ڕاپۆرتی کوردستانی

08:10 - 27/02/2020

كورد بۆچى له‌ عه‌لاوى تۆقیوه‌؟‌

پەیسەر

دواجار ناكۆكییه‌كانى نێوماڵى شیعه‌ ته‌رازووى كورد و سوننه‌ى قورس كرد، محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى نه‌یتوانى له‌و واده‌ى كه‌ زۆر جه‌ختی لێ ده‌كرده‌وه‌ كابینه‌كه‌ى له‌ هۆڵى په‌رله‌مان به‌ ئاماده‌كراوى بباته‌ ده‌ره‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان بۆ كاتژمێره‌كانى كۆتایى مۆڵه‌ته‌ ٣٠ رۆژییه‌كه‌ دواخرا. كورد له‌ عه‌لاوى تۆقیوه‌و ئه‌مریكاش تا ئێستا لێكى نیزك نه‌كردوونه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ش یارى به‌كات ئه‌كات تا ١ ى مانگى داهاتوو ماوه‌ یاساییه‌كه‌ى ته‌واو بێت و ئاوت ببێت.

به‌شێك له‌ كورد له‌ هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ى دانیشتنى رۆژى شه‌ممه‌ نیسابى یاسایى ته‌واو نه‌بێت

عه‌لاوى تا یه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو مۆڵه‌تى له‌ به‌رده‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كابینه‌كه‌ى دروست بكات، ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌ماوه‌ى ١٥ رۆژدا سه‌رۆك كۆمار كاندیدێكى دیكه‌ بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت رابسپێرێت، تا ئێستا ملى نه‌داوه‌ به‌ داواكارى لایه‌نه‌ كوردییه‌كان، ته‌نها به‌رامبه‌ر كورد جیڕ نییه‌ و نزیكه‌ى ٦٠ په‌رله‌مانتارى سوننه‌شى له‌خۆى تۆراندووه‌، له‌نێو ماڵى شیعه‌ش ئه‌مڕۆ نیگه‌رانییه‌كان زیاتربوون، ناڕازییه‌كانى نێو ره‌وتى فه‌تحى هادى عامرى دژى هه‌نگاو و به‌رنامه‌كانى عه‌لاوى زیاتربوون، نێوماڵى شیعه‌ به‌ جۆرێك شپرزبوو ته‌نانه‌ت نیسابى یاساییان بۆ دانیشتنى په‌رله‌مان بۆ دروست نه‌كرا. 

كورد سه‌ره‌تا به‌ نه‌رمییه‌وه‌ له‌ دووره‌وه‌ بۆ هه‌نگاوه‌كانى عه‌لاوى ده‌ڕوانى، به‌ڵام كاتێك چمكى لیستى كاندیده‌كانى و به‌رنامه‌ وه‌زراییه‌كه‌ى ده‌ركه‌وت كورد لێى كه‌وته‌ ته‌قه‌، ته‌نانه‌ت ئاماده‌ نه‌بوو گوێ له‌ كورد بگرێت، به‌شێك له‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌ هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ى دانیشتنى رۆژى شه‌ممه‌ نیسابى یاسایى ته‌واو نه‌بێت، ئه‌وه‌ش وه‌ك هۆشدارییه‌ك تا هیچ سه‌رۆك وه‌زیرانێكى راسپێردراو به‌گژ كورددا نه‌چێت.

سه‌در سیاسییه‌كى مه‌زهه‌بى رادیكاڵه‌ و گره‌و له‌سه‌ر بۆچوونه‌كانى ئاسان نییه‌

چه‌ند هۆكارێك وایكردووه‌ كه‌ كورد دردۆنگى زۆرى هه‌بێت سه‌باره‌ت به‌ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى. 

یه‌كه‌م؛ سه‌در كاره‌كته‌رى پشته‌وه‌ى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوییه‌، سه‌درییه‌كان داكۆكى لێ ده‌كه‌ن و زۆرینه‌ى كاندیده‌كانیشى له‌وانن، سه‌در سیاسییه‌كى مه‌زهه‌بى رادیكاڵه‌ و گره‌و له‌سه‌ر بۆچوونه‌كانى ئاسان نییه‌، ئه‌و له‌ژێر كاریگه‌رى شه‌قامى شیعه‌دا هه‌نگاو ده‌نێت، تا راده‌یه‌ك سیاسیه‌کى پۆپۆلیسته‌ و ئه‌سته‌مه‌ له‌ نێوان شه‌قامى شیعه‌ و مافه‌كانى كوردا دووه‌میان هه‌ڵبژێرێت، شاره‌زایى باشى هه‌یه‌  ئه‌و ده‌نگه‌ ناڕازییانه‌ى خه‌ڵكى شیعه‌ بچنێته‌وه‌ كه‌ دژى ئه‌وه‌ن حكومه‌تى به‌غدا نازى زیاتر به‌ كورد بدات و مووچه‌و بوودجه‌ى بێ به‌رامبه‌رى بۆ ره‌وانه‌ بكات. له‌ دۆسیه‌ى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانیش له‌ وانى دیكه‌ توندتر نه‌بن. 

دوایین بۆچوونه‌كانى سه‌در سه‌باره‌ت به‌ كورد توند و هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزن، ته‌نانەت به‌رپرسى باڵاى سه‌درییه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان گوتوویه‌تى جارێكى دیكه‌ رێگه‌ ناده‌ن چیرۆكى بوودجه‌ى ٢٠١٩ دووباره‌ ببێته‌وه‌، جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ مه‌له‌فى نه‌وت و بوودجه‌ش كۆتایى پێدێنن. 

پێداگرى عه‌لاوى له‌ دانانى كاندیدى سه‌ربه‌خۆ له‌ڕووى تیۆرییه‌وه‌ ره‌نگه‌ گرفتى زۆر نه‌بێت

دووه‌م؛ عه‌لاوى  به‌رپرسێكى بێ ناسنامه‌ی سیاسییه‌، كورد نازانێت ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ عه‌لاوى پێشێلكارییه‌كى به‌رامبه‌ر كرد یه‌خه‌ى كێ بگرێت، له‌ كاتێكدا لایه‌نه‌ شیعییه‌كانیش خۆیان بێ به‌رى بكه‌ن و بڵێن عه‌لاوى كاندیدى شه‌قامه‌، سیاسییه‌كى ته‌واو ئه‌مریكى یا ئێرانیش نییه‌ تا كورد په‌نا بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ به‌رێت، ئه‌گه‌رچى رێككه‌وتنێى پشت په‌رده‌ى تاران واشنتنى له‌سه‌ره‌.

سێیه‌م؛ به‌ بارمته‌گرتنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ ده‌ستپێكى ده‌ركه‌وتنى عه‌لاوییه‌وه‌ وه‌ك فشارێك تا كورد مل بدات بۆ به‌رنامه‌ وه‌زارییه‌كه‌ى متمانه‌ى له‌ناوبرد، خه‌ڵكى بڕوا به‌و چیرۆكانه‌ ناكات كه‌ ده‌ڵێن مووچه‌ به‌ هۆكارى ته‌نكیكى دواكه‌وتووه‌، بڕینى مووچه‌ له‌ نورى مالیكییه‌وه‌ ده‌ستپێكرد و شیعه‌كان دواى ئه‌و كردیانه‌ نه‌ریت، یاریكردن به‌ مووچه‌ وه‌ك كارتى سیاسیی بڕیارێكى قورس بوو كه‌ نورى مالیكى بێ سڵه‌مینه‌وه‌ ده‌ستى بۆ برد، ئه‌م دواكه‌وتنه‌ى مووچه‌ وێنایه‌كى دروستكرد كه‌ عه‌لاوى درێژه‌پێده‌رى هه‌مان به‌رنامه‌یه‌. ئه‌گه‌رچى حكومه‌تى هه‌رێمیش له‌م مه‌له‌فه‌دا خه‌تابار و نا شه‌فافه‌.

 پلانێكى جددى شیعه‌كان له‌ گۆڕێیه‌ بۆ گۆڕینى سیسته‌مى سیاسى و جێگیركردنى سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تى

چواره‌م؛ پێداگرى عه‌لاوى له‌ دانانى كاندیدى سه‌ربه‌خۆ له‌ڕووى تیۆرییه‌وه‌ ره‌نگه‌ گرفتى زۆر نه‌بێت وە یەکێتی و پارتی لەمەدا زیانمەندی یەکەمن، به‌ڵام وه‌زیرێك ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانێكى شیعه‌ دایبنێت خه‌ڵكیش ناتوانن لێپرسینه‌وه‌ له‌ حزبه‌  كوردییه‌كان بكه‌ن له‌سه‌ر هه‌ر خواروخێچییه‌كى، وه‌ روون نییه‌ ئه‌و وه‌زیره‌ شه‌رعییه‌ت له‌ كوێ وه‌رده‌گرێت، وه‌ به‌رامبه‌ر كێ به‌رپرس ده‌بێت، باشتره‌ كاندیدى سه‌ربه‌خۆو ته‌كنۆكرات دابنرێت، به‌ڵام كورد خۆى بڕیار بدات نه‌ك شیعه‌كان، ئه‌و میكانیزمه‌ ده‌رفه‌ت ده‌ره‌خسێنێت تا له‌ژێره‌وه‌ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ عه‌لاوى دروست بكرێت بێ ره‌چاوكردنى به‌رژه‌وه‌ندى نیشتمانیى. 

پێنجه‌م؛ عه‌لاوى هێشتا كابینه‌كه‌ى نه‌كه‌وتووه‌ته‌ سه‌رپێ، به‌ڵام بێمنه‌تى زۆرى به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌ كوردییه‌كان پیشانداوە، ته‌نانه‌ت ئاماده‌ نه‌بوو له‌گه‌ڵیان كۆببێته‌وه‌ تا رازى بوو له‌رێگه‌ى سكایپه‌وه‌ كوێ له‌ داواكارى شاندى كورد بگرێت، كورد له‌وه‌ تۆقیوه‌ عه‌لاوى ئێستا كه‌ پێویستى به‌ ده‌نگى كورده‌ و نه‌بووه‌ته‌ سه‌رۆك وه‌زیران بێ منه‌ته‌ له‌ كورد، ده‌بێت دواتر كه‌ چووه‌ سه‌ر كورسییه‌كه‌ى چه‌ند گوێ له‌ داواكانى كورد بگرێت. 

 هه‌موو كات كه‌ دۆخى عێراق تێك چووه‌ كورد فاكته‌رێكى گرنگى هه‌ستانه‌وه‌ى بووه‌

شه‌ش؛ عه‌لاوى له‌ كاتێكدا هاتووه‌ته‌ گۆڕه‌پانى زۆرانبازییه‌كه‌، پلانێكى جددى شیعه‌كان له‌ گۆڕێیه‌ بۆ گۆڕینى سیسته‌مى سیاسى و جێگیركردنى سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تى، كورد پێى وایه‌ ئه‌مه‌ ده‌ستپێكى پاشه‌كشه‌ى كرده‌یى شیعه‌كانه‌ له‌ فیدراڵى و سه‌رەتاى سڕینه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌، ده‌ستپێكى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش له‌ كابینه‌كه‌ى عه‌لاوییه‌وه‌ ئاماده‌كارى بۆ ده‌كرێت، عه‌لاوى خۆى به‌ راشكاوى گوتوویه‌تى كۆتایى به‌ دابه‌شكارى كورد، سوننه‌ شیعه‌ ده‌هێنێت و سه‌رۆكایه‌تییه‌كانیش ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌ماى توانا پڕ بكرێنه‌وه‌. لیژنه‌ى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستووریش ئاماده‌یه‌ و شیعه‌كان مه‌یلى خۆیان بۆ گۆڕینى سیسته‌مى سیاسى نه‌شاردووه‌ته‌وه‌.

حه‌وت؛ عه‌لاوى سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانى دیكه‌ هیچ قسه‌یه‌كى كۆنكرێتى نه‌كردووه‌، ته‌نها گوتوویه‌تى هێز له‌ ناوه‌ندى شاره‌كان نا هێڵێت، گوتویه‌تى سه‌باره‌ت به‌ داواكارییه‌كانى دیكه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان قسه‌ بكات، چونكه‌ ئه‌و شاره‌زایى سه‌ربازى نییه‌. 

هه‌شت؛ تا حكومه‌تى نوێ پێكدێت كورد به‌رده‌وام له‌ به‌غداوه‌ به‌پێى یاسا ده‌بێت مانگانه‌ زیاتر له‌ نیو ملیار دیناری بۆ ره‌وانه‌ بكرێت، به‌ڵام عه‌لاوى گوتویه‌تى پێداچوونه‌وه‌ به‌و رێككه‌وتنانه‌ ده‌كات كه‌ كابینه‌ى پێشوو له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كردوویه‌تى، كورد ترسى هه‌یه‌ كابینه‌كه‌ى عه‌لاوى ده‌ست بۆ قوڕگى به‌رێت. 

عه‌لاوى كێشه‌یه‌كى دیكه‌شى له‌ خۆیه‌وه‌ ئاڵاندووه‌و ده‌ركردنى هێزه‌ بیانییه‌كانى خستووه‌ته‌ سه‌ره‌تاى به‌رنامه‌كه‌ى

نۆ؛ هه‌موو كات كه‌ دۆخى عێراق تێك چووه‌ كورد فاكته‌رێكى گرنگى هه‌ستانه‌وه‌ى بووه‌، به‌ڵام هه‌ردواى هه‌ستانه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ند پشتى له‌ كورد كردووه‌، ئه‌گه‌رچى پێش وه‌خت چه‌ندین به‌ڵێن به‌ كورد دراوه‌، ئه‌مجاره‌ عه‌لاوى به‌ڵێنى زۆر نادات و وشك و ره‌قیشه‌، كورد ده‌ترسێت سیناریۆى كابینه‌كانى رابردووى به‌ سه‌ردا بڕمێت، ده‌سه‌ڵات بكه‌وێته‌ سه‌رپێ و په‌لوپۆى زیاترى كورد بكات. 

١٠؛ كارنامه‌كه‌ى عه‌لاوى سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانى به‌غدا و هه‌ولێر رسته‌یه‌كیشى تێدا نییه‌، عه‌لاوى رازى نه‌بووه‌ نوێنه‌ره‌كه‌ى هه‌رێم دێڕێك زیاد بكات بۆ كارنامه‌كه‌ى،  سه‌باره‌ت به‌ داواكارییه‌كى كورد، ئه‌گه‌رچى بۆ هه‌ندێكیان به‌ڵێنى داوه‌ به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بووه‌ گره‌نتى بدات و به‌ڵێنى نوسراو بدات، وه‌ ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌ داواكارییه‌كانى به‌ستووه‌ته‌وه‌ به‌وه‌ى كورد ده‌نگ به‌ كابینه‌كه‌ى بده‌ن. بێ منه‌تى خۆشى پیشانداوه‌، عه‌لاوى كێشه‌یه‌كى دیكه‌شى له‌ خۆیه‌وه‌ ئاڵاندووه‌و ده‌ركردنى هێزه‌ بیانییه‌كانى خستووه‌ته‌ سه‌ره‌تاى به‌رنامه‌كه‌ى ئه‌وه‌ش كوردى نایخوازێت.