01:05 - 27/02/2020
به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی وه‌زاره‌تی دارایی مووچه‌ی هه‌رێمی راگرتووه
تا ئێستا پاره‌كه‌ی به‌غداد بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان نه‌گه‌یشتووه، به‌ڕێوه‌به‌رێكى گشتیى له وه‌زاره‌ت بووه‌ته به‌ربه‌ست، وه‌زیری دارایی پێشبینی ده‌كات هه‌فته‌ی داهاتوو كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكرێت.
تا ئێستا پاره‌كه‌ی به‌غداد نه‌هاتووه
تا ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه فه‌رمانی خه‌رجكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له به‌غداوه نه‌گه‌یشتووه‌ته هه‌رێمى كوردستان، عابد مزوری به‌ڕێوه‌به‌ری لقی هه‌ولێرى بانكی ناوه‌ندی عێراق به په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، پاره هه‌یه و بانكی ناوه‌ندی لقی هه‌ولێر سیوله‌ی تێدایه و كێشه‌ی پاره‌یان نیه، به‌ڵام بڕیاری خه‌رجكردنی پاره‌كه له وه‌زاره‌تی داراییه‌وه نه‌گه‌یشتووه‌ته ده‌ستیان، وه‌ك مانگه‌كانی پێشوو كه پاره بخه‌نه سه‌ر ئه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم.
زۆرجار بڕیاری خه‌رجكردنی پاره‌ی مووچه خۆرانى هه‌رێمى كوردستان دواكه‌وتووه، به‌ڵام هیچ كات ئه‌وه‌نده‌ى ئه‌م مانگه دوانه‌كه‌وتووه، دواكه‌وتنه‌كه هاوكاته له‌گه‌ڵ نیگه‌رانییه‌كانى كورد له هه‌نگاوه‌كانى سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو بۆ دروستكردنى كابینه‌كه‌ى دوور له خواستى كورد. په‌یسه‌ر زانیارى ده‌ستكه‌وتووه كه به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ژمێریارى وه‌زاره‌تى دارایى ره‌وانه‌كردنى پاره‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان راگرتووه، به‌ڵام مزوورى ده‌ڵێت، بڕیاری خه‌رجكردنه‌كه ده‌بێت به واژۆی وه‌زیری دارایی بێت و ئه‌وان ئاگاداری ئه‌وه‌نین، كه به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی رێگری كردبێت و سزادرابێت.
هۆكارى سیاسی و ته‌كنیكى
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، دكتۆر ئه‌حمه‌د جه‌واد ده‌هله‌كی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ژمێریاری له وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، رێگری له ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم كردووه، به پشت به‌ستن به نوسراوی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانى عێراق، كه داوای راگرتنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیان كردووه به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌رێم نه‌وتی راده‌ست نه‌كردووه، سه‌رچاوه‌كه ده‌ڵێـت، كێشه‌كه هه‌م سیاسییه و هه‌م ته‌كنیكی، هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵ ده‌دات كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه چاره‌سه‌ر نه‌بووه.
سه‌رچاوه‌كه‌ى په‌سه‌ر ده‌ڵێت، پێده‌چێت ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غداد، ئه‌و پرسه وه‌ك كارتی فشار له دژی هه‌رێم به‌كاربهێنن. به‌وپێیه‌ى دواكه‌وتنه‌كه هاوكاته له‌گه‌ڵ توندبوونه‌وه‌ى ململانێكانى كورد و شیعه و سوننه له‌سه‌ر پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له هه‌وڵی چاره‌سه‌ردایه
دوێنێ دوو په‌رله‌مانتارى كوردستان، جه‌لال محه‌مه‌د و سۆران عومه‌ر سه‌ردانى ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیرى دارایى و ئابوورى هه‌رێمى كوردستانیان كرد، جه‌لال محه‌مه‌د ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان به په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، وه‌زیری دارایی پێی راگه‌یاندوون كه پێشبینی ده‌كات هه‌فته‌ی داهاتوو كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكرێت و پاره‌كه بگات و موچه‌ی ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی پێ دابه‌ش بكه‌ن كه تائێستا موچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه،
وه‌زیرى دارایى هه‌رێمى كوردستان گوتویه‌تى، هۆكاری كێشه‌كه بۆ گۆڕانكاری ئیداری له وه‌زاره‌تی دارایی ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌رخه‌ته بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه.
راگرتنه‌كه له‌سه‌ر داوای لیژنه‌ی ده‌ستپاكی بوو
رۆژی ١٥-١-٢٠٢٠ سابت محه‌مه‌د سه‌عید سه‌رۆكی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به نوسراوی فه‌رمی داوای له وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی فیدراڵی كرد، شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان رابگرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم داهاته‌كانی راده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵی نه‌كردووه.
سەدا ٥١ی مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له به‌غداوه دێت
حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان ده‌ڵێت، مانگانه پێویستی به ٨٨١ ملیار دینار هه‌یه، بۆ دابه‌شكردنی مووچه، له‌و بڕه‌ش ٤٥٢ ملیار دیناری له به‌غداوه دێت، كه ده‌كاته سەدا ٥١ی كۆى مووچه، سەدا ٤٩ کەی دیکە له داهاتی فرۆشتنی نه‌وت و داهاتی ناوخۆ و هاوكاری ئه‌مریكا بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه دابین ده‌كرێت.
زۆرینه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه
تا ئێستا به‌شێكی زۆر له مووچه خۆران و فه‌رمانبه‌ران موچه‌ی مانگی ١١ی ساڵی رابردوویان وه‌رنه‌گرتووه، سه‌رچاوه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تی دارایی به په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، هه‌فته‌ی داهاتوو دابه‌شكردنی مووچه له داهاتی ناوخۆ به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پاره‌كه‌ی به‌غداد نه‌یه‌ت ئه‌وه مووچه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌ر و مووچه خۆرانه‌ی مووچه‌كانیان وه‌رنه‌گرتووه زۆر دواده‌كه‌وێت، چونكه داهاتی ناوخۆ كه‌مه و داهاتی نه‌وتیش هه‌مووی ناگه‌ڕێندرێته‌وه وه‌زاره‌تی دارایی، به‌ڵام ئه‌وان وه‌ك وه‌زاره‌تی دارایی به‌رده‌وام ده‌بن له دابه‌شكردنی مووچه به‌پێی ئه‌و پاره‌یه‌ی دێته ده‌ستیان.