ڕاپۆرتی کوردستانی

02:46 - 29/02/2020

سێ كه‌س بۆ شوێنگره‌وه‌ى عه‌لاوى هێندراونه‌ته‌ پێشه‌وه‌‌

پەیسەر

سبه‌ى دوا واده‌یه‌ بۆ متمانه‌دان به‌ كابینه‌كه‌ى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى، چه‌ند په‌رله‌مانتارێك باس له‌وه‌ده‌كه‌ن سبه‌ى عه‌لاوى ئاوت ده‌بێت، چونكه‌ متمانه‌ى په‌رله‌مان به‌ده‌ستناهێنێت، له‌ به‌غدا گفتوگۆ بۆ قۆناغى دواى عه‌لاوى ده‌ستیپێكردووه‌ و چه‌ند كاندیدێك باس كراون. 

سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو

سه‌عد مه‌تڵه‌بی سه‌ركرده‌ له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا بۆ په‌یسه‌ر پرێس قسه‌یكردوو گوتى، محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌ رازیكردنی خۆپیشانده‌ران، نه‌شیتوانی پشتیوانی كوتله‌ سیاسییه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت،"زۆر له‌چاودێران پێیان وایه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌، رووناكی نابینێت و له‌دایك نابێت".

كۆده‌نگی ناو ماڵی شیعه‌ی له‌سه‌ر نییه‌

ته‌نها كورد و سوننه‌ له‌ عه‌لاوى نه‌كه‌وتوونه‌ته‌ ته‌قه‌، به‌ڵكو به‌شێكى زۆریش له‌ شیعه‌كان دژى بوونى ئه‌ون به‌ سه‌رۆك وه‌زیران، مه‌تڵه‌بی ده‌ڵێت:"سه‌پاندنی ئیراده‌ی سیاسی كوتله‌یه‌ك له‌سه‌ر كوتله‌كانی تر كارێكی ره‌تكراوه‌یه‌، پێویسته‌ رێككه‌وتنى له‌سه‌ر بكرێت و له‌لایه‌ن ته‌واوی كوتله‌ سیاسیه‌كان نه‌ك بسه‌پێندرێت له‌لایه‌ن ته‌نها یه‌ك كوتله‌ی ناو ماڵی شیعی".

"پرسمان پێ نه‌كراوه‌"

مه‌تڵه‌بی جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌، ده‌وڵه‌تی یاسا و ره‌وتی حكمه‌، عه‌لاوییان كاندید نه‌كردووه‌، "ته‌نانه‌ت راوێژیشمان پێ نه‌كراوه‌، یه‌ك كوتله‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ سائیرونه‌، به‌شێك له‌ هاوپه‌یمانی فه‌تح و به‌رهه‌م ساڵح، كاندیدیان كردووه‌".

ده‌وڵه‌تی یاسا و حیكمه‌ ده‌نگى پێناده‌ن

به‌رپرسانى ده‌وڵه‌تى یاسا و حیكمه‌ تا ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ بڕیاریان وایه‌ ده‌نگ به‌ كابینه‌كه‌ى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى نه‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تا سبه‌ى كۆده‌نگی له‌سه‌ر دروست بێت، لارییان له‌ ده‌نگپێدانى.

"متمانه‌ وه‌رناگرێت"

سه‌عد مه‌تڵه‌بی له‌ لێدوانه‌كه‌یدا بۆ په‌یسه‌ر پێى وابوو"زۆر قورسه‌" كابینه‌كه‌ی عه‌لاوی به‌م دۆخه‌ی ئێستایه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان متمانه‌ به‌ده‌ست بهێنێت،"به‌ڵام ئه‌گه‌ر موعجیزه‌ رووبدات یان گۆڕانكاری ریشه‌یی له‌ پرۆسه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت روبدات ئه‌وه‌ شتێكی تره‌، به‌م دۆخه‌ی ئێستاوه‌ پێم وایه‌ عه‌لاوی شكست ده‌هێنێت، له‌ تێپه‌ڕاندنی كابینه‌كه‌ی".

ده‌وڵه‌تى یاسا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پێداگرى ده‌كرد كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران پشكى هاوپه‌یمانییه‌كه‌ى ئه‌وانه‌ نه‌ك سائیرون، ئه‌و به‌رپرسه‌ى ده‌وڵه‌تى یاسا جه‌ختیكرده‌وه‌،  به‌پێى ده‌ستوور ئه‌و كوتله‌ په‌رله‌مانییه‌ی زۆرترین ژماره‌ی هه‌یه‌ كه‌سێك كاندید ده‌كات بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت."به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه‌ به‌رهه‌م ساڵح رێكاره‌ ده‌ستوریه‌كانی ره‌تكرده‌وه‌".

سێ كاندید بۆ قۆناغى دواى عه‌لاوى

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌ر پرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌سعه‌د عه‌یدانی، قوسه‌ی سوهه‌یل و مسته‌فا كازمی سێ كاندیدی به‌هێزن بۆ جێگره‌وه‌ی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی، گفتوگۆكانیش به‌ ئاڕاسته‌ی دیاریكردنی كاندیدی جێگره‌وه‌ی عه‌لاوین.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌ر پرێس ده‌ڵێت، عه‌یدانی له‌ توركیا بووه‌ رۆژی هه‌ینی لایه‌نه‌ شیعیه‌كان به‌ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردووه‌ و داوایان لێكردووه‌ بگه‌رێته‌وه‌ بۆ به‌غداد، به‌پێی زانیاریه‌كانی سه‌رچاوه‌كه‌ گه‌رانه‌وه‌ی عه‌یدانی له‌ توركیا بۆ عێراق بۆ گفتوگۆكردنه‌ له‌سه‌ر راسپاردنی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت. كه‌ كاندیدى هاوپه‌یمانى بینایه‌.

كورد ده‌نگ به‌ عه‌لاوی نادات

نه‌هرۆ ره‌واندزی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، كێشه‌ی كورد له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی چاره‌سه‌رنه‌بووه‌ و چاره‌سه‌ریش نابێت، كوردیش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگ به‌كابینه‌كه‌ی نادات.

عه‌لاوی كۆتایی هات

ره‌واندزی گوتیشى:"كابینه‌كه‌ی عه‌لاوی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو نابێت و ناتوانێت متمانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌ده‌ستبهێنێت. ته‌نانه‌ت ئه‌و كوتله‌ شیعییانه‌ی پشتیوانییان ده‌كرد ئێستا بۆچوونیان گۆڕدراوه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كرێت، به‌ڵام له‌به‌رده‌م دووبژارده‌دایه‌، یان ره‌تده‌كرێته‌وه‌ یانیش نیساب تێكده‌درێت".

عه‌بدولمه‌هدی ١٥ رۆژی تر ده‌مێنێته‌وه‌

به‌ گوته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان پێش كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی پێنج شه‌ممه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی بۆشایی دروست نه‌كات،  بۆماوه‌ی ١٥ رۆژی تر بمێنێته‌وه‌ تا كاندیدێكی تر بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆمار له‌بری عه‌لاوی راده‌سپێردرێت.

ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ تاریق حه‌رب پسپۆرى یاسایى بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی عه‌بدولمه‌هدی ده‌یكات، به‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ی جێده‌هێڵێت هیچ به‌هایه‌كی نیه‌، چونكه‌ سه‌رۆك وه‌زیران دوو جێگری هه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكیان سامرغه‌زبانه‌ و ئه‌وی تریان فواد حوسێنه‌، كاری جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاری سه‌رۆك وه‌زیران بكات ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیران خۆی ئاماده‌نه‌بوو.