ڕاپۆرتی کوردستانی

12:31 - 11/03/2020

كورد مالیكى ده‌خاته‌وه‌ سه‌ر ته‌ختى ده‌سه‌ڵات؟‌

پەیسەر

ده‌گوترێت له‌ سیاسه‌تدا نه‌ دۆست نه‌ دوژمنى هه‌تاسه‌ر نییه‌، كورد و نورى مالیكى ئه‌زموونێكى تاڵیان هه‌یه‌ پێكه‌وه‌، ئه‌و پیاوه‌ى بۆ یه‌كه‌م جار ده‌ستى بۆ بڕینى مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان برد، داعشیش له‌ لێوارى ده‌سه‌ڵاتدارێتى ئه‌وه‌وه‌ ته‌قییه‌وه‌، كورد رۆڵى گه‌وره‌ى هه‌بوو له‌ ڤیتۆكردنى، كاتێك ده‌یویست بۆ خولى سێیه‌م له‌ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران بمێنێته‌وه‌، ئێستا به‌ كۆمه‌ڵێك به‌ڵێن و تموحه‌وه‌ له‌ ده‌رگاى كورد وه‌ستاوه‌.

مالیكى به‌ڵێنى به‌ كورد داوه‌، سه‌باره‌ت دۆسیه‌ى نه‌وت و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان

نورى مالیكى سه‌رۆكى ده‌وڵه‌تى یاسا، ده‌یه‌وێت له‌ په‌نجه‌ره‌یه‌كى دیكه‌وه‌ بۆ سه‌ر شانۆى ده‌سه‌ڵات بگه‌ڕێته‌وه‌، مشتى خۆشكردووه‌ كه‌ متمانه‌ى كورد به‌ ده‌ستبهێنێت و زۆرینه‌یه‌كى په‌رله‌مانى مسۆگه‌ر بكات، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌ندێك زانیارى هه‌یه‌ كه‌ مالیكى به‌ڵێنى به‌ كورد داوه‌، سه‌باره‌ت دۆسیه‌ى نه‌وت و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كار ئاسانى بۆ كورد بكات و نه‌رمى نواندووه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا پشتگیرى كوردى ده‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیران رابسپێردرێت. 

پێناچێت كورد تا ئێستا گه‌یشتبێته‌ بڕیارى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پشتیوانى كاندیدێكى دیاریكراو بكات، به‌ڵام هه‌ندێك ئاماژه‌ هه‌ن بۆ نزیك بوونه‌وه‌ى مالیكى و كورد، نه‌هرۆ ره‌واندزى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌ فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان، بۆ په‌یسه‌ر پرێس، سه‌باره‌ت به‌ كاندیدكردنه‌وه‌ى نورى مالیكى ده‌ڵێت:"ته‌كلیف له‌ نوری مالیكی كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، چونكه‌ لایه‌نه‌كان پێیان وایه‌ ده‌بێت كه‌سایه‌تیه‌كی به‌هێز سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م قۆناغه‌ی حكومه‌تی عێراق بكات، مالیكیش ئه‌و به‌هێزییه‌ی تێدایه‌".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه‌ مالیكى له‌ رابردوو هه‌ڵوێستى توندى به‌رامبه‌ر هه‌رێمى كوردستان هه‌بووه‌، ره‌واندوزى پێى وایه‌، مالیكى هه‌ڵوێسته‌كانى پێشووى دووباره‌ ناكاته‌وه‌ "وانه‌یه‌كی ئه‌وتۆی له‌و رووداوانه‌ وه‌رگرتووه‌، كه‌ باوه‌ڕناكه‌م دووباره‌ی بكاته‌وه‌، كورد ڤیتۆی له‌سه‌ری نییه‌".

پشتیوانى پێشوه‌ختى كورد رۆڵى ده‌بێت له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ عارف روشدى راوێژكارى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ میدیاى حزبه‌كه‌ى ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌:"عێراق وڵاتێكی پڕكێشه‌یه‌ و پێویسته‌ كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێز به‌ڕێوه‌ی ببات كه‌ له‌و ئاسته‌ بێت بتوانێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، چونكه‌ كه‌سایه‌تییەکی به‌هێز نه‌بێت ناتوانێت ئه‌و هه‌موو كێشه‌ و قه‌یرانانه‌ی عێراق چاره‌سه‌ر بكات".

پاكێجێكى هاوبه‌ش

دوایین بڕیارى لایه‌نه‌ كوردییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌ پاكێجێكى هاوبه‌شه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر كاندیدێكى راسپێردراو بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت گفتوگۆ بكه‌ن، له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ئه‌مه‌ كراوه‌ به‌ بڕیار و پاكێجه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ له‌سه‌ر پێشنیارى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئاماده‌كراوه‌، به‌ڵام هێشتا شیعه‌كان له‌نێو خۆیان ساغ نه‌بوونه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر كاندیدێك و ١٢ كاندید ناویان له‌سه‌ر مێزى دانوستانى نێو خۆیانه‌.

به‌ڵام پشتیوانى پێشوه‌ختى كورد رۆڵى ده‌بێت له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ئه‌و ناوه‌، به‌ تایبه‌ت دواى ره‌تكردنه‌وه‌ى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى، كه‌ سه‌ره‌تا كورد ڤیتۆى كرد و دواتر سوننه‌و به‌شێك له‌ شیعه‌كانیش دژى هاتنه‌ ده‌نگ، عه‌لاوى له‌ ڤیتۆكه‌ى كورده‌وه‌ گڵۆڵه‌كه‌ى نه‌گیرسایه‌وه‌ تا ئاوت بوو، بۆیه‌ش ره‌نگه‌ لایه‌نه‌ شیعییه‌كان به‌ هه‌ستیارى زیاتره‌وه‌ كاندید بخه‌نه‌ سه‌ر مێزى كورد و سوننه‌. 

كورد ڤیتۆی له‌سه‌ر حه‌یده‌رعه‌بادی هه‌یه‌

هه‌ریه‌كه‌ له‌ عه‌مار حه‌كیم، نوریى مالیكى، هادى عامرى، حه‌یده‌ر عه‌بادى، به‌ گفتوگۆى چڕه‌وه‌ خه‌ریكن بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ناوێك بۆ سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵام دواتر ده‌بێت ئه‌و ناوه‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌م سه‌در و دواتریش كورد و سوننه‌.

ڤیتۆكردنى عه‌بادى

برینه‌كانى كورد سه‌باره‌ت به‌ مامه‌ڵه‌كانى حه‌یده‌ر عه‌بادى هێشتا نوێن و سارێژ نه‌بوون، كورد له‌ سه‌رده‌مى عه‌بادى نیوه‌ى خاكه‌كه‌ى له‌ ده‌ستدا، ناكۆكییه‌كان تا ئاستێكى مه‌ترسیدار هه‌ڵكشان، هێشتا ماوه‌یه‌كى كه‌مه‌ عه‌بادى له‌ بازنه‌ى ده‌سه‌ڵات خراوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، كورد دوودڵى زۆرى هه‌یه‌ له‌ رۆڵى ئه‌و له‌ دانوستانه‌كان و پێناچێت جارێكى دیكه‌ ئاماده‌بێت گفتوگۆ له‌سه‌ر ناوه‌كه‌ى بكات. 

به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌ر پرێس، له‌ ماوه‌ی رابردوودا حه‌یده‌ر عه‌بادی هه‌وڵیداوه‌ ره‌زامه‌ندی كورد و سوننه‌ به‌ده‌ستبهێنێت و پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێته‌وه‌، به‌ڵام كورد ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌. نه‌هرۆ ره‌واندوزى ده‌ڵێت:"كورد ڤیتۆی له‌سه‌ر حه‌یده‌رعه‌بادی هه‌یه‌، ده‌مێكه‌ عه‌بادی هه‌وڵ ده‌دات بگه‌رێته‌وه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڵام ئه‌مه‌ خه‌ونه‌ و به‌دی نایه‌ت".

به‌ربه‌سته‌كانى مالیكى

پێده‌چێت نورى مالیكى له‌ گرنگى به‌ ده‌ستهێنانى ره‌زامه‌ندى كورد تێگه‌یشتبێت، بۆیه‌ش پێش ئه‌وه‌ى لایه‌نه‌ شیعه‌كان ئۆكه‌یى له‌سه‌ر بكه‌ن، په‌یوه‌ندى به‌ كورده‌وه‌ كردووه‌و داواى پشتیوانى كردووه‌، مالیكى هه‌روه‌ك چۆن له‌م قۆناغه‌ چانسى هه‌یه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆسه‌ر ته‌ختى ده‌سه‌ڵات، ئاوه‌هاش كۆمه‌ڵێك به‌ربه‌ستى ئاڵۆزى له‌پێشه‌. 

شه‌قام؛ ئه‌گه‌رچى شه‌قامى ناڕازییه‌كانى عێراق ته‌نكتر بوون، به‌ڵام هێشتا كاریگه‌رییه‌كه‌یان له‌ ده‌ستنه‌داوه‌، شه‌قام دژى گه‌ڕانه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارێتى نورى مالیكییه‌ و پێناچێت رازى ببن دواى شه‌ش مانگ له‌ قوربانیدان، نورى مالیكى بێته‌وه‌ سه‌ر عه‌رشى ده‌سه‌ڵات.

مه‌رجه‌عیه‌ت؛ تا ئێستا ئاڕاسته‌ى مه‌رجه‌عیه‌تى باڵاى شیعه‌كان رووه‌و گۆڕانكارییه‌، مه‌رجه‌عیه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ گۆڕانكارى رووبدات و ته‌نانه‌ت به‌ مانه‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدیش رازى نییه‌، ئه‌وه‌ش له‌پێناو هێواشكردنه‌وه‌ى شه‌قام. مه‌رجه‌عیه‌ت نێوانى له‌گه‌ڵ مالیكى خۆش نییه‌ و پێناچێت رازى بێت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى. 

به‌ڵێنه‌ تازه‌كانى ئه‌م پیاوه‌ كۆنه‌ داواكارییه‌ چه‌ند باره‌كانى كورد به‌ كوێ ده‌گه‌یه‌نێت؟

ئه‌مریكا؛ مالیكى بژارده‌ى دڵخوازى ئێرانییه‌كانه‌، دورنییه‌ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى له‌م قۆناغه‌ بۆ ئه‌وه‌ بێت نه‌یاره‌كانى تاران، به‌ كاندیدێكى نه‌رمتر رازى بن، كه‌ تارانییه‌كى كاڵتر بێت، ئه‌مریكا پێناچێت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى مالیكى رازى بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ماهه‌نگى پشت په‌رده‌ هه‌بێت، دوور نییه‌ ئه‌مریكا گڵۆپى سه‌وزى گه‌ڕانه‌وه‌ى مالیكى هه‌ڵبكات.

سه‌در؛ سه‌درییه‌كان هێشتا نیگه‌رانیى ره‌تكردنه‌وه‌ى عه‌لاوییان بیرنه‌چووه‌ته‌وه‌، مالیكى یه‌كێك له‌ كاره‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ڤیتۆكردنى عه‌لاوى بوو به‌ڵام زۆرتر له‌ پشتى په‌رده‌وه‌ هه‌وڵى ده‌دا، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان پێى گوتبوون،"ئێوه‌ ره‌تیبكه‌نه‌وه‌ دواتر ئێمه‌ش ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه‌"، سه‌درییه‌كان پێناچێت به‌ ئاسانى مل بده‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى مالیكى، به‌ تایبه‌ت خودى سه‌در سه‌ركرده‌یه‌كى رادیكاڵه‌ و پشت به‌ جه‌ماوه‌رى توڕه‌ى شیعه‌ ده‌به‌ستێت، ئه‌مه‌ لێدانێكى دیكه‌ ده‌بێت له‌ بنكه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ى له‌ كاتێكدا سه‌درییه‌كان لیستى براوه‌ى هه‌ڵبژاردنن.

جارێ روون نییه‌ مالیكى ده‌توانێ پلیكانه‌ ئاڵۆزه‌كانى نێو دانوستانه‌كان ببڕێت و دڵى لایه‌نه‌كان به‌ ده‌ستبهێنێت یاخود نا، به‌ڵام پرسیارى گه‌وره‌ له‌ ده‌رگاى كورددا ئه‌وه‌یه‌، به‌ڵێنه‌ تازه‌كانى ئه‌م پیاوه‌ كۆنه‌ داواكارییه‌ چه‌ند باره‌كانى كورد به‌ كوێ ده‌گه‌یه‌نێت؟ كورد جارێكى دیكه‌ ده‌گه‌زرێت یاخود ئه‌مجاره‌ گره‌وه‌ له‌ مێژیه‌نه‌كه‌ى ده‌باته‌وه‌؟