07:16 - 01/03/2020
كورد خه‌ریكه عه‌لاوى ده‌دات به زه‌ویدا
فشاره‌كانى كورد و سوننه ناڕازییه‌كانى نێوماڵى شیعه، خه‌ریكه كۆتایى به قۆناغى عه‌لاویش ده‌هێنن، سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو سه‌ره‌تا نێوانى له‌گه‌ڵ كورد كه‌وته ته‌قه، عه‌لاوى له ڤیتۆى كورده‌وه كاره‌كه‌ى ئاڵۆزتربوو تا سوننه و به‌شێك له شیعه‌كانیش كارتى سووریا‌ن به روودا به‌رزكرده‌وه، ٢٤ كاتژمێرى له به‌رده‌م ماوه بۆ ئه‌وه‌ى كابینه‌كه دروست بكات و تا ئێستا رێژه‌ى یاسایى بۆ دانیشتنى په‌رله‌مان بوونى نییه، چه‌ند سیناریۆیه‌ك له به‌رده‌م قۆناغى داهاتووى پرۆسه‌ى سیاسییه.
زه‌نگى كۆتایى عه‌لاوى
ئه‌مڕۆش رێژه‌ى یاسایى په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر كورسییه‌كانیان دانه‌نیشتن بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌نووسى كابینه له دایكنه‌بووه‌كه‌ى عه‌لاوى ساغ بكه‌نه‌وه، محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، له‌و پیاوانه‌ى سوننه‌یه كه دژى به‌رنامه‌ى وه‌زارى و كاندیدى پێشنیاركراوه‌كانى عه‌لاوییه، ئه‌مڕۆ وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى كۆتایى عه‌لاوى نزیكه، گوتى، سبه‌ى دوا واده‌ى به‌رده‌م محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوییه بۆ ئه‌وه‌ى كابینه‌كه‌ى دروست بكات. ئه‌و قسه‌یه‌ى حه‌لبوسى هاوكێشه‌كه‌ى ئاڵۆزتر كرد چونكه به‌شێك له شیعه‌كان بۆچوونى دیكه‌یان هه‌یه و پێیان وایه حه‌لبوسى دواى ٣٠ رۆژه‌كه‌ش هه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراوه.
كورد هه‌ڵوێستى نه‌گۆڕاوه
ئه‌گه‌رچى دانیشتنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ متمانه‌دان به عه‌لاوى بۆ دووه‌م جاره دواده‌كه‌وێت، به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، هیچ به‌ره‌و پێشچوونێك له‌نێوان كورد و سوننه له‌گه‌ڵ عه‌لاوى رووى نه‌داوه، به‌شێك له شیعه‌كانیش وه‌ك مالیكى و به‌م دواییانه‌ش حه‌كیم، ئه‌و ناره‌زاییانه‌ى كورد و سوونه‌یان قۆستووه‌ته‌وه‌و ده‌یانه‌وێت هه‌لى عه‌لاوى بۆ بوون به سه‌رۆك وه‌زیران بسوتێنن.
جه‌مال كۆچه‌ر سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بۆ په‌یسه‌ر گوتى، شه‌ڕى كورد له‌گه‌ڵ خودى عه‌لاوى نییه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى پشتیه‌وه‌تى و بۆ دژایه‌تى ئه‌و كلتوره توندیه دژ به كورد، پشتڕاستیكرده‌وه كه هیچ به‌ره‌و پێشچوونێك نییه بۆ رازى بوونى كورد به ده‌نگدان به كابینه‌كه‌ى عه‌لاوى، به دوورى نه‌زانى ئه‌و هه‌له‌ى دراوه به‌سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو بۆ دروستكردنى حكومه‌ت كۆتایى بێت.
چه‌ند سیناریۆیه‌ك
دواى ئه‌وه‌ى رێژه‌ى یاسایى بۆ دانیشتنى په‌رله‌مان ته‌واو نه‌بوو به‌پێى بنبه‌ستى دانوستانه‌كانى كورد و سوننه و عه‌لاوى بێت، پێناچێت سبه‌ینێش به عه‌لاوى رازى ببن، بۆیه ئێستا چه‌ند سیناریۆیه‌ك له به‌رده‌م پرۆسه‌ى ئاڵۆزى سیاسیى عێراقدایه.
*عه‌لاوى دواى ئه‌وه‌ى له كۆتا رۆژى مۆڵه‌ته ده‌ستوورییه‌كه‌ى دانیشتنى په‌رله‌مان كۆتایى ئه‌نجام نه‌درا، ده‌ست بكێشێته‌وه له راسپاردنى و وازبهێنێت له پرۆسه‌كه و بچێته دواوه.
*سیناریۆیه‌كى دیكه ئه‌وه‌یه عه‌لاوى كۆڵ نه‌دات، به‌وپێیه‌ى بۆچوونێك هه‌یه، كه پێى وایه ٣٠ رۆژه‌كه‌ى عه‌لاوى درێژ ده‌كرێته‌وه، چونكه به‌هۆكارى ئه‌و نییه كه حكومه‌ت درووست نه‌بووه، به‌ڵكو په‌رله‌مان نه‌یتوانیوه كۆببێته‌وه‌و هۆكاره‌كه په‌رله‌مانه، بۆیه ماوه‌كه‌ى به‌رده‌وام ده‌بێت. ئه‌مه بۆچوونى تاریق حه‌رب یاساناسى دیارى عێراقه و لایه‌نگرانى عه‌لاوى ئه‌م بۆچوونه‌یان وه‌رگرتووه.
له‌م حاڵه‌ته‌دا ره‌نگه كێشه‌كه بچێته دادگاى فیدراڵى، تا دادگا یه‌كلایى بكاته‌وه، كه ئایا عه‌لاوى وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراوه ماوه یاخود نا.
*سیناریۆیه‌كى دیكه ئه‌وه‌یه ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران دانیشتن گرێبدات، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ى دژى بوونى عه‌لاوین به سه‌رۆك وه‌زیران، به زۆرینه‌ى ده‌نگ كابینه‌كه‌ى ره‌ت بكه‌نه‌وه، به‌وجۆره‌ش كابینه‌كه‌ى متمانه به‌ده‌ستناهێنێت و ده‌بێت سه‌رۆك كۆمار كاندیدێكى دیكه پێشكه‌ش بكات.
*ئه‌مڕۆ شیعه‌كان كاریان بۆ سیناریۆیه‌كى دیكه كرد، دیار نییه سبه‌ى ده‌توانن ئه‌نجامى بده‌ن یاخود نا، به نیازن پشكى شیعه له كابینه‌ى حكومه‌ت ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت و كابینه‌كه نیوه كۆ یه‌ك ته‌واو بكات، پشكى كورد و سوننه دواتر پڕ بكرێته‌وه. كورد و سوننه ئه‌م سیناریۆ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌و ئه‌مریكاش پێى خۆش نییه كابینه‌كه بێ كورد و سوننه پێكبهێندرێت.
*یه‌كێك له سیناریۆ به‌هێزه‌كان دیاریكردنى كه‌سێكى دیكه‌یه له شوێنى عه‌لاوى، شیعه‌كان له‌نێو خۆیان له گفتوگۆدان، ئه‌سعه‌د عیدانى و مسته‌فا كازمى باس ده‌كرێن، عیدانى شه‌قام ره‌تیده‌كاته‌وه‌و کازمیش هادى عامرى.
* مانه‌وه‌ى كابینه كاربه‌ڕێكه‌ره‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى یاخود هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى بژارده‌یه‌كى كراوه‌یه ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان نه‌گه‌نه هیچ ئه‌نجامێك.