‌و دوو بانكه‌ موڵكی حكومه‌تی عێراقین و پێویسته‌ له‌ هه‌موو شوێنێك لقیان هه‌بێت،"ئێمه‌ش كاری زۆرمان كرد بۆ ئه‌وه‌ی لقی ئه‌و بانكانه‌ له‌ سلێمانی بكرێته‌وه‌ و لیژنه‌یه‌كمان له‌به‌غداوه‌ هێنا".

كێشه‌ى دابه‌شكردنى مووچه‌ نامێنێت

به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كێك له‌و بانكانه‌ به‌ ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شیدى گوتووه‌، چه‌ندین ئۆفه‌ریان ده‌بێت بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌وانه‌ش ته‌نانه‌ت رێگه‌ ناده‌ن حكومه‌تی هه‌رێم كێشه‌ی هه‌بێت له‌ دابه‌شكردنی مووچه‌، به‌جۆرێك بانكی ناوه‌ندی عێراق پاره‌كه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌ژماری بانكی ئه‌وان و ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌مه‌هه‌نگی ده‌كه‌ن و له‌رێگه‌ی بزنس كارته‌وه‌ مووچه‌كه‌ دابه‌شده‌كه‌ن.

به‌گوته‌ى حاجى ره‌شید، قۆناغی یه‌كه‌می هه‌وڵه‌كانیان بۆ سلێمانی بووه‌ و بڕیاریش بووه‌ له‌دوای سلێمانی كار بۆ كردنه‌وه‌ی لقی ئه‌و بانكانه‌ له‌ هه‌ولێریش بكه‌ن.

هه‌ردوو بانكى رافیده‌ین و ره‌شید هه‌موو ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى لقى خۆیان بێننه‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام به‌گوته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، حكومه‌تی هه‌رێم هیچ وه‌ڵامێكی نه‌بووه‌ و كه‌مته‌رخه‌مه.

ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید ده‌ڵێت:"ئه‌و بانكانه‌ مه‌رجیان هه‌یه‌ و مه‌رجه‌كه‌شیان ئه‌وه‌یه‌، ئه‌وان چه‌ند موڵكێكیان له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌، داوایان كرده‌وه‌ موڵكه‌كانی پێبده‌نه‌وه‌ و حكومه‌تی هه‌رێمیش ئاماده‌نه‌بووه‌ ئه‌و موڵكانه‌یان پێ بده‌نه‌وه‌، كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ كاره‌كه‌ راگیراوه‌".

له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا بانكی رافیده‌ین نامه‌یه‌كی ناردووه‌ بۆ لیژنه‌ى دارایى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، داوایانكردووه‌، كێشه‌كه‌یان بۆ چاره‌سه‌ر بكرێت.

نوێنه‌ریان هاتووه‌ته‌ هه‌رێم

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌ر پرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌ماوه‌ی رابردوودا شاندێكی بانكی ره‌شید سه‌ردانی عابد مزوری به‌ڕێوه‌به‌ری لقی هه‌ولێری بانكی ناوه‌ندی عێراقی كردووه‌، داوایانكردووه‌ هاوكارییان بكات له‌كردنه‌وه‌ی لقی بانه‌كه‌یان له‌هه‌ولێر ئه‌ویش رێنمایی كردوون داواكاریه‌ك بنوسن بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێم.