ڕاپۆرتی کوردستانی

05:49 - 09/03/2020

١٢ناو له‌سه‌ر مێزى دانوستانى دیاریكردنى سه‌رۆك وه‌زیرانن‌

پەیسەر

١٢ ناو له‌سه‌ر مێزى دانوستانى لایه‌نه‌ شیعییه‌كانه‌، حه‌كیم، عه‌بادى، مالیكى و عامرى، گفتوگۆ ده‌كه‌ن بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى یه‌كێك له‌و ناوانه‌، گفتوگۆى چوار سه‌ركرده‌كه‌ به‌ رێنوێنى ئێرانه‌ و ئه‌مریكاش چاودێرى وردى دانوستانه‌كانه‌. تیمه‌ شیعییه‌كه‌ ده‌یانه‌وێت دواى سازانى خۆیان، سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ سه‌درییه‌كان و دواتر له‌گه‌ڵ كورد و سوننه‌ش گفتوگۆى كاندیده‌كه‌ بكه‌ن، تا ئه‌ركه‌كه‌ به‌ كاندیدێكى هاوبه‌ش بسپێرن.

سه‌عد متڵه‌بی سه‌ركرده‌ له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى، كوتله‌ی بینا گه‌وره‌ترین كوتله‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌، له‌ ئێستادا گفتوگۆ له‌ نێوان چوار كه‌سایه‌تی گه‌وره‌ی شیعه‌دا هه‌یه‌ كه‌ بریتین له‌ عه‌مار حه‌كیم، نوری مالكی، حه‌یده‌ر عه‌بادی و هادی عامری، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كه‌سێك رێكبكه‌ون بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران،"ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر كه‌سێك رێككه‌وتن ئه‌وه‌ ده‌تواندرێت گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی سائیرون بكرێت، دواتر له‌گه‌ڵ كورد و سوننه‌ش دانوستانی له‌سه‌ر بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی گره‌نتی بكرێت كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگی پێویست ده‌هێنێت".

ئه‌گه‌رچى نورى مالیكى سه‌رۆكى ده‌وڵه‌تى یاسا له‌نێو ركابه‌رى به‌ ده‌ستهێنانى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌، به‌ڵام مه‌تڵه‌بى ده‌ڵێت،"ده‌وڵه‌تی یاسا كاندیدی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران نابێت، به‌ڵكو یارمه‌تیده‌ری خێر ده‌بێت، بۆ كوتله‌كانی تر بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ رێككه‌وتن، باسی نوری مالكی ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێته‌وه‌، ئه‌و له‌لایه‌ن كوتله‌كانی تره‌وه‌ كاندید كراوه‌، نه‌ك ده‌وڵه‌تی یاسا و بڕیاری ده‌وڵه‌تی یاسا ئه‌وه‌یه‌ له‌م قۆناغه‌دا پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌رنه‌گرێته‌وه‌". پێده‌چێت مالیكى بیه‌وێت كاندیدى هاوبه‌شى لایه‌نه‌ شیعه‌كان بێت، به‌ ته‌نها وه‌ك كاندیدى ده‌وڵه‌تى یاسا ئاماده‌ نه‌بێت له‌ ركابه‌رى به‌رده‌وام بێت.

زۆرینه‌ى لایه‌نه‌ شیعییه‌كان پێیان وایه‌ ئه‌و كابینه‌ى درووستده‌كرێت، ده‌بێت كاتیى بێت و ئاماده‌كارى بۆ هه‌ڵبژاردن بكات، مه‌تڵه‌بى پێی وایه‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌مه‌ و تا هه‌ڵبژاردنی داهاتوو به‌رده‌وام ده‌بێت. 

سائیرون له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ى دانوستان نین

ئه‌گه‌رچی له‌ناو ئه‌و چوار سه‌ركرده‌ شیعیه‌ی ئێستا له‌ دانوستاندان، بۆ دیاریكردنی سه‌رۆك وه‌زیران موقته‌دا سه‌در و هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كه‌ی تێدا نییه‌، به‌ڵام به‌رپرسه‌كه‌ى ده‌وڵه‌تى یاسا ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و چوار كه‌سایه‌تییه‌ له‌سه‌ر كاندیدێك رێككه‌وتن، ئه‌وه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌خرێته‌ به‌رده‌م سائیرون و بۆچوونیان وه‌رده‌گیردرێت، "په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سائیرون هه‌یه‌، چونكه‌ پێویستیان به‌ده‌نگی ئه‌وانیش هه‌یه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، بۆ تێپه‌ڕاندنی كابینه‌ی حكومه‌ت".

كاندیده‌ به‌هێزه‌كان كێن؟

به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌رپرێس ناوی هه‌ریه‌ك له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی، هادی عامری، نوری مالیكی، فالح فه‌یاز، حه‌یده‌رعه‌بادی، مسته‌فا كازمی، ئه‌سعه‌د عه‌یدانی، محه‌مه‌د شه‌یاع سودانی، هه‌یسه‌م جبوری، عه‌لی شوكری، عه‌دنان زرفی و قاسم ئه‌عره‌جی ناویان بۆ كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌هێندرێت، به‌ڵام تائێستا هیچ ناوێك یه‌كلایی نه‌بووەته‌وه‌، په‌یسه‌ر زانیویه‌تی ئێران پشتیوانی هادی عامری ده‌كات، ئه‌مریكاش دژایه‌تی ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌كات.

شه‌مخانی ئامۆژگاری شیعه‌كانی كردووه‌

سه‌عد مه‌تڵه‌بی باسى له‌ سه‌ردانه‌كه‌ى عه‌لى شه‌مخانى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئاسایشى نیشتمانى ئێران كرد بۆ به‌غدا،"ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی سه‌ردانه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ پرسی بوونی سوپای ئه‌مریكاوه‌ هه‌بووه‌ له‌ عێراق، هه‌روه‌ها جوڵه‌ نوێیه‌كانی داعش و دۆسیه‌ ئه‌منیه‌كان، به‌ڵام ته‌وه‌ری دووه‌م هه‌ندێك ئامۆژگاری هه‌بوو له‌ پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت، رێككه‌وتن له‌سه‌ر كه‌سێك بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌و داوای یه‌كڕیزی نیشتمانیی كرد، بۆ ئێران گرنگه‌ عێراق سه‌قامگیر بێت".

په‌یامى سه‌رۆك كۆمار 

به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق، پێشتر ڤیتیۆى به‌رامبه‌ر كاندیدى شیعه‌كان به‌كارهێنا، ئه‌وه‌ش ئێران و شه‌قامى شیعه‌كانى نیگه‌ران كرد، ئێستا به‌ نیاز نییه‌ سیناریۆى ره‌تكردنه‌وه‌ى شیاع دووباره‌ بكاته‌وه‌، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر به‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كانى گوتووه‌،"له‌سه‌ر كاندیدێك رێكبكه‌ون تا رایبسپێرم بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، ئه‌گه‌ریش نه‌تانتوانی هه‌ر حه‌وت كوتله‌ شیعیه‌كه‌ رێكبكه‌ون، ئه‌وه‌ زۆرینه‌ له‌سه‌ر كاندیدێك رێكبكه‌ون منیش مه‌رسومی بۆ ده‌رده‌كه‌م".

گه‌وره‌ترین كوتله‌ له‌ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران نییه‌

تارق حه‌رب پسپۆری نسراوى یاسایى پێى وایه‌، ئێستا كوتله‌ی گه‌وره‌ له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران نیه‌. هاوپه‌یمانی سائیرون له‌هه‌ڵبژاردندا وه‌ك كوتله‌ی یه‌كه‌م سه‌ركه‌وت، به‌ڵام سازشی له‌و مافه‌ی خۆی كرد.

بۆشایی ده‌ستووری دروست نابێت

تارق حه‌رب بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی ئه‌و ١٥ رۆژه‌دا سه‌رۆك كۆمار كه‌سێكی تر بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت رانه‌سپێرێت، ئه‌وه‌ بۆشایی ده‌ستوری دروست نابێت،" چونكه‌ حكومه‌تی كاربه‌رێكه‌ر هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت عادل عه‌بدولمه‌هدی وازبهێنێت ئه‌وه‌ سامرغه‌زبان وه‌ك جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ده‌توانێت كاره‌كانی جێبه‌جێ بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌ویش وازی هێنا ئه‌وه‌ فواد حوسێن وه‌ك جێگری سه‌رۆك وه‌زیران كاره‌كانی حكومه‌ت رایی ده‌كات، بۆیه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بۆشایی ده‌ستوری دروست نابێت".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر سه‌رۆك كۆمار نه‌یتوانی له‌ماوه‌ی ١٥ رۆژدا كاندیدێكی نوێ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت رابسپێرێت ئایا پێشێلكردنی ده‌ستوره‌، حه‌رب گوتی:"وشه‌ی پێشێلكاری قورسه‌، ده‌تواندرێت بگوترێت سه‌رپێچی ده‌ستورییه‌ و هیچ كاریگه‌ریه‌كی ده‌ستوری له‌سه‌ر دروست نابێت.