04:46 - 17/03/2020
بازاڕی کوردستان لە بەردەم قەیرانی کۆرۆنادا خۆڕاگرە
دوو هەفتە زیاترە هەرێمی کورستان کەوتووەتە دۆخی بەرگریی
و خۆپارێزیی لە پەتای کۆرۆنا، بەمەش هاتوچۆ لە دەروازەسنوورییەکان و جموجوڵی
ناوشارەکان بە تەواوی سنووردارکراون. بەڵام وەکو رۆژانی ئاسایی پێش بڵاوبوونەوەی
کۆرۆنا، رۆژانە لە کۆڵانەکاندا دەنگی هاواری فرۆشیارانی سەوزەو میوە و غازو
پێویستییەکانی تر دێت.
ئەگەر پێشتر بە باسکردن باسی ئەم رێوشوێنانە بکرانایە،
ئایا پێشبینی چی دەکرا بۆ بازاڕ؟
بێگومان پێشبینییەکان ئەوە دەبوون کە قەیرانێکی زۆر رووی
دەکردە بازاڕ و نرخی خواردن و شتومەك بە ڕادەیەکی زۆر بەرز دەبوویەوە. بەڵام
بەراورد بەو هەموو رێکار و کۆنترۆڵکردنە، بازاڕ و نرخ بەوجۆرە دەرنەچوون.
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی
کوردستان، ترسێکی زۆر لەناو خەڵکدا بڵاوبوویەوە. هەربۆیە درەنگانێكی شەوی ٢٥ی مانگی
رابردوو، بەنزینخانەکان و مارکێتەکان پڕبوون لە خەڵک و کەوتنە کڕینی خۆراک و
پێداویستی.
ئێستا دوای ئەو هەموو رێکارە و دوای زیاتر لە سێ رۆژ
قەدەغەکردنی هاتوچۆ لەناوشارەکان و نێوانی شاروشارۆچکەکانیش، زۆربەی خواردن و
پێداویستییە رۆژانەییەکان ٥٠٠ تا ١٠٠٠ دینار نرخیان بەرزبووەتەوە.
حاڵی حازر بەشی زیاتر لە چوار مانگ پێداویستی و شمەك لە كۆگاكاندا عەمبار کراون
راستە بەپێوەری ئابوورییانە ئەم نرخانە بەرزن، بەڵام
بارودۆخی نەک تەنیا هەرێم، بەڵکو جیهانیش تەواو گۆڕاوە، بۆیە لە کاتێکی وادا
چاوەڕوانکراوە بازاڕ ئاڵوگۆڕی بەسەردابێ و نرخەکان لە جێی خۆیاندا نەمێنن و بەرز
ببنەوە.
رۆژی ٢٥ی مانگی رابردوو، لە
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی
هەرێم پێشنیازیان کردبوو کە رێوشوێنەکانی خۆپارێزیی لە مەرزە نێودەوڵەتییەکان،
خۆراک و هەندێ کەلوپەل نەگرێتەوە. ئەو شتانە هاوردە بکرێن بەڵام لەژێر چاودێرییەکی
وردی تەندروستیدا.
وادیارە ئەم پێشنیاز و
رێکارانە، کاریگەری باشیان هەبووە بۆ نەشڵەژانی بازاڕ.
زەخیرەی چوار مانگ خراوە
تا ئەمڕۆ ١٧ی ئازار،
سنوورەکان بۆ هاوردنی خوارد و کاڵا کراوەن. ئەمەش کاریگەری هەبووە لەسەر راگرتنی
نرخ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا.
هەفتەی رابردوو كەمال موسلیم
وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ڕێكارەكان نابنە مایەی
قەیران بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە حاڵی حازر بەشی زیاتر لە چوار مانگ پێداویستی و
شمەك لە كۆگاكاندا عەمبار کراون.
کەمال موسلیم زیاتر لەسەر ئەمە رۆیشت و وتی: ئێستا 1500 كۆنتێنەری پڕ
لە پێداویستی لە بەندەر عەباسی ئێران كە هەڵگری دەیان جۆر شمەك و خۆراک و
پێداویستین، ئامادەن بهێنرنە ناو هەرێمی کوردستانەوە.
بەهۆی ئەوەی بازاڕەکانی هەرێم پشتی بە تەنیا سەرچاوەیەک نەبەستووە، دەتوانێ لە قەیرانەکاندا سوود لەو فرە سەرچاوەییە وەربگرێ
بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی ئەم
وەزارەتە، ئێستا چەندین كارگەی ناوخۆیی هەن لە هەرێمی کوردستان و عێراق کە رۆژانە بەرهەمەکانیان
دەنێرنە بازاڕەوە. ئەمەش یارمەتیدەرێكی باشە بۆ پڕکردنەوەی هەندێ پێداویستیی کە لە
دەرەوە ناهێنرێن.
زیاتر لەوەی پێویستە هەیە
لەلایەکی ترەوە دوای دوو هەفتە لەو قسانەی وەزیری بازرگانی هەرێم، سیروان محهمهد، سهرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی ڕۆژی دووشەممە ١٦ی
ئازار رایگهیاند: هیچ رێگرییهك له كاری بازرگانی ناكرێ و ئهو كۆمپانیایانهی كاڵاو
و شتومهك هاوردە دەکەن، بهبێ كێشهو گرفت دهتوانن خواردن و پێداویستی بۆ شارهكانی
تر یان لەناوشاری سلێمانیدا دابەشی بکەن بە ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەکانی
حکومەت.
ئێستا 1500 كۆنتێنەری پڕ لە پێداویستی جۆر شمەك و خۆراک ئامادەن بهێنرنە ناو هەرێمی کوردستانەوە
سهرۆكی
ژووری بازرگانی سلێمانی ئاماژهی بهوهشدا رۆژانه زیاتر له ههزار و 500 بارههڵگر
كاڵاو شتومهك له دهروازه سنوورییهكانهوه داخڵی شاری سلێمانی دهبن و زۆربهی
كاڵاكان له پێداویستیی ناوخۆی شارەکە زیاترەو بهشێك لەو زیادەیە دهنێردرێنه
شارهكانی تری كوردستان و ناوهراست و باشووری عێراقەوە.
فرە سەرچاوە
زۆر کەس ترسی ئەوەیان لێنیشتبوو کە بەهۆی کۆرۆناوە، دیسان کوردستان
توشی قاتوقڕی و نەداری نەوەدەکان دەبێتەوە. بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی هەزاران
کۆمپانیای هاوردە هەن و چەندین سەرچاوە هەیە بۆ هاوردنی پێداویستی لێیەوە، ئەم
ترسە دەڕەوێنێتەوە.
شارەزایانی ئابووری روونی دەکەنەوە، بەهۆی ئەوەی بازاڕەکانی هەرێم
پشتی بە تەنیا سەرچاوەیەک نەبەستووە، دەتوانێ لە کاتی قەیرانەکاندا سوود لەو فرە
سەرچاوەییەی وەربگرێ.
بەڵام هیچ لایەک ناتوانێ گرەنتی ئەوە بکات کە نرخی ئەو خۆراک و کەلوپەلانە جێگیربن و
زۆر بەرز نەبنەوە. چونکە سروشتی بازاڕ وایە لە دنیادا خواست دەتوانێ چارەنووسی نرخ
دیاری بکات.