ڕاپۆرتی کوردستانی

11:42 - 05/03/2020

​ راپه‌ڕین كاره‌كانى خۆى"ته‌واو نه‌كردووه"‌‌

پەیسەر

دواى نزیك به‌ سێ ده‌یه‌ له‌ راپه‌ڕینى خه‌ڵكى باشورى كوردستان بۆ راماڵینى به‌عس، هێشتا گه‌رمترین پرسیار له‌باره‌ى راپه‌ڕینه‌وه‌، پرسیاره‌ له‌ باره‌ى به‌دیهاتنى ئامانجه‌كانى راپه‌ڕینه‌وه‌، كه‌م نین ئه‌وانه‌ى پێیان وایه‌ ئه‌و خه‌ونانه‌ى راپه‌ڕینى بۆ كران زۆریان نه‌بوونه‌ راستیى، ئێستا ته‌نها خه‌ڵكى ناڕازى مشتومڕى ئه‌و پرسیاره‌ ناكه‌ن، به‌ڵكو به‌رپرسان خۆیان وه‌ڵامى ده‌ده‌نه‌وه‌و پێیان وایه‌ كاره‌كه‌ى ٩١ هه‌مووى ته‌واو نه‌بووه‌، جگه‌ له‌ ئامانجى یه‌كه‌مى(راماڵینى به‌عس).

ئه‌و كاته‌ى راپه‌ڕین له‌ رانیه‌وه‌ هه‌ڵگیرسا خه‌ڵكى كوردستان ٢٨ ساڵ بوو گیرۆده‌ى سیاسه‌تى قڕكردن و له‌ ناوبردنى به‌عس بوون، ئامانجى ده‌ستپێكى راپه‌ڕینه‌ زوو به‌ دیهات كه‌ له‌ كۆڵكردنه‌وه‌ى سته‌مى به‌عس بوو، مام جه‌لال له‌ یاده‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌ڵێت:"سەرکردایەتی فیعلی راپەڕین کاک نەوشیروان مستەفا بوو". ئه‌و كات نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ قاسمه‌ ره‌شه‌وه‌ ئاماده‌كارى كردبوو بۆ ئه‌وه‌ى راپه‌ڕین ده‌ستپێبكات و سه‌ركردایه‌تى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى ده‌كرد.

به‌ردى بناغه‌ى راپه‌ڕین

ئه‌وانه‌ى له‌ناو رووداوه‌ مێژووییه‌كانى ئه‌وكاتى كوردستانن پێیان وایه‌، به‌ردى بناغه‌ى راپه‌ڕین بۆ شه‌ڕى سێ ساڵ پێش راپه‌ڕین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كاتێك دواى رووداوه‌كانى ئه‌نفال و ته‌نك بوونى پێكدادانه‌كانى ئێران-عێراق، به‌عس هێزێكى زه‌به‌لاحى برده‌ سه‌ر سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌ دۆڵی جافایه‌تی، پێشمه‌رگه‌ ٢٥رۆژ شه‌ڕى كرد و سوپاى عێراقى شكاند، دواى شه‌ڕه‌كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا به‌یاننامه‌یه‌كى بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاند:"شه‌ڕی سه‌ركردایه‌تی و په‌لاماره‌كانی به‌عس، خاڵی وه‌رچه‌رخانی گه‌وره‌ ده‌بێت له‌ مێژووی كورددا، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌تای گۆرانكاریه‌كی گه‌وره".‌

نه‌خشه‌ى راپه‌ڕین

دوای ئه‌نفال نه‌وشیروان مسته‌فا ستراتیژی هه‌ستاوه‌ی دانا و ناوینا (پایه‌كانی ستراتیژی نوێی كار)، دوای داگیركردنی كوه‌یت و هه‌ڕه‌شه‌ی وڵاتانی زلهێز بۆ ده‌ركردنی عێراق، نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌خشه‌ى راپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ری كوردستان داده‌نێت، هێزه‌كانی یه‌كێتی ده‌هێنێته‌وه‌ و له‌سنوری رۆژهه‌ڵات و باشوری كوردستان جێگیریان ده‌كات، له‌ قه‌ندیله‌وه‌ بۆ دزڵی و كانی دینار ده‌بنه‌ شوێنێ نوێی جێگركردنی پێشمه‌رگه.‌

نه‌وشیروان مسته‌فا ژماره‌یه‌ك مه‌فره‌زه‌ی بچوكی نارده‌وه‌ بۆلای ئه‌و مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تایانه‌ی له‌ گه‌رمیان دوای ئه‌نفاله‌كان مابوونه‌وه‌، له‌ناو شاره‌كان مه‌فره‌زه‌ی بچوك بچوكی تری دروست كرد، نامه‌ی بۆ رێكخستنه‌ نهێنیه‌كان نارد، بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌بن و ئه‌ركی خۆیان بزانن، خۆی له‌ قاسمه‌ڕه‌شه‌وه‌ بانگهێشتی كادره‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی یه‌كێتی ده‌كرد و بۆچوونی راپه‌ڕینی له‌گه‌ڵ تاوتوێ ده‌كردن. په‌یوه‌ندی به‌هه‌موو حزبه‌كانی ناو به‌ره‌ی كوردستانیه‌وه‌ ده‌كات، بارزانى ده‌گاته‌ قاسمه‌ ره‌ش و له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌چنه‌ رانیه‌ و له‌وێوه‌ بۆ مه‌سیف".

نیگه‌رانیى، دواى راپه‌ڕین

نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك "سه‌ركرده‌ى كرده‌یى" راپه‌ڕینه‌كه‌، دواى ده‌ركردنى به‌عس هه‌رزوو كه‌وته‌ گفتوگۆى چڕ له‌گه‌ڵ حزبه‌كان، به‌پێى ئه‌و به‌ڵگه‌ ڤیدۆییانه‌ى كه‌ ماون، به‌ په‌رۆشیی زۆره‌وه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حزبه‌كان ده‌كات، بۆ دامه‌زراندنى حكومڕانى ته‌كنۆكرات و ده‌سه‌ڵات و ده‌ستوورى مه‌ده‌نیى، هاوكات نیگه‌رانى قوڵى خۆى به‌ روونى ده‌رده‌بڕێت، له‌وه‌ى كرده‌وه‌ى به‌رپرسان به‌ ئاڕاسته‌ى دامه‌زرانى حكومڕانییه‌كى باش ناڕۆن".

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان گوتارى نوێى هه‌فتانه‌ى تایبه‌ت بوو به‌ راپه‌ڕین و ئامانجه‌كانى، بزوتنه‌وه‌كه‌ ده‌ڵێت:"ساڵانی دوای راپەرین، ماڵوێرانی شەڕی ناوخۆ و یەکتر کوشتن و وڵاتکاولکردن بوو، هەمیش خراپترین سیستەمی حوکمڕانی لەم هەرێمه‌دا چەسپێنرا. دوای ٢٩ ساڵ لە راپەڕین، گەندەڵی، بەهەمان شێوە لاشەی نیشتمانی وێران کردوە. بۆیە پیویستە بەهەمان ورەو روحیەتەوە بەرەنگاری ئەم دێوەزمەیەش ببینەوە".

"ئامانجه‌كان زۆر كه‌میان به‌دی هاتوون"

شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و به‌شداربووى راپه‌ڕینه‌كه‌ بۆ په‌یسه‌ر پرێس ده‌ڵێت، ئامانجه‌كانی راپه‌رین "زۆر كه‌میان به‌دی هاتوون".

وه‌فا پێى وایه‌، شه‌رعییه‌تی شاخ له‌گه‌ڵ شه‌رعییه‌تی شه‌قام، یاسا، ده‌وڵه‌ت و حوكم و په‌رله‌مان دووشتی زۆر جیاوازن. گوتى:"به‌شێك له‌ ئازادی و به‌شێك له‌ دیموكراتی هاتووه‌ته‌ دی، به‌ڵام دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دی نه‌هات و شه‌فافیه‌ت نییه‌، نه‌مانتوانی ده‌ستورێكی مه‌ده‌نی دابنێین".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى گۆڕان جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌، كه‌ نابێت بۆ به‌دیهێنانى ئامانجه‌كانى راپه‌ڕین كۆڵبدرێت ده‌شڵێت:"سیاسه‌ت به‌بێ ئومێدی و ره‌شبینی ناكرێت، بۆیه‌ ده‌بێت خه‌بات بكات بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌ی راپه‌ڕین كه‌ به‌دی نه‌هاتوون، ئه‌گه‌ر توانیمان باشه‌ و ئه‌گه‌ریش نه‌مانتوانی بۆ نه‌وه‌ی دوای خۆمانی جێبهێڵین".

"راپه‌ڕین سه‌ركه‌وتوو بوو"

دكتۆر محمود عوسمان كه‌سایه‌تى دیارى سیاسى باشوورى كوردستان، كه‌ ئه‌وكات له‌نێو رووداوه‌كان-دا بووه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئامانجه‌كانى راپه‌ڕین بۆ په‌یسه‌ر گوتى، راپه‌رین سه‌ركه‌وتوو بوو به‌ڵام ئامانجه‌كانی راپه‌ڕین وه‌ك خۆی به‌دی نه‌هاتن،"ده‌بوایه‌ دوای راپه‌ڕین كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نی دروست بكرێت، ئازادییه‌كان دابین بكرێن و ژیان و بژێوی بۆ خه‌ڵك دابین بكرێت، جیاوازی له‌نێوان تاكه‌كان نه‌كرێت و گه‌نده‌ڵی دروست نه‌بێت، كوردستان له‌ژێر كۆنتڕۆڵی یاسادا بێت نه‌ك چه‌ك، ئه‌مانه‌ وه‌ك پێویست دروست نه‌بوون".

دواى راپه‌ڕین لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن زۆر دوانه‌كه‌وتن، به‌ڵام ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌  بناغه‌ى ئه‌زموونى ٥٠ بە ٥٠ى بۆ دابه‌شكارى ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمى كوردستان دانا، دواتر ئه‌و نیو به‌ نیوه‌ له‌رووى جوگرافیشه‌وه‌ باشوورى كوردستانى دابه‌شكرد".

"ناڕه‌زایه‌تیم وایكرد كوردستان جێ بهێڵم"

مه‌حمود عوسمان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانى ئه‌و كاتى حزبى سۆسیالیست بوو ده‌ڵێت، دواى راپه‌ڕین به‌ ته‌واوی دۆخه‌كه‌ كه‌وته‌ ده‌ست یه‌كێتی و پارتی و بواری كاركردن بۆ ئه‌وان نه‌مایه‌وه‌،"كه‌ تێگه‌یشتم دۆخی كوردستان به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات، پێم باش نه‌بوو له‌ كوردستان بمێننمه‌وه‌، ببمه‌ لایه‌نگری لایه‌نێكیان".

چۆن كاتى راپه‌ڕین كۆده‌نگى له‌ نێوان خه‌ڵك و حزبه‌كان هه‌بوون بۆ راماڵینى به‌عس، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌ جاشه‌كانیش رووى چه‌كه‌كانیان كرده‌ به‌عس، ئێستاش بۆچوونێكى هاوبه‌ش له‌نێوان حزبه‌كان و شه‌قام هه‌یه‌ و پێیان وایه‌، ئامانجه‌كانى راپه‌ڕین ماویه‌تى به‌ دى بێن و ده‌بێت هه‌وڵى زیاتر بدرێت. ئایا ئه‌و كۆده‌نگییه‌ى ئێستا وه‌ك كۆده‌نگى ساڵى ١٩٩١ بۆ ده‌كرێته‌ ده‌رفه‌ت بۆ گۆڕانكاریى؟

"ئێستا كوردستان ئازاده‌"

مسته‌فا چاوڕه‌ش ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان گوتی:"ئه‌گه‌ر لێم بپرسی ئامانجه‌كانی راپه‌رین هه‌مووی هاتوونەته‌ دی ده‌ڵێم نا، ماویه‌تی، بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی تری راپه‌رین پێویستمان به‌ یه‌كڕیزی خه‌ڵكی كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌یه‌، پێویستمان به‌ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌مان به‌قه‌ده‌ر دۆخی خۆمان له‌مێژوودا وه‌ك تاك وه‌ك حزبه‌كان هه‌مان بووه‌، ده‌بێت به‌خۆماندا بچینه‌وه".‌"

چاوڕه‌ش بۆ په‌یسه‌ر بۆچوونه‌كه‌ى روونكرده‌وه‌و گوتى، خه‌ڵكی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ راپه‌رینی كرد كه‌ خزمه‌ت  بكرێت، ژیانیان باشتر بێت،"بۆیه‌ هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانی راپه‌ڕین نه‌هاتوونه‌ته‌ دی، ئێمه‌ وڵاته‌كه‌مان رزگاركرد له‌ ده‌ستی زوڵم و دیكتاتۆریه‌ت، هه‌موو چیاكانی كوردستان سه‌ربازی عێراقی پێوه‌بوو هه‌موو شار و شارۆچكه‌كان پربوو له‌ ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ر و جاشه‌كانی حكومه‌ت، ئێستا كوردستان ئازاده".‌