ڕاپۆرتی کوردستانی

03:41 - 26/12/2018

كێشه‌ ناوخۆییه‌كان له‌ چه‌ند لایه‌كه‌وه‌ ته‌نگ به‌ كۆمه‌ڵ هه‌ڵده‌چنن‌

پەیسەر

چه‌ند گرفتێكى ناوخۆیى له‌ كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و رێكخستنه‌كانى ئه‌و حزبه‌ به‌سه‌ر چه‌ند بۆچوونێكدا دابه‌شبوون بۆ چاره‌سه‌ركردنیان، به‌ڵام تا ئێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌نجام و كێشه‌كان وه‌ك خۆیانن، كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ مه‌ڵبه‌ندى هه‌ولێر، به‌شدارى یاخود نه‌چوونه‌ حكومه‌ت و میدیاى حزبه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌.

مەڵبەندی هەولێر

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌ر پرێس كه‌وتوون، كێشه‌كانى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ولێر له‌ دواى هه‌ڵبژاردنى په‌ڕله‌مانى كوردستانه‌وه‌ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌، به‌ جۆرێك پێش هه‌ڵبژاردن عه‌بدولستار مه‌جید ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سیاسى كۆمه‌ڵ پۆسته‌كه‌ى به‌ڕێوه‌ده‌برد، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ردوو ئاڕاسته‌كه‌ى مه‌ڵبه‌ند قایل بكات، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ی بووه‌ سه‌رۆكى فراكسیۆنى له‌ پۆستى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ند نه‌ما و كێشه‌كه‌ دیسان سه‌رى هه‌ڵدایه‌وه‌.

كێشه‌ى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ولێر نوێ نییه‌و بۆ چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كاتێك ئیسماعیل ره‌سوڵ كرایه‌ به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ولێر، به‌شێك له‌ به‌رپرسانى مه‌ڵبه‌ند نیگه‌ران بوون و ئاماده‌ نه‌بوون مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكه‌ن، تا دواتر به‌هۆى رێگرییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستى له‌كار كێشایه‌وه‌، به‌ڵام تائێستا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى قبوڵ نه‌كراوه‌و ماوه‌ى شه‌ش مانگه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ نه‌ماوه‌و چووه‌ته‌ ماڵه‌وه‌، سه‌عد هه‌ركیش كه‌ ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تییه‌ به‌هۆى هه‌مان كێشه‌وه‌ ده‌ستى له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌ركه‌وتوون، له‌دواى ئه‌وه‌ى عه‌بدولستار مه‌جید بووه‌ سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ، به‌رپرسانى مه‌ڵبه‌ند نه‌یان ویستووه‌ پۆستى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ولێریش هه‌ر لاى ئه‌و بێت، هه‌رچه‌ند قسه‌یه‌كیش هه‌یه‌ كه‌ خۆى ده‌ستى له‌ پۆستى مه‌ڵبه‌ند كێشابێته‌وه‌.

چه‌ند ناوێك بۆ به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ند پێشنیاركراون، له‌وانه‌ مه‌روان گه‌ڵاڵى به‌ڵام ناڕازى بوونى به‌شێك له‌ به‌رپرسانى كۆمه‌ڵى هه‌ولێر، بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ پۆسته‌كه‌ به‌ مه‌روان گه‌ڵاڵیش نه‌درێت، هه‌روه‌ها سه‌لیم كۆیى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى و به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى كۆمه‌ڵ، نیگه‌ران بووه‌ له‌وه‌ى به‌رپرسیارێتى مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ به‌و نه‌سپێردراوه‌ ئێستا له‌ ناڕازییه‌كانه‌ و باس له‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى ده‌كرێت، به‌ ناچارى له‌ ئێستادا كه‌مال حه‌مزه‌ به‌ به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ولێر دانراوه‌ به‌ وه‌كاله‌ت، تا كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ دیاریده‌كرێت.

كێشه‌ى به‌شدارى حكومه‌ت

كێشه‌یه‌كى دیكه‌ كه‌ نوێیه‌ و له‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ سه‌رى هه‌ڵداوه‌، به‌شداریكردنه‌ له‌ حكومه‌ت، به‌شێك له‌ سه‌ركردایه‌تى له‌گه‌ڵ به‌شدارى نین، هه‌رچه‌نده‌ ده‌وترێت ئه‌م بۆچوونه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵ زۆرینه‌ نین، به‌ڵام زۆرینه‌ى رێكخسته‌كانى خواره‌وه‌و كادیره‌ ناوه‌ندییه‌كان پشتیوانى بۆچوونى نه‌چوونه‌ حكومه‌تن.

ئه‌وه‌ى ده‌نگى لایه‌نگرانى ئۆپۆزسیۆنبوونى زاڵ كردووه‌، ئه‌وه‌یه‌ تا ئێستا پارتى سه‌ردانى كۆمه‌ڵى نه‌كردووه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر به‌شداریكردنى له‌ حكومه‌ت، ئه‌و ئاڕاسته‌ى كۆمه‌ڵ له‌وه‌ نیگه‌رانن كه‌ تا ئێستا حزبه‌كه‌ بڕیارى نه‌داوه‌ سه‌ره‌ڕاى ساردى و بێباكى پارتى له‌ به‌شدارى كۆمه‌ڵ له‌ حكومه‌ت، هه‌رچه‌ند به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر گۆڕان پێشتر داواى له‌ پارتى كردبوو كه‌ كۆمه‌ڵیش به‌شداربێت له‌ كابینه‌ى حكومه‌ت، پارتیش به‌ داواكارییه‌كه‌ رازى بووه‌.

عه‌بدولستار مه‌جید ناوى دیارى ئه‌و گروپه‌ى كۆمه‌ڵه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ به‌شداریكردنن له‌ حكومه‌ت، هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر عه‌لى باپیر ئه‌میرى حزبه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌یه‌ كه‌ پێى وایه‌ ده‌بێت كۆمه‌ڵ به‌شدارى حكومه‌ت بێت، به‌ڵام چاوه‌ڕوانده‌كرێت هه‌فته‌ى ئاینده‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى به‌ڕێوه‌بچێت و پرسى به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت جارێكى دیكه‌ یه‌كێك بێت له‌ ته‌وه‌ره‌كان.

میدیاى حزبه‌كه‌

به‌پێى زانیارییه‌كان به‌شێك له‌به‌رپرسانى هه‌ولێرى كۆمه‌ڵ، بایكۆتى كه‌ناڵى په‌یام یان كردووه‌و زیاتر گرنگى به‌ ته‌له‌فزیۆنى ناوخۆیى ئه‌و حزبه‌ ده‌ده‌ن له‌ هه‌ولێر، عه‌بدولستار مه‌جید كه‌سى یه‌كه‌مى ئه‌م ئاڕاسته‌یه‌ كه‌ زیاتر په‌یام و بۆچوونه‌كانیان له‌ ته‌له‌فیزیۆنى كۆمه‌ڵ و سایتى ئه‌و حزبه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وان نیگه‌رانن له‌ كه‌ناڵى ئاسمانى حزبه‌كه‌ و سیاسه‌تى به‌ڕێوه‌بردنى.

به‌ڵام ئه‌و ئاڕاسته‌ى كه‌ روویان له‌ ته‌له‌فیزیۆنى كۆمه‌ڵ و پشتیان له‌ په‌یام كردووه‌، ناڕازییه‌كانى هه‌ولێر نین، به‌ڵكو به‌شێكن له‌ به‌رپرسانى ئه‌و حزبه‌ كه‌ له‌ ئه‌داى كه‌ناڵه‌كه‌ نیگه‌رانن، له‌ به‌رامبه‌ردا ناڕازییه‌كانى هه‌ولێر زۆرتر كێشه‌كانیان به‌هۆى به‌ڕێوه‌بردنى مه‌ڵبه‌نده‌وه‌یه‌ نه‌ك راگه‌یاندن.

ئێستا كه‌ كه‌ناڵى ئاسمانى حزبه‌كه‌ له‌ قه‌یرانێكى قورسدایه‌ و پێویستى به‌ هاوكارییه‌، باس له‌وه‌ ناكرێت كه‌ ته‌له‌فیزیۆنى ناوخۆیى كۆمه‌ڵ قه‌یرانى هاوشێوه‌ى هه‌بێت، هه‌رچه‌ند ته‌له‌فیزیۆنى ناوخۆیى خه‌رجى وه‌ها گه‌وره‌ى نییه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا به‌شێكى زۆر له‌ ئه‌نجومه‌نى سیاسى و سه‌ركردایه‌تى ئه‌و حزبه‌، پشتیوانى كه‌ناڵى په‌یامن بۆ تێپه‌راندنى قه‌یرانه‌كه‌ى.

سه‌رۆكى فراكسیۆن

به‌پێى زانیارییه‌كان دانانى سه‌رۆكى فراكسیۆنى په‌رله‌مانى كوردستان، كێشه‌یه‌كى دیكه‌ى كۆمه‌ڵ بوو، به‌وپێیه‌ى ته‌نها فراكسیۆن بوو له‌و فراكسیۆنانه‌ى سه‌رۆك لیسته‌كانیان چوونه‌ په‌رله‌مان، سه‌رۆك لیسته‌كه‌ى نه‌كرده‌ سه‌رۆك فراكسیۆن كه‌ سۆران عومه‌ر بوو نزیكه‌ى ٤٠ هه‌زار ده‌نگى هێنابوو، به‌ڵكو عه‌بدولستار مه‌جید ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سیاسى بووه‌ سه‌رۆك فراكسیۆن، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانى به‌شێك له‌ رێكخستنه‌كانى ئه‌و حزبه‌ى لێكه‌وته‌وه‌و پێیان وابوو سۆران عومەر بۆ دەنگ کۆکردنەوە کراوەتە سەرۆکی لیسیت.

كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان، ساڵى ٢٠٠١ له‌ هه‌ورامان راگه‌یه‌ندرا و له‌ نه‌هزه‌كان و لایه‌نگرانى عه‌لى باپیر له‌ناو بزوتنه‌وه‌ پێكهاتن، له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان كۆمه‌ڵ بووه‌ یه‌كه‌مى حزبه‌ ئیسلامییه‌كان و توانى حه‌وت كورسى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ده‌ستبهێنێت و كورسییه‌ك بۆخۆى زیاد بكات.