ڕاپۆرتی کوردستانی

07:06 - 25/12/2018

یه‌كێتى رێگرى به‌رده‌م پێكهێنانى حكومه‌ته‌و پارتى بێ ئه‌و حزبه‌ کابینەی نوێ پێكدێنێت‌

پەیسەر

دووباره‌بوونه‌وه‌ى ئه‌و سیناریۆیه‌ زۆر به‌هێزه‌، كاتێك له‌ساڵى ٢٠١٤ پارتى دیموكراتى كوردستان، وه‌ك براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان به‌بێ یه‌كێتى نیشتمانى‌و به‌رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى تر كابینه‌ى هه‌شته‌مى راگه‌یاند.

ئه‌وكات پارتى، به‌هۆى رازینه‌بوونى یه‌كێتى نیشتمانى به‌و پۆستانه‌ى بۆى دیاریكرابوو، له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان‌ و كۆمه‌ڵى ئیسلامى‌ و یه‌كگرتووى ئیسلامى رێككه‌وت‌ و كابینه‌ى حكومه‌تیان به‌بێ ئه‌و حیزبه‌ پێكهێنا، دواتر یه‌كێتى چووه ناو كابینه‌كه‌وه‌.

له‌ئێستادا پارتى ، كه‌ براوه‌ى هه‌ڵبژاردنى ٣٠ ئه‌یلوولى رابردووه‌ به‌ ٤٥ كورسى چه‌ند گه‌ڕێكى گفتوگۆى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى (دووه‌مى هه‌ڵبژاردن به‌٢١ كورسى)‌و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان (سێیه‌مى هه‌ڵبژاردن به‌ ١٢ كورسى) به‌ڕێوه‌بردووه‌، به‌ڵام هیچ واده‌یه‌ك بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێم دیارینه‌كراوه‌.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌زیاتر له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار ده‌ست په‌یسه‌ر پرێس كه‌وتووه‌، هۆكارى نه‌چوونه‌ پێشه‌وه‌ى گفتوگۆكانى پێكهێنانى حكومه‌ت، یه‌كێتى نیشتمانییه‌، كه‌ ئه‌و حیزبه‌ له‌سه‌ر دوو ئاست كێشه‌ى له‌و پرسه‌دا هه‌یه‌.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، ئاستى یه‌كه‌م یه‌كێتى رازى نییه‌و به‌و به‌رنامه‌ى پارتى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت دایناوه‌ و هۆكارى دووه‌میش كێشه‌ ناوخۆییه‌كانییه‌تى، كه‌ رێگرن له‌گفتوگۆكانى به‌رده‌م پێكهێنانى حكومه‌ت.

زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن، یه‌كێتى ده‌یه‌وێت پرسى پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك، كه‌ پارتى رێگره‌ له‌یه‌كلاكردنه‌وه‌ى، ببه‌ستێته‌وه‌ به‌گفتوگۆكانى پێكهێنانى حكومه‌ت‌ و بۆ ئه‌وه‌ش داواى رێككه‌وتنى له‌براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردن كردووه‌.

له‌و باره‌وه‌ سه‌عدى پیره‌ وته‌بێژى یه‌كێتى بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتی"ئێمه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى گفتوگۆكانه‌وه‌ داواى رێككه‌وتنێكى سیاسییمان بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى هه‌رێم كردووه‌و ئێستاش سوورین له‌سه‌ر ئه‌و داواكارییه‌".

پیره‌ گوتیشى"پرسى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پۆستى پارێزگارى كه‌ركوكیش یه‌كێكه‌ له‌و پرسانه‌ى ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ پارتى گفتوگۆى له‌سه‌ر بكه‌ین‌، له‌و باره‌شه‌وه‌ گفتوگۆمان كردووه‌"، به‌بێ ئه‌وه‌ى ئاماده‌بێت زانیارى له‌بارى ئه‌و گفتوگۆیانه‌ بخاته‌ڕوو.

پێشتر پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك لاى نه‌جمه‌ندین كه‌ریم ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى بوو، به‌ڵام له‌دواى رووداوه‌كانى ١٦ى ئۆكتۆبه‌رى ٢٠١٧ ناوبراو له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقەوە دوورخراوه‌ته‌وه‌و تائێستا ئه‌و پۆسته‌ به‌وه‌كاله‌ت له‌لایه‌ن راكان جبورى، كه‌ عه‌ره‌بى سوننه‌یه‌ به‌رێوه‌ده‌برێت.

یه‌كێتى له‌ئێستادا ده‌یه‌وێت پۆسته‌كه‌ بۆ كاندیدێكى خۆى یه‌كلابكاته‌وه‌و پارتیش، ئاماده‌نییه‌ له‌و باره‌وه‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتى بكات، كه‌ پارتى زۆرینه‌ى له‌ناو ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك هه‌یه‌و به‌بێ ئه‌و ناتوانرێت پۆستى پارێزگارى شاره‌كه‌ یه‌كلابكرێته‌وه‌.

رازینه‌بوونى پارتى بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك بۆ كاندیدى یه‌كێتى، په‌یوه‌ندى به‌پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ئه‌و پۆسته‌ له‌مانگى ١٠ى رابردوو له‌كێبڕكێیه‌كى كاندیدى نێوان هه‌ردوو حیزب بۆ كاندیده‌كه‌ى یه‌كێتى یه‌كلابووه‌وه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ پارتى نیگه‌ران بوو، ئێستا ده‌یه‌وێت به‌دانه‌نانى پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك تۆڵه‌ له‌و حیزبه‌ بكاته‌وه‌.

هه‌روه‌ها په‌یسه‌ر ئه‌وه‌ى زانیوه‌، یه‌كێتى له‌دواین گفتوگۆى له‌گه‌ڵ پارتى باسى له‌وه‌ كردووه‌، پۆستى سه‌رۆك كۆمار پێشتر به‌رانبه‌ر پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم بووه‌، به‌ڵام ئێستا ئه‌و هاوكێشه‌ گۆڕاوه‌، چونكه‌ ئه‌وان به‌كێبڕكێ پۆسته‌كه‌یان بردووه‌ته‌وه‌و ده‌بێت پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم، كه‌ پارتى بۆ خۆى داناوه‌، له‌به‌رانبه‌ر پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك بێت، به‌ڵام پارتى ئه‌وه‌ى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌و جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، پۆسته‌كانى هه‌رێم یه‌ك پاكێج ده‌بن‌و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌پۆسته‌كانى عێراقه‌وه‌ نابێت.

له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و داواكارییانه‌ى یه‌كێتى ئێستا پارتى هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات ئه‌و حیزبه‌ رێگرى ده‌كات، بۆیه‌ به‌رنامه‌یه‌كى هه‌یه‌و سیناریۆیه‌كى داناوه‌ بێ یه‌كێتى حكومه‌ت پێكبهێنرێت، ئه‌وه‌ش به‌پێى سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌گفتوگۆكانى پێكهێنانى حكومه‌ت.

سه‌رچاوه‌كه‌ بۆ په‌یسه‌ر پرێس ئاشكراشیكرد، سیناریۆكه‌ى پارتى ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان گفتوگۆى پێكهێنانى حكومه‌ت ته‌واو بكات‌و به‌بێ یه‌كێتى كابینه‌ى داهاتوو پێكبهێنن‌و پۆسته‌كانى ئه‌و حیزبه‌ به‌ به‌تاڵى جێبهێڵن، تا دواتر خۆیان بڕیارى به‌شدارى ده‌ده‌ن‌ و ده‌چنه‌ رێككه‌وتنى پێكهێنانى حكومه‌ت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاشكراشیكرد، پارتى له‌پرسى پێكهێنانى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، هه‌نگاوى باشى بڕیوه‌و جگه‌ له‌ لیژنه‌ى گفتوگۆى سه‌ره‌كى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت له‌نێوان هه‌ردوولا لیژنه‌ى لاوه‌كى پێكهاتووه‌و له‌ گفتوگۆكان باسى ورده‌كارى پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌كه‌ن.

له‌و باره‌وه‌ عه‌لى حه‌مه‌ساڵح ئه‌ندامى شاندى دانوستانى گۆڕان‌ و سه‌رۆكى فراكسیۆنى ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌په‌رله‌مانى كوردستان گوتى"ئێمه‌ به‌رنامه‌یه‌كمان بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت هه‌یه‌و له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ش گفتوگۆى پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌كه‌ین‌ و هه‌ركاتێك گه‌یشتن به‌ئه‌نجام رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتى ده‌كه‌ین".

عه‌لى حه‌مه‌ساڵح گوتیشى"گفتوگۆكانى ئێمه‌ راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌و په‌یوه‌ندى به‌گفتوگۆكانى لایه‌نه‌كانى تر نییه‌، چونكه‌ هه‌ر لایه‌نێك به‌رنامه‌ى خۆى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت هه‌یه‌و له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ گفتوگۆ ده‌كات".