ڕاپۆرتی کوردستانی

01:25 - 02/03/2020

یاسای وه‌به‌رهێنان هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌‌

پەیسەر

سه‌رۆكی لیژنه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت هه‌مواری یاسای وه‌به‌رهێنان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ته‌واوكراوه‌ و پێشبینی ده‌كات له‌دوو هه‌فته‌ی داهاتوودا بگاته‌ په‌رله‌مان، سه‌رۆكی پێشووی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانیش تێبینیه‌كانی له‌سه‌ر یاساكه‌ی ئێستا، و برگه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی گۆرانكاری بۆ په‌یسه‌ر ئاشكرا ده‌كات..
هه‌مواری یاسای وه‌به‌رهێنان ته‌واو بووه‌

هاورێ مه‌لاستار سه‌رۆكی لیژنه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌په‌یسه‌رپرێسی راگه‌یاند، هه‌مواری یاسای وه‌به‌رهێنان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ته‌واوبووه‌ و پێده‌چێت له‌ دوو هه‌فته‌ی داهاتوودا ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆبكرێت.

سه‌رۆكی لیژنه‌ی وه‌به‌رهێنان ده‌ڵێت حكومه‌ت وه‌ك پێشنیار پرۆژه‌كه‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كات و په‌رله‌مانتاران ده‌توانن ده‌ستكاری بكه‌ن و تێبینیه‌كانیان له‌ هه‌مواره‌كه‌دا جێگه‌ بكه‌نه‌وه‌.

هاورێ مه‌لاستار ده‌ڵێت یاسای وه‌به‌رهێنان له‌ساڵی 2006 له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌ركراوه‌ و دۆخی ئێستا زۆر له‌و كاته‌ جیاوازه‌ ئه‌و كاته‌ هه‌رێم پێویستی به‌ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌كان هه‌بووه‌ بۆیه‌ له‌یاساكه‌دا زۆرترین قازانج بۆ وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان دیاریكراوه‌، به‌نمونه‌ له‌سێكته‌ری نیشته‌جێ بوون زه‌وی به‌بێ به‌رامبه‌ر دراوه‌ته‌ وه‌به‌رهێنه‌ر و هه‌موو ئه‌و كاڵایانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌یهێنا گومرگی لێوه‌رنه‌ده‌گیرا، كه‌چی وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه‌ یه‌كه‌كانی به‌پاره‌یه‌كی زۆربه‌هاوڵاتیان فرۆشتۆته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ ره‌نگه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ گونجاو بوبێت، به‌ڵام بۆ ئێستا پێویستی به‌چاكسازی و گۆرانكاری ریشه‌ییه‌، له‌كۆی گشتی بواره‌ جیاوازه‌كانی وه‌به‌رهێنان.

سه‌رۆكی لیژنه‌ی وه‌به‌رهێنان ده‌شڵێت له‌هه‌رێمی كوردستان 13 سێكته‌ری جیاوازی وه‌به‌رهێنان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر چاوی له‌سه‌ره‌ سێكته‌ری نیشته‌جێ بوونه‌، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی نیشته‌جێ بوونی هه‌یه‌، ده‌شڵێت وه‌به‌رهێنان سێكته‌ری خوێندنی باڵا و په‌روه‌رده‌ و كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و بازرگانی و گه‌شتیاری و نیشته‌جێ بوون ده‌گرێته‌وه‌.

سه‌رۆكی پێشووی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێم تێبینی خۆی هه‌یه‌

لاى خۆیه‌وه‌ رێبوارخه‌لیل سه‌رۆكی پێشووی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێم به‌په‌یسه‌رپرێسی راگه‌یاند، ئه‌و یاسایه‌ی ئێستا له‌هه‌رێم كاری پێده‌كرێت، چه‌ند كه‌م و كوریه‌كی تێدایه‌ و پێویسته‌ چاك بكرێـت، له‌وانه‌ش سێكته‌ره‌كانی وه‌به‌رهێنان فراوانتر بكرێت و بواره‌كانی نه‌وت و پاڵاوگه‌كان بگرێته‌وه‌، وه‌ هه‌روه‌ها پێویسته‌ ماسته‌رپلانی وه‌به‌رهێنان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین كۆمه‌ڵگه‌ له‌چه‌ند ساڵی داهاتوودا پێویستی به‌چی هه‌یه‌ و پێویستی به‌چی نیه‌، ئه‌وه‌ش به‌پشت به‌ستن به‌ئامار و پێشبینی وه‌زاره‌ته‌كان.

پێویسته‌ مامه‌ڵه‌ی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی پێداچوونه‌وه‌ی پێدا بكرێت
رێبوارخه‌لیل ده‌ڵێت پێویسته‌ له‌یاسا نوێكه‌دا پێداچوونه‌وه‌ بكرێت به‌ مامه‌ڵه‌ی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی، له‌وانه‌ پابه‌ند بكرێن به‌ به‌كارهێنانی ده‌ستی كاری ناوخۆ ئه‌گه‌ر به‌رێژه‌ی سه‌د له‌ سه‌دیش نه‌بێت، به‌ڵام رێژه‌یه‌ك دیاری بكرێت، هه‌روه‌ها پابه‌ند بكرێن به‌به‌كارهێنانی كه‌ره‌سته‌ و كه‌ل و په‌لی ناوخۆ له‌وانه‌ی كوالێتیان باشه‌ و ده‌تواندرێت سودیان لێوه‌ربگیردرێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ش به‌و یاسایه‌ی ئێستا كاری پێده‌كرێت رێگه‌ به‌ وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی دراوه‌، ته‌واوی سه‌رمایه‌ و قازانجه‌كه‌ی به‌رێته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات دوای ته‌واوبوونی پرۆژه‌كه‌، به‌ڵام له‌وڵاتانی جیهان وانیه‌ وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی بۆی نیه‌ ته‌واوی قازانجه‌كه‌ی به‌رێته‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆی به‌ڵكو ده‌بێت به‌شێكی له‌هه‌مان وڵات بكاته‌وه‌ به‌پرۆژه‌ی تری وه‌به‌رهێنان، و به‌شێكیشی به‌رێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی ته‌واوی قازانجه‌كه‌ی به‌رێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌، كه‌واتا هه‌رێم قازانجێكی ئه‌وتۆی نه‌كردووه‌، بۆیه‌ ده‌كرێت لایه‌نی كه‌م رێژه‌یه‌ك له‌ قازانجه‌كه‌ی به‌رێته‌وه‌ و به‌شه‌كه‌ی تری بكاته‌وه‌ وه‌به‌رهێنان.

ده‌بێت پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ میزاجی شه‌خسی ده‌ربهێندرێت

 سه‌رۆكی پێشووی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان ده‌ڵێت له‌ئێستادا هه‌ر وه‌به‌رهێنه‌رێك زه‌وی پێده‌درێت له‌سه‌ره‌تادا ده‌نوسرێت به‌شێوه‌ی موساته‌حه‌، یان كرێی درێژخایه‌ن، به‌ڵام دواتر ئه‌نجومه‌نی باڵای وه‌به‌رهێنان به‌شێكیان له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان تاپۆ ده‌كات، بۆیه‌ جۆرێك له‌میزاجی پێوه‌دیاره‌، ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت بۆی تاپۆ ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ی تر به‌ موساته‌حه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، بۆیه‌ باشتره‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌پێی گرنگی پرۆژه‌كه‌ به‌ وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه‌ بگوترێت بۆی تاپۆ ده‌كرێت یان به‌ موساته‌حه‌ ده‌مێنێته‌وه‌.

پێویسته‌ زه‌وی ئاماده‌كراو هه‌بێت
رێبوار خه‌لیل ده‌ڵێت پێویسته‌ زه‌وی ئاماده‌كراو له‌سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كان تایبه‌ت به‌ وه‌به‌رهێنان هه‌بێت و بكرێت به‌ناوی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ژێر فشاری وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ده‌ربچێت، ئه‌و كه‌سانه‌ی بیانه‌وێت زه‌وی پێ بده‌ن و ئه‌وه‌ی نه‌یانه‌وێت زه‌وی پێنه‌ده‌ن یان له‌شوێنێكی زۆر خراپ پێی بده‌ن، باشتره‌ زه‌ویه‌كان نه‌خشه‌یان بۆ بكرێت، به‌ نمونه‌ له‌ چه‌ند شارێكی ئێران زه‌ویه‌كه‌ نه‌خشه‌كه‌شی بۆ كراوه‌، و وه‌به‌رهێنه‌ر ته‌نها ده‌چێت زه‌ویه‌كه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت.

سه‌رۆكی پێشووی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان ده‌ڵێت نه‌خشه‌ی كارگه‌یه‌كی بینیوه‌ له‌ئێران كه‌ نوسراوه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان ساغ ده‌كرێته‌وه‌،به‌ وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه‌یان گوتبوو ئه‌گه‌ر تۆ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ هه‌ڵده‌بژێریت ئێمه‌ گره‌نتیت ده‌كه‌ین كه‌ دوای ته‌واوبوونی پرۆژه‌كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی به‌ریته‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌وێ ساغ ده‌بێته‌وه‌، واتا ئه‌وان دیراسه‌ی شوێنی ساغ بوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌شیان كردبوو.

پێویسته‌ هاندانه‌كان به‌پێی گرنگی پرۆژه‌كه‌ بێت
سه‌رۆكی پێشووی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان ده‌ڵێت پێویسته‌ هاندان بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران به‌پێی گرنگی پرۆژه‌كه‌ بێت، به‌نمونه‌ سێكته‌ری نیشته‌جێ بوون كه‌ وه‌به‌رهێنانێكی خێرایه‌ و به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م سه‌رمایه‌ و قازانجه‌كه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ وه‌به‌رهێنه‌ر ناكرێت هاندان و ئیمتیازه‌كه‌ی وه‌ك پرۆژه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌ك یان پرۆژه‌یه‌كی كشتوكاڵی بێت كه‌ دوای 10 ساڵ یان 15 ساڵ سه‌رمایه‌كه‌ی تێهه‌ڵدێنێته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ ده‌ست ده‌كات به‌قازانج.

له‌ توركیا دروستكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێ بوون زه‌وی پێنادرێت
رێبوار خه‌لیل ده‌ڵێت له‌توركیا دروستكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێ بوون زه‌وی پێنادرێت، و ده‌بێت وه‌به‌رهێنه‌ر خۆی زه‌وی دابین بكات، ده‌شڵێت ده‌كرێت له‌هه‌رێم بۆ ئه‌و سێكته‌ره‌ زه‌وی به‌بێ به‌رامبه‌ر نه‌درێته‌ وه‌به‌رهێنه‌ر و له‌بری ئه‌وه‌ به‌ نیوه‌ی نرخی راسته‌قینه‌ زه‌وی پێ بدرێت، یان ئیمتیازاتی لێ كه‌م بكرێته‌وه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌و پرۆژانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ئاسایشی خۆراكه‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌كرێت زه‌ویان به‌بێ به‌رامبه‌ر پێ بدرێت.

هه‌ندێك وه‌به‌رهێنه‌ر پابه‌ند نابن
سه‌رۆكی پێشووی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان ده‌ڵێت هه‌ندێك وه‌به‌رهێنه‌ر پابه‌ندی دروستكردنی پرۆژه‌كه‌ نابن و له‌ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌رێن بۆ ئه‌وه‌ی زه‌ویه‌كه‌ بفرۆشنه‌وه‌ یان پارچه‌پارچه‌ی بكه‌ن، پێویسته‌ له‌ ئاینده‌دا ختاب زه‌مان له‌و وه‌به‌رهێنه‌ران وه‌ربگیردرێت له‌رێگه‌ی بانكه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه‌ پابه‌ند نه‌بوو ده‌ست به‌سه‌ر ختاب زه‌مانه‌كه‌یدا بگیردرێت.
رێكاره‌كانی وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت ئاسان بكرێت

رێبوارخه‌لیل ده‌شڵێت ئێستا وه‌به‌رهێنه‌ر پێویستی به‌نزیكه‌ی دوو ساڵ هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنی پرۆژه‌ ده‌كرێت ئاسان كاری بۆ وه‌به‌رهێنه‌ر بكرێت و رۆتینات نه‌هێڵدرێت، به‌نمونه‌ له‌هه‌ندێك وڵات وه‌به‌رهێنه‌ر داواكاریه‌كه‌ی له‌په‌نجه‌ره‌یه‌ك ده‌داته‌ فه‌رمانبه‌رێك و له‌په‌نجه‌ره‌یه‌كی تر وه‌ری ده‌گرێته‌وه‌ یان فه‌رمانگه‌كه‌ خۆی كاری فه‌رمانگه‌كانی تری بۆ جێبه‌جێ ده‌كات.
ده‌توانین سود له‌عێراق وه‌ربگرین

رێبوار خه‌لیل ده‌ڵێت له‌عێراقدا هه‌ر پارێزگایه‌ك ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی خۆی هه‌یه‌ و له‌سه‌ره‌وه‌ش ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی نیشتمانی هه‌یه‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتی هه‌مووی ده‌كات،  ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی پارێزگاكان ده‌توانن مۆڵه‌ت بده‌ن به‌پرۆژه‌كان، به‌ڵام له‌یاساكه‌ی هه‌رێم ته‌نها سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان مافی پێدانی مۆڵه‌تی هه‌یه‌.
ساڵی 2006 په‌رله‌مانی كوردستان یاسایه‌كی بۆ هاندانی وه‌به‌رهێنان ده‌ركرد، و به‌پێی یاساكه‌ ئیمتیازاتی زۆر درایه‌ وه‌به‌رهێنه‌ران و له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ پێدانی زه‌وی به‌بێ به‌رامبه‌ر و به‌خشینی وه‌به‌رهێنه‌ر له‌باجی گومرگی و چه‌ند ئیمتیازاتێكی تر به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران یه‌كه‌ی نیشته‌جێ بوون له‌هه‌رێمی كوردستان دروستكران، پێشبینی ده‌كرێت له‌یاسای نوێی وه‌به‌رهێناندا ئه‌و ئیمتیازانه‌ بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران كه‌م بكرێنه‌وه‌..