ڕاپۆرتی کوردستانی

02:11 - 26/03/2020

حكومه‌ت كه‌ى مووچه‌ ده‌دات؟‌

پەیسەر

به‌هۆى نه‌گه‌یشتنى پاره‌كه‌ى به‌غداوه‌، حكومه‌ت له‌ دابه‌شكردنى مووچه‌ وه‌ستاوه‌، داهاتى ناوخۆو نه‌وت به‌ رێژه‌ى زۆر كه‌م ماون، لقى هه‌ولێرى بانكى ناوه‌ندى ده‌ڵێت، پاره‌ى باشیان لایه‌، به‌ڵام فه‌رمانیان پێ نه‌گه‌یشتووه‌ كه‌ دابه‌شى بكه‌ن.

تا ئه‌مڕۆش فه‌رمانى خه‌رجكردن نه‌گه‌یشتووه‌

عابد مزوری به‌ڕێوه‌به‌ری لقی هه‌ولێری بانكی ناوه‌ندی عێراق نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، تا ئێستا بڕیاری خه‌رجكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمیان له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه‌ پێنه‌گه‌یشتووه‌.

مزورى گوتیشى:"هه‌ركاتێك بڕیاره‌كه‌مان به‌ده‌ست بگات، پاره‌كه‌ راده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین، كێشه‌ی پاره‌مان نییه‌ و پاره‌ی پێویستمان هه‌یه‌". به‌ڕێوه‌به‌رى لقى هه‌ولێرى بانكى ناوه‌ندى، به‌ دوورى زانى ئه‌مڕۆ فه‌رمانى خه‌رجكردنى پاره‌كه‌ بگاته‌ هه‌رێمى كوردستان.

بگات دابه‌شى ده‌كه‌ین

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان، به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، هه‌فته‌ی رابردوو كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی كراوه‌ و رێكار بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌ به‌ په‌یڕه‌وكردنى رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كانه‌وه‌ گیراوه‌ته‌به‌ر، بڕیاردراوه‌ هه‌ر كاتێك پاره‌كه‌ی به‌غداد بێت ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ مووچه‌كانیان وه‌رنه‌گرتووه‌.

داهاته‌كانی هه‌رێم كه‌میان كردووه‌ به‌ڵام سفر نین

سه‌رچاوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌ڵێت، داهاتی هه‌رێم سفر نییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی چه‌ند كه‌سێك ده‌ڵێن، چونكه‌ داهاتی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان به‌رده‌وامه‌ ئه‌گه‌رچی بۆ نیوه‌ كه‌میكردووه‌، هه‌روه‌ها داهاتی فڕۆكه‌خانه‌كان به‌رده‌وامه‌، كۆمپانیاكانی نه‌وت به‌رده‌وامن له‌ هه‌نارده‌ی نه‌وت و پاره‌كه‌ی به‌غدادیش مانگانه‌ دێت، ئه‌وه‌ی كه‌میكردووه‌ هه‌ندێك داهاتی وه‌ك باجی خانووبه‌ره‌و و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆ و ئاو و كاره‌بایه‌.

داهاتی نه‌وت زۆر كه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه‌

سه‌رچاوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، پێشتر مانگانه‌ له‌ داهاتی نه‌وت 295 ملیۆن دۆلار له‌ هالك بانكه‌وه‌ ره‌وانه‌ی ئارتی بانك ده‌كرا له‌ هه‌ولێر و له‌وێشه‌وه‌ ده‌درایه‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری، به‌ڵام له‌دوای دابه‌زینی نرخی نه‌وت داهاتی نه‌وتی هه‌رێم زۆر كه‌می ده‌گه‌رێته‌وه‌.

په‌یسه‌ر پرێس بۆ وه‌رگرتنی زانیاری ده‌رباره‌ی هۆكاری دابه‌شنه‌كردنی موچه‌ و كه‌م بوونه‌وه‌ی داهاته‌كانی حكومه‌ت په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌حمه‌د عه‌بدولره‌حمان گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ كرد، به‌ڵام وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی نه‌دایه‌وه‌.

یه‌كێك له‌ بژارده‌كان ئاسیا حه‌واڵه‌یه‌

به‌رزان شێخ محه‌مه‌د جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، یه‌كێك له‌ بژارده‌كان ئه‌وه‌یه‌ له‌ رێگه‌ى ئاسیا حه‌واڵه‌وه‌ مووچه‌ دابه‌شبكرێت، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌ جۆرێك ده‌بێت كه‌ كه‌ره‌نتینه‌ نه‌شكێت و قه‌ره‌باڵغی دروست نه‌بێت و كۆمپانیاكه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌باته‌ به‌رده‌م ماڵه‌كانیان و به‌ رێكارێكی خۆیان پاكی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵگری هیچ ڤایرۆسێك نه‌بێت، و ئه‌و پاره‌ی كه‌ كۆمپانیاكه‌ وه‌ری ده‌گرێت كه‌متر ده‌بێت له‌ 1% و ته‌نها بۆ ئه‌و قۆناغه‌یه‌ تا كۆنتڕۆڵی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌كرێت.

سه‌رۆكی حكومه‌ت بیرۆكه‌كه‌ى لا په‌سه‌ند بووه‌، به‌ڵام گوتویه‌تى، ده‌بێت دیراسه‌بكرێت و بڕیاره‌كه‌ گشتگیر بێت و بۆ هه‌موو هه‌رێمى كوردستان، تایبه‌ت نه‌بێت به‌ سلێمانی و تائێستا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بژارده‌یه‌ نه‌دراوه‌.

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێت:"ئه‌گه‌ر پاره‌ هه‌بێت چۆن موچه‌ی ته‌ندروستمان دابه‌شكرد، ئاواش په‌روه‌رده‌ دابه‌ش ده‌كه‌ن، چۆن پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ موچه‌یان پێدرا به‌هه‌مان رێكار موچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی تریش ده‌ده‌ین، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تی هه‌رێم پاره‌ی نیه‌ بیدات به‌مووچه‌، یه‌كێك له‌ بژارده‌كان ئه‌وه‌یه‌ مووچه‌ بدرێته‌ به‌ڕێوه‌به‌رگشتییه‌كانی وه‌زارته‌كان و ئه‌وانیش دابه‌شیبكه‌ن، یان له‌ رێگه‌ی بانكه‌ حكومییه‌كانه‌وه‌ بدرێت.

ته‌ندروستی سلێمانی رێوشوێن دیاریدەکات

دكتۆر سه‌باح هه‌ورامی به‌رێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی به‌ ده‌نگى ئه‌مریكاى راگه‌یاندووه‌:"بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ش ئه‌گه‌ر حكومه‌ت مه‌به‌ستی بێت له‌ روی هونه‌رییه‌وه‌ ئه‌ركێكی قورس نییه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت داوا له‌ ئێمه‌ بكات رێوشوێنی ته‌ندروستیان ده‌ده‌ینێ چۆن مووچه‌ دابه‌ش بكه‌ن".

گوته‌بێژى حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێت، بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ پێویستیان به‌ نزیكه‌ی 890 ملیار دینار هه‌یه‌ له‌و بڕه‌ش 453 ملیار دیناری له‌به‌غداوه‌ دێت، وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ و ته‌ندروستی و دارایی و ئابورس موچه‌ی مانگی 12 ی ساڵی رابردوویان وه‌رگرتووه‌ و فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌ته‌كانی تریش چاوه‌رێی گه‌یشتنی پاره‌كه‌ی به‌غدان.