ڕاپۆرتی کوردستانی

08:30 - 03/03/2020

كۆرۆنا خۆپیشانده‌ران راناگرێت.."كۆرۆناى راسته‌قینه‌ به‌رپرسانن"‌

پەیسەر

ئیدی خۆپیشانده‌رانى عێراق، ته‌نها رووبه‌ڕووى مه‌ترسى گوله‌، ته‌قینه‌وه‌ و بۆمبه‌ فرمێسك رێژه‌كان نابنه‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌ په‌ناى سه‌رى هه‌ر یه‌كێكیانه‌وه‌یه‌، ئه‌وان ده‌ڵێن، كۆرۆنا رایان ناگرێت و كۆرۆناى راسته‌قینه‌ سیاسییه‌كانى عێراقن.

ئه‌گه‌رچى نزیكه‌ى ٢٠ حاڵه‌تى كۆرۆنا له‌ عێراق تۆمار كراوه‌و وەزارەتی تەندروستی هۆشداری توند دەدات، به‌ڵام ئه‌وه‌ مه‌یدانى خۆپیشاندانه‌كانى ته‌نك نه‌كردووه‌، به‌ڵكو دیمه‌نى گۆڕه‌پانه‌كانى گۆڕیوه‌ و خۆبه‌خشه‌ ته‌ندروستكاره‌كان له‌پاڵ تیماركردنى برینه‌كان كه‌مامه‌ و رێنماییه‌كان دابه‌ش ده‌كه‌ن و پله‌ى گه‌رمى به‌شداربووانى خۆپیشاندانه‌كان ده‌پێون. 

كۆرۆناى راسته‌قینه‌، سیاسییه‌كانى عێراقن

دیمه‌نى ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ى خۆپیشاندانه‌كانى عێراق له‌هیچ كام رووداوه‌كانى مێژووی عێراق ناچێت، خۆپیشانده‌ران به‌ دەمامک و خۆبه‌خشه‌كان به‌ قیناع و ئامێرى گه‌رمى پێوه‌وه‌، دروشم بۆ راماڵینى سیاسییه‌كان ده‌ڵێنه‌وه‌. 

به‌رپرسانى عێراق هه‌ندێك هیوایان هه‌ڵچنیوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كۆرۆنا شه‌قامه‌كان چۆڵ بكات، به‌ڵام خۆپیشانده‌ران چوونه‌ ماڵ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، فاتیمه‌ یه‌كێك له‌و كچه‌ خۆبه‌خشانه‌یه‌ كه‌ هاوكارى و رێنمایى خۆپیشانده‌ران دەکات، ئه‌و قسه‌یه‌كى باوى ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ى گۆڕه‌پانه‌كانى دووپاتكردووه‌ته‌وه‌،" كۆرۆناى راسته‌قینه‌، سیاسییه‌كانى عێراقن". فاتیمه‌ ده‌ڵێت،"ناترسین ئێمه‌ به‌هێزترین له‌ هه‌ر شتێك".

قه‌ناس، گوله‌، نارنجۆكى فرمێسك رێژ و تایفه‌گه‌رى مه‌ترسییان زیاتره‌ له‌ كۆرۆنا

له‌ گۆڕه‌پانى خۆپیشاندانه‌كان ئێستا پله‌ى گه‌رمى هه‌ر كه‌سێك ده‌پێون كه‌ دێته‌ ریزى خۆپیشانده‌رانه‌وه‌، بێ به‌رامبه‌ر ده‌مامك و ناوبه‌ناو قیناعیش دابه‌شده‌كرێت، بڵاوكراوه‌و رێنمایى تایبه‌ت بۆ خۆپیشانده‌ران ده‌درێت بۆ خۆپاراستنیان، بنكه‌ لاوه‌كییه‌ ته‌ندروستییه‌كانى چاره‌سه‌رى خۆپیشانده‌ران كه‌ پێشتر برینه‌كانى تێدا ده‌پێچران و چاره‌ى به‌ركه‌وتووانى گازى فرمێسك رێژى تێدا ده‌كران، ئێستا گۆڕاون بۆ بنكه‌ى دابه‌شكردنى كه‌لوپه‌لى خۆپارێزى و بڵاوكردنه‌وه‌ى رێنماییه‌ و هۆشیارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان. 

خۆپیشانده‌ران خۆشیان ده‌زانن ئه‌و رێوشوێنه‌ ته‌ندروستییانه‌ لانى هه‌ره‌ كه‌مى خۆپارێزییه‌، به‌ڵام مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌ترسى كۆرۆنا به‌ باشتر ده‌زانن له‌ چۆڵكردنى گۆڕه‌پانه‌كان. فاتیمه‌ ده‌ڵێت:"ئه‌و سیستمه‌ ته‌ندروستییه‌ى هه‌مانه‌ به‌ ته‌واوى ماندوو بووه‌، ئێستا كۆرۆنا له‌سه‌ر هه‌موو شتێكى ئێمه‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌". ده‌پرسێت ئایا ده‌كرێت پشت به‌م كه‌ره‌ستانه‌ ببه‌ستن؟ 

محه‌مه‌د یه‌كێك له‌ خۆپیشانده‌رانى دیوانیه‌یه‌، ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسییه‌كانى ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌ گۆڕه‌پانى خۆپیشاندانەكان ده‌ڵێت:"ڤایرۆسى مه‌ترسیدارترمان هه‌یه‌، كه‌ حزب و سیاسییه‌كانن، گه‌نده‌ڵه‌كانن، كۆرۆنا نامانترسێنێت، ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین". 

خۆپیشانده‌ران پێیان وایه‌، گوته‌كانى سه‌در بۆ راكێشانى هه‌ست و سۆزى ئه‌وانه‌

زه‌هرا ئه‌حمه‌د كچه‌ خۆپیشانده‌ر سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسى كۆرۆنا له‌سه‌ریان ده‌ڵێت"قه‌ناس، گوله‌، نارنجۆكى فرمێسك رێژ و تایفه‌گه‌رى مه‌ترسییان زیاتره‌ له‌ كۆرۆنا، بۆیه‌ هه‌وڵه‌كانمان كه‌م ناكاته‌وه‌".

موقته‌دا سه‌در رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در له‌دوایین په‌یامیدا له‌ رێگه‌ى تویته‌ره‌و نوسى:"داواى خۆپیشاندانى ملیۆنی و مانگرتنم كرد، دژى پشك پشكێنه‌ى حزبیى، ئه‌مڕۆ ته‌ندروستى و ژیانى ئێوە بۆ من له‌ هه‌ر شتێك گرنگتره‌".

خۆپیشانده‌ران پێیان وایه‌، گوته‌كانى سه‌در بۆ راكێشانى هه‌ست و سۆزى ئه‌وانه‌ و له‌پێناو كۆتاییهێنانه‌ به‌ خۆپیشاندان، ئه‌وان چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ سه‌در دووچارى گرفت بوون، پێیان وایه‌ رێبه‌رى سه‌درییه‌كان هاورێى نیوه‌ڕێیه‌ و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندى خۆى كڵاوشینه‌كانى تێكه‌ڵكردبوون. 

پێناچێت ئاماژه‌ مه‌ترسیداره‌كانى كۆرۆنا خۆپیشانده‌ره‌ توڕه‌كان به‌ دانیشتن له‌ ماڵه‌وه‌ رازى بكات

خۆپیشاندانه‌كانى عێراق سه‌ره‌تاى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى رابردوو ته‌قینه‌وه‌، تا ئێستا خۆپیشانده‌ران زیاتر له‌ ٦٠٠ كوژراویان هه‌یه‌ و نزیكه‌ى ٢٥ هه‌زار برینداریش تۆمار كراون، ئه‌وان قه‌له‌قى ئه‌وه‌ن به‌هۆى رێوشوێنه‌كانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كۆرۆناوه‌ به‌رى ره‌نجیان بسوتێت و شه‌قامیان له‌ ده‌ست ده‌ربهێندێرێت.

عه‌لى ئه‌میرى ١٧ ساڵ، یه‌كێك له‌و خۆپیشانده‌رانه‌یه‌ وه‌ك خۆى ده‌ڵێت، له‌ ده‌ستپێكى خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ هیچ رۆژێك له‌ ماڵه‌وه‌ نه‌ماوه‌ته‌وه‌، عه‌لى گوتى:"من زۆر باش مه‌ترسییه‌كانى كۆرۆنا ده‌زانم له‌سه‌ر ژیانمان، به‌ڵام ئه‌وه‌ مه‌ترسیدارتر نییه‌ له‌ حكومه‌ت و میلیشیا، بۆیه‌ بیر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ ناكەمه‌وه‌".

عه‌لى پێى وایه‌ حكومه‌ت به‌ هاتنى كۆرۆنا "دڵخۆشه‌" چونكه‌ پێیان وابووه‌ ئه‌وه‌ جوڵه‌ى شه‌قام ده‌بڕێت، "به‌ڵام ئه‌وان به‌ ته‌واوى هه‌ڵه‌ن".

پێناچێت ئاماژه‌ مه‌ترسیداره‌كانى كۆرۆنا خۆپیشانده‌ره‌ توڕه‌كان به‌ دانیشتن له‌ ماڵه‌وه‌ رازى بكات، له‌كاتێكدا حكومەتیش به‌دۆخى هه‌ره‌ خراپى خۆیدا تێده‌په‌رێت و ئاماده‌یى زۆرى پێوه‌ دیارنییه‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسى ڤایرۆسه‌كه‌، كۆرۆنا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیشى نه‌وه‌ستاندووه‌ له‌ مشتومڕ له‌ پێناو رێككه‌وتن بۆ دروستكردنى حكومه‌تى نوێ، له‌نێوان ئه‌و هه‌موو مه‌ترسى و ناكۆكى و ئاڵۆزییانه‌دا، تراژیدیاى دۆخى عێراق تادێت خه‌ستتر ده‌بێته‌وه‌".