ڕاپۆرتی کوردستانی

01:22 - 16/03/2020

دیاریی هاوسەرەکەی مێجەرسۆن بۆ هەڵەبجە چی لێهات؟‌

پەیسەر

بۆ زۆربەی خەڵکی کوردستان، ناوی (مێجەرسۆن) حاکمی سیاسی سلێمانی لە سەردەمی دەسەڵاتی ئینگلیز لە عێراق، ناوێکی ئاشنایە. بەڵام زۆر کەم خەڵک هەیە بزانێ کە هاوسەری ئەم پیاوە گرنگەی رووداوەکانی سەدەی بیست، 26ساڵ لەمەوبەر خانووەکەی خۆی پێشکەشکردووە بە منداڵانی هەڵەبجە.

 
هەفتەیەک بەر لەوەی کۆچی دوایی بکات، خاتوو لۆنێت سۆن، هاوسەری مێجەرسۆن ئاشکرایکردووە، ئەو خانووەی خۆیان کە سەعات و نیوێک لە شاری لەندەنەوە دوورە، کردووەتە دیاریی بۆ منداڵانی شاری هەڵەبجە.

لۆنێت سۆن وتی وەسێتم کردووە دوای خۆم خانووەکەی ببەخشنە منداڵانی هەڵەبجە

چیرۆکی پێشکەشکردنی خانووەکەی سۆن بۆ هەڵەبجە لەسەرزاری (رووناک ئەحمەد بەگی جاف) ئاشکراکراوە کە بۆ خۆی چووەتە ماڵەکەی خاتوو لۆنێت و ئەوەی بۆ ئاشکراکردووە کە لە وەسێتەکەیدا نووسیویەتی "ئەم خانووە بکەن بە دیاری بۆ منداڵانی هەڵەبجە".

وەسێتەکەی لۆنێت سۆن
رووناک کچی شاعیری ناوداری کورد (ئەحمەد موختار بەگی جاف) ساڵی 1931لە هەڵەبجە لە دایکبووە، رووناک ئێستا لە لەندەن دەژی و لە دیدارێکی رۆژنامەوانییدا کە گۆڤاری (خاڵ) لە ژمارە 27ی مانگی شوباتی ئەمساڵ دیدارەکەی بڵاوکردووەتەوە دەڵێ: لۆنێتی ژنی مێجەرسۆن کە زانیبووی کوڕەزاکانی عادیلەخانمی هەڵەبجە لە بەریتانیا دەژین، وتبووی حەزدەکەم بیان بینم. منیش ساڵی 1994رۆژێک چووم بۆ لای لە خانووەکەی خۆی لە شاری (برایتن) کە سەعات و نیوێک لە لەندەنەوە دوورە، بەڵام پێش ئەوەی بڕۆم وتبووی با یاپراخ و کەبابم بۆ بێنێ. ئەو دوو ناوەو ناوی پشیلەیشی بیر مابوو.

خاتوو لۆنێت لە 95 ساڵیدا ناوی کەباب و یاپراخ و پشیلەی بە کوردی لە بیردا مابوو

لە کاتی دانیشتن و دەمەتەقێی نێوانیان، خاتوو لۆنێت کە ئەو کاتە تەمەنی 95ساڵ بووە بە رووناک دەڵێ: وەسێتم کردووە ئەم خانووەی خۆم ببەخشن بە منداڵانی هەڵەبجە. بەڵام هەفتەیەک دوای ئەم دیدارەی نێوانمان لۆنێت کۆچی دوایی کرد و نەمزانی مەسەلەی خانووەکەی چی لێهات. پرسیارم کرد وتیان هیچ نەدراوە بە هەڵەبجە.

کەس هەواڵی نازانێ
وادیارە ئەو دیارییەی خاتوو لۆنێت هەرگیز نەگەیوەتە کوردستان و هەڵەبجە و هەر لە بەریتانیا لەلایەن نزیکەکانی خۆیان یان ئەوانەی سەرپەرشتی سامان و کەرەسەکانی خێزانی مێجەرسۆنیان کردووە، دیزەبەدەرخۆنە کراوە.

لە دیارەکەدا رووناکی کچی ئەحمەد موختار جاف زیاتر لەسەر ئەم باسە دەڕوات و دەڵێ: ئەو کاتەی لۆنێت مرد، بەریتانیا کوردی زۆری لێنەبوو تا سۆراخی ئەم شتە بکەن. رۆژێک لە ئاهەنگێکدابووم لە لەندەن دوو کەسیان نیشاندام کە منیش دەمناسین، وتیان ئەو دوو کەسە دەستیان کێشاوەتە  ئەو میراتەی لۆنێت بەخشیبوویە هەڵەبجە. ئیتر دوای ئەوە شتەکە ون بوو، کە هاتمەوە کوردستان هەواڵم پرسی، وتیان ئاگامان لە شتی وانییە و نەمانبیستووە.

رووناک ناڵێ کە ئەو دوو کەسەی تۆمەتبارکراون بە خواردنی ئەو دیارییە، کوردبوون یان ئینگلیز. تەنیا ئەوە دەڵێ کە وتوویانە دەستیان هەیە لە خواردنیدا.

ئەو دیارییەی خاتوو لۆنێت هەرگیز نەگەیوەتە کوردستان و هەڵەبجە و هەر لە بەریتانیا دیزەبەدەرخۆنە کراوە

پەیسەر لەڕێی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا و کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، بەدواداچوونی بۆ چارەنووسی ئەو دیارییە کردووە، بەڵام هەمووان دەڵێن بێئاگان لێی و نازانن چی لێهاتووە.

سەبارەت بە نادیاری دیارییەکەی لۆنێت، هەڵەبجەییەکان دەڵێن، نەبیتوویانە شتێکی وا هەبووە، نە دەشزانن چارەنووسی ئەو خانووە چی لێهاتووە.

کامل عەبدولقادر وتەبێژی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە بۆ پەیسەر وتی: ئێمە وەک کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە ئاگاداری ئەم باسە نین. ئەگەر شتێکی واهەبێ دەبێ پرسیار لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم بکرێ لە بەریتانیا یان ئەو ڕێکخراوانەی تایبەتن بە مافی منداڵان لە کوردستان بکرێ.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا کە لەڕێی پەیسەرەوە ئاگادار کرایەوە لەم پرسە رایگەیاند: هیچ شتێکمان لەسەر ئەو خانووە دەست نەکەوت.

کاروان جەمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا وتی: هیچ شتێکمان بۆ روون نەبوویەوە.

مێجەر سۆن کێ بوو؟
ئێلی بانستەر سۆن کە لە کوردستان بە "مێجەرسۆن" دەناسرێ، ساڵی 1881 لە دایکبووەو دوو جار و لە دوو قۆناغی جیاوازدا هاتووەتە کوردستان.

یەکەمیان ساڵی 1909بەنهێنی هاتووەتە کوردستان بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاشنای ژیان و ژیاری کوردەواری بێ. زۆرترین ئەو ماوەیەی لە کوردستان ماوەتەوە لە سنە و هەڵەبجە بووە. جاری دووەم ساڵی 1920بە وەزیفەی سیاسی هاتووەو کراوەتە حاکمی سیاسی سلێمانی.

سەرەتا مێجەرسۆن کە هاتووەتە کوردستان خۆی ناونابوو (میرزا شیرازی) و کوردییەکی رەوان و پەتی فێر ببوو بە جۆرێک هەموو کەس هەستی پێنەکردووە کە کورد نییە.

پاش ئەوەی ئینگلیزەکان عێراقیان داگیرکرد لە ساڵی 1918 سۆن یەکێک بووە لە نووسەرە سەرەکییەکانی رۆژنامەی (تێگەیشتنی راستی) کە بە زمانی کوردی دەردەچوو بۆ بڵاوکردنەوەی بیری ئینگلیز لە کوردستان. کاتێکیش بۆ سلێمانی گوازراوەتەوە وەکو حاکمی سیاسی لەساڵی 1920 لە شاری سلێمانی (رۆژنامەی پێشکەوتن)ی بەزمانی کوردی دەرکردووە، مێجەر سۆن ئەو ماوەیەی حاکمی سیاسی بووە، لەگەڵ هەموو ئەو سوود و قازانجەی بۆ زمان و فەرهەنگی کوردی هەیبووە، بەڵام دژایەتییەکی زۆری شێخ مەحمود و شۆڕشەکانی کردووە.

لەو کاتەی وەکو حاکمی سیاسی لە کوردستان بووە، چەندجارێک لۆنێتی هاوسەری هاتووەتە کوردستان و چەند رۆژ لە ماڵی عادیلەخانم و وەسمان پاشای جافدا لە هەڵەبجە ماونەتەوە.