ڕاپۆرتی کوردستانی

07:45 - 10/03/2020

حكومه‌تى هه‌رێم به‌رگه‌ى داڕمانى نرخى نه‌وت و داهاتى ناوخۆ ده‌گرێت؟‌

پەیسەر

له‌ گه‌رمه‌ى په‌لهاویشتنى مه‌ترسییه‌كانى كۆرۆنادا و گه‌یشتنى ڤایرۆسه‌كه‌ به‌ ناوچه‌ جیاجیاكانى هه‌رێمى كوردستان، سه‌رئێشه‌یه‌كى قورستر حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردووه‌، داڕمانى نرخى نه‌وت حكومه‌تى ترساندووه‌ و قه‌له‌قى ئه‌وه‌یه‌ جارێكى دیکە مووچه‌ ته‌قه‌ى تێبكه‌وێت و داهاته‌كانى مانگانه‌ى به‌س نه‌بن بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌.

زۆرترین قسه‌ى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تایبه‌تى ئه‌مڕۆى حكومه‌ت سه‌باره‌ت به‌ كۆرۆنا، گۆڕا بۆ شه‌نوكه‌وكردنى دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌چاره‌یه‌ك كه‌ ئه‌گه‌ر داته‌پینى نرخى نه‌وت به‌رده‌وام بێت یاخود وه‌ك ئێستا بوه‌ستێت، چۆن بتوانن شایسته‌ داراییه‌كانى مووچه‌ خۆران بده‌ن و چیرۆكى كابینه‌ى هه‌شت دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌. له‌ ٣٢٠ وشه‌ى راگه‌یه‌ندراوى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى حكومه‌ت هیچ بڕگه‌یه‌كى تایبه‌ت نییه‌ به‌ رێوشوێنه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى كۆرۆنا، به‌ڵكو حكومه‌ت به‌ڕوونى ده‌ڵێت، له‌گه‌ڵ به‌غدا پێویستى به‌ هه‌ماهه‌نگییه‌، تا ئه‌و قه‌یرانه‌ى هاتووه‌ته‌ پێش تێبپه‌ڕێندرێت. 

نرخى نه‌وت له‌ سه‌رووى ٦٠ دۆلاره‌وه‌ به‌ چه‌ند رۆژێكى كه‌م، تا ٣٢ دۆلار هاته‌ خواره‌وه‌، ئه‌گه‌رچى ئه‌مڕۆ هه‌ندێك به‌رزبووه‌وه‌ گه‌یشته‌وه‌ ٣٧ دۆلار به‌ڵام هێشتا دۆخه‌كه‌ مایه‌ى دوودڵى زۆره‌، به‌و پێیه‌ى حكومه‌تى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ نه‌وت پشت ئه‌ستورن.

هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ حكومه‌تى هه‌رێمه‌، ماوه‌یه‌كى كه‌مه‌ دۆخه‌ داراییه‌كه‌ى هه‌ندێك ئه‌هوه‌ن بووه‌ته‌وه‌و ده‌توانێت مووچه‌ى ته‌واو بدات، ئه‌ویش ناوبه‌ناو كێشه‌ى دواكه‌وتنى هه‌یه‌، ته‌نها حكومه‌تى عێراق هه‌یه‌ له‌ ده‌رگاى بدات بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م كێشه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌غدا ده‌رده‌دارى چه‌ندین ده‌رده‌، خۆى له‌ پرۆژه‌ى بوودجه‌ نرخى به‌رمیلێك نه‌وتى به‌ ٥٦ دۆلار خه‌مڵاندووه‌، ئێستا هه‌ر به‌رمیلێك له‌ ٣٧ دۆلاردا گیرساوه‌ته‌وه‌. خۆپیشاندان و داواكارییه‌ زۆره‌كان بارى دارایى حكومه‌تى عێراقیان قورستر كردووه‌، هه‌ردوو حكومه‌ته‌كه‌ش به‌رێژه‌ى سه‌رووى سه‌دا ٩٠ بۆ خه‌رجییه‌كانیان پشت به‌ داهاتى نه‌وت ده‌به‌ستن. 

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ته‌نها گیرۆده‌ى داڕمانى نرخى نه‌وت نییه‌، به‌ڵكو به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، داهاته‌كانى ناوخۆ به‌رێژه‌ى سه‌دا ٧٥ كه‌میكردووه‌، به‌هۆى كه‌مبوونه‌وه‌و راگرتنى ده‌وام کە وەک رێوشوێنی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا راگەیەندراون، داهاتى گومركیش به‌ یه‌كجارى وه‌ستاوه‌ كه‌ به‌ دووملیار دینارى مانگانه‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت. ئه‌وه‌ كێشه‌یه‌كى دیكه‌یه‌ كه‌ تا مه‌ترسى كۆرۆنا هه‌بێت، حكومه‌ت ناتوانێت لێى قوتار ببێت.

مه‌ترسى پاشكه‌وتى دیكه‌ له‌ ده‌رگایه‌؟ 

ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ ده‌نگۆى بابه‌تى پاشكه‌وتى مووچه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ كه‌وته‌ به‌رگوێ، ئه‌گه‌رچى حكومه‌ت ره‌تیده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام به‌ نیازه‌ ده‌ست بۆ رێوشوێنى دیكه‌ هاوشێوه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم به‌رێت، وه‌ك وه‌ستانى پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌و سه‌ره‌مووچه‌. 

ئه‌گه‌ر نرخى نه‌وت به‌م جۆره‌ى ئێستا بمێنێته‌وه‌ یاخود زیاتر دابه‌زێت، حكومه‌تى هه‌رێم دووچارى كورتهێنان ده‌بێت بۆ دابینكردنى مووچه‌، به‌وپێیه‌ى بۆ دابینكردنى مووچه‌ به‌رێژه‌ى سه‌دا ٤٩ پشت به‌ داهاتى خۆى ده‌به‌ستێت، ئه‌وه‌ى دیكه‌ به‌غدا ره‌وانه‌ى ده‌كات، به‌غدا له‌ دۆخێكدا كه‌ كێشه‌ى ئاڵۆز له‌ ده‌رگاى خۆیه‌تى ره‌نگه‌ له‌ باشترین حاڵه‌تدا ته‌نها بتوانێت به‌رده‌وامى به‌ ناردنى ئه‌و بڕه‌ پاره‌ بدات بۆ هه‌رێم، كه‌ ٤٥٣ ملیار دینارى مانگانه‌یه‌. 

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ته‌نها بۆ دابینكردنى مووچه‌ى مانگانه‌ پێویستى به‌ ٨٨٠  ملیار دینارى مانگانه‌یه‌، ١٥٠ ملیارى دیكه‌ خه‌رجى هه‌یه‌ و ٤٠ ملیاریش خه‌رجى پرۆژه‌كانه‌. نزیكه‌ی ٤٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ ره‌وانه‌ ده‌كات و ٢٩٥ ملیۆن دۆلار له‌و داهاته‌ بۆ دابینكردنى مووچه‌ ره‌وانه‌ ده‌كات، به‌گوته‌ى خۆى ئه‌وه‌ى دیكه‌ كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان ته‌رخان ده‌كات. به‌و نرخه‌ى ئێستاى نه‌وت، داهاتى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان زیاتر له‌ سه‌دا ٥٠ كه‌مده‌بێته‌وه‌. 

ئه‌گه‌رچى داڕووخانى نرخى نه‌وت حكومه‌تى هه‌رێم ده‌خاته‌ ته‌نگه‌به‌رێكى ئاڵۆزه‌وه‌، به‌ڵام چه‌ند توله‌ڕێیه‌كى بۆ خۆلادان له‌به‌رپێیه‌، كه‌ ده‌توانێت كاریگه‌رییه‌كانى ئه‌و قه‌یرانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ ته‌نك بكات.

چاكسازى خێرا؛ حكومه‌تى هه‌رێم چه‌كى یاساى چاكسازى له‌ به‌رده‌سته‌، كه‌ ده‌توانێت داهاتێكى باش بگێڕێته‌وه‌ به‌ دۆخێكى وه‌ها، به‌پێى ماوه‌ یاساییه‌كانى نێو یاساى چاكسازى بێت، جێبه‌جێكردنى یاساكه‌ ده‌كه‌وێته‌ ته‌مووزى داهاتوو ئه‌وه‌ش كاتێكى دوور و درێژه‌و حكومه‌ت ده‌توانێت ئه‌و رێگه‌ كورت بكاته‌وه‌و په‌له‌ بكات له‌ جێبه‌جێكردنى یاساكه‌، به‌پێى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى ئه‌مڕۆش مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌ڵێت،"بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی".

داهاتى ناوخۆ؛ داهاتى ناوخۆ ئێستا ده‌ورووبه‌رى ٢٤٠ ملیارى مانگانه‌یه‌، ئه‌وه‌ رێژه‌یه‌كى باشه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم بتوانێت وردتر رێكى بخات و داهاته‌كه‌ زیاد بكات، ده‌كرێت یارمه‌تیده‌رێكى باش بێت بۆ خۆلادان له‌ وشكه‌ساڵیى نرخى نه‌وت. هەرچەند ئەم داهاتە بەهۆی رێوشوێنەکانی کۆرۆناوە ئەم چەند رۆژە زۆر دابەزیوە.

هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ به‌غدا؛ كاتێك قه‌یرانى دارایى له‌ كابینه‌ى پێشوو گه‌یشته‌ سه‌ر ئێسقان، تا به‌غدا مانگانه‌ بڕه‌پاره‌یه‌كى نه‌نارد دۆخى دارایى هه‌رێم به‌ره‌و ئاساییبوونه‌وه‌ نه‌ڕۆشت، كابینه‌كه‌ى عه‌بادى مانگانه‌ ٣١٧ ملیار دینارى ره‌وانه‌كرد و یارمه‌تى حكومه‌تى دا به‌ پینه‌كردنى دۆخه‌كه‌ رابگات. ئێستاش له‌و پاره‌یه‌ زیاتر دێت كه‌ ٤٥٣ ملیاره‌، به‌ڵام حكومه‌تى هه‌رێم ده‌توانێت داواى هه‌ماهه‌نگى و هاوكارى له‌ به‌غدا بكات، ئه‌گه‌ر پشكى پێشمه‌رگه‌ بنێرێت، كه‌ له‌ بوودجه‌دا دیاریكراوه‌و تا ئێستا نه‌هاتووه‌ پشكى هه‌رێم ٦٨ ملیار دینارى مانگه‌ زیاد دەکات، له‌ كاتێكدا هه‌ردوو وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و به‌رگرى له‌سه‌ر ره‌وانه‌كردنى ئه‌و پاره‌ رێككه‌وتوون. 

نه‌هێشتنى  خه‌رجى ناپێویست؛ خه‌رجییه‌ ناپێویسته‌كان یاخود ئه‌و خه‌رجییانه‌ى ئه‌گه‌ر حكومه‌ت نه‌شیان كات گرفتى ئه‌وتۆ دروست نابێت، وه‌ك خه‌رجى به‌شێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كان، كه‌مكردنه‌وه‌ یاخود راگرتنى ئه‌و خه‌رجییانه‌ یارمه‌تیده‌رێكى دیكه‌ ده‌بێت، بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و قه‌یرانه‌.

فره‌جۆركردنى سه‌رچاوه‌كانى داهات؛ حكومه‌تى هه‌رێم ساڵانێكى زۆره‌ گیرۆده‌ى تاك سه‌رچاوه‌ى داهاته‌، فره‌جۆركردنى سه‌رچاوه‌كانى داهات به‌ پلانى خێرا بۆ بارودۆخى نا ئاسایى به‌دینایه‌ت، به‌ڵام ده‌كرێت قه‌یرانى دارایى كابینه‌ى پێشووى حكومه‌ت، وانه‌یه‌كی باش بێت بۆ ئه‌م كابینه‌یه‌ تا هه‌موو هێلكه‌كانى چیتر نه‌خاته‌ سه‌به‌ته‌ى داهاتى نه‌وته‌وه‌. ئه‌م كابینه‌یه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ى له‌ به‌رنامه‌ى وه‌زارى داناوه‌ تا رۆژێك زووتر ده‌ست پێ بكات، زووتر حكومه‌ت و خه‌ڵكیش له‌و كێشه‌یه‌ قوتارى ده‌بێت.