ڕاپۆرتی کوردستانی

03:54 - 15/03/2020

كۆرۆنا كه‌رتى گه‌شتیاریى جیهانى داڕماند‌

پەیسەر

ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ رۆژانه‌ هه‌ره‌شه‌ له‌ژیانی مرۆڤ ده‌كات، به‌ڵام گه‌شتیاران و كارمه‌ندانی كه‌رتی گه‌شت و گوزار زۆرترین كاریگه‌ری ڤایرۆسه‌كه‌یان له‌سه‌ره‌، 10%ی هه‌موو كرێكارانی جیهان له‌بواری گه‌شتیاری كارده‌كه‌ن، كه‌رتى گه‌شتیارى وڵاتان به‌ ته‌واوى ئیفلیج بووه‌، چاره‌نوسی ئه‌و كه‌رته‌ له‌سه‌رده‌می كۆرۆنادا چی به‌سه‌ر دێت؟

هه‌ره‌شه‌ی ئیفلیج بوون له‌ گه‌شتیاریی جیهان ده‌كات

ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار ده‌ست ده‌خاته‌ قوڕگی كه‌رتی گه‌شتیاریی، دۆخه‌كه‌ له‌ هه‌موو شوینێك ناجێگیره‌، به‌ تایبه‌تیش له‌ رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا، ئه‌وروپا و نیگه‌رانییه‌كان ده‌رباره‌ی ئه‌و كه‌رته‌ تا دێت زیاتر ده‌بن.

هۆتێله‌كان به‌تاڵن و گه‌شته‌كان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌، شوێنه‌گه‌شتیاریه‌كان داخراون، ڤایرۆسی كۆرۆنا گه‌شتوگوزاری جیهانیی ئیفلیج ده‌كات، پێشبینیه‌كان بۆ زیانی ئه‌و كه‌رته‌ له‌ئه‌وروپا به‌ ملیاران یۆرۆ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، ئێستا ئه‌وروپا له‌ به‌رده‌م گه‌وره‌ترین كێشه‌دایه‌، له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ ئیتاڵیا شوێنه‌ دیاره‌كانی گه‌شتیاری به‌ ته‌واوه‌تی چۆڵن، له‌ شاره‌كانی میلانۆ و ڤینیسیا مۆزه‌خانه‌ و هۆڵه‌كانی شانۆ و شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كان داخراون، چالاكییه‌ گه‌وره‌كان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌، له‌ فه‌ره‌نسا، مۆزه‌خانه‌ی لۆڤه‌ر ماوه‌ی دوو رۆژ به‌رده‌وامه‌ داخراوه‌، چونكه‌ كارمه‌ندانی مۆزه‌خانه‌كه‌ له‌ترسی ڤایرۆسه‌كه‌ كاره‌كانیان راگرتووه‌.

له‌ ئه‌ڵمانیا نیگه‌رانییه‌كان له‌ دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پێشانگایه‌كی گه‌شتیاری نێوده‌وڵه‌تی له‌ به‌رلین زیاتر بوون، هه‌روه‌ها دۆخی چین كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌رتی گه‌شتیاری ئه‌ڵمانی هه‌بووه‌ به‌وپێیه‌ی داهاتی ئه‌و وڵاته‌ له‌ گه‌شتیارانی چین ساڵانه‌ 8 ملیار یۆرۆیه‌.

كۆمپانیایه‌كی ئه‌ڵمانی كاری 150 فڕۆكه‌ی راگرت

كۆمپانیای لوفتهانزا كه‌ گه‌وره‌ترین كۆمپانیای فڕۆكه‌وانی ئه‌ڵمانیایه‌ رایگه‌یاند، سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كاری نزیكه‌ی 150 فڕۆكه‌یان رابگرێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌دوای خۆیدا هێناویه‌تی.

پێده‌چێت 2020 خراپترین ساڵ بێت بۆ فڕۆكه‌وانی

ماتیس شیمر به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی به‌بازاڕكردن به‌ كه‌ناڵی دووچه‌ڤێله‌ی ئه‌ڵمانی راگه‌یاندووه‌"به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ست به‌ پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ین" شاره‌كه‌ی ئه‌و به‌ یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی گه‌شتیارانی چینی داده‌نرێت له‌ ئه‌ڵمانیا، شیمر ده‌ڵێت، تا ئێستا ژماره‌كان له‌به‌رده‌ست نین، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ داهاتوودا زیانه‌كان مه‌زنده‌ ده‌كه‌ین.

وڵاتانی ئاسیا زۆرترین زیانیان به‌رده‌كه‌وێت

دۆخه‌كه‌ له‌وڵاتانی ئاسیا خراپتر ده‌بێت چونكه‌ 90% له‌ 150 ملیۆن گه‌شتی گه‌شتیارانی چین بۆ ده‌ره‌وه‌ بۆ وڵاتانی ئاسیایه‌، گه‌شتیارانی چین بوونه‌ هۆكارێكی ئابوری گرنگ و یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌و وڵاتانه‌، ئێستا دۆخه‌كه‌ خراپه‌ به‌و پێیه‌ی زۆرینه‌ی كۆمپانیاكانی فرۆكه‌وانی گه‌شته‌كانیان بۆچین راگرتووه‌، به‌هۆیه‌وه‌ میوانه‌ چینیه‌كان كه‌ توانای كڕینی شتومه‌كیان هه‌بوو دووركه‌وتوونه‌وه‌.

دوورگه‌ی بالی ئه‌ندۆنیزیا رایگه‌یاند، 40 هه‌زار حجزی هۆتێل هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژاپۆنیش هه‌یه‌ به‌وپێیه‌ی له‌ساڵی 2018 گه‌شتیارانی چینی چواریه‌كی ئه‌و 32 ملیۆن گه‌شتیاره‌ بیانییه‌یان پێكهێناوه‌ كه‌ سه‌ردانی ژاپۆنیان كردووه‌، ئێستا گه‌شتیارانی ئه‌وروپی و ئه‌مریكای باكوور سه‌ردانی ژاپۆن ده‌كه‌ن، ژماره‌ی ئه‌وانیش به‌هۆی كۆرۆناوه‌ كه‌میكردووه‌.

دۆخه‌كه‌ له‌ تایله‌ند، كۆریای باشوور، سه‌نگافورا، مالیزیا، كه‌مبۆدیا و ڤێتنام-یش، به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌، كه‌رتی گه‌شتیاری تایله‌ند ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، ئه‌م ساڵ شه‌ش ملیۆن گه‌شتیار له‌ده‌ست بدات، كه‌ ده‌كاته‌ 16%ى گه‌شتیارانی ساڵی رابردوو.

دۆخه‌كه‌ له‌ چین

له‌چین كه‌رتی گه‌شتوگوزار پاشه‌كشه‌ی كردووه‌ به‌ به‌شێك له‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌ سه‌رنج راكێشه‌كانی وه‌ك كۆشكی قه‌یسه‌ر له‌ په‌كین، یان دیواری چین به‌شێكیان یان به‌ ته‌واوه‌تی داخراون، له‌ به‌شێكی گه‌وره‌ی وڵات هاتوچۆی فڕۆكه‌وانی له‌ناوخۆدا وه‌ستاوه‌.

حكومه‌ته‌كان یارمه‌تی كه‌رتی گه‌شتیاری ده‌ده‌ن

بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ ئابورییه‌، حكومه‌تی هۆنگ كۆنگ رۆژی 26ی شوباتی 2020 رایگه‌یاند، بڕی 10 هه‌زار دۆلار وه‌ك دیاری ده‌ده‌نه‌ هه‌موو هاوڵاتیان، وڵاتانی تریش رێكاری پێویست ده‌گرنه‌ به‌ر بۆ پارێزگاری له‌ كه‌رتی گه‌شتیاری و رێگه‌نه‌دان به‌ داته‌پینی ئه‌و كه‌رته‌ گرنگه‌، چین و سه‌نگافورا و تایله‌ند رایانگه‌یاند، كارئاسانی له‌باج بۆ كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كان ده‌كه‌ن و له‌رووی داراییه‌وه‌ هاوكاریان ده‌بن، ڤێتنام و ئوسترالیا سورن له‌سه‌ر كارئاسانی بۆ گه‌شتیاران و پێدانی ڤیزه‌ بۆ راكێشانی گه‌شتیار، به‌ڵام وڵاتانی وه‌ك مالیزیا و فلیپین ده‌یانه‌وێت، هانی گه‌شتیاری ناوخۆی وڵات بده‌ن.

چین وه‌ك داینه‌مۆی گه‌شتیاری ده‌مێنێته‌وه‌

ڤایرۆسی كۆرۆنا گرنگی چینی بۆ كه‌رتی گه‌شتیاری جیهانی ئاشكراكرد، له‌ ساڵی 2018 دا 150 ملیۆن هاوڵاتی چینی گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیان كردووه‌، 277 ملیار دۆلاریان خه‌رجكردووه‌، چین له‌و بواره‌دا زۆر له‌پێش ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیاوه‌یه‌، گه‌شه‌ی گه‌وره‌ی كه‌رتی گه‌شتوگوزاری چینی به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ ناوه‌ستێت، تا ساڵی 2030 ژماره‌ی گه‌شتیارانی چین بۆ 400 ملیۆن كه‌س به‌رزده‌بێته‌وه‌، به‌وه‌ش له‌ هه‌ر پێنج گه‌شتیارێكی ده‌ره‌وه‌ یه‌كێكیان چینی ده‌بێت.